په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١١

مەلا کامەران و رێبین هەردی لە ناو رووداوەکانی بادیناندا.

مه‌حمود ئه‌حمه‌د    

 

سوتاندنی چەندین دوکانی مەی فرۆش و شوێنی شێلان و چەند بارەگایەکی یەکگرتوو لەپەلامارێکی کورت ماوەدا زەنگی مەترسی یەکی تری گەورەی دژی ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستانە لەلایەنە هەردوو حیزبی کۆنەپەرست و دژی ئازادی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی یەوە ..ئەوەی کە لەبادینان ڕووی دا تەنها سوتاندنی ئەو شوێن و جێگایانە نەبوو ، بەڵکو لەڕاستیدا سوتاندنی ئازادی بوو.. بۆیە ئەبێت خەڵکی کوردستان و ئازادی خوازان بەجدی بێنە مەیدانەوە لە دژی ئەم هێرش و پەلامارانە و ئیتر سنورێک بۆ تەراتێن و ڕم بازێنی ئەم هێزە کۆنەپەرستانەی کوردستان دابنێن..


بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێ ی پارتی ڕەنگاو ڕەنگی کوردی لەدروست کردنی ئەم جۆرە شانۆیانەدا دەستێکی باڵایان هەبووە بۆ لەخوێن هەڵکێشان و نانەوەی فەزای ترس و تۆقاندن لەبەرامبەر نەیارانی خۆیاندا و بەم هۆیەشەوە هێنانە گۆڕێ ی فەزایەکی کۆنەپەرست بۆ تێک شکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و مل پێ کەچ کردنیان .. کارنامەی دەسەڵاتی میلیشیایی کوردایەتی لێوان لێوە لە پەلامارو مل هوڕی بەرامبەر بە ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان و نەیارە سیاسی یەکانیان..بەرامبەر بەهەر نوزەو دەنگ هەڵبڕینێک کە جیاواز لەوان و لەدژی مەنتق و باوەڕی ئەوان هاتبێتە مەیدانەوە..


کارو کردەوەی کۆنەپەرستی و فاشیزمی ئیسلامیش هیچی کەمتر نەبووە لەپەلامار و قەتڵ و عام کردنەکانی خەڵکی ووڵاتانی ناوچەکەو جیهان و تائێرەش لەکوردستاندا..ئەوەندەی کەهەوساری دڕندەیی یان شل کرابێتەوەو لەهەر گۆشەو کەنارێکەوە فرسەتی سەر ڕاستکردنەوەیان بۆ هاتبێتە پێشەوە زۆر بێباکانە لەپێناوی بلیتێکی هەرزانی بەهەشتی خەیاڵیاندا کۆمەڵگایان خەڵتانی خوێن کردووەو بەهەزاران کەسیان چونکە باوەڕێکی تریان هەبووە سەریان لەلاشە جودا کردونەتەوە..بەسەدان کاری ئاژاوەگێڕی و تەقاندنەوەی نایت کلاپ و شوێنە گشتی و زیاتر قەرەباڵغەکانیان کردۆتە ئامانجی ئەم جۆرە لە مل هوڕی و کاردانەوەی تیرۆریستی لەپێناوی فەزای ترس و تۆقاندن و لەپێناوی سەهمی زیاتر لەدەسەڵات.. لەسەرەتای نەوەدەکان بەتێزاب ڕشتن بەقاچی ژنان و کچاندا ، بەتەقینەوەی ئارایشتگاکانی ژنان و نانەوەی فەزای ترس و تۆقاندن لەناو شارەکانی کوردستاندا .. بە لەت و پەت کردن وچاو دەرهێنانی دیلەکانی شەڕی نێوان خۆیان و حیزبە کوردی یەکان .. بە قیژەو دەنگی هەراسان کەریان لە بڵندگۆو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لەدژی ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان و بەخشینەوەی فتوای تیرۆرکردنی سەدان نووسەرو ئازادی خوازی کوردستان ، ئەوان لەڕێگای ملیۆنەها دۆلاری شێخەکانی سعودیەو قەتەرو جهیان کەبۆیان هەڵڕژاوە لە پێناوی سیاسەتی سەدان مەشروعی گوماناوی بۆ کوێر کردن و بەلاڕێدا بردنی خەڵک لە پێناوی کورسی دەسەڵات و غەرق کردنی کۆمەڵگا لەناو نەهامەتی زیاترو دەست شل کردنەوەیان بۆ گۆڕینی دەسەڵات بەقازانجی واقیعی خەڵکی و، ئێستاش لەئەنجامی ئەم بەناو بەهاری عەرەبی یە کە دەسەڵاتی چەند حکومەتێکی بەرەو خراپتر گۆڕیوە بەقازانجی گروپ و حیزبە تیرۆریستە ئیسلامی یەکان خەریکی سەربەرزکردنەوەن لەکوردستاندا بۆئەوەی ئەوانیش لەم کاروانی بەدەسەڵات گەیشتنە دوانەکەوون و هەرچی زووترە کوردستان بەرنەوە ژێر سایەی حەزرەتەکانی نیوە دۆرگەی عەرەب.

