١٦\١\٢٠١١
مەنەلۆجى
کەرکوکیەک.

کـــاردۆ
ئیدى شار ئەگەشێتەوە، هەژاریى نامێنێت ،خێر و بەرەکەت بەسەر خەڵکیدا
ئەڕژێت ، ئا بەڵێ ئەو منداڵە دەستگێڕەى رۆژانە کۆڵان وخیابانەکانى شار
تەى دەکات لە پێناو تیکەیەک نان و کۆکردنەوەى بڕێک پارە بۆ دەرزییەک کە
دەبێ مانگانە بۆ باوکە نەخۆشەکەى دابینى بکات چیتر ماندونابێت و
دەستەکانى بەهۆى سەرماوە شەقارنابن ،بگرە دەگەڕێتەوە بەرخوێندن و
باوکیشى لە دەرەوەى وڵات چارەسەر ى بۆ دەکرێت .
بەڕاست...؟!
بەڵێ چیتر فرمێسکى قەتیسماوى شۆفیرى تاکسییەکە ژیانم لە بەرچاو تاریک
ناکات ،کە کوڕێکى 12ساڵانى لە پەلامارەتیرۆریستییەکەى بەردەم قەڵاوە
چاوێکى لەدەستداوە و چاوەکەى ترى کەوتووەتە بەر رەحمەتى خوا و
پیاوچاکێک بۆ ئەوەى نەشتەرگەریى بۆبکرێت.
ئێ.. ؟!
لەمەودوا بارودۆخى شار دەگۆڕێت میم ((فاتم))یش لە خانووى گڵ ژیان
بەسەرنابات کە شەوانى زستان لەترسى دزەکردنى ئاوى باران بەتەنها و
لەبەر رووناکى فانۆسێکى شکاودا میچى ژوورەکەى ساز و رێکدەخاتەوە،ئەم
جارەیان بێکارى ئەبێتە عەیبە ، دەرگاى وەزارەتەکان بە رووى خەڵکیدا
واڵادەکرێن هەڵگرانى بڕوانامە لە گەراجى حەویجە واز لە فرۆشتنى چەرخ
ولایت ئەهێنن هەریەکە و بەپێى بڕوانامە و پسپۆڕییەکەى دائەمەزرێت.
چى... کارەبا؟ کارەبا هەر کێشە نییە زۆر بە ئاسانى چارەسەر ئەکرێت
خەڵکى پێویستیان بە موەللیدەى گەڕەک نامێنێت، زۆر نەنگییە لەم سەردەمى
خێراییەدا شەقامەکان پڕ لە چاڵى و تاسەى گەورە گەورەبن،بەڵى هەمووى
قیرتاوئەکرێت و شوستەکانیش بە درەختى گران بەها ئەرازێنرێنەوە،ئەى وایە
شوکور شارەکەمان نەوتاوییە و داهاتێکى باشى هەیە،ئەى تاکەى دانیشتوانى
ئەم شارە تەنها هیس و دووکەڵ هەڵمژن و لەو نەوتە حەیاتە بێبەش بن؟
هیچ خەمى ناوێ با ئەمجارەش لە پایتەخت بیبەینەوە ئەوجا خەونەکان یەک
بەیەکیان دێنە دى ، بەڵێ ئەى چۆن خەڵکى ئەم شارەش خەونیان هەیە و
ریزبەندیشیان بۆکردون ریزبەندى زۆربەى خەونەکانیش بە دابینکردنى کارەبا
و خزمەتگوزاری دەستپێدەکەن.
پێت سەیرنەبێت راستە دابینکردنى کارەبا و چاککردنى شەقامەکان و
جوانکردنى شار مافی ئاسایین بەڵام ناشوکرى نەبێت لاى ئێمە بوونەتە خەون
تازە بڵێین چى ....؟!!!
ئێستاش کە ئەوان بارودۆخەکەمان بۆ قڵپ ئەکەنەوە و سەد وهەشتا دەرەجە
باروگوزەرانى دانیشتوانى ئەم شارە مەنکوبە بەرەو باشى ئەگۆڕن ، کارێکى
باشە دەسیان خۆش بێت ، نموونەیان نەبڕێت ، ئەوان داکۆکى لە مافەکانمان
ئەکەن،فرمێسکى دایکى جگەر سووتاو ئەسڕن و ردێنى بەساڵاچووەکانمان ماچ
دەکەن ،خۆیان بەڵێنیان پێداین کە گرفتەکانمان چارەسەربەکەن،بەڵێ وتیان
هەرکاتێک پێویستیتان بە ئێمە بوو ئەوا لە خزمەتى ئێوەدا ئەبین فەرموون
ئەمانەیش ژمارەى مۆبایلەکانمانن بەمەرجێ متمانەمان پێببەخشن و رووبکەنە
سندووقەکانى دەنگدان.
ئێ...دوایى؟
وەڵا شوکور دەنگمان پێدان و ئەوانیش بوون بە نوێنەرمان هەروەها سوێندى
یاساییان خوارد کە پشتمان لێ نەکەن و هەردەم لە خزمەتى هاووڵاتیاندا بن
...ئێ ئێ ؟
بەڵام ئەوەى سەرى لێدەرناکەم هەندێکیان لەوەتاى بوونەتە پەرلەمانتار
جگەلەوەى لە تەلەفزیۆن و گۆڤار و رۆژنامەکانەوە دەبینرێن ئەگەرنا خەڵکى
ئاسایى بەدیداریان شاد نابێت ، ئەو رۆژگارە گوزەشت خۆیان لەدەرگاى
ماڵەکەت بدەن و چاوەڕانى فەرمووکردنت لێبکەن ،کە تەلەفۆنێکیان بۆ
ئەکرێت یان بەردەوام لە کۆبوونەوەن و مەجالى گوێگرتنیان نییە یاخود هەر
وەڵام نادەنەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەندێکیان ژمارە تەلەفۆنى رۆژانى
بانگەشەى هەڵبژاردنەکانیان بەجارێک داخراوە و قوفڵیان لێداوە.
چش لە خەونەکانى ئێمە ،چش لە کارەباى نیشتمانی و شەقامى پاک و خاوێن،چش
لە باشکردنى گوزەرانى خەڵکى و نەهێشتنى هەژاریى و بێکاریى،بەڵام
حیکمەتى ئەم دوورەپەرێزیى و بێدەنگ بوونەیان لەچیدایە ؟
ماڵپهڕی کاردۆ
|