ئەوڕۆ دە ساڵی رێک و بێ پسانەوە وەسەر دەستبەکاربوونی 
							ماڵپەڕی ئەمڕۆ* 
							تێپەڕی؛ دە ساڵ تەرخانکردنی کات و کاری خۆبەش.. دە ساڵ 
							کاری پڕ لە شەونخونیی و وزەپڕووکێن، دە ساڵ 
							بەڕێوەبردنی خەرجیی ماڵپەڕەکە لەسەر گیرفانی تایبەتی 
							خۆمان کە تا ئێستا پتر لە ١٠ 
							هەزار دۆلاری تێچووە بێ ئەوەی یەک دۆلارمان لە هیچ کەس 
							و لایەنێک وەرگرتبی... ئەوانەش هەمووی لە پێناو ئەوەی؛ 
							خزمەتێک وە پەیڤ و فەرهەنگی پێشکەوتنخوازانەی کوردی 
							بکەین.. خزمەتێک وە خوێنەران و نووسەران و خاوەنی 
							بەرهەمە رۆشنیرییەکان بکەین.. پێگەیەکی سەربەخۆ و 
							ئازاد و پێچەوانەی میدیای لەخشتەبەری حیزبیی و سێبەر و 
							میدیای (ئەهلی)ی 
							پیشەکار و پارەپەرست دابمەزرێنین.. خزمەتێک وە نووسەرە 
							گەنجە ئازادییخواز و پێشکەوتنخوازەکان بکەین کە جێی 
							ئاماژەپێدانە تا ئێستا وە دەیانی تێدا پەروەردە بووه، 
							سەرەنجام پێگەیەک بی لە خزمەتی چینە چەوساوەکان و 
							یەکسانیی نێوان ژنان و 
							پیاوان و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و 
							لە پێشەوەی هەمووانیش مافە نەتەوەیی و 
							نیشتیمانییەکانیان کە تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی 
							کوردستانە. ئیدی ئەو 
							خۆخستنەڕووەمان لەو یادەدا رامان و 
							بۆچوونی (دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ئەمڕۆ)یە.. ئەوە 
							تەنیا خوێنەران دەتوانن بڕیار بدەن کە ئایە تا چەند 
							رۆڵ و نەخشمان هەبووە لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە؟
							
							
							___________________________
							
			* 
			ماڵپەڕی ئەمڕۆ درێژەپێدەری (رۆژنامەی ئەمڕۆ)یە کە لە
			١٥\٨\١٩٩٤ 
			لە کوردستان و لە شاری هەولێر دامەزرا، پاشان لە لایەن حیزبە ستەمگەر و 
			دژە ئازادییەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان وە شێوازی جوراوجۆر هێرشی 
			کرایە سەر کە دەیانویست رۆژنامەکە بکەنە دەرباری خۆیان ئەگەر نا ئەوە 
			کارمەندەکانی لەنێودەبەن.. سەرەنجام رۆژنامەکەیان داخست و لاپەڕەیەکی 
			رەشیان لە بەرانبەر ئازادیی رۆژنامەگەریی تۆمارکرد!