دەسەڵاتی کۆنەپەرست وهەرە دواکەوتووی پارتی ڕەنگاو ڕەنگی کوردستان وبەتایبەتی هەردوو بنەماڵەی فەرمان ڕەوا بەبێ ئیسلام و فەرهەنگی ئیسلام ، بەبێ دواکەوتووی خەڵکی کوردستان هەروا ناتوانن بەئاسانی لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا بمێننەوە .. هەر ئەمان بوون کە بوونە هۆی بوژاندنەوەی گیانی لەرزۆک و مردووی ئەم دەستەو تاقمە کێوی یانەو لە سەروەت و سامان و قووت و سفرەی خەڵکی کوردستانیان کرد بە بەقوڕگیاندا بۆئەوەی لەڕێگای ئەمانیشەوە کۆمەڵگای کوردستان بکەنە ئەفغان و سۆماڵێکی ترو هەوڵ بدەن هەرچی زیاتر خەڵکی کۆنەپەرست و بێ ئاگا بهێڵنەوە..هەرئەمان بوون کە پێکەوە و بەبێ جیاوازی کەووتنە سەنگەری دژی ئازادی و ئازادی یە فەردی و مافە سەرەتایی یەکانی خەڵکەوە.. هەر ئەمانن کە ئەکەوونە باوەشێن و دڵ نەوایی کردنیان کاتێک کە لەلایەن بەرەی ئازادی خوازو ڕادیکاڵی کوردستانەوە ئەخرێنە ژێر فشارەوە لەپێناوی ئازادی یەکانیاندا .. ئەوان لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەرچۆن بەرژەوەندی یەکانیان پێویستی کردبێت بەهەموو جۆرێک کار ئاسانی یان بۆ ئەم کۆنەپەرست وئاخوندانە کردووە تا لەڕێگای ئەمانیشەوە تەکفیری ئەوبەرەیە بکەن و پەیتا پەیتا پەلامارەکانیان دەست پێ بکەن بۆسەر ئازادی و بیرو بیرکردنەوەی ئازادی مرۆڤی کورد..ئەمڕۆش بەهیمەتی نوخبەیەک لە نووسەرو ڕۆشنبیری ناسیونالیست و بەنرخی ڕۆژ نان خۆر لەبارەگای هەر حیزبێکدا دێن و پاساوی نالۆژیک دەهێننەوە و هەروا بەسادەیی ئەیانەوێت ڕوو سوری لایەنە ئیسلامی یەکانمان پیشان بدەن لە تیرۆرو کارو کردەوەی قێزەوون و دژی مرۆڤانەیان لە کوردستان و ناوچەکەدا..ئەوان زۆر باش ئەزانن کە کارو کردەوەی تیرۆریستی ئەم باندە چەقۆکێشانە لەئاستێکی بەرینتری کۆمەڵایەتیدا لەچ ئاستێکدایە لەجیهانداو چەندیش مەترسی دارترە ئەگەر شانسی هاتنە سەر دەسەڵاتیان هەبێت و، چ چارەنووسێک چاوەڕێ ی کۆمەڵگا دەکات.. شانۆی تاوانکاری یەکانی ئیسلامی سیاسی هەرلە سۆماڵ و باکوڕی ئەفریقاوە ، هەرلە عێراق و ئەفغانستان و ئێرانەوە بگرە تا زۆربەی ووڵاتانی موسڵمان نشین هەموو بەدەست ئەم پەتای ئیسلامی سیاسی یەوە چۆن گیرۆدە بوون و چۆن کۆمەڵگایان بردۆتەوە بۆ سەردەمی چاخە بەردینەکان ..کەچی ڕێبین هەردی لەجیاتی ئەوەی هەردوو بەرەی ئەم تاوان کاری یەی بادینان ڕسواو مەحکوم بکات و خەڵکی کوردستان لە خەتەری ئەم شانۆیانە ئاگادار بکاتەوە دێت و لەدژایەتی کردنی پارتیدا تەرەف داری لە ئیسلامی سیاسی ئەکات وەکو ئەوەی کە یەکگرتوو تا ئێستا لەبەرەی ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستاندا بووبێت و لەدژی مەدەنیەت و ئازادی نووسین وڕادەربڕین ڕۆژێک لەڕۆژان نەهاتبێتە دەنگ ...


ڕێبین لەبیر خۆی ئەباتەوە کە تا دوێنێ و پێرێ مەلا کامەرانەکەی هاوڕێ ی ، یانی مەلاوحیزبەکەی چۆن لەدژی نووسەرو ووشەی ئازاد و ئازادی بەیان و ڕادەربڕین تەنگاوتە بوون و لەڕێ ی دەیان مەلاو کۆنەپەرست و نووسەرانیانەوە ، لەڕێ ی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیانەوە کەووتنە پەلاماری ئازادی خوازان و کۆکردنەوەی هەست و سۆزی دواکەووتوانە لەدژی ئازادی یە سیاسی و فکری یەکان ..، ئەو ناهەقی نی یە کەوا بیر ئەکاتەوە، چونکە تەنها جیاوازی یەکەیان تەنها ڕەتوشیکە کەئەمڕۆکە بەواتای خۆیان نوخبەیەک لەم جۆرە لەنووسەرو بەناو ڕۆشنبیری کورد لەم بەرگەدا خۆیانیان پێ داپۆشیوە و خۆیان کردۆتە قارەمانی گۆڕەپانی هۆش و بیرکردنەوە لەجیاتی خەڵک .. ئەم جۆرە تێڕوانینە دەکرێت بۆ ئەم جۆرە لەم نوخبەیە تەنها جێگای ئەسەف باری بێت کە خۆشبەختانە سەردەمی بەسەرچوو ، وە ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات بەجێ ی هێشت..سەرنجێک بدەن لەم تەحلیلەی ڕێبین لەسەر ڕووداوەکانی بادینان لە ماڵبەڕی" لڤین پرێس "و ، پەیامەکەی مەلا کامەرانی هاوڕێ ی لە ماڵپەڕی" سبەی " دا : "ئەنجامدانی ئەم رووداوانە بۆ ئەوەبوو تاوەکو لەڕێگەی سوتاندنی دووکانی مەی فرۆشەکانەوە ئیسلامییەکان ناشیرین بکات،‌ بۆ ئەوەی بەدونیایی دەرەوەی بسەلمێنێت ئەمە ئیسلامییەکانن ئەگەر بێنەدەسەڵات ئەوامەترسین هەروەها ئەنجامدانی ئەم رووداوانە بۆ شەقکردن‌و لەتکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بوو لەکوردستان. .


مەلا کامەرانیش دەڵێت : دوای سه‌رکه‌وتنی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ ناوچه‌که‌ ،هه‌مو لایه‌نه‌ عه‌لمانیه‌ دیکتاتۆره‌ تۆتالیتاره‌کان توشی شۆک بون به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ کوردستانیشه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت پارتی‌، چونکه‌ ئه‌و حیزبه‌ باش ده‌زانێت به‌دیلی ئه‌و له‌ده‌ڤه‌ری‌ بادیناندا ئیسلامیه‌ و له‌ ناو ئیسلامیه‌کانیشدا یه‌کگرتوه. ئەبێت بەرەی ئازادی خوازو خەڵکی کوردستان هەرچی زووترە ڕاستی ئەم ڕووداوانە لەناو تەپ و تۆزی تەبلیغی زوڕناژەنی ژوڕنالیزمی کوردی بهێنێتە دەرەو بەجدی یەتێکی ترەوە بێتە مەیدانی ڕێگەگرتن لەم پیلان و جۆرە شانۆیانەدا ، تالەم ڕاستایەوە سنوربەندی خۆی بکات لەگەڵ دەسەڵاتداروئۆپۆزیسیۆنی هەمان بنەماڵەی ناسیونالیزمی کورد لەپێناوی مافەکانیدا .. بەبێ خۆ جیا کردنەوەی خەڵک لەم جۆرە لە پارتی کوردی بەئیسلامی و بەناو عیلمانی یانەوە ، بەدەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتیانەوە لەتوانادا بوونی ماف و ئازادی یەکانیان تەنها مەگەرلە خەیاڵ و ئەندێشەی ڕێبین هەردی یەکاندا بێت و دواجارخەڵکی کوردستان ئەبێت باجەکەی بەهەزارو یەک ڕەنگ بداتەوە.. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە ئیتر جەماوەری خەڵکی کوردستان خۆش باوەڕی یەکانی خۆیان فڕی بدات و لەدەووری ماف و داخوازی و ئازادی یەکانیان بەڕیزی ملیۆنی خۆیانەوە پەیوەست بن لەپێناوی دیاری کردنی چارەنووسێکی باشتر بۆ خۆیان و ئایندەی نەوەکانیان.. ئەگەر وانەکەن ئەوا بەبێ شک دەیان شانۆو کارەساتی تر بەڕێوەیە و یەکەمین زەرەرمەندیش هەربەتەنها خەڵکی ڕەش و ڕووت و بەرەی ئازادی خوازی کوردستانە..


٦\١٢\٢٠١١

ماڵپه‌ڕی مه‌حمود ئه‌حمه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک