په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٨

مەرگی دڵداری شاعیر لە شیعرێکی زەینەب خاندا.


سەدیق سەعید     


لااوندنەوەو شینگێڕان وەک دۆخێکی دەروونی و ھەستێکی غەمگین، کەدەرەنجامی ڕووداوێکی دڵتەزێن یان کۆست و خەمێکە، ڕەگێکی درێژی لەنێومێژووی گەلی کوردھەیە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ داستان و گێڕانەوەو حیکایەتە میللی و فۆلکلۆرییەکان. کەتیایدا مرۆڤ لەبەرامبەر کۆستی لەدەستدانی ئازیزێکیدا، لاواندنەوە و شینی کردوەو لەڕێگەی ئەودەربڕینانەوە،گوزارشتی لەوھەستە غەمگینییەی خۆی کردووە. کوردبەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی نەھامەتی و چەوسانەوەی زۆربۆتەوە. ئیدی تاڕادەیەکی زۆرئەدەبەکەشی ڕەنگدانەوەی ئەوکارەساتانەبووە. بۆیە دەبینین لەئەزموونی شیعری کوردیدا، گوزارشت کردن لەکارەساتەکان و ڕەنگدانەوەی ناخۆشییەکانی ژیان، وەک گوتارێک ئامادەیی ھەبووە. کەبێگومان شین و لاوانەوەش وەک ھونەرێک دەچنە چوارچێوەی ئەو گوزارشتکردنەوە. ئێستاش ھونەرەکانی شین و لاواندنەوەی ئازیزەکانییان لەلایەن ئافرەتانەوە لە بۆنەو پرسەکان دەبینرێت. کەڕەنگە لەئاستی ھونەری و بونیادی واتاییدا، لەئاستێکی سادە دابن. وەلێ لەناوەڕۆکدا گوزارشت لەوکۆستە دەکەن. بەتایبەتیش شینی خوشک بۆ براکەی. لەوڕوانگەیەشەوە یەکێک لەوشیعرانەی ھەڵگری ئەوگوتارەیە، شیعرێکی (زەینەب خان)ی ژنە شاعیری دیاری کوردە کەبۆ مەرگی دڵداری شاعیری نووسیوە. لەڕاستیدا نەک تەنھا ئەوشیعرە، ھەموو شیعرەکانی نێو ئەودیوانە شایستەی لەسەر وەستانن. چونکە شیعرەکان لەئاستی فۆڕم وناوەڕۆکدا، گوتارو مانا، شیعری جوانن. خوێنەر کاتێ ئەوشیعرانە دەخوێنێتەوە، بەرتوانای شیعری شاعیرێکی ژن دەکەوێت کەلەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، شیعری نووسیوە وتوانای شیعری لەشاعیرە پیاوەکان کەمترنەبووە. بەڵکوبەشیعر گوزارشتی لەبارودۆخی کۆمەلگای ئەوکات کردووەو پەیامێکی کۆمەڵایەتییانە لەشیعرەکانی دەبینرێت.کەئامانج لێی پێشخستنی کۆمەلگایە. بێگومان ئەمەش زادەی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیەی ئەوشارەیە کە ئەو شاعیرە تیایدا ژیاوە کەبەشاری ئەدیبان و ڕۆشنبیران ناسراوە. بۆیە کۆکردنەوەی ئەوشیعرانە و چاپکردنیان لەدیوانێکدا، دەروازەیەکی گرنگ دەکاتەوە بۆخوێنەران بەڕووی شاعیرێکی گومناوی ژن، کەتوانایەکی شیعریانەی جوانی ھەبووەو ئەمەش لەشیعرەکانیدا دەبینرێت.

لە شیعری (شیوەنی دڵدار)دا زەینەب خان شیوەن بۆمەرگی دڵداردەکات و لەشیعرێکدا کەتەنھا لەدەدێڕ پێکھاتووە، گوزارشتی لەھەست وسۆزی خۆی کردووەلەدوای مەرگی براکەی. مردنی دڵداری شاعیر نەک تەنھا بۆ بنەماڵەکەی، بەڵکو بۆگەلی کوردیش جێگەی نیگەرانی و پرسیاربوو. چونکەلەلایەکەوە مردنەکەی کتوپڕبوو، لەلایەکی تریشەوە بەداخەوە دڵدارلەتەمەنێکی یەکجارگەنجی ماڵئاوایی لەژیان کردوو گەرمەرگ مەودای دابوایە، دەیان شیعری دیکەی ھاوشێوەی(ئەی ڕەقیب)و(خەندەکەی بای)دەنووسین. ھەمیشەش مەرگی ئازیزان لەتەمەنێکی زوودا، پترمایەی خەم و کەسەری قوڵە. بۆیە مەرگی دڵداریش بۆزەینەب خان وەک شاعیرێک شۆکێکی دەروونی گەورە بووە. کەتیایدا لەڕێگەی ئەو شیعرەوە گوزارشتی لەوخەمەی خۆی کردووە.لەودەقەدا، پەیوەندی شاعیر بەمەرگی دڵدار، پەیوەندی خوشک و برایەک نییە.بەڵکوپەیوەندی دوو مرۆڤە. ئەمەش دەلالەت لەوەدەکات کەشاعیر شین بۆ مەرگی مرۆڤێک دەکات بەرلەبراکەی. واتە دنیابینی شاعیردنیابینییەکی مرۆڤانەیە. ڕووداوەکە لێرەدا مەرگی مرۆڤێکە، کەلەتەمەنێکی گەنجی دەمرێت.بەڵام مرۆڤێک بەمردنی ھەر لە خۆی و خوشکەکەی ناچێت، بەڵکو لەگشت توێژەکانی دیکەش دەچێت. چونکە دڵدار شاعیر و ھاوکات دەرچووی کۆلیژی مافیش بووە. ئەمەش ئەو شوناسە بەومرۆڤە دەبەحشێت کەئەوەی مردووە کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرێک مردووە. بەتایبەتیش لەزەمەنێک کەزەمەنی دواکەوتوویی کۆمەلگە بووە.بۆیە لەسەرەتای شیعرەکەیدا شاعیر دەڵێت:
شەھسواری عەرشی کوردو یونسی دڵدارم ڕۆ...
قەلەمی عیلم وئەدەب و شکۆفەی بەھارم ڕۆ..


بێگومان، وەک دیارە دڵدار لە ھەڕەتی گەنجیەتیدا کۆچی دوای دەکات. لێرەوەش شاعیر مەرگی دڵداردەبەستێتەوە بەشکۆفەی بەھار. ساتی کرانەوەی شکۆفە، ساتێکی کورت و ڕاگوزەرە. بەھاریش وەک یەکێک لە چواروەرزەکانی ساڵ، گەرچی جوانترین وسەرنجراکێشترین وەرزی ساڵە لای مرۆڤ لەڕووی ڕوحی و دەروونییەوە، بەھەمان شێوە ئەویش تەمەنی کورتە. واتە وەرزێکە، بەزوویی دەست پێدەکات و بە خێراییش کۆتایی دێت. لەڕوانگەی زەینەب خانی شاعیر، مەرگی براکەی ھاوشێوەی شکۆڤەی بەھاربووە. بەڵام جیاوازییەکە لێرەدا لەوەدایە، کەدوای کۆتایی ھاتنی ھەروەرزێکی بەھار، بەھارێکی دیکە دێتەوە. بەڵام مردنی مرۆڤ، کردارێکی حەتمییەو ئیدی تاھەتایە ون دەبێت.بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا ئەوەی لێرەدا دەمرێت ھەر تەنھا مرۆڤێک نییە، بەڵکو لەگەڵیشدا قەڵەمێک دەمرێت. دیارە قەڵەمیش ھێمایە بۆ خوێندەواری و فێرکردن و ھوشیارکردنەوی کۆمەڵگە. کەواتە بەمەرگی دڵدار کورد ھەرتەنھا مرۆڤێک لەدەست نادا، بەڵکو ڕۆشنگەرێک و نوێخوازێک و کەسێکی ھوشیاریش لەدەستدەدا. لێرەوەش ئەوەی دەمرێت ھەرتەنھا جەستەو بوونی مرۆڤێک نییە، بەڵکو شوناسی ھزریشە. بەمانایەکی تر، ئەوەی وندەبێت تەنھا جەستە وژیانی مرۆڤێک نییە، بەڵکو لەگەڵیشدا قەڵەمێک و پەیامێک وندەبن، کەڕەنگە ھەزاران خۆزگەیان لەناخدا بێت. بەڵام پرسیارلێرەدا ئەوەیە کەئەرکی ئەو قەڵەمە ھەرتەنھا بۆ ناسینەوەی شوناسی کەسێک بووە کەناوی دڵداربووە؟ یاخود ھەڵگری ماناو دەلالەتی تربووە؟ بەدەربرینێکی تر، شاعیر بۆچی بۆمردنی شکۆفەی ئەوبەھارەو ئەوقەڵەمە دڵ پڕ لەحەسرەتە؟ھەرتەنھا لەبەر ئەوەی برابچووکی بووە؟ یاخود پەیوەندی بەپرسی تریشەوە ھەیە؟

