١٣\٥\٢٠٢٠
مەریوان سەلاح حیلمی:
ئەدەبیاتی منداڵان بریتیە لە بابەتی فرە جۆر و فرە
رەھەند.
سازدانی: ڕۆستەم خامۆش

بـۆ
زیاتر بـایـەخ و گرنگیدان بە بواری پەروەردە و
ئەدەبیاتی منداڵان، و ئـاوڕدانـەوە لـە
کـەسایەتییەکـانـی ئـەو بـوارە، بـە پێـویـسـتـمان
زانـی ئـەم دیـمـانـەیـە لـەگـەڵ بەڕێز ''م. مەریوان
سەلاح حیلمی''ی نووسەری بواری پەروەردە سازبدەین.
پرسیار: ئەدەبیاتی منداڵان چیەو وە بەڕێزت
چۆن پێناسەی دەکەیت؟ وەڵام: ئەدەبیاتی منداڵان بریتیە لـە بابەتـی فـرە
جۆر و فـرە ڕەھەند، وەجۆرێکە لە چالاکیی ئەدەبیی و ھونەریی و ھزری، کە
بۆ منداڵ دەنووسرێ. ئەدەبیاتی منداڵان بریتیە لەو ئەدەبەی، کـە تایبەت
بـۆ منداڵ دەنووسرێ بـۆ ئەوەی جیھان بدۆزنەوەو لە منداڵیدا ھۆشیارتربن
و لە گەورەییدا ھەوڵی گۆڕینی بدەن.
پرسیار: کێن ئەوانەی دەبێ بۆ منداڵان بنووسن، یان ھەموو شاعیر و
نووسەرێک دەتوانێ بۆ منداڵان بنووسێ؟
وەڵام: ئەوانەی بۆ مناڵ دەنووسن:
١ـ ئەگەر لەبـواری پەروەردەدا کاربکەن.
٢ـ ئـەگـەر خـۆیــان منـاڵـیـــان ھــەبـێـت.
ئەوا زۆر باشترە، بەڵام ئەو دوو خاڵە مەرج نین بۆ ئەوەی شاعیر، یان
چیرۆکنووس، یان... ھتد سەرکەوتن لەبوارەکەدا بەدەستبھێنن، ئێمە
نمونەمان ھەیە لەم بارەیەوە، وەک: "لەتیف ھەڵمەت " نە لەبواری
پەروەردەدا کاری کردووەو نە منداڵیشی ھەیە، کەچی یەکێکە لە شاعیرە
سەرکەوتووەکانی بواری مناڵان و پەروەردە، ھەروەھا "کاکەی فەلاح "مان
ھەیە، کە لەبواری پەروەردەدا کاری نەکردووە، بەڵام شاعیرێکی
سەرکەوتووی بواری پەروەردەی منداڵانە.
بەکورتی دەبێت شاعیری بواری مناڵان رۆشنبیرییەکی گەورەی ھەبێت
لەوبوارەدا، ھەمیشە چاودێر و خوێنەرێکی وردی بواری پەروەردەی منداڵان
بێت، بەتایبەتی و ئەدەبیات بەگشتی، واتە تەنیا بەھرەی شاعیریی بەس نییە،
بەڵکو دەبێت ئاگای لە ھەستیاریی قۆناغەکانی منداڵیی ھەبێت.
ئەڵبەتە ھەموو شاعیرێک و نووسەرێکیش ناتوانێ شیعر، یان ھەر بەرھەمێکی
ئەدەبی بۆ مناڵان بنووسێت، چونکە بابەتی پەروەردەی منداڵان ھەتا بڵێی
قورس و بەرپرسیارێتیە، ئەگەر شاعیرێکی ئاسایی بابەتێکی خودی بۆ نمونە:
(تەنیایی) خۆی بکات بە شیعر و ئاسایی بێت ئەوا بۆ شاعیرانی بواری
پەروەردەی منداڵان ئاسان نییە، کە پەلاماری ھەموو جۆرە بابەتێکی بدات
و بەرھەمێکی لێ دروستبکات، شیعری بواری پەروەردە بریتییە لە ئامانج،
ئامانجێک پێشتر لەرووی فیکرییەوە لەدایک دەبێت و دواتر شاعیر دەیخاتە
قاڵبی شیعر، یان چیرۆک، یان ھەر بەرھەمێکی تری ئەدەبییەوە بێت، بۆیە
بەرھەمی بواری منداڵان بەرپرسیارێتی قورستر و بەئەرکترە، چونکە بۆ
نمونە تۆ، کە شیعرێک بۆ مناڵی ٦ ساڵان دەنووسیت کاتێ بۆ یەکەمینجار
دەچێتە قوتابخانە، با ئەو مناڵە شەش ساڵەیە لە ساڵی ئایندەدا بچێتە
قۆناغێکی تر، یان تەمەنی ببێت بە حەوت ساڵیی، بەڵام شیعرەکە ھەر
دەمێنێتەوە، چونکە ساڵی داھاتوو مناڵی شەش ساڵیی شوێنی ئەو دەگرنەوە.
