١٤\١٠\٢٠١٤
''مەردان'' فیلمی
ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ئۆسکاری ٢٠١٥ ناسێندرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" وەکوو
فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ٨٧ـەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە
سینەماییەکانی ئۆسکاری ٢٠١٥ ناسێندرا.
دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی
سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە ٣٩یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، ئەم فیلمە لە لایەن لێژنەی کەلتووری
وەزارەتی فەرھەنگ و ھونەری عێراق و ھەروەھا وەزیری فەرھەنگی ئەم وڵاتە،
بۆ ناساندن بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی
ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥ دەستنیشانکرا.
"مەردان" فیلمێکی مرۆڤانە، قووڵ و ونگە کە لە دوا بەستێنیدا ژیانی
پێشمەرگەکان بە باشی نیشانی بینەر دەدات و لەم فیلمەدا، پێشمەرگەیەکی
کورد لە منداڵیدا چیرۆکێکی بۆ دێتە پێشێی، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە
ناو شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت.
تا ئێستا فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا خوازیاری بەشداری فیلمی
سینەمایی "مەردان" لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی خۆیان بوون
و ئەم فیلمە لەمساڵدا لە تەنیشت بەشداری لە ٨٧ـەمین خولی ڕێوڕەسمی
خەڵاتە سینەماییەکانی ئۆسکار بە ناونیشانی زانستەکان و ھونەرە
سینەماییەکان، لەم ڕووداوە ھونەرییانەشدا بەشداری دەکات.
"مەردان" کە ساڵی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە، تیایدا ئەکتەری
ناوداری کورد "حوسێن حەسەن"، گۆرانیبێژی کورد "ھێلانە عەبدوڵڵا" (ھێلی
لۆڤ)، "ئیسماعیل زاگڕۆس"، "فەیاز دۆمان"، "میرموراد بەدرخان"، "بێریتان
ئیلدیزتان"، "ئازەر قوبادی" و چەندین ئەکتەری دیکە ڕۆڵیان بینیوە.
"مەردان" لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی "دۆزینەوەکان"
بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە ٣٩یەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیستیڤاڵە لە بەشەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری، ئەزموونی و
ئەنیمەیشنی و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٤ تا ١٤ی
ئەیلوولی ٢٠١٤ لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەچوو.
کورتەیەکی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی
بەتین قوبادی:
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.oscars.org/news/83-countries-competition-2014-foreign-language-film-oscarr
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|