مەلا
و دەسەڵات.

عهبدوڵا مەحمود
پێویستە بەر لەهەموو شت ئەوە بڵێم مەبەستی من لە مەلا تەنها ئەو
مەلایانە نین کە پێشنوێژی دەکەن و پارەی مفت وەردەگرن، بەڵکە مەبەستم
هەموو ئەوانەیە کە بە بۆینباغەوە وەکو مەلا بیردەکەنەوە، مەبەستم ئەو
نووسەرانەیە کە ڕاویژ بە مەلاکان و وەستانەوە بەڕووی توندوتیژی ژناندا
بە مەلا دەسپێرن، مەبەستم ئەوانەیە کە مەلا بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک
دەزانن، مەبەستم ئەوانەیە کە چەندین ڕەوت و لایەنی ئیسلامیەکان
پێکهێنانەوەو لە گەڵیان کاردەکەن، مەبەستم ئەو نووسەرە بەناو مۆدیرن و
لیبرالانەیە کە لە ژێر ناوی قبوڵکردنی جیاوازی بیرورادا و
دیموکراسخوازیدا حجابی ژنان و مناڵان بە ئازادی فەردی تەماشا دەکەن،
هەرگیز جورئەتی ڕاگەیاندنی ئاتەئیست بوونی خۆیان لێناوەشێتەوە، هەرگیز
خوازایاری بە کردەوەی جیایی دین لەدەوڵەت و یاسا و خویندن و
پەروەردە..نین، مەبەستم لەهەموو ئەوانەیە بەرگری لە یاسا و نەریتە
کۆنەپەرستەکان دەکەن، و لە ژێرناوی پاراستنی پیرۆزیەکانی نەتەوەو
نیشتمان و دین و مەزهەبەکان و سیمبولەکاندا چەکی یاسا بەرامبەر
بەنووسەران و چەپ و کۆمۆنیستەکان و پێشکەونخوازی و مافی تاکدا
بەرزدەکەنەوە.
بەڵێ ئەو ڕیزە بەرینە لە مەلا لە کوردستان، لە نزیک بە 18 ساڵەی
دەسەلاتی کوردیدا، هەمیشە بە بانگەشەی چەند مەلایەک یان مەلای ناو چەند
لایەنیکی سیاسی، گەورەترین شەڕی ئازادی سیاسی و بیروا ودەربرین و بەیان
و رەخنەگرتن لە کەلتورو ئەخلاقیات و مافی تاک و مەدەنیەکان و
نووسەرانیان کردووە، بەشێکی ئاشکرای هەموو ئەو سوکایەتیکردنە بە ژنان و
برینی جەستەو تیرۆری ژنانن.
فتوا لە کوردستان مەلاکان ئەیدەن، هەڕەشە لەنوسەران ئەوان پشکی شێریان
پێبڕاوە. خەتەنەی ژنان مەلا لە پشتیەتی. گەورە بە بچوک و ژن بەژن و
شیربایی، مەلا پەنجەمۆری کردوە. کوشتنی ژن لە ژێرناوی شەرەف و ناموسدا
مەلا پسولەی پێداوە. گەورەکردنی مینبەر و میکرۆفۆنی مزگەوتەکان و
هەراسانکردنی پێنج جارەی خەڵک مەلا قەبلاندویەتی. کردنەوەی هەزاران
دەوراتی ئیسلامی بۆ مناڵان و تازەلاوان مەلا سەپاندویەتی. بردنی بەشێکی
زۆری داهاتی خەڵک مەلا هەڵی ئەلوشی. بڕانەوە لەسەر یاساو ڕیسای
چاخەبەردینەکان مەلا کویخایەتی بەسەردا کردووە.....تاد.
ڕەخنەگرتن لە دین و جەهالەتی دین و مەزهەبەکان، ڕەخنەگرتن لە کارو
پەیامی پەیامبەرانی، ڕەخنەگرتن لە کەسایەتیە دینی و نەتەوەییەکان، ئەم
ڕیزە لە مەلا لەکوردستان بە ئیهانە بە پیرۆزیەکانی خەڵکیان لەقەڵەمداوە.
