٧\٦\٢٠١٣
مەرگی تەها
کەریمی و کۆمەڵگای قەزا و قەدەر!؟
برایم فەڕشی
کاتێک
ئەندامانی کۆمەڵگا پرسیار نەکەن، دووشک لە ڕاست و ناڕاست نەبن،عادەتی و
غەریزی هەڵس و کەوت بکەن و بژین و بە پێی باوەڕی ڕەش یان سپی بجوڵێنەوە،
ملکەچی قەزا و قەدەر دەمێننەوە.
تێڕوانینی مرۆڤی کورد بە گشتی بۆ "تەسادوف" لە باوەڕ بە قەزا وقەدر، بێ
شانسی و خواستی خوداوە سەرچاوە دەگرێ. لەم تێڕوانین و جۆرەکانییەوە،
پرسیار جێگای نییە و پرسیارکەر خۆی دەکەوێتە ژێر پرسیار و بگرە
لێپرسینەوە!
گەر کەسێک بە خێرایی تەواو، بە بێ گوێدان بە قانوونی هات وچۆ، بە بێ
بیرکردنەوە لە تەسادوف، لە ناو شارێکدا ویراژ بدات و ببێتە هۆی مەرگی
کەسانێک، دەبێ بە قەزاوقەدەر، بێ شانسی و خواستی ئەڵا لە قەڵەم بدرێ!؟
کەسانێک باسی ناڕوونی کارەساتی مەرگی تەها کەریمی دەکەن. بۆ
ڕوونکردنەوەی هۆ و هۆیەکانی مەرگی ئەو، پرسیار لە کەسانێک کراوە،
وەڵامدەران بە بێ لێکدانەوە و بە بێ لێکۆڵینەوەی کارناسانە و پسپۆڕانە،
کارەساتەکە ئاسایی دەبینن. لە مەنتقی ئەوانەوە، ئەگەر تیرۆری کۆماری
ئیسلامی نەبووبێ، ئەوە تەسادوفی ئاسایی بووە. کەسانێک بە پێی قسەی ئەم
و ئەو کە لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوون، بە ئەرخایەنی و بەشێوەی موتڵەق،
شایەدی بۆ بوونی تەسادوفێکی ئاسایی دەدەن. ئەم شێوە بۆچوون و تێگەیشتنە،
تێڕوانینێکی ئایینی و غەریزیی و قەزاوقەدەرییە و دژی هەموو
ستانداردەکانی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانەی پۆلیسی و قەزاییە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەرپرسانی پۆلیس، ئەمن و قانوون بێدەنگن و
ڕاپۆرتی کارناسانە و پسپۆڕانەیان لە سەر ئەو ڕوداوە بڵاو نەکردۆتەوە.
لەم ڕووداوەدا دوو کەس گیانیان لە دەست داوە کە یەکیان بە هەڵکەوت
ڕۆژهەڵاتی، نووسەر و سینەماکار بووە! ئەو کەسە بە هەڵکەوت فیلمی سیاسی
بەرهەم هێناوە و بە هەڵکەوت لە سەنتەری گەنجان وەدەرنردراوە و
بەهەڵکەوت وەزارەتی ڕۆشنبیری بەردی خستۆتە سەر رێگای و بە هەڵکەوت
پێیان گوتووە دەردەسەر دەنێیەوە و بە هەڵکەوت ١٩ نووسەر و چالاکی سیاسی
و مافی مرۆڤی باشوور، کە لە گوتنەکانی ناڕازی بوون، بەر لە مردنی
بەیانیان لە سەر دەرکردوە و بە هەڵکەوتیش شۆفیری ماشێنەکەی کە بۆتە هۆی
مەرگی، خوشکەزای قایم مەقامی شاری سولەیمانییە! سینەماکاری کورد ئەگەر
بیزانیبا ژیانی خۆی لە ڕێگای زنجیرەیەک هەڵکەوت و تەسادوفەوە کۆتایی پێ
دێ، ڕەنگە وەک حەمید حەمیدی بەر لەمردنی کلیپی مەرگی خۆی بڵاو
کردبایەوە!؟
ڕەنگە هەموو ئەو هەڵکەوتانە، هەڵکەوت و "تەسادوف" بێ، بەڵام یەک شت
نابێ هەڵکەوت و تەسادوف بێ، لێکٶلینەوە و زانیاریی بەخشین لە سەر
ڕووداوەکان! گەر زیندووی تەها کەریمی بۆ کۆمەڵێک کەس سەر ئێشە و
دەردەسەری لە شوێن بووە، با مەرگەکەی نەبێتە سەر ئێشە و دەردەسەر. با
بە ئاشکرا هۆی مەرگی ڕوون کرێتەوە.
جۆزەردانی ٢٧١٣ -
ئەڵمانیا
e.farshy@arcor.de
|