٧\٩\٢٠١٠
(مەندەلی)
نموونەی شەرمەزارییە بۆ حکومەتەکانی هەرێم.

سەلام عەبدوڵا
رێگای خانەقین - مەندەلی.
ئەم رێگایە گرنگترین پردی ستراتیژی تیرۆرە لە رۆژهەڵاتی ناوین:
نزیکترین رێگایە بۆ ناوچەی تیرۆر، واتە دێهاتەکانی باقوبە، شارەبان و
چیای حمرین. ئەوەی بەم شوێنانە بگات، دەتوانێ لە نێوان ئەفغانستان و
سوریا و لوبنان بە دەشتی سێ کوچکەی تیرۆرو تاوان(تکریت، موسل و رەمادی)
تەراتێن بکات. لەبەرامبەریدا هێزو توانای پۆلیسی پاراستنی سنوور،
ئەوەندە سوک و ئاسانە، مەحاڵە بتوانن ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەدرێژایی رێگاکە تاقە یەک ئۆتۆمبیل بەدی نەکرا، لە نەفتخانە بەولاوە
مرۆڤ دەبێ لە چۆڵەوانی تێببپەڕێت و تا چاویش بڕ دەکات هەر وشکانی و دۆڵ
و زنجیرە یاڵی هەزار بە هەزاری رووتە.

شاری بێ کتێبخانە، قوتابخانە، رادیو، تەلەفزیون
و رۆژنامەی کوردی و یاریگا!
لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان رادیو و تەلەفزیونی مەحەلی هەیەو
رۆژنامەو گۆڤار دەردەکرێ، مەندەلی لەو بەرهەمانە بێبەشە، کەچی
موزایەدەی پان وپۆڕی بێبنەمای حزبی و حکومی لەبارەی دڵسۆزی و خەمخۆری
بۆ خەڵکی مەندلی و ئەوانی تر، دەکەن.
عەبدلحوسێت عەباس(بەڕێوبەری ناحیەی مەندەلی)، وتی"حکومەتی دیالە هیچی
بۆ مەندەلی نەکردووە، تەنانەت وەک2009بۆ ساڵی2011 بوجەیان بۆ مەندەلی
تەرخان نەکردووە. بە هەوڵی خۆمان لەگەل چەند دڵسۆزێک لە ئەنجومەنی
پارێزگای دیالە دوو پڕۆژە بۆ درووستکردنی جادە بە بڕی 850ملیون دینار،
لەبەرنامەیە.
لە رێگامان بەرەو سەنتەری شار، لە تەنیشت بینایەکی داڕوخاو تێپەڕێن. لە
هاوڕێکەم پرسی: ئەم پێشتر چی بووە؟
- ئەمە کتێبخانەی شارەکە بوو، ئێستا دیوارو پەنجەرو دەرگاکانی شکاوەو
لەبری کتێب، کراوە بە شوێنی زبڵ و خاشاک. پاش7ساڵ لە روخانی بەعس،
هێشتا هیچ لایەنێک کاری بۆ نۆژەنکردنی ئەم کتێبخانەیە، نەکردووە.
ناوبراو سەبارەت بە پرسی میدیا بە گشتی لە شارەکە، وتی: بەداخەوە
تەنانەت تاقە شوێنێکیشمان نییە بۆ رۆژنامە و گۆڤار فرۆشتن.
ئایا رادیو و تەلەفزیزین مەحەلی لە شارەکە پەخش دەکرێن؟
عەبدولحوسێن: نەخێر. لێرەدا داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و
میدیای ئەهلییەکان دەکەم هەنگاوی جددی بۆ بوژانەوەی رۆشنبیری و خوێندن
بە زمانی کوردی لە شارەکەمان دابنێن.
لەلایەکی ترەوە، سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگەو کۆلیجی کوردی و
یاریگا لە شارەکە، عەبدولحوسێن، وتی: تاقە یەک قوتابخانە بە زمانی
کوردی لە شارەکە نییە، چ جا بە پەیمانگەو کۆلیج و یاریگا!
بە کورتییەکەی: حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان خاڵی 1ی ماددەی 14و خاڵی
1و2ی ماددەی 27لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان-عیراق پێشێلکردووە،
چونکە قوتابخانەی کوردی لە مەندەلی نییە و هەڵمەتی نەهێشتنی
نەخوێندەواری لە ئەستۆ نەگرتووە.
مەندلی کەلاوەخانەیەکی بێخاوەنە!
زۆرجار لە کەناڵەکانی راگەیاندن باس لە کەسانی پسپۆرو شارەزای حزب و
حکومەت و پەرلەمان، دەکەن، بەڵام هەرکەسێ(سلیمانی و هەولێرو دهۆک)ی
بینیبێ و پاشان سەردانی مەندەلی یان جەلەولا و سەعدیە، بکات،
دەردەکەوێت کە ئێمە نەک هەر کەسانی شارەزامان نییە، بەڵکو نەخوێنەوارێک
لە خاوەن بەڵگەنامەکان زۆر شارەزاترن لە بواری بنیاتنانەوە. ئاخر ناکرێ
هەولیر و سلیمانی وەک"دوبەی"یان لێ بکرێت و چەندین شاری کوردستانی تر
کلاوەی شڕ بن! ئەی نابێ لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جۆرە هاوسەنگییەک لە
بەرچاو بگیرێ؟!
قەڵای جەمیل بەگ، بازاڕی گەورە، گەڕەکی(هنی منی)و قەڵای باری تەنها
کەلاوەی روخاون. بەڕێوبەری ناحییەکە، وتی: شارەکە لە 7گەڕەگ پێکهاتبوو،
بازاڕی گەورە لە حەفتاکان بریتی بوو لە 400دوکان. هەموویان لەلایەن
رژێمی بەعس روخان. خەڵکەکە بە تاکوتەرا لێیان دەگەڕێنەوەو ماڵی خۆیان
درووستدەکەن. هەروا60ئاواییمان لە1975روخێنران و خەڵکەکەی ئاوارەکران.
پێش ماوەیەک یەک ئاوایی(حاجی حەمید)ئاوەدان کرایەوە، بەڵام
تیرۆریستەکان هەموو پیاوانی گوندەکە کە لە15پیاو پێکهاتبوو، تیرۆرکرد.
جاسم کاکەیی چاوی بە گەڕەکە شڕەکانی شارەکەی بڕی و وتی: لەبەر ئەوەی
مەندەلی شارێکی کوردستانییە، دەبێ حکومەتی هەرێم چاوی لە ئێمە ببێت.
حکومەتی ناوەند مافی خۆیەتی گوێ بە ئێمە نادات!
باسم عەلی موهەنەد رەفعەت وەک شوفێر کاردەکات، لە وەڵامی
پرسیاری(مەندەلی پێویستی بە چی هەیە، وتی(جا ئێمە چیمان هەیە؟!
پێویستیمان بە هەموو شتێک هەیە!). لەپەیوەندی بەم پرسیارەوە، هاوڵاتی
سلیمان حوسێن، وتی: من نازانم لەسەر کوردستانە یان عیراق یان ئیران؟!
هیچ لایەک خۆی بە خاوەن ئەم شارە نازانێ!
لەناوەڕاستی ئەم"شار"ە کلاوە شڕو پەراوێزخراوەیە، لەبەردەم پەیکەرەکەی
شەهید جوامیر لەسەر پەڕۆیەکی زەرد بە زمانی عەرەبی نووسراوە: (پارتی
دیموکراتی کوردستان دەربڕی راستەقینەی چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستانە)!
گەڕانەوە بۆ وەڵات.
کاکە خەلیل بۆ بژێوی، کۆمەڵێ شوتی لەسەر سۆشتەی فولکەی(شەهید
جوامیر)داناوەو وتی: من بۆ وەڵاتەکەم(مەندەلی)، گەڕامەوە، بەڵام بووم
بە کرێچی، ئاو رۆژێک هەیەو دوو رۆژ نییەو تەنانەت شەقامێکیش نۆژەن
نەکراوەتەوە.
لەم بارەیەوە بەڕێوبەری ناحییە، وتی: بڕی یەک ملیاردو سەد74ملیون دینار
بۆ شەقامی رێگای مەندەلی- خانەقین تەرخان کرا، بەڵام بڕی زۆری ئەو
پارەیە دزراو رێگاکە هێشتا پڕە لە چاڵی ترسناک لەسەر گیانی مرۆڤ و
ئۆتۆمبیل و وێرانییەکانی تری شەقامەکە بە شێوەیەکی سادە پڕکراوەتەوە.
عەلی محەمەد(شوفێر) هاتە پێشەوەو وتی: لێرە بێکاری زۆرەو لە دەوروبەری
شاریش زۆرترە!
شارێک بەبێ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی!
دەیان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی جیهانی و مەحەلی لە شارەکانی کوردستان
لەبواری جیاجیا کارو چالاکی خۆیان دەکەن، لەم شارە تاقە یەک رێکخراوی
مەدەنی بوونی نییە، بە مەرجێک باری ئەمنی شارەکە سەقامگیرە، وەک
بەڕێوبەری ناحییەکە وتی(تا ئێستا تەنها یەک کاری تیرۆریستی ئەنجامدراوە،
ئەوەش تەقاندنی چایخانەیەک بوو).
سنوور و زەمینی مینڕێژکراو.