ئەمە ڕیزە بەرینە لە نوێنەرانی جەهالەت و کۆنەپەرستی دینی و کەلتوری
کۆمەڵگا، ڕێز بۆهیچ پیرۆزیەکی کۆمەڵگا دانانێن لەژێر ناوی بەرگری لە
پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا. ئەمانە هێندە نەفامن. ڕەخنە گرتن لە دواکەوتوویی
و خورافاتی دینی بە پیرۆز نازانن، ڕەخنەگرتن لە مێژووی سەربرین و
شمشێری ئیسلام بەهەموو ڕەوت و بەشەکانیەوە، رەخنەگرتن لە قورعان و
شەریعەتی ئیسلامی"قورعان و حەدیس"، ڕەخنەگرتن لە مێژوو کارنامەی
پەیامبەرانی ئیسلام بە پیرۆزی نازانن، ڕەخنەگرتن لە دیاردەی پیاوسالاری
و شەرەفپاریزی کارتی دەستی ئەم ڕیزە لە مەلاکانی کوردستانە و بە حەرامی
ئەزانن. بەرگری لە ژن و مافەکانیان، بەرگری لە یاسای مۆدیرن و بەرگری
لە مافی تاک، بەرگری و ڕێزدانان لە سەروەری کەسایەتیەکان، وەستانەوە
بەڕووی مەڵبەندە دینییەکانیان، دەنگ هەڵبڕین بەڕووی سەرفکردنی خەیاڵی
پارەو داهاتی کۆمەڵگای برسی کوردستان بۆ کردنەوەی مزگەوت و حزجرەو
تەکیەو خانەقا و حسینیەو پارە تەرخانکردن بۆ وەزارەتی کۆنەپاریزی
کوردستان" ئەوقاف" ، کە هەموو ئەمانە ئەرکیان هێشتنەوەی کۆمەڵگایە بە
دواکەوتووی، بە پیرۆزی نازانن و دەڵێن ئەمە سوکایەتییە بە ئیسلام و
هاواریان لێ هەلدەستێ. لەکاتێکدا رەفتار و کردەوەو مێژووی ئیسلام و
کەسایەتیەکانیان لێوان لێوە لە کوشتارو سەربرین و خوێن ڕێژی. باسکردنی
ئەمانە بە حەرام ئەزانن.
لەکوردستان مەلاکان بەپرسن لە جینۆسایدی ژنان، لە ئەنفالی خەڵکی
کوردستان، لەسەربرینی ئازادی، لە داسەپاندنی حیجاب و قیناعی ئیسلامی
بەسەر مناڵاندا، لە ترساندنی منالان، لە بێئومیدی بڵاوکردنەوە بە دنیای
واقعی، لە تەسلیمکردنی خەڵکی بە دنیا وەهمی سبەینێ و درۆ زەبەلاحەکانی
وەکو جۆگە و ڕوباری پڕشەراب و حۆریەکانی بەهەشت، لە بڵاوکردنەوەی ئەوەی
کە هەژارو دەوڵەمەند هەرهەبووەو ئەمە خوا لەچارەی نوسیوون،... ئەمانە
ناشیرینترین لایەنی ناو کۆمەڵگای کوردستانن و سوکایەتین بە
سەرەتاییترین پیرۆزیەکانی ئینسان کە بەرگرتنە بە بیرکردنەوە و ئازادیان.
بێگومان ئەم مەلایانە بۆیە ئەمە ئەکەن، بۆیە توانیویانە ئەم کارنامە
کۆنە پرتوکاوە کۆنینە ئابدەیت بکەنەوە، چونکە ژینگەیان بۆ ئامادەکراوە
و ئاودراوە. یاساکان لەگەڵ شەریعەت ئاوێزانەو مەلاکانیش پەیرەوی
لەویاسایانە دەکەن و جێبەجێی دەکەن، ئەم عەقلیەتە کراوەتە چوارچێوەی
داڕشتنی ئەو یاسایانە کە پەیوەندیدارن بە ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی و
فەرهەنگییەوە. لە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراوی دەسەڵاتی
ئاودراو و وابەستە بەئیسلامدا، توانیویانە سەربەزبکەنەوە. یاساکان
ئاخنراونەتە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەوە بۆیە دەرسی دینی داسەپێنراوە،
ئاخنراونەتە ناو یاساوە بۆیە بە یاسای کۆنەپەرستانە جەنگی ئازادیخوازی
وەرێخراوە. ئاخنراوەتە ژیانی کۆمەلایەتیەوە، بۆیە ژنکوژی لەژێرناوی
شەرەفدا برەوی هەیە. خەتەنەی ژنان بەرگرییە لە پاراستنی شەرەف، گەورە
بەبچوک و شیربایی لە جێگەی خوێن دانراوە.