لە دوونیوە دێڕی دوای ئەو دوودێرٍەی یەکەمدا، خوێنەر ئەرکی ئەو قەڵەمە دەبینێت کە مردووە. بۆیە ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:
سوورەتی قەومی خۆی کێشا بۆ ئەجیالی پاشی خۆی..
دڵ بەرەحم ومیھرەبان و سوارچاکی نازدارم ڕۆ..


لێرەدا ئێمە ئەرکی ئەو قەڵەمەمان بۆ دەردەکەوێت، کەلە سەرەتای شیعرەکەدا شاعیر بەحەسرەتەوە باسی لەدەستدانی دەکرد.ئەویش کێشانی سووڕەتی قەومی خۆی بووە. ئەرکی شاعیر ناساندنی نەتەوەو مێژووی گەلەکەی بووە، بەنەوەی دوای خۆی. بۆیە کاتێ ئەو قەڵەمە دەڕوات، ئەوناساندنەش لێرەدا کۆتایی دێت.بەمەش ھەموو ئەو خەونانەی شاعیریش کۆتاییان دێت کەدەشَ لەوتەمەنە گەنجییەی خۆیداخەونی پێوە بینیبن. بەڵام ئاخۆ مردن وەک دواچارەنووسی ھەمووبوونەوەرێک، ڕێگە دەدا بەو ھەمووخەونانەمان بگەین؟ شاعیر لەنیوە دێڕی دووەمدا، وەسفی لایەنی کۆمەلایەتی و مرۆیی دلدار دەکات. بۆیە بەکەسێکی دڵ بەڕەحم و میھرەبان دەیناسێنێت. دیارە زەینەب خان خوشکی گەورەی شاعیر بووە. وێرای ئەمەش بەمنداڵی سەرپەرشتی و چاودێری دڵداری کردووە. بۆیە دەشێ لەنزیکەوە لە سایکۆلۆژیەت و ژیانی کۆمەڵایەتی دڵدارشارەزابێت.ئەو پەیوەندییە نزیکیەش بۆتە ھۆکاری ئەوەی کەدوای مردنی بەو شیعرە لاونەوە و شین بۆمەرگی براکەی بکات. گەرسەرنج لەمێژوو و زەمەنی نووسینی شیعرەکەش بدەین، دەبینین ئەوشیعرە لەساڵی ١٩٤٨ نوسراوە. خودی دڵداری شاعیریش لەمانگی تشرینی دووەمی ھەمان ساڵ کۆچی دوای کردووە. واتە نووسینی شیعرەکە دەکەوێتە چەند ڕۆژێکی کەمی دوای مەرگی دڵدار. ئەمەش ئاست و ئەندازەی کاریگەریەتی مەرگی براکەی بەسەرژیانی زەینەب خانی شاعیردەردەخات.بەوەی کەڕووداوەکە بۆ ئەوھێندە کاریگەربووە، لەماوەیەکی کورتدا و لەژێرکاریگەریەتی ڕووداوەکە، ئەوشیعرە دەنووسێت کەشین و لاوانەوەیە. دوای ئەمە، شاعیر فاکتەرەکانی مردنی دڵدار باسدەکات.

