١٩\١٠\٢٠١٠
(مهندهلی
و جهلهولا و سهعدیه) له نێوان
پشتگوێخستنیان له
لایهن دهسهڵاتدارانی کوردستان و ههڕهشهی هێزه شۆڤێنیست و
ئیسلامییهکانی عێراق!

سەلام عەبدوڵا
ئەمجارەیان تاوانی
حکومەتی هەرێمە!
دەیان ساڵە حکومەتە یەک بەیەکەکانی عێراق بە ئاگرو ئاسن خەڵکی
کوردستانیان چەوساندۆتەوە. ئەمە حەقیقەتێکە، بەڵام ئایا حکومەتی هەرێمی
کوردستان لەماوەی7ساڵی رابردوو چی بۆ دانیشتوانی مەندەلی، سەعدیە،
جەلەولا، قەرەتەپە و جەبارەیان کردووە؟ جیاوازی نێوان ئەوشارانە و
شارەکانی دهۆک، هەولێرو سلیمانی لەیەک نزیککراون یان قووڵکراوەتەوە؟
زۆر دەمێکە بەندە وەک یەکێک لە دانیشتوانی ناوچە بەزۆرەملی
دابڕێنراوەکان دەیان جار لە چەندین رۆژنامەو کەناڵی تەلەفزیزن و رادیۆ
و سایتەکانی ئینتەرنێت و تەنانەت لە فێسبوک، هاوار بۆ حکومەتی هەرێم و
بەرپرسان بردووە تا لایەک لە ناوچە ناوبراوەکان بکەن، بەلام ئەوان وەک
یەکێکی کەڕو کوێر وڵاڵ هیچ"جمەیەکیان"نەکردووە. تەنانەت لە
بێدەسەڵاتیدا چەندین وێنەی کەلاوە شڕەکانی مەندەلی و کتێبخانەکەیان کە
کراوە بە زبڵخانە لەبەردەم بەرپرسێکی شاری خانەقین دانا و ئەویش
وتی(چەندین جارە باسی مەندەلیمان بۆ بەرپرسە گەورەکان کردووە، بەڵان
ئەوان گوێمان لێ ناگرن!

بۆچی گوێ لە بەرپرسەکانی خۆتان نەگرت؟ ئەم هاوارو قسە زلانە چییە کە
ئێستا بۆ گاڵتەکردن بە خەڵک دەیکەن؟ پێتان وایە خەڵک بڕواتان پێدەکات؟!
ئێستا لێرەو و لەوێ هەندێ بەرپرس لە کەناڵەکانی راگەیاندن، پاکانە بۆ
خۆیان دەکەن و ئۆباڵی هەڵهاتنی کوردستانیان یان نەگەڕانەوەیان بۆ سەر
ئەرزو خاکیان، دەخەنە ئەستۆی قاعیدەو بەعسییەکان.
نەخێر و هەزار جار نەخێر، ئەمجارەیان ئێوە بەرپرسیارن...ئێوە ئەی
ئەوانەی وا سەرمەستی بازرگانی و قازانج و بەڵێندەرایەتی و داهاتی بانق
و نەوت و گازن. حکومەتە بە رەواڵەت یەکگرتووە و لەراستی دوو ئیدارەکەی
هەرێم سەرقاڵی پڕۆژە گەورەکانی3پارێزگاکەن و گەشەپێدانن بە کەرتی
تایبەت کە زۆربەی هەرە زۆریان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنتڕۆڵی
حیزب و پیاوەکانی خۆتانن و ئەوانەی لە حیزبەکانتان نزیکن. حەق وایە
بەئاشکرا دان بە هەڵە و کەموکوڕییەکانی خۆتان بنێن و خۆتان لە
جەواشەکاری خەڵک دوور رابگرن.
ئێوە زۆر بەشێوەیەکی بێ بەزییانە ئەو شارە کوردستانیانە پشتگوێخست و
نموونەی خراپتان پێشکەشکرد.
ئاخر ئێوە چیتان بۆ خەڵکی مەندەلی و جەلەولا کرد؟ باسی کامە ئاسایشی
نەتەوەیی دەکەن؟
ئەمجارەیان دەستی تاوانبارکردن بۆ ئێوە درێژ دەکەم و دەبێ قبووڵ بکەن
کە حەقیقەتەکان لووتی هەر خۆزلزانێک دەشکێنێ و دووبارە دەڵێم ئایا
ئەوەی یەکپارچەیی خاکی کوردستانتان نەپارێزێ، خیانەت نییە؟!
مەندەلی:
نموونەی شەرمەزارییە بۆ حکومەتەکانی هەرێم.
رێگای خانەقین -
مەندەلی.
ئەم رێگایە گرنگترین پردی ستراتیژی تیرۆرە لە رۆژهەڵاتی ناوین:
نزیکترین رێگایە بۆ ناوچەی تیرۆر، واتە دێهاتەکانی باقوبە، شارەبان و
چیای حمرین. ئەوەی بەم شوێنانە بگات، دەتوانێ لە نێوان ئەفغانستان و
سوریا و لوبنان بە دەشتی سێ کوچکەی تیرۆرو تاوان(تکریت، موسل و رەمادی)
تەراتێن بکات. لەبەرامبەریدا هێزو توانای پۆلیسی پاراستنی سنوور،
ئەوەندە سوک و ئاسانە، مەحاڵە بتوانن ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەدرێژایی رێگاکە تاقە یەک ئۆتۆمبیل بەدی نەکرا، لە نەفتخانە بەولاوە
مرۆڤ دەبێ لە چۆڵەوانی تێببپەڕێت و تا چاویش بڕ دەکات هەر وشکانی و دۆڵ
و زنجیرە یاڵی هەزار بە هەزاری رووتە.
شاری بێ کتێبخانە، قوتابخانە، رادیو، تەلەفزیون و رۆژنامەی کوردی و
یاریگا!
لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان رادیو و تەلەفزیونی مەحەلی هەیەو
رۆژنامەو گۆڤار دەردەکرێ، مەندەلی لەو بەرهەمانە بێبەشە، کەچی
موزایەدەی پان وپۆڕی بێبنەمای حزبی و حکومی لەبارەی دڵسۆزی و خەمخۆری
بۆ خەڵکی مەندلی و ئەوانی تر، دەکەن.
عەبدلحوسێت عەباس(بەڕێوبەری ناحیەی مەندەلی)، وتی"حکومەتی دیالە هیچی
بۆ مەندەلی نەکردووە، تەنانەت وەک2009بۆ ساڵی2011 بوجەیان بۆ مەندەلی
تەرخان نەکردووە. بە هەوڵی خۆمان لەگەل چەند دڵسۆزێک لە ئەنجومەنی
پارێزگای دیالە دوو پڕۆژە بۆ درووستکردنی جادە بە بڕی 850ملیون دینار،
لەبەرنامەیە.
لە رێگامان بەرەو سەنتەری شار، لە تەنیشت بینایەکی داڕوخاو تێپەڕێن. لە
هاوڕێکەم پرسی: ئەم پێشتر چی بووە؟
- ئەمە کتێبخانەی شارەکە بوو، ئێستا دیوارو پەنجەرو دەرگاکانی شکاوەو
لەبری کتێب، کراوە بە شوێنی زبڵ و خاشاک. پاش7ساڵ لە روخانی بەعس،
هێشتا هیچ لایەنێک کاری بۆ نۆژەنکردنی ئەم کتێبخانەیە، نەکردووە.
ناوبراو سەبارەت بە پرسی میدیا بە گشتی لە شارەکە، وتی: بەداخەوە
تەنانەت تاقە شوێنێکیشمان نییە بۆ رۆژنامە و گۆڤار فرۆشتن.
ئایا رادیو و تەلەفزیزین مەحەلی لە شارەکە پەخش دەکرێن؟
عەبدولحوسێن: نەخێر. لێرەدا داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و
میدیای ئەهلییەکان دەکەم هەنگاوی جددی بۆ بوژانەوەی رۆشنبیری و خوێندن
بە زمانی کوردی لە شارەکەمان دابنێن.
لەلایەکی ترەوە، سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگەو کۆلیجی کوردی و
یاریگا لە شارەکە، عەبدولحوسێن، وتی: تاقە یەک قوتابخانە بە زمانی
کوردی لە شارەکە نییە، چ جا بە پەیمانگەو کۆلیج و یاریگا!
بە کورتییەکەی: حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان خاڵی 1ی ماددەی 14و خاڵی
1و2ی ماددەی 27لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان-عیراق پێشێلکردووە،
چونکە قوتابخانەی کوردی لە مەندەلی نییە و هەڵمەتی نەهێشتنی
نەخوێندەواری لە ئەستۆ نەگرتووە.
مەندلی کەلاوەخانەیەکی بێخاوەنە!
زۆرجار لە کەناڵەکانی راگەیاندن باس لە کەسانی پسپۆرو شارەزای حزب و
حکومەت و پەرلەمان، دەکەن، بەڵام هەرکەسێ(سلیمانی و هەولێرو دهۆک)ی
بینیبێ و پاشان سەردانی مەندەلی یان جەلەولا و سەعدیە، بکات،
دەردەکەوێت کە ئێمە نەک هەر کەسانی شارەزامان نییە، بەڵکو نەخوێنەوارێک
لە خاوەن بەڵگەنامەکان زۆر شارەزاترن لە بواری بنیاتنانەوە. ئاخر ناکرێ
هەولیر و سلیمانی وەک"دوبەی"یان لێ بکرێت و چەندین شاری کوردستانی تر
کلاوەی شڕ بن! ئەی نابێ لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جۆرە هاوسەنگییەک لە
بەرچاو بگیرێ؟!
قەڵای جەمیل بەگ، بازاڕی گەورە، گەڕەکی(هنی منی)و قەڵای باری تەنها
کەلاوەی روخاون. بەڕێوبەری ناحییەکە، وتی: شارەکە لە 7گەڕەگ پێکهاتبوو،
بازاڕی گەورە لە حەفتاکان بریتی بوو لە 400دوکان. هەموویان لەلایەن
رژێمی بەعس روخان. خەڵکەکە بە تاکوتەرا لێیان دەگەڕێنەوەو ماڵی خۆیان
درووستدەکەن. هەروا60ئاواییمان لە1975روخێنران و خەڵکەکەی ئاوارەکران.
پێش ماوەیەک یەک ئاوایی(حاجی حەمید)ئاوەدان کرایەوە، بەڵام
تیرۆریستەکان هەموو پیاوانی گوندەکە کە لە15پیاو پێکهاتبوو، تیرۆرکرد.
جاسم کاکەیی چاوی بە گەڕەکە شڕەکانی شارەکەی بڕی و وتی: لەبەر ئەوەی
مەندەلی شارێکی کوردستانییە، دەبێ حکومەتی هەرێم چاوی لە ئێمە ببێت.
حکومەتی ناوەند مافی خۆیەتی گوێ بە ئێمە نادات!
باسم عەلی موهەنەد رەفعەت وەک شوفێر کاردەکات، لە وەڵامی
پرسیاری(مەندەلی پێویستی بە چی هەیە، وتی(جا ئێمە چیمان هەیە؟!
پێویستیمان بە هەموو شتێک هەیە!). لەپەیوەندی بەم پرسیارەوە، هاوڵاتی
سلیمان حوسێن، وتی: من نازانم لەسەر کوردستانە یان عیراق یان ئیران؟!
هیچ لایەک خۆی بە خاوەن ئەم شارە نازانێ!
لەناوەڕاستی ئەم"شار"ە کلاوە شڕو پەراوێزخراوەیە، لەبەردەم پەیکەرەکەی
شەهید جوامیر لەسەر پەڕۆیەکی زەرد بە زمانی عەرەبی نووسراوە: (پارتی
دیموکراتی کوردستان دەربڕی راستەقینەی چاوەڕوانییەکانی گەلی
کوردستانە)!
گەڕانەوە بۆ وەڵات.
کاکە خەلیل بۆ بژێوی، کۆمەڵێ شوتی لەسەر سۆشتەی فولکەی(شەهید
جوامیر)داناوەو وتی: من بۆ وەڵاتەکەم(مەندەلی)، گەڕامەوە، بەڵام بووم
بە کرێچی، ئاو رۆژێک هەیەو دوو رۆژ نییەو تەنانەت شەقامێکیش نۆژەن
نەکراوەتەوە.
لەم بارەیەوە بەڕێوبەری ناحییە، وتی: بڕی یەک ملیاردو سەد74ملیون دینار
بۆ شەقامی رێگای مەندەلی- خانەقین تەرخان کرا، بەڵام بڕی زۆری ئەو
پارەیە دزراو رێگاکە هێشتا پڕە لە چاڵی ترسناک لەسەر گیانی مرۆڤ و
ئۆتۆمبیل و وێرانییەکانی تری شەقامەکە بە شێوەیەکی سادە پڕکراوەتەوە.
عەلی محەمەد(شوفێر) هاتە پێشەوەو وتی: لێرە بێکاری زۆرەو لە دەوروبەری
شاریش زۆرترە!
شارێک بەبێ
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی!
دەیان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی جیهانی و مەحەلی لە شارەکانی کوردستان
لەبواری جیاجیا کارو چالاکی خۆیان دەکەن، لەم شارە تاقە یەک رێکخراوی
مەدەنی بوونی نییە، بە مەرجێک باری ئەمنی شارەکە سەقامگیرە، وەک
بەڕێوبەری ناحییەکە وتی(تا ئێستا تەنها یەک کاری تیرۆریستی
ئەنجامدراوە، ئەوەش تەقاندنی چایخانەیەک بوو).
سنوور و زەمینی
مینڕێژکراو .
لەگەل ئەو هەموو نەگبەتی و یرانکارییە، دەوروبەری مەندەلی و بە تایبەتی
ناوچەی(ندە) کە بە دۆست و لایەنگری رژێمی بەعس ناسراون، گۆڕپانی
تیرۆریستانەو بۆ خۆیان لە جبەخانەی خۆڕایی چەک و تەقەمەنییەکانی
پاشماوەی جەنگی عیراق- ئیران، سوودوەردەگرن. لەساڵانی رابردوو هەزاران
هاوڵاتی لەناو باقوبە و شارەبان و خالس و هبهب و بوهرزو عزێم و
دەوروبەرو رێگاوبانەکانیان بوون بە قوربانی تەقاندنی ئەو مینی تانک و
شەخسییانە.
رائد سەلام کازم(بەرپرسی سرییەی یەک/فەوجی3ی لیوای 8)، وتی: لەبەردەم
سرییەکەم2 کێڵکەی مینی شەخسی هەیە، بەڵام بە درێژای80کم لە سنووری
مەندەلی مینڕێژکراوەو مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤ و ژینگە
پێکدەهێنن. لەلایەکی ترەوە جەمال هادی(کاسب، دانشتوی ئاوایی لیوا)،
لەبارەی کێڵکەکانی مینەوە، وتی: لە ماڵەکانی گەڵالوک و حەران تا
نەفتخانە مینڕێژکراوەو لە هەندێک شوێن10مەتر لە شەقامی رێگاکە دوورن.
هاوڵاتییەکی تر بە ناوی(باسم محەمەد)، وتی: برایەکم بوو بە قوربانی مین
و برایەکی تریشم بە سەختی بریندار بوو. ئەگەر ئێستا سنوورەکەمان لە مین
پاکنەکرێنەوە، پاش 100ساڵی تریش خەڵک دەکوژێ. بۆ نموونە ئێستا لە کاتی
ئیشکردن لە بەنداوی مەندەلی زوو زوو بە شۆفەڵەکان دەتەقێنەوە. هەندێ
لەو مینانە دەکەونە بەر لافاو و بەگیانی هاوڵاتیان دەتەقێنەوە.