ئەگەر زۆر درێژەی نەدەینێ مەرج نییە ئەوەی شاعیر و نووسەرێکی باش بێت
ئەوە مانای ئەوە نییە بتوانێ شیعر و بابەتی مناڵان بنووسێت، بۆیە
لەشاعیر و نووسەراندا تەنیا چەند کەسێک نەبێت زۆرینەیان گرنگیان بەم
بوارە نەداوە، بۆیە ئەوەی لەبواری پەروەردەی مناڵاندا دەنووسێت دەبێت
خولیایەکی گەورەی ھەبێت بۆ ئەم ئیشە، واتە بە کارێکی ئاسان و کاتیی
نەزانێت، بەڵکو بەکار و ئەرکێکی مەزنی بزانێت.
پرسیار: چۆن بوو ئاوڕت لە ئەدەبیاتی منداڵان دایەوە، ئایا جگە لە
لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، لە بارەی چیرۆکی منداڵان و ڕۆمانی
مێرمنداڵانیش نووسین و لێکۆڵینەوەت کردووە؟
وەڵام: بەڕێزم من ئاوڕێکی ئەوتۆم لە بواری پەروەردەدا بۆ مناڵان
نەداوەتەوە، بەڵکو من ئاوڕی جدیم لە گرنگیی پەروەردەو کەمتەرخەمیی
دەسەڵات و نووسین و لێکۆڵێنەوە دژی دەسەڵاتی کوردی داوەتەوە، واتە من
چاک ئەوەم زانیوە، کە تەمەنی مناڵ تەمەنێکی و گرنگ و لە زێڕ بەنرخترە،
وە شتێک لەگرنگی پەروەردە شارەزام، وە بەوردی چاودێری کارەکانی حکومەت
ئەکەم، کە لەدوای ساڵی ١٩٩١وە تاوەکو ئێستا چۆن پەروەردەی نابووت
کردووە، بۆیە من وەک تاکێک ئەوەی، کە پێم کرابێت بۆ ھۆشیارکردنەوەی
مامۆستایان و خێزان و کۆمەڵگە و ھەروەھا پێشخستنی پەروەردە
لەکوردستاندا ئیشم کردووەو سێ کتێبی لێکۆڵینەوەو رەخنەم لەبواری
پەروەردەدا چاپکردووەو دەیان چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی و رادیۆیی و
رۆژنامەیی و...ھتد لەم بارەیەوە ئەنجامداوە، بەکورتی من کە بابەت
ئەنووسم بۆ دوو مەبەستی سەرەکییە یەکەمیان ھۆشیارکردنەوە دژی دەسەڵاتی
کوردی، کە نوقمە لە گەندەڵی و دزی و دژی پەروەردەو شتی جوانە، دووەمیان
بۆ تەمەنی گەورە ئەنووسم، واتە بۆ مامۆستایان و خێزان و کۆمەڵگە بە
شێوەیەکی گشتی بۆ ئەوەی ئەو شتانە بخەمە روو، کە رەنگە لای کەسێکی سادە
نەبیستراو بێت، یان دەرکی پێ نەکردبێت، چونکە ئێمە لەناو چەقی ئیشەکەدا
دەژین وردتر لە ھاوڵاتییەکی ئاسایی ھەست بەشتەکان دەکەین، ئەمە جگە
لەوەی کە گرنگی زیاتر بە خوێندنەوەو چاودێری کردن دەدەین، واتە زۆر
ناچار نەبین، نەقسە دەکەین، نە دەنوسین، تەنیا بە شێنەیی دەخوێنینەوە.
لەبارەی نوسین و لێکۆڵینەوە لەبواری پەروەردەی منداڵان، لە راستیدا
رەخنەگر و نووسەرمان کەمە، کە ئاوڕ لەم گەنجینەیە بداتەوە و بتوانێ
شیکارییەکی گرنگ بۆ بابەتەکان بکات، بۆیە من زۆرجار لەناچاریی، یان زۆر
جار لە گرنگیدان بەدەقێک ئەو کارە ئەکەم، ئەوەی من کردوومە لەم بوارەدا
بۆ چەند مەبەستێکە
یەکەمیان: وەک چۆن "ئەحمەدی خانی " لە مەم و زینەکەیدا دەڵێ مەم و زینم
کردووە بە بەھانە بۆ ئەوەی، ئەوەی لەدڵمدایە بینوسم، منیش ھەروەھا
زۆرجار دەقێکی شیعری دەکەم بە بەھانە بۆ ئەوەی، ئەوەی پێویستە بینوسم و
خەڵکی لێ ئاگاداربکەمەوە.
دووەمیان: گرنگیدان بە شاعیرەکەیە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە
پێشکەشکردنی دەقی جوان بۆ مناڵان، چونکە کەمتەرخەمیی ھەیە لەلایەن
دەسەڵاتەوە، بۆیە ناچارین پشتی شاعیران بگرین بۆ ئەوەی بابەتی گرنگ
پێشکەشی منداڵانی کورد بکەن.
سێیەم: ئەگەر کەم و کوڕییەک لە شیعرەکەدا ھەبێت بیخەمە روو، بەڵام بە
ئەنقەست زۆر لەسەر ئەمە نەڕۆیشتووم، چونکە لێکۆڵینەوەکانی من لەم
بوارەدا تایبەتە بە رەخنەی راڤەیی، چونکە دەمەوێت لەڕێی راڤەوە سەرنجی
خوێنەر ڕابکێشم و زیاتر مەبەست بپێکم، ھەروەھا رەخنە ھەر دەرخستنی
کەموکورتی نییە، بەڵکو خستنە رووی ئەو جوانیانەیە، کە خوێنەرێکی سادە
ھەستی پێناکات، بەکورتی رەخنەی راڤەیی مامەڵە لەگەڵ سەرتاپای ناوەڕۆکی
دەقەکە دەکات، نەک یەک دێڕ و دوو دێڕ.
لەبارەی رەخنەو لێکۆڵینەوە لە بواری چیرۆک و رۆمان، کورد نەک بۆ مناڵان
بەڵکو بۆ گەورانیش رۆمانی کەمە بە بەراورد بە رۆمانی دراوسێ و
جیھانییەکان، بەڵام من پێشتر بابەتی رەخنەییم لەسەر شانۆ و تەمسیل و
حەلقە نووسیوە، بەڵام ھی مناڵان نا، بەڵکو ھی گەوران، بەڵام بۆیە
گرنگیم بە شیعر داوە, چونکە شیعر زیاتر دەتوانێ بچێتە ناو خەڵکەوەو کێش
و مۆسیقای ھەیە، بەڵام گرفتەکانی ژیان بە بەربڵاوی دەرفەتی ئەوەی
نەداومەتێ، کە کار لە سەر چیرۆک و رۆمانی مناڵان بکەم، ئەمە مانای ئەوە
نییە کە بڵێم نایکەم.