دەسەڵات لە کوردستان، سەرباری بانگەشەی بۆ پاراستنی مافی مرۆف و
رێزگرتن لە ئازادیەکان و وەڕِێخستنی هەراوهۆریای بنیاتنانی کۆمەڵگای
مەدەنی و بەموئەسەسات کردنی دامەزراوەکان.... کەچی لەواقعیدا
دەسەلاتێکی بەرگری کەرە لەهەمووئەو تەوژمانەی دژ بە پیرۆزیەکانی
کۆمەڵگا دەوەستنەوە، لەوانە پیروزترین دیاردەو لایەنی کۆمەڵگا، کە
کەلتوری مۆدێرنە، ڕێزگرتنە لە ئازادی بیروراو چاپەمەنی و بەیان و
بلاوکردنەوە و توێژینەوەی زانستی ء بوارکردنەوە بۆ هەر کەس و ناوەندێک
ودامەزراوەیەک کە ڕەخنە لەهەموو لایەنە سیاسی و کەلتوری ئایدۆلۆژی و
بیروباوەر و رێساو یاسایەکی کۆمەڵگا بگرێت، هیچ کەس و لایەن و
ئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕێک مەعاف نەکرێت لە ڕەخنە. هەر وەختێک ئەمە کرا،
باسی ڕێزگران لە پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا ئەبێتە درۆیەک کە تەنها مەلاکان
لەکوردستان دەتوانن بەراوردی بکەن لەگەڵ درۆ و خورافاتەکانی ناو دنیای
جەهالەتی ئیسلامیدا.
لە کوردستان بە بانگەشەو داخوازی رێزیک لەمەلای هەمەچەشنە، زۆرێک لە
نووسەرانی ئازادیخواز چەپ و کۆمۆنیست، تووشی گێرمە کێشە هاتوون،
فتوایان لەدژ دراوە، هەڕەشەیان لێکراوە، دراونەتە دادگا!!، تیرۆرکراوان،
ڕاونراون، کتێبەکانیان کۆکراوەتەوە، رێگەی دەربرینی ئازادانەیان
لێگیراوە، ئەمە بەرلەوەی کارنامەی تەنها چەند مەلایەک بێت، کارنامەی
کەلتوریکی ئیسلامیە، کەدەسەلاتی کوردی پێی ئاودراوە.
کۆکردنەوەی کتێبی جەهالەتی ئیسلامی لە نووسینی ئارام رەشید، بە بریاری
وەزارەتی رۆشنبیری، هێندەی جاهیل بوونی مەلاکان نیشان ئەدات بۆ داخوازی
بەرگرتن بە ئازادی، دەبەرابەر جاهیل بوونی ئەم دەسەڵات و وەزارەتە
نیشانئەدات، کە دەبێتە گوێگری مەلا ڕەوەتەکانیان. کە کارنامەو ڕەفتارو
مێژوویان خەرمانەیەکە، لە جینۆسایدی ئینسانی.
کەلتوری رادیکال و ئینسانی پیشکەوتخواز، هەموو تەوژمە دژی دینیەکان
پێویستە لەبەرامبەر ئەم دەسەلاتە مەلا پارێزەو کەلتوری دواکەوتوانەی
ئیسلامیدا هێزی واقعی خۆیان بێنە مەیدان و دەسەلات ناچار بکات کە دین و
لە یاساو ریساکان، لە خویندن و پەروەردە، لە دەسەلات، جیابکاتەوە، و
بیکاتە کاری تایبەتی ئینسانەکان و هیچی تر پارە وداهاتی خەڵکی کوردستان
نەخرێتە خزمەت مەلاو مزگەوت و تەکیەو حسەینیە و دەورات و خولی ئیسلامی
و فتواو...تاد. ئەمە ڕێگایەکە بۆ رێزگرتن لە ئازادی و پیرۆزیەکانی
کۆمەڵگا.
abdulla.mahmud@gmail.com
|