ئایا حکومەتی هەرێم بەرپرسیارییەکی خۆی لەبەرامبەر ئەم شارە
کوردستانییە جێبەجێکردووە؟ ئایا خزمەتنەکردنی مەندەلی چ کاریگەرییەکی
هەیە لەسەر بیروبۆچوونی دانشتوانەکەی؟
بەڕێوبەری ناحییەی مەندەلی وتی: رێژەی دانشتوانی کورد لەم شارە
لە1975بریتی بوو لە73%، ئێستا 15%. ئەگەر حکومەتی هەرێم لەم چەند
ساڵانە لای لێ بکردبا، ئێستا ئەم رێژەیە بەشێوەیەکی لەبەرچاو دەگۆڕا.
سەبارەت بە بودجەی تەرخانکراو بۆ شارەکە، وتی: حکومەتی دیالە بۆ
مەندەلی هیچ بوجەیەک بۆ ساڵی2010 تەرخان نەکردووە. لەلایەکی ترەوە جواد
کازم(بەرپرسی کۆمیتەی ى.ن.ک) بە هاوڵاتی وت: چوار پڕۆژە(بنکەی
تەندرووستی، قیرتاوکردن، یاریگا، 7مولیدەی کارەبا) لەلایەن حکومەتی
هەرێمەوە لەبەرنامەی کار بوو، لەوانە تەنها دامەزراندنی7مولیدەی کارەبا
جێبەجێکراوە.
بارودۆخی مەندەلی ئابرووچوون و شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ هەموو
دامودەزگاکانی حکومەت وحزب و وەزارەتەکانی، بەڵگەیەکی لەبەرچاوە بۆ
ئاشکراکردنی هەموو لافلێدانە"نیشتمانپەروەری"و"خزمەتکردنی میللەت".
ئەمە راستییەکی جەرگبڕە و دەبێ ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان و
بەرپرسانی وەزارەتەکان و خاوەن بڕیارەکان دەستبەجێ پاش بینینی ئەم
راپۆرتە سەردانی مەندلی بکەن و لێپێچینەوە لەبارەی ناوەڕۆکەکەی بکەن،
بەڵام گرنگ ئەوەیە سەردانەکەیان بە مەبەستی ئەنجامدانی بەرپرسیاری و
بەرنامەی ئاوادانکرنەوە، تەشریف ببەن.
گەڕانەوە لەو کەلاوەیە کە جاران قەزا بوو و ئێستا کراوە بە ناحیە،
چاوەڕوانە، چاوەڕوانییەکی تاڵ و ئومیدوایە نەبێت بە چاوەڕوانییەکەی
گۆدۆ!
لە جەلەولا، بەعس زیندووە!
ئەگەر مرۆڤ سەردانی جەلەولا بکات، ئەو هەستەی لەلا دەورووژێ کە سەردانی
گۆڕەپانی جەنگ دەکات، چونکە تا چاو بڕدەکات، ماوە ماوە، هەردوو دیوی
رێگای خانەقین-جەلەولاو کەلار-جەلەولا کراون بە سەنگەرو سوپای ئێراق بە
هەمەرو ئۆتۆمبیلی سوپا بە(بی. کەی.سی) و سەربازەکانیشیان بە(ئار.پی.جی)
و چکی قورس و سوکی تر پڕچەککراون. ئەم دیمەنە وا لە مرۆڤ دەکات بڕوا بە
هەندێ لێدوان و رێککەوتنی سەرزارەکی بۆ هێورکردنی خەڵک و لەوانەیە
لەهەر سات و ئانێکدا، هاوکێشەکە بەخڕاپی بەسەر دانیشتوانی ناوچەکە
بشکێتەوە.
لە رێگامان بەرەو جەلەولا، هێزێکی ئەمریکی و سوپای ئێراق لە کوڵەجۆوە
بۆ جەلەولا گەڕانەوە، بۆیە ئێمەش زۆر دواکەوتین. لە
بازگەی(نەقشبەندی)یش، پێشمەرگە بە فرمانی"قائد"ەکەی کامیراکەیان
لێوەرگرتم وئەو وێنانە کە بۆ بازگەی نەقشبەندی سوپای ئێراق و سەنگەری
سەر یاڵەکەی تەنیشتی گرتبووم، گوژاندیانەوە.
بەشائر ئەلخێر یان رەشەبای شەڕ؟!
زۆر لە سیاسەتمەدارەکان بێشەرمانە ئەم درۆ شاخدارانە لەبارەی رۆڵی
ئەمریکا لەکێشەی"خانەقین" بۆ خەڵکی کوردستان دەکەن(ئەمریکا دۆستمانە....ئەمریکا
هەڵویستی بێلایەنانە وەرگرتووە)، بەڵام بێجگە لە بۆچوونە ژەهراوییەکەی
ژەنەڕاڵ هیرتلینک، راستییەکە ئەوەیە کە سوپای ئەمریکا لەپێشەوەی
هێزەکانی"بەشائر ئەلخەیر"و بە پاسەوانی دوو هلیکۆپتەرەوە بۆ جەلەولا
هاتن و ئەم گێرەشێوەنییە ناوەوە.
لەگەل ئەم هاتنە، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتن بە ئەفسەرو 240پۆلیس
لە کۆی(668)کەس، سەر بە عەشرەتی(کروی)یان پێکهێنا کە زۆربەیان سەر بە
بەعس و تیرۆر و تەعریبچییەکانی خانەقینن لەسەردەمی بەعس. هەروا ئەو
پۆلیسە کوردانە کە لەم هێزە کاردەکەن، وا بەرەبەرە بۆ شوێنانی تر
دەیانگوێزنەوە. ئەم دامەزراندنە بە گوێرەی فەرمانی ئیداری ژمارە3621لە
22/1/2008 کارریپێکرا.
