مەلۆتکەکانی
کۆڕەوی1991دەنگ
بە کێ دەدەن؟

فریاد هیرانی
ئەو منداڵانەی لە ساڵی 1991 لە دایک بوون،
ئەمساڵ تەمەنیان بووە 18 ساڵ و دەتوانن
بەشداری لە هەڵبژاردنی تەمووزی داهاتوودا بکەن، ئەم نەوەنوێ یە هەقە
ناوبنرێن نەوەی راپەڕین، ئەم نەوەیە چاوی بە کارەساتەوە هەڵێنا ، ئەم
نەوەیە زۆریان لە ژێر بەفر و باران و سەرماوسۆڵەدا و لە بن تاوێر و
رەوەزەشاخ و دۆڵ و کێوە سەر سنووریەکان لە جەستەی دایکیان جیابوونەوە و
چاویان بۆ ژیانی پڕ مەرگەساتی گەلەکەیان کردەوە، ئەم نەوەیە بەسەر قات
و قڕی و گرانییەکی وا داهاتن باوک و دایکیان نەیاندەتوانی وەک پێویست
شیر و نوقلڕ و یاری منداڵانەیان بۆ دابین بکەن، ئەم نەوەیە قۆناغی
مێردمناڵیشیان هەر تاڵ بوو، بە دەیان و سەدانیان لەشەڕە شەرمهێن و
قێزاویەکەی ناوخۆدا باوکیان لێ کووشتن و هەتیو کەوتن، برا گەورەکانیان
شوێن بزرکران و تامی نازی باوەشی برا گەورەکانیشیان نەبینی، دایکی
کامیان هەیە بۆ گەورەکردنی کوڕەکەی دەستی سواڵکردنیان لە کەسانێک پان
نەکردۆتەوە کە نازانن ویژدانی مرۆڤایەتیش چییە؟ دایکی کامیان هەیە
سەدان جار لەبەردەرگای مەسئولە غرور و فیرعەونەکان وەدەر نەنرابێ؟ ئەم
نەوەیە لێوان لێوە لە کارەسات ، کامە کوڕ وکچی ئەم نەوەیە هەیە بەبێ
تەزکیەی حزب و واسیتە واسیتەکاری ئەگەر زۆریش زیرەک بووبێ لە کۆلێژێکی
باشی زانکۆ وەرگیرابێ؟ کوڕانی ئەم نەوەیەش کە نەیانتوانییوە بەردەوام
بن لە خۆێندن ئیشیان ئێستا یان بۆیاغچین یان جگەرەفرۆش یان دەستگێڕ یان
سەیارەشۆر یان و یان و یان ...کچەکانی ئەم نەوەیە زۆر لە کوڕەکان
خراپتر چونکە ئەوان ئەم ئیشانەشیان پێنەکراوە!
مەلۆتکەکانی کۆڕەوی 1991وا گەورەبوون و
تەمەنیان بەقەد تەمەنی حوکمڕانی کوردییە، لە نێوکارەسات لە دوای
کارەسات گەورەبوون و ئێستاش لەناو هاشوهوشی ئاوەدانی و خزمەت و
گرێبەستی نەوت و وەبەرهێنان و دروستکردنی تونێڵ و قیتار ، بە گیرفانێکی
بەتاڵ و سارد و سڕ لەبەرامبەر شاشەکانی تی ڤی گوێ ئەگرن و لە رووپەڕی
رۆژنامەکانیشدا جۆرەها ژمارەی خەیاڵی ملیۆنەها دۆلار ئەخوێننەوە ! ئەم
نەوەیەم وا لە سەیرانگاکاندا قوتووی بیرە کۆدەکەنەوە بۆ فرۆشتن و، بە
چاوێکی بەشمەینەتیش دەڕواننە ڤێلا قەشەنگ و رەنگاوڕەنگەکان! ئەم
نەوەیەم بە حەسرەتەوە دەڕواننە ئۆتۆمبیلە ئاخیر مۆدێلەکانی مناڵی
مەسئولەکان، ئەم نەوەیەم خۆ هەقی خۆشەویستی و دڵداریشی هەیە ، بەڵام بۆ
ئەوان خۆشەویستیش لەدەرەوەی بازنەیە!
چ هەڵمەتێکی پڕوپاگاندە و چ هاشوهوشێکی تەلەفزیۆن و چ درۆودەلەسەیەکی
بەڵێندان و چ لاف و گەزافلێدانێک بە گەنجان ولاوان، دەتوانێ وقوردرەتی
ئەوەی هەیە ئەم نەوە تۆراوەم بۆ ئاشت بکاتەوە؟ چ مەسئول و
دەسەڵاتدارێکی ئەوەندە (چاو قایم) هەیە جورئەت بکا داوای دەنگ لەم
نەوەیەبکا؟ ئەم نەوەیە ئەگەرچی لە هەژدەساڵی تەمەنیدا لە هەموو شتێک بێ
بەشکرا ، بەڵام دەسەڵاتداران بۆیان ناکرێ لە مەمومارەسەکردنی ئازادیش
هەر بێ بەشی بکەن، ئەم نەوەیە، نەوەی راپەڕین، دەنگ دەداتە کەشکۆڵی
مەینەتی وخەم و موعاناتی خۆی! پیرۆزتان بێ ئەم دەنگدانە.
fryadhirany@yahoo.com
|