|
٦\٥\٢٠٢٦
مەرگی دوو دەنگ.

ئەرسەلان مەحمود
مەرگ هەمیشە کاروانێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمە ئاسایی و
سروشتییە، بەڵام کاتێ ئەمە دەبێ بە مەرگی ئەسێرەکان لە هەیڤێکدا،
پرسیارەکان زیاتر و قووڵتر دەبن. ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، کۆمەڵگەی
ڕۆشنبیریی کوردی دوو دەنگی گەورەی لەدەستدا: ڕەفیق سابیر و فاروق ڕەفیق.
دوو دەنگ، دوو شەو و یەک زەماوەند، پرسیارێکی سادە، بەڵام لە ناخدا
قووڵ دروستدەکەن: ئایا مەرجە مەرگ هۆکارێکی هەبێت؟
پرسیارەکە لە ڕواڵەتدا، ڕەنگە ساویلکانە دەربکەوێ. بێگومان هەر مردنێک
هۆکارێکی فیزیۆلۆژی یان دەرەکیی هەیە، نەخۆشی، تەمەن، ڕووداو، شەڕ.
زانستی پزیشکی دەتوانێت لیستێکی وردمان پێشکەش بکات و پزیشکەکان لە
ڕاپۆرتەکانیاندا چۆنێتی گیاندان بنووسن؛ سەکتەی دڵ، شێرپەنجە، هتد.
بەڵام ئەمە تەنها گێڕانەوەی ڕووداوەکەیە و توانای ئەوەی نییە مانا و
ماهییەتی مردنەکەمان بۆ ڕوونبکاتەوە. چۆنێتیی ڕوودانی مەرگ و مانای
مەرگ، دوو شتی تەواو جیاوازن.
بۆ تێگەیشتن لەم جیاوازییە، با بگەڕێینەوە یۆنانی کۆن. ئەپیکوور بە
تێڕوانینێک دوو هەزار ساڵە مرۆڤی سەرسام کردوە، دەیویست مرۆڤ لە ترسی
مەرگ و خوداوەندەکان ڕزگار بکات: مەرگ هیچ نییە. چونکە تا ئێمە هەین،
مەرگ بوونی نییە، کاتێکیش مەرگ دێت، ئێمە بوونمان نامێنێت.
ئەم قسەیە لە ڕواڵەتدا دەرمانێکە بۆ ترس، بەڵام پرسیارێکی ئاڵۆزمان
دەخاتە بەردەم: ئەگەر مەرگ دۆخێک بێت ئێمە تێیدا ئامادە نین، چۆن
دەتوانین بپرسین هۆکارەکەی چییە؟ هۆکار پەیوەندییەکە لە نێوان دوو شتدا
یەکتری لێدەکەوێتەوە، بەڵام مەرگ نەبوونە، نەبوونیش چۆن دەبێت هۆکاری
هەبێت؟
ڕەنگە ئەم لێکدانەوەیە کەمێک سارد بێت. با بێینە سەر بیرۆکەیەکی گەرمتر؛
بیرۆکەی مارتن هایدگەر، ئەو کەسەی فەلسەفەی هاوچەرخی هەژاند. لای
هایدگەر، مرۆڤ بوونێکی بەرەو مەرگە. واتە مەرگ وێستگەی داهاتوو نییە
چاوەڕێمان بکات، بەڵکوو پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی ئێستای ژیانمانە. ئێمە
لە هەر ساتێکدا دەژین، لە ناو مەرگدا دەژین. ژیان لە بنەڕەتدا
دیاردەیەکی کۆتاییدارە و هەر ئەم کۆتاییدارییەشە مانا و چێژی
پێدەبەخشێت. لەم فکرینەوە پرسیارکردن لە هۆکاری مردن وەک ئەوە وایە
بپرسین: هۆکاری دەنگی مۆسیقا چییە؟ یان هۆکاری ڕۆیشتن چییە؟ مەرگ
هۆکاری نییە، چونکە مەرگ خۆی شێوازی هەبوونی ئێمەیە لە کاتدا.
ئێمە لە جیهانێکدا دەژین دەمانەوێ هەموو شتێک ڕوونبکەینەوە. کاتێک
ئازیزێک لەدەست دەدەین، یەکەم پرسیارمان لۆژیکی نییە، بەڵکوو سۆزدارییە
و دەپرسین: بۆچی؟ بۆچی ئەو؟ بۆچی ئێستا و بەم شێوەیە؟ ئەمە پرسیارێکی
تەواو مرۆڤانەیە و ڕەگەکەی لە ناخی هەستەکانماندایە نەک لە لۆژیکدا.
مرۆڤ ناتوانێت لە جیهانێکی بێمانادا بژی و زۆرجاریش دۆزینەوەی مانا
بەستراوەتەوە بە دۆزینەوەی هۆکارەکانەوە.
لێرەدایە جیاوازییەک سەرهەڵدەدات لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەمتر باسی لێوە
دەکرێت: جیاوازیی نێوان زمانی پزیشکی و زمانی هەست. کاتێک منداڵێک
باوکی لەدەست دەدات، ناڵێت هۆکاری مردنی باوکم سەکتەی دڵ بوو، بەڵکوو
دەڵێت باوکم نەماوە. کاتێک پزیشکێک هۆکاری مەرگەکە دیاری دەکات، تەنها
لە یەک ئاستدا ڕاست دەکات، بەڵام ئەمە بۆشاییە گەورەکە پڕناکاتەوە.
پزیشکی ناتوانێت پێمانبڵێت مردنی ئەو کەسە بۆ کۆمەڵگە، بۆ ئێمە و بۆ
ئەو پڕۆژانەی کۆتاییان پێهات چ مانایەک دەبەخشێت. مانا لە ڕاپۆرتی
زانستیدا نادۆزرێتەوە، بەڵکوو لە کۆی ئەو پەیوەندی و بۆشاییەدا
دەدۆزرێتەوە لە دوای ڕۆیشتنی جێدەمێنێت.
مەولانای ڕۆمی، حەوت سەدە پێش هایدگەر بە زمانی شیعر مەرگی وەک شەوی
زەماوەند وەسف کردووە. ئەمە تەنها قسەیەک نییە بۆ دڵنەوایی، بەڵکوو
بینینێکی فەلسەفییە و پێمان دەڵێت: مەرگ وەستان نییە، بەڵکوو
گۆڕانکارییە لە شێوازی بووندا. ئەم تێڕوانینە ئاراستەی پرسیارەکانمان
دەگۆڕێت؛ لەبری ئەوەی بپرسین بۆچی ڕوویدا؟، دەپرسین: ئێستا چی هەیە و
چی ماوەتەوە؟ ئەوەی نووسیویەتی و فێری کردووین چی لێدێت؟ ئەو
ڕووناکییەی خستییە ناو کۆمەڵگەوە چۆن بەردەوام دەبێت؟
با بگەڕێینەوە سەر ئەو دوو ئەدیب و بیرمەندەی لەم ماوەیەدا لە دەستمان
چوون. ڕەفیق سابیر و فاروق ڕەفیق دوو دەنگی جیاواز بوون، بەڵام لە
بنەڕەتدا هەردووکیان یەک کاریان دەکرد: مانایان دروست دەکرد. لە
جیهانێکدا پڕە لە ڕووداوی بێمانا، ئەوان لە ڕێگەی شیعر، فکر، وەرگێڕان
و شیکردنەوەوە، کۆڵەکەکانی تێگەیشتن و مانایان هەڵدەچنی.
ئێستا ئەوان نین، ئایا مردنەکانیان هۆکاری هەبوو؟ بەڵێ، پزیشکەکان
دەتوانن پێمان بڵێن. بەڵام لە ئاستێکی قووڵتردا، مەرگی ئەوان بەشێکی
سروشتی لە ژیانیان بوو، چونکە ژیان لە بنەڕەتدا کۆتاییدارە. ئەم
ڕاستییە، تراژیدیای لەدەستدانیان کەم ناکاتەوە، بەڵام شێوازی
تێگەیشتنمان بۆ مەرگەکانیان دەگۆڕێت.
ڕەنگە کۆتایی ئەم باسە لە گۆڕینی پرسیاری دەستپێکماندا بێت. لەبری
ئەوەی بپرسین ئایا مەرجە مەرگ هۆکاری هەبێت؟، با بپرسین: ئایا مەرجە
ژیان مانای هەبێت؟ وڵامی ئەم پرسیارەی دووەم بە دەست ئێمەیە. ڕەفیق
سابیر و فاروق ڕەفیق بە کار و بەرهەمەکانیان وڵامی ئەم پرسیارەیان
دایەوە. ئێستاش ئێمەی جێماو ئەرکێکمان لەسەر شانە؛ نەک تەنها بۆ
بەخشینی مانا بە ژیانی خۆمان، بەڵکوو بۆ پاراستنی ئەو مانایەی ئەوان
دروستیان کرد و وەک ئەمانەت بۆ ئێمەیان جێهێشت.
دواجار، ڕەنگە مەرگ پێویستی بە هۆکار نەبێت، ڕەنگە ئەوە تەنها ژیان بێت
پێویستی بە مانایە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|