فەوجی عەشرەتی کروییەکان و یاسا سەپاندن!
گەرچی ساڵی خوێندن لە 21/9/2008دەستی پێکرد، بەڵام هێشتا پۆلیس
فریاکەوتنی شارەکە، باخچەی منداڵانی(ئەقحەوان)وەک مۆڵگایەک بۆ خۆی
بەکاردەهێنێ و هەردوو رێگاکە بەرەو باخچەی ناوبراویان داخستووەو
بەردەرگاکەی بە هەمەرێک گرتووەو لەسەربانەکەیشی پاسەوانەکان دەبینرێن.
بنبڕکردنی کاری تیرۆریستی و سەپاندنی یاسا دوو هۆی سەرەکی"بەشائر
ئەلخەیر"بوو وەک خۆیان لە راگەیاندن و گفتوگۆکان ئاماژەیان پێکرد لە
هاتنیان بۆ ناوچەکە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا پێی گەیشتوون بریتین لە: 1-
زیادبوونی کارە تیرۆریستییەکان و بەرزبوونی ژمارەی قوربانیان. بۆ
نموونە دوێنێ لە پشت بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان بە 150مەتر، بۆمبێک
تەقییەوەو هیچ زیانێکی لێ نەگەوتەوە؛ لەسەر رێگای جەلەولا- سەعدیە
بۆمێکی نەمساوی لەتەنیشت شەقامەکە پوچەڵکرایەوە؛ لە گوندێکی نزیک مینێک
بە ئۆتۆمبیلێک تەقییەوەو سێ کوژراو و دوو برینداری لێکەوتەوە؛ لە
21/9/2008دوو بۆمبی چێنراو لە گەڕەکی(سەوز)پوچەڵکرایەوە یان دزینی
ئۆتۆمبیلێکی پۆلیسی فریاکەوتن بە چەک و تەقەمەنییەوە لە 18/9/2008! 2-
ناچارکردنی کوردستانیان بە کۆچکردنی بە کۆمەڵ. 3- سوکایەتیپێکردن بە
کوردستانیان.
داخوازی حیزبە کوردستانییەکان:
پاش کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە 21/9/2008، نووسراوێکیان
ئامادەکردو بەرێگای بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان ئاراستەی فەرماندەی لیوای
چوار/فق1 کراوەو تێدا هاتووە: 1-ئێمە بە هەموو شێوەیەک پیشتوانی لە
هەڵمەتی موژدەگەلی خەیر و جێبەجێکردنی یاسا دەکەین2- لەسایەی ئێراقی
فیدڕالی و گوتاری سیاسی یەکگرتوو و لە سێبەری هاوکێش و تەوافوقی سیاسی،
ئەمنی و کۆمەڵایەتی، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، لەپێناو
بەرژەوەندی گشتی و لە مانگی رەمەزان و لەبەردەرگای جەژندا، پارتە
کوردستانییەکان ناچارنەکەن، بارەگاکانیان چۆڵ بکەن. 3- چارەسەرکردنی
کەموکوڕی و پێشێلکردنەکانی هەندێ کەسانی ناو(فەوجی فریاکەوتن)کە تازە
پێکهاتووە و لەوانە: ڕ- ئەفسەری کوردو تورکمان لەناو فەوجەکە
دانەمەزراوە، ب- پۆلیسەکانی بازگەکان بەشێوەیەکی تەوافوقی دانەمەزراون،
ت- زۆربەی پۆلیسەکانی بازگەکان روخساریان پۆشیوە، د- ئیستفزازکردنی
کەسایەتی و کادرەکانی حیزبە کوردستانییەکان و بە تایبەتی لە بازگەکان،
ج- گواستنەوەی زۆربەی پۆلیسە کوردەکان بۆ سەعدیە، ح- پۆلیسی کورد لەناو
بارەگاکانی فەوج و سرییەکان نییە، خ- پۆلیسی کورد لەناو ئیستخبارات
دانەمەزراوە.
ماقوڵ نییە لە سایەی ئێراقی نوێدا، جەماعەتی قاعیدە دەمامکەکانیان
دابگرن و بەرگی یاسا لەبەر بکەن. ئایا ئەقڵ قبووڵی دەکات بەعسییەکان بە
بەرگی نوێوە بگەڕێنەوەو بە ژیانی بەعس و سەرۆکە گۆڕکراوەکەی هەڵبدەن؟
ئیمزاکەران(حیزبی زەحمەتکێشان، حیزبی شیوعی، پارتی دیموکراتی کوردستان،
یەکێتی نیشتمانی کوردستان).
ئەنجومەنی شاری جەلەولا:
ئەم ئەنجومەنە لە 8نوێنەری عەرەب، 8نوێنەری کورد، 4نوێنەری تورکومان
پێکهاتووە.
یەکێک لەو نوێنەرانە بەناوی(س. ه)دەرکەوت تیرۆریستە و بڕێکی زۆر(تی.
ئێن. تی)دەستگیرکراو پاشان ئازادکراوو ئێستا خۆیی دوورڕگرتووە؛ (ع.
م)کە سەرۆکی ئەنجومەنە، ئەخوانی موسلمین بووە پاشان بەرەی تورکومانی و
ئێستا کار بۆ جەماعەتی ساڵح موتلەگ دەکات و کەسێکی گەندەڵە؛ (ج.
ج)لەسەردەمی بەعس وەکیل ئاسایش بووە؛ (خ. م) سەر بە لیستی تورکومانەکان
لەسەردەمی بەعس(جیهاز خاێ)بووە؛ (ق. ج) رەفیق حیزبی بووە و پەیوەندی
لەگەل تیرۆریستانەوە هەیە؛ سەڵاح ئەحمەد کەسێکی شایستەیەو دەست پاکەو (سەباح)یش
بەهەمان شێوە کاری باش دەکات.
هەروا لە ریزی حیزبەکان و ئاسایش کەسانی بەعسی و وەکیل ئەمن و خاوەن
نۆت الشجاعە کە لەلای خەڵکەوە ناسراون، هەیەو هەندێکیان وەک(ز)و(ی) بە
هۆی هەڵسوکەوتی ناشایسەو دەستدرێژی و بەرتیلوەرگرتن، زیانێکی زۆریان لە
بەرژەوەندی کوردستانیانیان دا.
شانبەشانی ئەم نەخۆشخانە،
ئەکسپایەر، بێکاری!
باری نەخۆشخانەی جەلەولا زۆر لارە، بۆ نموونە شەوانە بەشی منداڵهێنان
خەفەری نییە. هەر ژنێک منداڵی ببێت، دەبێ دوو جلیکان گاز، موغەزی، غاز
بکرێ و پاشان ئەگەر ژنەکە کوڕی ببێ(100)هەزار دینارو ئەگەر کچی
ببێ(50)هەزار دیناری لێوەردەگرن. ژنێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات،
وتی: ژنان لەم شارە ناچاردەکرێن بە(قەیێەری) منداڵ بهێنن، چونکە
پزیشکەکان بۆ ئەم نەشتەرگەرییە 250-300هەزار دیناریان لێ وەردەگرن.
هەروا سەرچاوەیەکی ئاگادار وتی: لەم شارە بە شێوەیەکی بێویژدانانە،
دەرمانی ئیکسپایەر بە نەخۆشەکان دەفرۆشن.
مزگەوتی ئەبو حەنیفە.
کەسێکی نزیک لە شێخ کەریم وتی: جاران ئەم شێخە خەتیبی مزگەوتی ئەبو
حەنیفە بوو، بەڵام بۆ سوریا هەڵهات، بۆیە لە شوێنەکەی مەلایەکی کوردیان
دامەزراندو لەگەل دەست بەکارکردنیدا کارمەندەکانی مزگەوتەکەی دەرکردو
خزمەکانی دامەزراند. شێخ کەریم کە سەر بە(هەیئەی عولەمای ئیسلام)ە،
واتە لەگەل حارس ئەلزاری کاردەکات، لەگەل هەڵمەتی"بەشائر ئەلخەیر"و
لاوازبوونی کارتی کوردان، لەسووریاوە گەرایەوەو مەلا کوردەکەی
بەدەرکردنداو ئەمە بوو بە دووهەم سەرکەوتنی"بەشائر ئەلخەیر"لەم شارە
پاش گەڕاندنەوەی ئەفسەرو بەرپرسە بەعسییەکان!
جەلەولا لە شارێکی کوردستانییەوە بۆ(کۆماری کروی)یەکان.
لەپاش 2003وەوە، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەم شارۆچکەیە
بەڕێوەوە بردووەو دانیشتوانەکەی چاوەڕوان بوون، ژیانی مەدەنی لە
شارەکەیان ببوژێتەوە، بەڵام بارودۆخەکەیان پاش 5ساڵ وەک خۆی مایەوەو
1%ی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر و سلیمانی و دهۆک پێشکەش نەکراو
وەک شارێکی پەراوێزخراو مایەوە. بە کورتییەکەی دڵخۆشییان لە حکومەتی
کوردستان نەبینی. ئەمە یەکێکە لەو هۆیانە کە هیچ ناڕەزایی یان
بەرگرییەکی مەدەنی جەماوەری لەم شارە دژ بە دابڕانی لە خانەقین یان
هاتنی گومڕاو ژەهراوی سوپای ئێراق، ئەنجام نەدرا.
بەڕاستی:
ئەوەی لە"موژەگەلی خەیر"بۆمان دەرکەوت ئەوەیە کە مەسەلەکە تەنها
کۆنتڕۆڵکردنی(قەرەتەپە)نیە لەلایەن سوپای ئێراق، بەڵکو سیاسەتێکە،
جەلەولاو سەعدیەو مەندلی و جەبارە و کەرکوک و شەنگال و بەعشیقەو
بەحزانی و ئەوانیتریش دەگرێتەوە. ئەو سیاسەتمەدارە کە گوتی"ئێمە لەبەر
قەرەتەپە"بارودۆخەکە ناگۆڕین، زۆر کورت بین و دوور لە واقیع بوو؛ ئەو
سیاسەتمەدارانەش کە باس لە"نهێنییە سەرباز"ییەکان دەکەن، لە ئاست هێزو
توانای سوپای ئەمریکی و ئێراقی بریتین لە هەندێ چەکی بێبایەخ و سەنگەرە
حەسیرەکان و بەرگەی دوو هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ناگرن. ئەو
چەک و هێزی پێشمەرگەیە کە بۆ ناوچەکە هێنراون ئەو کاتە دەبن بە هێزێک
ودۆست و دوژمن ناچاردەکرێن حیسابی بۆ بکەن، کاتێ پشت بە ئامادەیی،
چالاکی و بەرگری جۆراجۆری جەماوەر دەبەستن. ئەم کارە نەکراوە بۆیە
جەماوەر پەنایان بردووە بۆ نارەزایەتی پاسیف یان هەڵهاتن و زۆرجاریش
بێدەنگی.
