١\١١\٢٠١٧
(مەرجەع) و
دەسەڵاتی قووڵ.

سهعید عارف باپیر
گێڕانەوەیەک:
لە ١٩٨٦ بە دواوە دوای ئاشتبونەوەی گشتی حیزبە
کوردییەکان و دواتر دەسپێکی بەرەی کوردستانی من لە حیزبێکی بچووکدا
بووم بەڵام لەبەرئەوەی ئەو حیزبە پێش هەر لایەک لە مانیفێستی خۆیدا
بانگەوازی بۆ بەرەی کوردستانی کردبوو، حیزبەکەم یەکەم ناو دەنووسرا لە
سەری راگەیاندن و بڵاوکراوەکانی ئەو کاتەی بەرەی کوردستانیدا. هەوالی
گەرم و تازەی بەرەو هەندێک زانیاریی نەبیستراویشم پێ دەگەیشت، بە هۆی
شوێنگەی ئەو کاتەم لە حیزبدا.
ئەو کاتانە سامی عەبدوڕەحمان سەرۆکی پارتی گەلی دیموکراتی بوو بە حساب
حیزبێکی ئەندێشە چەپ و مارکسی بوو.. ناتەبا لەگەڵ ڕاستڕەوی پارتی و خۆی
بە نزیک و هاوئاهەنگی یەکێتی دەناساند، کادیری بالای یەکێتیم بینی بو
پەرتووکی (مالبدیل الثوری)یەکەی سامی عەبدورەحمانیان دەخوێندەوە.
سامی خۆی کەسێکی دیار و دێرینی سیاسی و وریا بوو و لە هەمووان پتر
زانیاریی وردی هەبوو دەربارەی پارتی و ماڵباتی بارزانی.
پاش ئەوەی ئاشبوونەوەی گشتیی سەریگرت، حیزب و ئەندامەکانی لە یەکتر
دڵنیابوونەوە، سامی عەبدورەحمان سەردانی ناوچەکانی یەکێتی کرد و دەنگی
حیزبەکەی و دەستە و گرووپیان بە سەرپەرشتی برووسک نوری شاوەیس لە
ناوچەکەدا دەگەڕان و بونێکیان هەبوو، وەلێ ئەم بابەتە درێژە بۆ
گێرانەوەیەکی تری هەڵدەگرین.
ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی بۆچوونەکانی سامی عەبدورەحمان و قسەی دانیشت و
کۆبوونەوەکانی بوون.
ئەو باسی کەسایەتی باوکی کاک ئیدریس بارزانی دەکرد لە کاتێکدا چەند
مانگێک دوای ئاشبوونەوەی گشتیی کاک ئیدریس بە مردنێکی کت و پڕ کۆچی
دوایی کرد.. ئەو کاتانە ناوی کاک نێچیری کوڕیمان نەبیستبوو، دوای مەرگی
باوکی و لە دروستبوونی بەرەی کوردستانی، ئەو کات گەنجێکی نزیک بیست
ساڵە بوو، وینە و ناوی ئەومان بیست و بینی.
لەوێدا سامی گوتبووی ''خوا ڕەحمی بە کورد کرد (ئیدریس بارزانی) و (جەلال
تاڵەبانی) یەکتریان بینی، ئەگەر ئێستا و پاش مردنی ئیدریس بووایە، خواش
یەکێتی و پارتی ئاشت نەدەکردەوە.
ئەو باسی ئەوەی دەکرد هەر چەندە (مەسعود بارزانی) سەرۆکی فەرمی
پارتییە، بەڵام جگە لە دیکۆر و جامخانەی پێشەوەی حیزبەکە هیچی تر نییە،
بەڵکو لەپشتەوەی ئەو (ئیدریس بارزانی) خاوەنی هەموو بڕیار و هەموو
رازییبوونێکە. (ئیدریس بارزانی) قووڵایی دەسەڵات و (مەرجەع)ی
راستەقینەی پارتییە.
من بۆ یەکەم جار چەمکی (مەرجەع) و (قوولایی)م لا بووە بابەت.. چونکە
حیزبەکەی خۆم بچووک و سادەتر بوو لەوەی ئەو پێکهاتانەی تێدا ببینمەوە،
بە جۆرێک بە تەوسەوە پێماندەگوترا هەموویان بە یەک مەنجەڵ یاپراخ
تێردەخۆن!
سامی زۆر شتی تری خۆی لە پێکهاتەی (قیادە موەقەتە) - بناغەی دروستبوونی
پارتی - باس دەکرد.
بە سەختیی و مەراقەوە باسی سیاسەتی پێچاوپێچی (ئیدریس بارازنی)ی دەکرد،
باسی ئەوەی دەکرد چۆن لە گۆنگرەی نۆدا بەڕەی لە ژێر پێی خۆی (سامی
عەبدورەحمان) دەرهێناوە و دەسبەتاڵی کردوە، ئەوانە بابەتی ترن بە بۆنە
و گێڕانەوەی تری دەسپێرین.
ئەوەی گرنگە و مەبەستی ئەم بابەتەیە ئێستاکە بە پێی هەواڵ:
کاک مەسعود دەیەوێ بگەڕیتەوە بۆ رۆڵی براگەورەی کاک ئیدریسی کۆچکردوو،
بە نیازە وەکو ئەو سەرەتایانەی کۆنترۆڵی پارتی لە دەست (قیادە موەقەتە)
خۆی بکا بە (مەرجەع) و قووڵایی دەسەڵات لە رێگە نەوەی سێیەمی ماڵباتی
بارزانییەوە (برازا و کوڕەکانی) رووکار و قووڵایی دەسەڵات
پێکبهێنتەوە.. دەیەوەێ ئەم وەرزە نالەبارەی بەسەر پارتی و دەسەلاتە
دەوڵەتییەکەیدا هات، بە گۆڕانێکی روالەتیی و کەمترین زیان تێبپەڕێنی.
با ببینین نامەکەی بارزانی لە پەڕلەمان چی پێ دەگوزەرێندرێ.. سەرەتای
قۆناغی متبوون و خۆ نقومکردنی دەسەڵاتەکانی خۆیەتی لە گۆمی دەسەڵاتی
حیزبیی و حکومیی هەرێمدا.. وەکو کاک ئیدریسی کوچکردوو هیچ کارەی
هەمەکارە بێ.
٢٨\١٠\٢٠١٧
-
ستۆکهۆڵم
ماڵپهڕی سهعید عارف باپیر
|