١٤\١\٢٠١١
مەلا و سیاسەت.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
یەکێک لەو هەڵە ستراتیژى و ترسناکەى کە حکومەتى هەرێم لەسەروبەندى
پێکهێنانی کابینەکەیەوە ئەوەبوو وەزارەتى کاروبارى ئایینى و ئەوقافى
ڕادەستى کەسایەتییەکى ئیسلامى سیاسى کرد کە نەدەبووایە حکومەت هەڵەیەکى
ترسناکى لەم شێوەیەى بەسەردا تێپەڕببێت. تەواوى ئاماژەکان ئەوە
دەردەخەن کەوا ئێستاکە مەلاکان هەست بەدەسەڵاتێکى گەورە دەکەن وەک
پاڵپشتییەکە بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتییە سیاسى و رۆشنبیرییەکان کە
ئەویش وەزارەتى ئەوقاف و حیزبە ئیسلامییەکانە کەوا بەراستەوخۆو
ناراستەوخۆ ئاراستەدەکرێن لەپێناوى بەرژەوەندى زیادکردنى نفوزى حیزبە
ئیسلامییەکان و هێرش و فەتواى نارەوا بەرانبەر رۆشنبیران و
رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و چالاکوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەدرێت و
ئەمەش ئاڵۆزییەکى ترسناکى لەنێو کۆمەڵگەدا خوڵقاندووەو کار گەیشتۆتە
ئەو ئاستەى هەر مەلایەو بەبێ ئەوەى شارەزایی لەبوارى هونەرو یاسایی و
رۆشنبیرى و رۆژنامەوانییەوە هەبێت دێت قسە لەبارەى چەمکگەلێکى لەم
شێوەیە دەکات و لەروانگەیەکى توندەڕەوانەوە کە زیاتر خزمەت بەسیاسەتى
حیزبە ئیسلامییەکان دەکات نەک خودى ئایینى ئیسلام شرۆڤەو خوێندنەوە بۆ
دەستەواژەو دەربڕینە یاسایی و رۆشنبیرى و هونەرییەکان دەکەن و
مەبەستیانیش تەنیا گەیشتنە دەسەڵاتى حیزبە ئیسلامییەکانەو لەپاڵ
ئەوەشدا سووکایەتى کردنە بەرەوتى عەلمانییەت لە کوردستاندا کە تازە
خەریکە ئەو رەوتە بەشێوەیەکى ئاشکرا دەردەکەوێت و وەکو بەربەستێک خۆى
خۆى نیشانداوە لەبەرانبەر حیزبە گەیشتنە دەسەڵاتى حیزبە
ئیسلامییەکانەوە کە دەیانەوێت ئەزموونى ناشیرینى ئەفغانستان و پاکستان
و ئێران و رێکخراوى قاعیدە بۆ کوردستان بگوازنەوە، ئەمەش مەترسییەکەى
زۆر ئاشکرایەو پێویست ناکات لە وتارێکى وا کورتدا قسەى لەبارەوە بکرێت
و ژیان و رەوشى سیاسى ئەو وڵاتانەى ئاماژەیان پێدرا ئاماژەیەکى روونن
لەوەى حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان دەیانەوێت کوردستان بەچ ئاقارێکى
دواکەوتوودا بەرن.
ئەوەى زیاتر بۆتە مەترسى بەسەر کۆمەڵگەوە، هێرش و سوکایەتى کردنى
مەلاکانە بۆ سەر خەڵکانى رۆشنبیرو چالاکونانى کۆمەڵگەى مەدەنى و
تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەو ئاستەى بەهونەرمەندى ئافرەت بگوترێت (قەحپەوبێ
شەرەف). ئەمەش ڕێگە خۆشکردنە بۆ خەڵکانێکى سادەى کۆمەڵگە لەوەى
توندوتیژى بنێنەوە بەرانبەر تاکەکانى کۆمەڵگە. بۆیە پێویستە حکومەتى
هەرێم و سەرۆکایەتى هەرێم، چیتر ڕێگە نەدەن بێ گوێدانە بارى سایکۆلۆژى
و ماف و ئازادى خەڵکییەوە، مەلاکان کە فەرمانبەرى حکومەتن مزگەوت و
شاشەکان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر چالاکوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى و
رۆشنبیران، ئەگەر سەرەتا حکومەت هەڵەیەکى وا گەورەى کرد کە وەزارەتى
ئەوقافى دایە حیزبێکى ئیسلامى و کەسایەتییەکى ئیسلامى سیاسى، بۆیە
پێویستە لە ئێستاکەدا هەڵەیەکى لەوەگەورەتر دووبارە نەکاتەوە لەوەى
مەلاکان بەئارەزووى خۆیان و بۆ بەرژەوەندى حیزبە ئیسلامییەکان ئایین و
مزگەوت بکەنە چەقى ململانێ سیاسییەکانیانەوە، ئەگینا بەر لەهەر کەس و
لایەنێک خودى حکومەت و دامەزراوەکانى رووبەرووى ئەو مەترسییە گەورەیە
دەبنەوە کە چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ هاتنە سەر تەختى دەسەڵاتى حیزبە
ئیسلامییەکانەوە بەرۆکى تاکى کورد دەگرێت. هەروەها ئەرکى هەر رۆشنبیرو
سیاسى و رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنییشە کە بێنەدەنگ لەو گەڕەڵاوژەیەى
ئێستاکە مەلاکان و حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان خوڵقاندوویانەو
هەڵمەتێکى سەرتاپاگێڕى بەرانبەریان بەرپا بکرێت بۆ ڕێگرتن لەو فەوزایەى
بەناوى ئایینەوە لەپێناوى کورسى و دەسەڵاتدا خوڵقێنراوە.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|