ئایا سیاسەتمەدارەکان دەتوانن نەختێک لە کاریگەری بەرژەوەندییە
بازرگانی و عەقارییەکان خۆیان رزگار بکەن و بڕێک لە سەرمایە
کەڵەکەکراوەکانیان بۆ کەرتە خزمەتگوزارییەکان لە جەلەولا، سەعدیە،
جەبارە، قەرەتەپە، تەرخان بکەن؟!
ئایا کات بەسەرنەچووە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک؟!
سەعدیە،پاش"بەشائر ئەلخەیر"، کوردان
هەڕەشەی کۆچکردنی بەکۆمەڵ دەکەن.
زاڵگە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
لەسەر رێگای خانەقین بەرەو سەعدیە، لە سەر یاڵەکانی ئاوایی سەیدعەلی،
سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەونە بەرچاو و زاڵگەکەیان
دامەزراندووەو بە (ئار.پی. جی)و(بی.کەی.سی)و چەکی سوک کۆنتڕۆڵی
هاتووچووی ئۆتۆمبیلی تسیڤیل و سوپای ئێراق دەکەن. لە تەنیشت بازگەکە،
سەنگەرێک کە لە پاشماوەی زیلێکی سەربازی سوپای بەعس درووستکراوە، چەند
پێشمەرگەیەک لە ئامادەباشیدا بوون و بەرپرسێکیان کە نەیویست ناوی خۆی
ئاشکرا بکات، وتی: ئەوە هەمەرەکانی سوپای ئێراقن....دوێنێ بەر بە
3هەمەر و دەبابەیەکمان گرت ومیلمان لێیان کێشا، چونکە پێمان وابوو سەر
بە سوپای عیراقن و دەیانەوێت بۆ ناو خانەقین بڕۆن، بەڵام پاشان دەرکەوت
هێزێکی ئەمریکین، بۆیە رێگامان پێدان. پاش ئەم بازگەیەو تا شارۆچکەی
سەعدییە(قزرئاباد)، سوپای ئێراق چەندین بازگەیان دامەزراندووە و بە
هەمەر پاسەوانی دەکەن.
ناحییەی سەعدییە دەکەوێتە 30کیلومەتری باشووری قەزای خانەقین وپەیوەندی
ئیدارییەکەیشی هەر سەر بە خانەقینە و نزیکەی 1700خێزانی کوردو عەرەب و
تورکومان تێدا نیشتەجێن و لەگەل یەکەم تێڕوانین بۆ دیمەنی شارەکە،بە
زەقی پەراوێزخستنی بەرچاودەکەوێ.
سەنتەرێکی سوور!
بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان لە ناوەڕاستی شارەکەیەو وەک بەرپرسە گەنج
و چاونەترسەکەی(نەسیر محسن)وتی: شارەکەمان زەڵاتەیەکی جوان و بەلەزەتە،
بۆ نموونە من باوکم عارەبەو دایکم کوردە. خزمەکانی دایکم بە گاڵتەوە
پێم دەڵێن"تۆ عەرەبی"و خزمەکانی باوکم پێم دەڵێن"تۆ کوردی و هەر لە
خاڵۆکانت دەچی"منیش گاڵتە بە هەردوولایان دەکەم و زۆر جار لەگەل برادەر
و ناسیاو و هاوڕێکانم بە تورکومانی قسەدەکەم!. ئێمە هیچ کێشەیەکمان
نەبووە بەناوی کێشەی قەومی، بەڵام بەعس و ئیسلامییەکان دەیانەوێ تۆی
تاوانی جیاکاری بچێنن و ئێمەش بەریان لێدەگرین. سەبارەت بە رۆڵی پۆلیسی
فریاکەوتنی ئێراق لەشارەکە، وتی: کاری نابەجێ لەگەل کوردان دەکەن. بۆ
ئاگاداری بارەگاکەمان تا ئێستا دوو جار لەلایەن تیرۆریستانەوە بە
ئار.پی.جی و قەناس هێرشیان کردۆتە سەری و ماڵەکەمیشیان تەقاندەوە.
خۆزگا حکومەتی کوردستان هەوڵبدا کێشەی بێکاری و گرانی لەشارەکە چارەسەر
بکات، چونکە ئەمە دوو ئافتن و قازانج بە تیرۆریستەکان دەگەیەنن!
هەڵکوتان بۆ ناو پرسەی ژنان.
چەند رۆژێکە بەسەر تاوانی کوشتنی 4کەس لە کوڕو براو ئامۆزای ئەحمەد
موراد عەباس بەدەست تیرۆریستانەوە، بەسەر چووە. خاوەن چوار شەهیدە کاتێ
هێزی"بەشائر ئەلخێر"بۆ سەعدییە هاتن، پێمان وابوو ئیدی کێشەی
تیرۆریستان چارەسەر دەکرێ و ئاسایشی دانیشتوان بەرقەرار دەبێ، بەڵام
بەداخەوە ئەم هێزە بۆ ئەوە هاتوون ئەوپەڕی بێحورمەتی بە کوردان بکەن.