لەگەڵ ئەو هەموو نەگبەتی ویرانکارییە،
دەوروبەری مەندەلی و بە تایبەتی ناوچەی(ندە) کە بە دۆست و لایەنگری
رژێمی بەعس ناسراون، گۆڕپانی تیرۆریستانەو بۆ خۆیان لە جبەخانەی خۆڕایی
چەک و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگی عیراق- ئیران، سوودوەردەگرن.
لەساڵانی رابردوو هەزاران هاوڵاتی لەناو باقوبە و شارەبان و خالس و
هبهب و بوهرزو عزێم و دەوروبەرو رێگاوبانەکانیان بوون بە قوربانی
تەقاندنی ئەو مینی تانک و شەخسییانە.
رائد سەلام کازم(بەرپرسی سرییەی یەک/فەوجی3ی لیوای 8)، وتی: لەبەردەم
سرییەکەم2 کێڵکەی مینی شەخسی هەیە، بەڵام بە درێژای80کم لە سنووری
مەندەلی مینڕێژکراوەو مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە
پێکدەهێنن. لەلایەکی ترەوە جەمال هادی(کاسب، دانشتوی ئاوایی لیوا)،
لەبارەی کێڵکەکانی مینەوە، وتی: لە ماڵەکانی گەڵالوک و حەران تا
نەفتخانە مینڕێژکراوەو لە هەندێک شوێن10مەتر لە شەقامی رێگاکە دوورن.
هاوڵاتییەکی تر بە ناوی(باسم محەمەد)، وتی: برایەکم بوو بە قوربانی مین
و برایەکی تریشم بە سەختی بریندار بوو. ئەگەر ئێستا سنوورەکەمان لە مین
پاکنەکرێنەوە، پاش 100ساڵی تریش خەڵک دەکوژێ. بۆ نموونە ئێستا لە کاتی
ئیشکردن لە بەنداوی مەندەلی زوو زوو بە شۆفەڵەکان دەتەقێنەوە. هەندێ
لەو مینانە دەکەونە بەر لافاو و بەگیانی هاوڵاتیان دەتەقێنەوە.
ئایا حکومەتی هەرێم بەرپرسیارییەکی خۆی لەبەرامبەر ئەم شارە
کوردستانییە جێبەجێکردووە؟ ئایا خزمەتنەکردنی مەندەلی چ کاریگەرییەکی
هەیە لەسەر بیروبۆچوونی دانشتوانەکەی؟
بەڕێوبەری ناحییەی مەندەلی وتی: رێژەی دانشتوانی کورد لەم شارە
لە1975بریتی بوو لە73%، ئێستا 15%. ئەگەر حکومەتی هەرێم لەم چەند
ساڵانە لای لێ بکردبا، ئێستا ئەم رێژەیە بەشێوەیەکی لەبەرچاو دەگۆڕا.
سەبارەت بە بودجەی تەرخانکراو بۆ شارەکە، وتی: حکومەتی دیالە بۆ
مەندەلی هیچ بوجەیەک بۆ ساڵی2010 تەرخان نەکردووە. لەلایەکی ترەوە جواد
کازم(بەرپرسی کۆمیتەی ى.ن.ک) بە هاوڵاتی وت: چوار پڕۆژە(بنکەی
تەندرووستی، قیرتاوکردن، یاریگا، 7مولیدەی کارەبا) لەلایەن حکومەتی
هەرێمەوە لەبەرنامەی کار بوو، لەوانە تەنها دامەزراندنی7مولیدەی کارەبا
جێبەجێکراوە.
بارودۆخی مەندەلی ئابرووچوون و شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ هەموو
دامودەزگاکانی حکومەت وحزب و وەزارەتەکانی، بەڵگەیەکی لەبەرچاوە بۆ
ئاشکراکردنی هەموو لافلێدانە"نیشتمانپەروەری"و"خزمەتکردنی میللەت".
ئەمە راستییەکی جەرگبڕە و دەبێ ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان و
بەرپرسانی وەزارەتەکان و خاوەن بڕیارەکان دەستبەجێ پاش بینینی ئەم
راپۆرتە سەردانی مەندلی بکەن و لێپێچینەوە لەبارەی ناوەڕۆکەکەی بکەن،
بەڵام گرنگ ئەوەیە سەردانەکەیان بە مەبەستی ئەنجامدانی بەرپرسیاری و
بەرنامەی ئاوادانکرنەوە، تەشریف ببەن.
گەڕانەوە لەو کەلاوەیە کە جاران قەزا بوو و ئێستا کراوە بە ناحیە،
چاوەڕوانە، چاوەڕوانییەکی تاڵ و ئومیدوایە نەبێت بە چاوەڕوانییەکەی
گۆدۆ!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|