ئەگەر مردن دوا وێستگەی ژیانی ھەموومان بێت و ھەڵبەتە ھەموو بوونەوەرێکیش دواجار مردن دواچارەنووسیانە، ئەوا لەڕوانگەی شاعیر مردنی دڵدار پەیوەندی بەھۆکای ترەوە ھەبووە.واتە ھەر ئەوە نییە مرۆڤێک کۆتایی بە ژیانی دێت و دەمرێت. بۆیە شاعیر لەوێنەیەکی دیکەی شیعریدا،مردنی براکەی دەبەستێتەوە بەجەھل و نەبوونی دەوڵەت. کاتێک دەڵێت:
لە حەسرەت جەھالەت و لەقەھری بێ دەوڵەتی کورد..
سەحەت و روحی خۆی دانا..
فەخرە بۆئەو غەرقی حوببی نیشتمان بوو.
.


دڵدار، لەسۆنگەی خەم خواردنی بۆ بوونی جەھل و ھاوکات نەبوونی دەوڵەتی کوردی، سەرەتا تەندروستییەکەی و دواجار ڕوحی خۆشی دانا. نەبوونی دەوڵەت و دیاردەی نەخوێندەواری و ناھوشیاریی و دواکەوتوویی کۆمەلگە، دەبنە ھۆکاری ئەوەی دڵدار بمرێت. ئەو چونکە کەسێکی ھوشیارو خوێندەواربووە، ئیدی لەھەموو کەسێک زۆرتر درکی بەدیاردە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەکەی کردووە. ھەمیشە بۆ ڕۆشنبیران و ڕووناکبیران، دیاردەکانی کۆمەلگە جێگەی ڕەخنە گرتنن. ئەمە وێرای ئەوەی کەنەبوونی دەوڵەتیش ھەر تەنھا خەونی دڵدار نییە لەسەردەمی خۆی، بەڵکو ئێستاش خەونی ملیۆنان مرۆڤی کوردە کەبەداخەوە ھەزارانیان ھاوشێوەی دڵدار ئەو خەمە لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژێر گل.بەڵام ئەوەی بۆ دڵدار ماوەتەوە دوای مەرگی، سەرمایەکی یەکجار گەورەیە ئەویش نعرۆبوونیەتی لە خۆشەویستی نیشتمان. شاعیرێک دوای ئەوەی ھێندە نیشتمانەکەی خۆی خۆشدەوێت، بەداخەوە بەو ئاواتە ناگات و دەچێتەژێر گڵ.بەڵام شانازییەکی گەورە دوای خۆی جێدێڵێت، کەغەرق بوونیەتی لە حوببی نیشتمان.ئەم خۆشەویستییەش دەبێتە شوناسێک بۆ ناسینەوەی دڵداری شاعیر دوای مەرگی.

لە دوا کۆپڵەی شیعرەکەشیدا، زەینەب خان ڕووداوی مەرگی دڵدار، بەخەمێکی گەورە دائەنێت. خەمێک کەوەک تیرێک جەرگ و قەلبی کون کون کردییە.ھەروەک خۆشی دەڵێت:
جەرگ و قەلبی کون کون کردم جەفای تیری ھیجرانی ئەو..
ھەر بە قسە و گوفتار خۆشە بڵێم خەونی ھەزارم ڕۆ...


شاعیر مەرگی براکەی لەوە قوڵتر دەبینێت کە بەوشە بتوانێ گوازرشتی لێبکات. بەبڕوای ئەو ئەوە کارەساتێکە زمان ناتوانێت وەسفی بکات. بۆیە ئەندازەی ئەو خەمە گەورەیە تەنھا لەناخی خۆیدایە. ئەو بەھۆی ئەو مەرگەوە، جەرگ و دڵی کون کون بووە. ھاوکات نەک خەونێک ھەزاران خەونیشی لەگەڵ کۆچی براکەیدا ھەڵدەوەرن. دیارە زەینەب خان، ھەم خوشکە گەورەی دڵدار و ھەمیش سەرپەرشتیارو بەخێوکەری بووە. بۆیە لەنزیکەوە پەیوەندییەکی ڕوحی لەگەڵدا ھەبووە کە دواجار بەمەرگی، ئەو کاریگەریەتە قوڵە جێدەھیڵێت. لەکۆتاییدا دەستخۆشانە لەمامۆستا عەبدوڵا زەنگەنە دەکەم بۆ کۆکردنەوەو ئامادەکردنی ئەو دیوانە جوانەی ژنەشاعیرێکی کوردی گومناو...

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک