٢١\٢\٢٠١١
مەرگی دیکتاتۆر و
بیرۆکەی دیکتاتۆریەت؟!

ستار محەمەد قادر
بەر لەوەی جیهانی سێهەم بە جیهانی وڵاتە دواکەوتووەکان ناوزەد بکرێت،
جیهانی دەسەڵاتە کۆنزەرڤاتیڤ و چەق بەستوو و بۆگەنەکانە، جیهانی هێزە
نەگۆڕو پاوان خوازو دیوارە ئاسنینەکانە. جیهانێک دەسەڵات خوازانی نە
دەبیستن و نە دەبینن و نەش دەیانەوێت بیر بکەنەوە. جیهانێک بەردەوام
بەدەستی چەند سەکردەیەکی شێت و نەخۆش و چەند خێزان و بنەماڵەیەکەوە
دەناڵێنێ و لە قەیراندایە. جیهانێک بە درێژایی نیو سەدەی رابردوو،
بەهۆی هێزە داگیرکەرە نیشتمانیەکانییەوە، جگە لە کووشتنی رۆح و
کوێرکردنەوەی ژیان، جگ لە پەتی سێدارەو زیندان، جگە لە بەمێگەل کردنی
کۆمەڵگەو بە رەعیەت کردنی ئینسان، لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا یەک
ئاماژەی باش بەکارهێنانی دەسەڵات و زانست و مەعریفەی تێدا بەدی ناکرێت!
سەردەمانێک بە شێوەیەک قسە لەسەر ئەم جیهانە دەکراو بە دیدێک دەبینرا،
هیچ هێزێک لە توانایدا نابێت گۆڕانی نەوعی تێدا ئەنجام بدات، بۆیە یان
لەڕێی کۆدەتای سەربازیەوە یان هی کوڕ لە باوک گۆڕانی شکڵی روویان داوە،
تەنها ناو و دەم و چاوەکان گۆڕان، یان پیریی و نەخۆشی گڵۆڵەی
ستەمکارێکی لێژ کردووەو بەخشیویەتی بە ستەمکارێکی تر، یانیش شۆڕش و
راپەڕینە جەماوەرییەکان، دیکتاتۆرێکی لا بردووەو یەکێکی دیکەی
دامەزراندووە، ئەمانە هەر هەموویان هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی نە ئینسان لە
توانایدا بێت گەشە بە ماف و داواکارییە سرووشتی و سەرەتاییەکانی خۆی
بدات، نەش ئەگەری بەرجەستە بوونی دیمۆکراسییەت لەم جیهانەدا بەرجەستە
بووبێت!
شتێکی ئاساییە مەبەست لە گۆڕانی نەوعی، بە مانای لە گۆڕنانی مۆدێلێک و
تەوزیفکردنی جۆرێکی دیکە دێت لە مۆدێلی حوکمڕانی. گۆڕانی نەوعی، بە
واتای کۆتایی هێنان بە زەمەنی تاک حیزبی و تاک سەرکردەیی و تاک میزاجی
و تاک بڕیاری دێت، بە مانای هاتنە ئارای کەشێک دێت، پلۆرالیزم نەخشەی
رێگای بۆ دەکێشێ و دیمۆکراسییەت وەکو سیستمێک لە رێی یاساوە ئەوەی ناوی
میزاج بێت لە کاراکتەری سەرۆکدا نایهێڵێت. گۆڕانی نەوعی بە ناشتنی
تەرمی بیرۆکەو بیرکردنەوە لە دیکتاتۆریەت دەست پێدەکاو بە بەرجەستە
بوونی دیمۆکراسییەت دیفاکتۆ دەبێت. گۆڕانی نەوعی، گۆڕانێکی پڕ جوڵەو
چالاکەو لە دۆخێکدا ئارام ناگرێت، گۆڕانی نەوعی تەنها بە قسەی ئەم یان
ئەو بەرپرس ئەنجام نادرێت، بە پیاوە گرگن و قەزەمەکانیش ناکرێت، بەڵکو
گۆڕانی نەوعی بە ئیرادەی گەل و بە سیستم دەکرێت؟!
لێرەدا پێم باشە ئاماژە بە قسەیەک بکەم کە زۆر جار لە نێو نووسینەکاندا
تیشک دەخەینە سەری، ئەویش بچووک بوونەوەی دونیایە بۆ ئاستی گوندێک،
گرنگە پرسیاری ئەوە لە زیهینماندا درووست ببێت، ئایا لە کاتێکدا ئەو
دونیا گەورەیە بەو شێوەیە بچووک دەبێتەوە یان دەکرێتەوە، هیچ شتێک لە
گەڵ خۆیدا بچووک دەکاتەوە، کاریگەری دەبێت لەسەر شتەکان، یان تەنها
ئەوە دەرکەوتنی دونیایە لە رێی پەیوەندیەکانەوە لە وێنەی گوندێکی
بچووکدا؟!
لە راستیدا بچووک بوونەوەی دونیا، بە مانای بچووک بوونەوەی کۆی شتەکان
نایات، بەڵکو بە واتای بچووک کردنەوەی ئەو شتە بچووکانە دێت، کە زیاد
لە قەبارەی خۆیان لە سەدەکانی رابردوودا فویان تێکراوەو قەبەو گەورە
کراون، وەکو دەبینین ئەو بچووک بوونەوەیە بووە بە هۆکاری گەڕاندنەوەی
شکۆ بۆ ئینسانەکان و دیکتاتۆرەکانیش بۆ ئەسڵی خۆیان!
بچووک بوونەوەی دونیا، بە مانای بچووک بوونەوەی هێزە ستەمکارەکان دێت،
لەسەر وەختی شوبهاندنی دونیا بە گوندێک، دیکتاتۆرەکانیش تا ئەندازەی
وێنەو جورئەتی مشکێک بچووک دەبنەوەو جەسارەتی ئەوەیان تێدا نابێت روو
بەڕووی واقیعەکە ببنەوەو لە گۆڕەپانەکە وەکو جەنگاوەرو شۆڕشگێڕێک
رابووەستن، بۆیە دەبینین بۆ راکردن و خۆ حەشاردان سەرقاڵی دۆزینەوەی
ئەم کون و ئەو کون دەبن؟!
بە دڵنیاییەوە هیچ ئایدیاو ئایدۆلۆژیاو شۆڕشێک بە بارتەقای شۆڕشی
تەکنۆلۆژیا، لە توانایدا نەبووە گورزی هێندە کەمەر شکێن ئاراستەی
دەسەڵاتە ستەمکارو دیکتاتۆرەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، هیچ
هێزێک چەندە گەورەیش بووبێت نەیتوانیوە بە ئەندازەی بەرهەمەکانی ئەم
شۆڕشە زیاد لە شوێنێک و وڵاتێک تەی بکاو ئاسۆی شۆڕشی هاوشێوەی گەلی
تونس و میسری لێ دەربکەوێت!
وا پێدەچێت سەرەتای دووەمی سەدەی بیست و یەک، سەرەتای سەدەیەک بێت لە
گەڵ خۆیدا کۆتایی بە ژیانی تاک حیزبی و تاک سەرکردەیی و هەڵبژاردنی
ساختەو حیزبی سێبەرو راگەیاندنی چەواشە کارو کڕینی قەڵەم و فرۆشتنی
ویژدان و جیهانی دوا کەوتووی سێ بهێنێت، سەدەی مەرگی دیکتاتۆریەت بێت
لەم دەڤەرەدا، چونکە بەهۆی زوڵمی لەئەندازە بەدەری رژێمە دیکتاتۆرەکان
و زۆری رێژەی دانیشتوان و بێ کاری و نا داد پەروەری و گرانی بازاڕەوە
هاوڵاتییان ناتوانن وەکو رەعیەتێکی بێ ماف و پەراوێز خراو درێژە بە
ژیانیان بدەن، بۆیە یان دەبێت مانیفێستی مەرگی خۆیان بکەن، یانیش دەبێت
بۆ هەتا هەتایی لە رۆژهەڵاتدا دیکتاتۆرو دیکتاتۆریەت وەکو سیستم لە
گۆڕبنێن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|