پرسیار: لە ھەندێ لە لێکۆڵینەوەکانتدا، گرنگیت بە شیعری پەروەردەیی
منداڵان داوە، ئەمەیان بۆچی؟
وەڵام: ئەوەی کە زیاتر گرنگیم پێداوە لێکۆڵینەوەو رەخنەیە لەبواری
پەروەردەدا، واتە نوسینەکانی من بەپلەی یەکەم رەخنەو لێکۆڵینەوەیە
لەبواری پەروەردەدا، نەک لەڕێی دەقێکی شیعرییەوە، ھەروەھا لە ٣٠ ساڵی
رابردوودا گرنگیم بە گەلێ بابەت داوە وەکو: مافەکانی ژن، کە رەنگە
زیاتر لە ١٠٠ گۆشەم لەسەر نووسیبێت، ھەروەھا بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و
سیاسییەکان، ھەروەھا بابەتی زمانەوانیی و فۆلکلۆریش، رەنگە ئەمە کەمێک
مایەی پێکەنین بێت، بەڵام راستیت بوێ ناچاریی وەھای لێکردووم، کە دەست
بۆ ئەو ھەموو جۆرە بابەتانە بەرم، بۆنمونە چەند ساڵێک لەگەڵ ھاوڕێیەک
یان دووان و سیان خەریکی دەرکردنی رۆژنامە بووین، ناچاربووین فێر بین
چۆن بابەت دابەش دەکەیت بەسەر لاپەڕەکاندا، یان لەدەرکردنی رۆژنامەدا
ھەر ئەوە نییە، کە خەڵک بابەتت بۆ بنوسێت و تۆ بڵاوی بکەیتەوە، بەڵکو
دەبێت بۆ ھەر لاپەڕەیەک، کە تایبەتە بە شتێک بۆ نمونە لەم ژمارەیەدا
ھیچ بابەتێکت بۆ نەھاتووە لەسەر لاپەڕەی پەروەردە دەبێت خۆت حازری
بکەیت، ئیتر ئایا چاوپێکەوتن بێت، یان ریپۆرتاژ، یان وتار، یان تەکلیف
لەکەسێک بکەیت بۆت بنوسێت.
بەڕێزم سەیرکە ئێستاکە خوێندنی ئۆنلاین دەستی پێکردووە، ئیشی رۆژنامەو
گۆڤار ئەوەیە بێت مەلەف لەسەر ئەمە دروستبکات، یەکەم چاوپێکەوتن بکات،
دووەم وتار لەم و لەو وەربگرێت و بیخاتە مەلەفەکەوە، سێیەم راوبۆچوونی
ھاوڵاتیان و خێزان وەربگرێت، جا کەواتە ئەوەی رۆژنامە، یان گۆڤارەکە
دەردەکات دەبێت بەدوای ئەمانەدا بچێت، چونکە دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە
وەک نەشرەی مەکتەب نییە ھەر کەسێ ھەڵسێ و شتێ ھەڵواسێت.
بەڵام ئەگەر لەمن دەپرسیت ئایا نووسەر لە ھەموو بوارێکدا بنووسێت
باشترە، یان تەنیا لەبوارێکدا، ئەڵبەتە تەنیا لەیەک بواردا بنووسێت,
واتە خۆی تەرخان بکات بۆ یەک شت بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
پرسیار: تۆ، وەک شارەزایەکی بواری پەروەردە، پێت وایە ئەو شیعرانەی لە
کتێبی خوێندنەوەی کوردی جێیان کراوەتەوە لەسەرجەم پۆلەکان، ھەموویان
شیعری پەروەردەیی بن؟
وەڵام: بۆ ئەم پرسیارە دەبێت پیاچوونەوەیەکی ورد بە کتێبی خوێندنەوەدا
بکەین، وە دەبێت پەنجە بخەینە سەر کتێبی کام قۆناغ؟ بەڵام ئەوەی من
سەرنجم دابێت ئەو شیعرانەی بڵاوکراونەتەوە لە کتێبی خوێندندا
بەشێوەیەکی گشتی باشن، بەڵام شیعریشی تیایە کە وەک پێویست نییە و
پێویستە بە شیعری باشتر جێگەی پڕبکرێتەوە.
پرسیار: بەڕێزت وەک نووسەر و لێکۆڵەرێک لە بواری پەروەردەو ئەدەبیاتی
منداڵان، چۆن دەڕوانیتە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد و لە چ ئاستێکیدا
دەبینی؟
وەڵام: ئەدەبیاتی بواری منداڵان تاوەکو ئێستا شوێنی خۆی نەکردۆتەوە لە
ناو ئەدەبیاتی کوردییدا بەگشتی، لای من تاوەکو ئێستا لە ئاستێکی باشدا
نییە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە بڵێین شاعیران و نووسەران ھیچیان
نەکردووە، بە پێچەوانەوە ھەوڵی جوان و بابەتی باش ھەیە، بەس ئێمە
ئەمانەوێ باشتر بێت، بەچی باش دەبێت؟ بەوە باش دەبێت کە سەرجەم کۆمەڵگا
بە حوکمڕان و ھاوڵاتییەوە کە پەروەردە ببێت بە خەمی گشتی ھەمووان.
پرسیار: بە دید و بۆچوونی بەڕێزت، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە
لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوەو ئەوەی دەبینرێش زۆر کەمە؟
وەڵام: بەڕێزم لێکۆڵینەوە بابەتێکی قورسە، کورد بە شێوەیەکی گشتی کەمتر
دەستی بردووە بۆ شتە قورسەکان، بۆ نمونە رۆمان، لەبەر ئەوە دەبێت لە
زانکۆکانی کوردستان ماستەر و دکتۆرا پێبگەیەنرێت بۆ ئەوەی ورد ورد
لێکۆڵینەوە لەبواری مناڵان گەشەبکات، واتە ئەو ھەوڵانەی کەدراون ھەوڵی
تاکە کەسیین، بۆ ئەوەی ئەمە گشتگیر بکرێ، دەبێت لە زانکۆ و پەیمانگاکان
گەشەی پێ بدرێ بۆ ئەوەی ئیشەکە بەربڵاوبێت.
پرسیار: ھەندێ لە شارەزایانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەڵێن: وەک
پێویست ڕەخنەگرمان لەو بوارەدا نیە و ھەر وەکو نەبوو وایە، بەڕای تۆ
ھۆکارەکەی چیە؟
وەڵام: بەڵێ راستە، وەک چۆن شیعر و نووسینی بواری منداڵان لەم بوارەدا
جێی خۆی نەکردۆتەوە و بە شتێکی ئاسان و لاوەکیی سەیر دەکرێ، بۆیە بۆ
رەخنەکەش ھەمان بۆچوون ھەیە، کە من لام وایە پێچەوانەکەی راستە, چونکە
لەکۆمەڵگەدا دەبێت ھەموو شتێک واتە خاڵی یەکەم, کە پێویستە گرنگی
پێبدرێ منداڵان و نوسین و دنیای منداڵانە، ئینجا شتەکانی تر دێن، بەڵام
لە کوردستاندا ڕێک پێچەوانەی ئەمە دەبینین.
پرسیار: وەکو دەزانین کتێب لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان کەم نووسراوە بە
زمانی کوردی، چ لە ڕووی: مێژوویی، لێکۆڵینەوە، رەخنە، یان چۆن نووسین
بۆ منداڵان، یاخود ھەر بابەتێکی پەیوەست بەو بوارە، کەواتە کەسێک بیەوێ
خۆی شارەزا بکات، وەک پێویست سەرچاوەی دەستناکەوێ، بە ڕای بەڕێزت
چارەسەر چیەو چی بکرێ باشە؟
وەڵام: نەک بۆ ئەوەی باست کردووە بۆ زۆر شتی تر کتێبخانەی کوردی لاوازە،
بۆ نمونە بواری زمانەوانیی، تۆ بچۆ سەرێک لە کتێبخانەکانی ناوبازاڕ بدە
لە سلێمانی و ھەولێر بزانە دوو کتێبی زمانەوانییت دەستدەکەوێت؟
بەڕێزم چارەسەر لەم قۆناغەدا نییە، چونکە ھەوڵەکان تاکە کەسیین، ھیچ
ھاندانێک نییە، چارەسەری ئەم ئیشە بە بەرنامە دەکرێ، بۆ نمونە لە زانکۆ
قوتابی بۆ ئامادەبکەیت، لە ماستەر و دکتۆرا توێژەری بۆ دروستبکەیت،
ھەروەھا لە وەزارەتی رۆشنبیریی دەستی ئەو کەسانە بگرێت، کە دەیانەوێ
لەو بوارانەدا بنووسن کە کتێبخانەی کوردی پێویستی پێیەتی، واتە کورد
پێویستی بە چییە ئەوا ھەوڵی بۆ بدرێ، بۆ نمونە ئەو کەسەی کتێبێک
لەبواری مناڵاندا ئامادەدەکات ئەوا شوێنێک ھەبێت بۆی چاپ بکات،
ھاوکاریی مادی و مەعنەوی بکات، ئەمانە لەکوردستاندا نین، بۆیە
نووسەرانی کورد بە شێوەیەکی گشتی دەبێت خۆی بابەت بنوسێ، خۆی چاپی بکات،
خۆی دابەشی بکات، باشە ئەم ھەموو ھیلاکیی مادیی و مەعنەوییە بەکێ ئەکرێ
و سەرەنجامیش خوێنەری نەبێت.
پرسیار: لە بەردەوامیی و درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان،
پڕۆژە و پلانت چیە بۆ داھاتوو؟
وەڵام: پرۆژە و پلانم ئەوەیە کە بەردەوام بم لە نووسین و لێکۆڵینەوە،
من ھەرگیز ناتوانم دەست لە پرۆژە پەروەردەییەکان ھەڵگرم، ھەر جارەی لە
دەرگایەکەوە دێمە ژورەوە بۆ خزمەتی مناڵان و پەرورەدە بەگشتی لە
کوردستاندا، چونکە لە گرنگیی ئەم بابەتە تێگەیشتووم، بەڵام جیاوازیی من
لەگەڵ شاعیرێکی بواری مناڵاندا ئەوەیە نووسینەکانی من ئاڕاستەی دەسەڵات
و خێزانەکان دەکرێن، بەڵام شاعیری بواری مناڵان و پەروەردە ئاڕاستەی
مناڵی دەکەن، ھەردووکیان وەک یەک گرنگە، دیارە ئەوەی شاعیرەکە راستەوخۆ
بو سوودی مناڵانە، رەخنەو لێکۆڵینەوەی منیش بۆ شکاندنی قفڵی ژەنگاویی
ئەو کەسانەیە کە لەگرنگیی پەروەردە تێنەگەیشتوون، یان تێگەیشتوون و وەک
ھەولێریەکان قسەیەکی جوانیان ھەیە، کە دەڵێن خۆیان لە گێلی دەدەن.
____________________________________________
مەریوان سەلاح حیلمی:
١ـ لە ساڵی ١٩٦٩ لەخێزانێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر لە شاری ھەڵەبجە
لەدایکبووە.
٢ـ لە ساڵانی ١٩٨٦- ١٩٩٠ لەکۆلێژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدینی ھەولێر
بەشی زمان و ئەدەبی کوردی خوێندوویەتی و بە پلەی ( زۆر باش) تەواوی
کردووە.
٣ـ لەدوای راپەڕین بۆتە مامۆستای کوردی لە دواناوەندی و ئامادەییەکانی
شاری سلێمانی.
٤ـ بۆیەکەمینجار لە مێژووی سنووری بەکرەجۆی پارێزگای سلێمانی، قۆناغی
ئامادەیی کوڕانی کردۆتەوە بەناوی ھەزارمێرد و دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ
روشدی عەلی شەریف.
٥ـ تاوەکو ئێستا سێ کتێبی لەبواری پەروەردە چاپکردووە بەناوەکانی:
١ـ لەبارەی پەروەردەوە، ٢ـ پەروەردەو گۆڕین، ٣ـ وتارە پەروەردەییەکان.
٦ـ خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی و ئەدەبیی و سیاسیی و
کۆمەڵایەتییە.
٧ـ چەندین بەرھەم و کتێبی پەروەردەیی و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی ئامادەیە
بۆ چاپکردن.
٨ـ بەدرێژایی ساڵانی دوای راپەڕین نزیکەی ٢٠ ساڵ کاری رۆژنامەگەریی
کاغەزی کردووەو لەزۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەکاندا بابەت و نوسین و رەخنەی
بڵاوکردۆتەوە، بەتایبەتی رۆژنامەکانی: (ھاوڵاتی، ئاوێنە، ھاوبیر، رۆژی
گەل، ئامانج ، ٢١، تیرۆژ ، راسان، زەمەن ، کەلەپوری کورد، سبەی... ھتد
).
٩ـ چەندین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی و رادیۆیی لەگەڵ سازدراوە.
١٠ـ نزیکەی ١٠٠ ئەڵقەی بەناوی (لەدادگای ویژدانەوە) نووسیوە بۆ بەرگریی
لە مافەکانی ژن و حەفتانە لە رۆژنامەی (رۆژی گەل)دا بڵاوی کردۆتەوە.
١١ـ زیاتر لە ٥٠ ئەڵقەی لە گۆشەی (کێشەو گفتوگۆ) لە رۆژنامەی ئامانج
بڵاوکردۆتەوە، کە تایبەت بووە بە پەروەردە.
rostamxamosh@gmail.com
|