په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

مەلا مرۆڤخۆرە ئەگەر بڵێ: بیکوژن و بیتۆپێنن؟!


سەلام عەبدوڵا  


یەکەمجارە وا بڕوا دەهێنم بەوەی ژمارە13، ژمارەیەکی نەحسە: لەم رۆژە مەلایەک لە دەربەندیخان لەبەردەم خۆپیشاندەرانی دژ بە بڵاوکردنی هۆنراوەیەک لە گۆڤاری(وێران) بە ئاشکرا وەک لە سایتی(www.chaterpress.com)، بڵاوکراوەتەوە، وتویەتی(هەر کەسێک سوکایەتی بە پێغەمبەری خودا و تەواوی پێغەمبەرانەوە بکات، سزاکەی قورسە بەتایبەتی سوکایەتیکردن بە(محمد)ی پێغەمبەر لێخۆشبوونی نییە و من داوادەکەم کە نووسەری ئەو هۆنراوەیە بکوژرێت، بتۆپێنرێت و رێگەنەدەن وەک مەریوان هەڵەبجەیی هەڵبێت و بڕوات بۆ دەرەوە).


ئایا مرۆڤێک بانگەواز بکات بۆ نهێشتنی فیزکی مرۆڤێکی مەدەنی بێ چەک، جۆرێک لە کانیبالیزم نییە؟ ئەی ئەگەر مەلا ئەحمەد کانی بەردینە بۆ کەتنی کوشتنی ئەو جۆرە مرۆڤانە وشەی(تۆپاندن) بەکاربهێنرێت، چی پێبڵێین؟ یاسا چۆن رەفتاری لەگەل دەکات؟ تۆپاندن بۆ ئاژەڵی بێ زمان بەکاردەهێنرێت، نەک بۆ مرۆڤ. ئایا نووسەری ئەو هۆنراوەیە ئاژەڵی بێ زمانە؟!


بانگەشەکردن بە ئاشکرا بۆ کوشتنی مرۆڤ لە شارێکی گەورە وەک دەربەندیخان و لەسایەی حکومەتێکی پەرلەمانی بەبێ ئەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان، بانگەشکەری خوێنڕشتنی مرۆڤ دەستگیر نەکرێت، مانای پاشاگەردانی و لە دەستدانی هەست و نەستی مرۆییمان.


من ئەو هۆنراوەیە نەخوێندووەتەوەو لەوانەیە هەر وەکۆ کاریکاتۆرە بێتام و لەزەت و مەعریفەتی کاریکاتۆریستە دەنیمارکییە بێت، بەڵام هەرگیزاو هەرگیز نابێ بە شەمشێرو چەقۆ وەڵامی دەق بدرێتەوە. ئەو مەلایە، مەلای دوازدە عیلم نییە، بەڵکو وەک مەلاکانی کۆماری لەسێدارەدان و زەوتکردنی ژنانی ئێران، مەلای یەک عیلمە، عیلمی چەقۆ، شمشێرو سێدارەو سەربڕینە.


ئەگەر مەلای ناوبراو نەختێ لە زانست هەڵکڕێنێ، ئەوا وەک نووسەری ئەو هۆنراوەیە، دەستی بۆ قەڵەم دەبرد و دەقێکی رەخنەگرانی دەنووسێ و بە بەڵگەوە پشتی حەفتا کەسی هۆنراوەنووسەکەی دەشکاند!


هەر مەلایەک بە هەر بلەوپایەیەک لەبەر نووسراوێک بانگەشەی مرۆڤ کوشتن بکات، دەبێ حکومەت و یاسا و خەڵک سواری کەری بکەن و بەناو شار بیگەڕێنن تا چیتر هیچ کەس خوێنی کوردستانییەک حەڵاڵ نەکات...دەبێ ئیتر سنوورێک بۆ ئەم شەرمەزاری و رووڕەشی و بێ ئەقڵییە، دابنرێ!


مەلا!
تۆ بە ئاشکرا وەک جانەوەران تینوێتیت بە خوێن دەشکێ، پردی بیرکردنەوە و وەڵامدان و گەڕان بۆ حەقیقەت و دیالۆک دەڕوخێنیت و بوار بۆ گفتوگۆی مرۆڤ لەگەل مرۆڤ نەهێشتەوە، دە بڕۆ نمەک و ناو ئاوی ئەم خاکە، لێ حەرام بێت، تۆ هەرگیز لە نەوەی بەشر نیت...بڕۆ ئۆقیانۆسی شەرمەزاری قووتت بدات!


تاقە رێگەمان ئەمەیە: قەڵەم بە قەڵەم...رەخنە بە نووسین بە رەخنە بە نووسین وەڵام بدرێتەوە، خوێنیشمان لەپێناو ژیانێکی بەختەوەرو ئاسوودەو ئازاد بۆ کوردستانیان!
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا