په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٥

"مەردان" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گۆتێنبێرگی سوید نمایشکرا.
 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە میانەی ٣٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گۆتێنبێرگی سوید نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری لاوی کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی عێڕاق بە ھەشتا و حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە چوار سانسی جیاوازدا لە بەشی "دەنگی نوێی" لە میانەی سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گۆتێنبێرگ لە وڵاتی سوید کە یەکێکە لە گەورەترین و گرینگترین فیستیڤاڵەکانی سینەمایی لە وڵاتانی ئیسکەندیناڤیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

 


یەکەمین بیرۆکەی ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن "کۆنار کارلسۆن" و "یۆران بییلکن داڵ" و بە پێی وەرگرتنی ئەوان لە فیستیڤاڵی فیلمی لەندەن بوو. لە ساڵی ١٩٧٩ یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی گۆتێنبێرگ لە سێ ھۆڵدا و بە نمایشی ١٧ فیلم و ٣ ھەزار بینەر بەڕێوەچوو.


بە چاوخشاندن بە مێژووی ئەم رووداوە سینەماییە، ساڵەکانی ١٩٨٨، ١٩٩٥، ٢٠٠٢ و ٢٠٠٧ ھەر کامیان بە رووداوێکی تایبەت، بە ناوداربوونی فیستیڤاڵی فیلمی گۆتێنبێرگ زیادیان کردووە و لە مێژووی ٣٨ ساڵەیدا درەوشاونەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەمین رێکخراوە فیلمی سوید خەڵاتێکی بۆ ئەم فیستیڤاڵە راگەیاند و بینەرانی فیستیڤاڵ ڕێژەیان گەیشتە ٦٠ ھەزار کەس. لە ساڵی ١٩٩٥ ئەم فیستیڤاڵە بە رێککەوتنێکی تۆمارکراو ئاستەکەی گەیشتە "رووداوی سینەمایی نەتەوەیی سوید". لە ساڵی ٢٠٠٢ بیست و پێنجەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە بەڕێوەچوو و بە نمایشی ٧٥٥ فیلم، فیستیڤاڵی فیلمی گۆتێنبێرگ بووە گەورەترین رووداوی سینەمایی ساڵ.


ساڵی ٢٠٠٧ لە مێژووی ئەم رووداوە سینەماییەدا بە ناوی ٣٠یەمین خول تۆمارکرا کە تیایدا بۆ یەکەمین جار، بەشی خەڵاتی نێودەوڵەتی بە ناوی "ئینگمار برێگمان" دامەزرا و فیلمی "شەقامی سوور" لە دەرھێنانی "ئاندریا ئارنۆڵد" لە وڵاتی بەریتانیا ئەم خەڵاتەی بەدەستھێنا.


لەم ساڵەوە تا ئێستا، بەشی رێزلێنانی برێگمان ھەموو ساڵێک لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گۆتێنبێرگدا ساز دەکرێت. ئەمڕۆکە ئەم فیستیڤاڵە گەورەترین رووداوی سینەمایی لە باکووری ئەورووپا و وڵاتانی ئیسکەندیناڤیا دێتە ئەژمار و بە ناونیشانی یەکێک لە بازاڕە ناودارەکانی پیشەی سینەما لەم ناوچەیە ھەڵدەسەنگێندرێت کە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس سەردانی دەکەن.


فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" لە رۆژانی ١٣ و ١٩ شوباتی ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" لە میانەی ١٤مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ لە تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای تورکیاوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لە ڕاستیدا دووەمین خەڵاتی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.


لە رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، "بەتین قوبادی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.


چاردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەێی پێشبڕکێی، لە رۆژانی ١٢ تا ٢٢ی شوباتی ٢٠١٥ لە شاری ئەستونبووڵ لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەچوو.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک