مەرگ هەزاران
کاسێتی
درۆى جوانى بەم مەخلوقە فرۆشت
.

غەمگین بۆڵى
بە پاى باران بەسەر خاشاکە ئەنتێکخانەکانى منداڵى
ڕاکە..ڕاکە!
تا: سنوورى تەریق بوونەوەى ئادەم بۆ پووچى ژیان
تا: وەسیەتى گوڵهباغەکانى پایز نامەى شاعیرێکى پڕ مەراق
تا: بێتاقەتى نوێژى گەنجێکى شەڕانگێزى شەڵاڵ لە ئایدیا
تا: تامى گێلاسى حەرامى دەمى منداڵێکى هەتیوو
تا: وێستگەى ڕەشەبا وێرانەکانى خەزانێکى چاو سوورى جەنگەڵستان.
ڕاکەو چیتر گۆرانى عەشق بۆ مەرگ مەچڕە
کاتێ سوێند بە سێوى فیردەوس دەخۆى
گاڵتە بە ڕووگەى وەهمە باوەکان بکە.
کاتێ سوێند بە ڕۆحى باغەکانى شار دەخۆى
گاڵتە بە گوڵە مردووەکانى سەر پەنجەرە بکە
کاتێ سوێند بە ئاگرە شەبەنگەکانى زەردەشت دەخۆى
گاڵتە بە ڕابردووى خەواڵووت بکە
کاتێ سوێند بە چاوى دەستگیرانە تاقانەکەت دەخۆى
گاڵتە بە مەرگە کیسەلێیهکان بکە
بە مەرگ بڵێ:
تۆ لە جنسی ئاگر و
ژیان لە جنسی ئاو
بە عیشق بڵێ: ( تۆ قاوەیەکى چەند تاڵى و
لە شیرینیان لێت تێر نابم!)
بە یار بڵێ:
تەنها تۆ دەتوانى ئاونگى گلەییەکانى سەر پەڕەى گوڵە
بەجێماوەکانى تەمەنم بتکێنى
لە تۆدا، خۆم بە تەنافى ماچە سەوزەکانى عیشق هەڵدەواسم
تۆش لەنێو مندا..
تابووتى ئەسەفەکانى فەنابوونى پاییز نامەى عومرت
لە ئێسقانم ساز بکە.
ژیان بێ شەرمە
شەوى دوێنێ لەبەر شەبەنگى گڵۆپەکانى
ماڵ
خۆى بۆ مەرگ ڕووت کردەوە
پەڕەسێلکە غەوارەکانى تەک پۆرترێتەکەى مامە تاقانەکەم
بە پێکەنینەوە بەیەکیان دەگوت:
حەقیەتێ کە شەوان دەبێتە شیعرێکى کوڵاو و
لە دوورەوە بۆنى فەنا بوونى لێدێت.
15/9/2008
xemginb@yahoo.com
|