هەفتەی رابردوو هێزی پۆلیسی فریاکەوتن لە سێهەم رۆژی پرسەی هەر چوار
شەهیدەکەم(سیروان و سامانی کوڕم و عومرانی برام و خزری ئامۆزام) لەبری
ئەوەی بەدوای تیرۆریستەکان بگەڕێن، چوونە ناو پرسەی ژنان، گەرچی پێیان
وترا(ئەم ماڵە 4کەسیان شەهید بووە)، بەڵام ئەوان بەزۆرداری چوونە
ژوورەوە. پاشان هاتنە ناو ماڵی باوکم و بە پۆستاڵ دەرگای ژووری کوڕە
شەهیدکراوەکەمیان شکاند. کاتێکیش یەکێک لە ژنەکان، ناسنامەی(پاسەوانی
نیشتمان)ی پیشانیانی دا، لەوەڵامدا ئەفسەرێکیان بە توڕەییەوە پێی وت:
ئەوە ناسنامەی پێشمەرگەیەو بڕۆن چی دەکەن بکەن!. ئەو هێزە بۆ پشکنینی
ماڵە کوردەکان هاتوون، نەک بۆ بنبڕکردنی تیرۆریستان و هیچ ماڵێکی
عەرەبیان نەپشکنی. لەدواییدا داوا دەکەم راگەیاندنەکان بایەخ بە ژیان و
گوزەرانی خەڵکی سەعدییە بدەن.
سەباح قاسم هاوڵاتییەکی تری ئەو شارە نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر پۆلیس و
سوپای ئێراق دەرخست و وتی: (عابایان لەسەر ژنان بەزۆر داگرت و مۆبایلی
خەڵکیان دزی و لەکاتی پشکنیندا پیاوانیان لەماڵەوە دەردەکرد و ژنانیان
دەهێشتەوە!).
خالید مەحەممەد لایەکی تری شارەکەی روون کردەوەو وتی: هەر لە مەرجانە
تا چیای حەمرین زەوی کوردانە...زەوی جافە(زەوی رەشید بەگ، عەلی بەگ و
ئەنوەر بەگ)ەو گۆڕەکانیان لەناو مزگەوتی(مەحمود پاشای جاف)ە.
گەڕاندنەوەی حاکم حەسەن(بەرپرسی پارتی دیموکراتی
کوردستان لە ناوچەی خەبات/سەعدیە): خەڵک متمانەی نەماوە.
گەرچی ئێمە ئاڵای ئێراق لەسەر بارەگاکەمان بەرز نەکردوو، بەڵام هیچ
هێزێک نەهاتووەتە سەرمان، بەڵام لەم شارە مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێت. بۆ
نموونە هێزەکانی پۆلیس بەبێ هیچ فەرمانێکی یاسایی لەلایەن دادگاوە،
ماڵان دەپشکنن. ئامانجی ئۆپیڕاتسیونە سەربازییەکان گەڕاندنەوەی ئارامی
و بنبڕکردنی تیرۆرو گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانەیە کە بەهۆی خراپی رەوشی
ئاسایش زێدی خۆیان بەجێهێشتووە، بەڵام بەداخەوە لە سەعدییە بە
پێچەوانەوەیەو ئارامی کەم بۆتەوەو چالاکی تیرۆریستان زیادی کردووە،
بۆیە ئێستا ژمارەکی زۆر لە خێزانە کوردەکان هەڕەشەی کۆچکردنی
بەکۆمەڵیان کردووە، ئەگەر حکومەت ئاسایشی شارەکە دابین نەکات و سنوورێک
بۆ تیرۆریستان دانەنێت. هەروا چەندین خێزان کۆچیان کردووە، وەک
خێزانی(باسم یاوەر، قاسم یاوەر، ئەیاد یاوەر، ئیسماعیل عەلی، ئەحمەد
براخاس، جەمال رەحیم خەرتل، داود موستەفا).
لەبارەی هۆی خراپبوونی رەوشی ئەمنی شارەکە، حاکم حەسەن، وتی: پێشتر
خەڵکی سەعدییە لەدی تیرۆریستان خۆیانیان چەکدار کردبوو و پاسەوانی ماڵ
گەڕەکەکانیان دەکردو پێشمەرگەش پیشتوانیانی دەکرد، بەڵام ئێستا سوپا و
پۆلیسی ئێراق ناهێڵن خەڵکەکە پاسەوانی خۆی بکات و پێشمەرگەو ئاسایش
لێرە نەماون و خەڵکیش متمانەی نەماوە. ئەمە هۆی سەرەکی تێکچوونی باری
ئاسایشی شارەکەیە.
حەکیم رەشید(بەرپرسی کۆمیتەی ینک لە سەعدییە): باری ئاسایشی شارەکە
خراپ بووە لەبارەی بارودۆخی سەعدییە پاش"موژەگەلی خەیر"، حەکیم وتی:
راستە ژمارەی پۆلیس و سوپای ئێراق لەشارەکە زۆرکراوەتەوە، بەڵام چالاکی
تیرۆریستەکان زۆر بووەتەوەو کەسیش نیە دەستگیریان بکات و هەروا ئەو
هێزانە بۆ دژایەتی تیرۆریستان نەهاتوون، بەڵکو بۆ پشکنینی ماڵە
کوردەکان هاتوون. ئێمە لە شەڕ زیاتر، هیچ سوودێکمان لە"بەشائر
ئەلخیر"نەدیوەو لەو رۆژەوە بۆ ئێرە هاتوون تیرۆریستێکیان دەستگیر
نەکردووە!.
07700595583 - خانەقین
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|