په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١٩

مەمەد ئەکتاش:

یەڵماز گۆنای کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیھان داناوە.

 

مەنسوور جیھانی

 

"مەمەد ئەکتاش" سینەماکاری کورد و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی "میتۆس فیلم" گوتی: "یەڵماز گۆنای" کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیھان داناوە.

"مەمەد ئەکتاش" سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی "میتۆس فیلم" سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە" سەبارەت بە ژیانی سینەماکاری ھەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" لە دەرھێنانی "حوسێن تەباک" سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا کە لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی "سینەما حەقیقەت" نمایشکرا گوتی: ئەم فیلمە لەسەر ژیانی "یەڵماز گۆنای" باوکی سینەمای کوردییە کە ماوەی حەوت ساڵ کاتی خایاند تاکوو ئامادەبێت و زۆر خۆشحاڵم کە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" پێشکەش کرا، سینەمای ئێران لە ئاستی دنیادا پێگەیەکی تایبەتی ھەیە و دەرفەتێکی باشە کە سینەماکارانی ئێرانی "یەڵماز گۆنای" بە باشی بناسن.

گوتیشی: سینەمای ئێران بۆتە سینەمایەکی نێودەوڵەتی و ئێستاکە دۆستێکی باشی سینەمای کوردییە و پێشوازیی یەگجا زۆری سینەماکارانی ئێران بۆ بینینی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە" ئەمنی زۆر خۆشحاڵ کرد. سێ ساڵ پێش ئێستاش فیلمی سینەمایی "ڕەشەبا" لە فێستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا و ھەمووی ئەم ھەنگاو و پەیوەندییانە زۆر دڵخۆشکەر و کاریگەن.

ئەم بەرھەمھێنەر کوردە سەبارەت بە کاریگەریی "یەڵماز گۆنای" لەسەر سینەماکارانی ئێران و جیھان گوتی: لەگەڵ خوالێخۆشبوو "عەباس کیارۆستەمی" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا بە تێرووتەسەلی قسەمان کرد و ئەو بە منی گوت کە فیلمی سینەمایی "ئومید" لە دەرھێنانی "یەڵماز گۆنای" زۆر کاریگەریی لەسەر کردووە و ھەروەھا سینەماکارانی بەناوبانگی ئێرانی وەکوو "ئەمیر نادری" و "موحسین مەخمەلباف" کاریگەریی ئەم سینەماکارە کوردەیان بەسەرەوە دیارە و کەڵکیان لێوەرگرتووە.

گوتیشی: "یەڵماز گۆنای" یەکەمین دەرھێنەر بوو کە سینەمای کوردی بە دنیا ناساند، کاتێک کە ئێمە فیلمی دیکۆمێنتاریی "ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە"مان ساز دەکرد، "ئێلخاندرۆ گۆنسالێس ئیناریتۆ" دەرھێنەری مەکزیکی فیلمی سینەمایی "بابێل" پێی گوتین کە یەکەمین جار کە فیلمی "یۆڵ"ی لە سینەماکانی مەکزیک بینیوە، بڕیاریداوە کە ببێتە دەرھێنەر. "ماڕتین ئیسکۆرسیزی" گوتی ئەگەر من پێش ئەوەی کە فیلمی "شۆفیری تاکسی"م ساز کرد، "یەڵماز گۆنای"م بناسیبایە، بە ڕوانینێکی دیکەوە ئەم فیلمەم ساز دەکرد. دەتوانم بڵێم "یەڵماز گۆنای" کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیھان داناوە و تا ئێستاش لە قوتابخانە سینەماییەکاندا بەرھەمە ھەرمانەکانی ئەو وەکوو وانەی خوێندن دەگوترێتەوە.

ئەم بەرھەمھێنەرە بەئەزموونە سەبارەت بە قۆناعی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە" گوتی: من پلانی سەرەتایی سیناریۆی فیلمەکەم نووسی و پاشان بە "حوسێن تەباک"دا کە ئەوکات قوتابی "میشێل ھانیکە" بوو و لە ئاکادیمیای ئەم سینەماکارە مەزنە سینەمای دەخوێند. من ئەو کاتەی کە دەستم بە کاری سینەما کرد زۆرم حەز لێبوو کە کارێک بۆ "یەڵماز گۆنای" بکەم. چونکە "یەڵماز گۆنای" لە سینەمای تورکیادا شۆڕشێکی ساز کرد و ھەروەھا دەستپێکی سینەمای کوردی بوو. و وەکوو دەرھێنەرێک لە دنیای ئیسلامدا بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی گەورەی زێڕینی "چڵە خورمای" بەدەستھێنا.

گوتیشی: تایبەتمەندیی ھەرە گەورەی "یەڵماز گۆنای" ئەوە بوو کە ئەوکاتەی کە زینداندا بوو، لە بەندیخانەوە دیکۆپاژەکانی بۆ یاریدەدەرەکانی دەنارد و ئەوانیش فیلمی سینەمایی "یۆڵ"یان وێنەگرت و بەم شێوەیە دەرھێنانی بۆ ئەم بەرھەمە سینەماییە ئەنجامدا.

ئەکتاش لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "یەڵماز گۆنای" فیلمەکانی بە شێوەیەک سازکردووە کە ھەر نەتەوەیەک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەیریی بکات خۆی و شوناسی خۆی تیایدا دەبینێتەوە. ئەم سینەماکارە کوردە بە ھۆی ئەندێشەی مرۆڤایەتییەوە ژیانی خۆی لەدەستدا.

بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی "میتۆس فیلم"ی ئەڵمانی سەبارەت بە وتەکانی "میشائیل ھانیکە" و "کۆستا گاوراس" سەبارەت بە کەسایەتی و پێگەی "یەڵماز گۆنای" گوتی: "یەڵماز گۆنای" ئەو کاتەی کە لە فەڕەنسا دەژیا لەگەڵ کۆمەڵێک دەرھێنەر لە سینەمای جیھان پەیوەندییەکی دۆستانەی باشی ھەبوو، کە یەکێک لەوانە "کۆستا گاوراس" بوو، "یەڵماز گۆنای" بەتەمابوو کە لە وڵاتی یۆنان فیلمێکی گەورە بەرھەمبێنێت و ئەم دەرھێنەرە ناودارە یۆنانییەش بڕیاروابوو کە ھاوکاریی بکات. "کۆستا گاوراس" کاتێک کە باسی گۆنایی دەکرد تەنیا دەگریا، یەگجار زۆر ھەڤاڵی یەکتریی بوون.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک