په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠٢٣

مەترسیدارترین چەک.
- تۆمەتی بیدعەچی و زەندیقبوون ترسناکترین چەکە لە دژی هەر کەسیک کە عەقڵی بەکاربهێنێت! -

 

 

   ئەحمەد حەفیفی

وەرگێڕانی: شوان عەزیز  


تۆمەتی بیدعەچیەتی، زەندیق بوون، هەرتەقەبوون، بێدینیی و گومڕایی ئامادەیە بۆ هەر کەسێک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!


ترسناکترین چەک، لە سەدەکانی پێش ڕۆشنگەریی، لەوانەیە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامیدا هەتاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، ئەو چەکە ترسناکە دینیە بووە کە دوژمنانی ڕاستی و لۆجیک لە دژی زانایان و بیرمەندان، لە هەموو کات و شوێنێکدا، بەکاریان دەهێنا! ئەو زاناو بیرمەندانەی کە هەوڵیان دەدا تۆوی گومان و دەرەنجام و شیکردنەوەو ڕاڤەکرن و بە بەڵگە کردن و ژیرییش بچێنن لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە گەشەکردندان! ئەو چەکە ترسناکە لە ژێر سایەی زاناو پیاوانی دینی و پاپاکانی تاریکیدا گەشەی کردووەو هەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانەی بۆ چەندین سەدە لە دواکەوتوویی و نەزانی وتاریکیدا هێشتۆتەوە!


تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، بە کافرکرنی زانایان و دانایان و ژیرو بیرمەندانی هەمیشەو بە بەردەوامی، لە کاتی ئێستاو ڕابردووشدا، بە ئامانج گرتووە. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوئاراستەیە لە هزری بە زەندیق کردن و کافراندن بریتیبووە لە هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دواکەوتوویی و نەزانی و چەقبەستوویدا! هەروەها لە پێناو دەستبەسەردا گرتنی هۆیەکانی داهێنان دا بووە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە دایان ناون لە ڕیزی بیدعەو داهێنانی خەراپ و هەروەها مافە مرۆییەکانشیان لێ زەوتکردوون! ئیتر ئاراستەی دووەم کە بریتیبووە لە ئاراستەی زانست و پێشکەوتن و داهێنان وای لێهاتووە نەتوانێت بەرەنگاری بەربەستەکان و سەردەمی باو ببێتەوەو ئەمەش پاڵی بە ئاراستەی ڕاستی و بیرمەنداندا ناوە ڕووەو دواوە پاشەکشە بکەن! ئیترلێرەوە بەرەو سەدە توندوو ڕەقەکان و بەرەو ئاراستەی سەرکوتی ئازادی بیرکردنەوە هەنگاو نراوەو پاڵی پێوەنراوە بەرەو ناوجەرگەی سەدەی حەوتەمی زایینیەوە!


زووربەی بڕیارو فەتواکان لە دژی نەوەی یەکەمی زاناو بیرمەنداندا بوون ، ئەو کات زانا و بیرمەند تەنها ئەو کەسانەی گرتۆتەوە کە لە بواری ئایینی و فیقهو وتاربێژیدا کاریان کردووەو زانا بەو کەسانە گوتراوە کە تێکست و دەقە ئایینیە دۆگماو بەستووەکانیان لەبەرکردووەو لەو بوارەدا خۆیان خەریک کردووە، ئەو تێکست و نووسینانەی کە ڕێک لەو پاشماوەو هەڵکۆڵراوانە دەچن کە هی چاخەکانی پێش مێژوون!


دەبێ کێ لە ئێمە ڕازی و خواریزمی و کەنەدی و فاڕابی و بەیرونی و ئیبنوسیناو ئیبنوهەیسەم نەناسێت؟ ئەدی باشە دەبێ کێ لە ئێمە ناوی غەزالی و ئیبن و ڕوشدو عەسقەلانی و سەهرەوەردی و ئیبن و حەیان ونەوەوی و ئیبنوموقەفەع و تەبەری نەبیستبێ؟


ئەدی باشە کەس دەبێ هەبێ ئەو لافیتانەی نەخوێندبێتەوەو نەدیتبێ کە خوێندنگاو پەیمانگاو ناوەندە زانستی و وێژەییەکان هەڵیان واسیون و ناوی خۆیان ناوە بە ناوی کەواکیبی و موتەنەبی و بەشار بن بەرد و لیسان الدین خەتیب و ئیبنولفاریز و جاحیزو موجریتی و ئەلمیعەڕی و ئیبن و توفەیل و توسی و ئیبن و بەتوتە و ئیبن و ماجەو ئیبن و خەلدون و سابتی بن قوڕە و تەوحیدی) یەوە ؟ یان ناوی ئەو زاناو بیرمەندانەیان لەسەر بووەو لافیتەکانیش ناوی ئەوانیان لەسەرنووسراوەو ناوی ئەو شوێنانەش بە ناوی ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانەوە بووە!


بەڵام جێگەی داخە کە هەتا ئێستاش نازانین کە ئەو زاناو بیرمەندە دیارو باوانە زنجیرەیەک لە بڕیارو حوکمی بە زەندیق کردن و وبەکافرکردنیان لە دژ دەرکراوە، ئەو بڕیاری بە کافرکردن و بە زیندەقی کردنانە هەمان شێوەو ناوەڕۆکی دادگاکانی پشکنین (محاکم التفتیش.INQUISITION) یان هەبووە کە زاناو بیرمەندی وەک گالیلۆ، کۆبەرنیکس، نیوتن، دیکارت، ڤۆلتێریان پێ بە زیندەق کردووەو کافراندوویانن! هەروەها خوێندنەوەی نووسراوو کتێبەکانیشیان حەرام کراوە و تا ئەوپەڕیش ئەو زاناو بیرمەندانە سوکایەتییان پێکراوە و ڕاوەدوونراون و ئەشکەنجەش دراون!


جا بۆیە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی ئەو بریارو حوکمە ستەمکارانەو نادادپەروەرانە لەگەڵ ئەو حوکمە توندڕەوییەو بە ئارەزووەی کە هەرلەخۆوە خەڵکی بەلاڕێدا دەبردوو هانی خەڵکی دەدا کە هەستن و وەخۆ کەون تاکو تەبەری بکوژن، یان بچن هەللاج لە خاچ بدەن، یان برۆن ئەبو عەلای میعەڕی بخەنە زیندانەوە، یان برۆن خوینی ئیبن و حەیان بڕێژن یان ئیبن و مەنمەر دەربەدەربکەن و کتێبەکانی غەزالی و ئیبن و ڕوشد و ئەسفەهانی بسووتێنن! ئینجا هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵک و بێنە سەر بەکافرکردن و بە زەندیقکردنی فاڕابی و ڕازی و ئیبن و سیناو کەنەدی و غەزالیش.


هەروەها ڕەنگە ئێمە ئەو زانیاریەمان نەبێ کە سەهرەوەردی کوژرا وەو ئەوانیش کوشتویانە، هەروەها ئەندامەکانی لەشی ئیبنوموقەفع یان بڕین وهێشتا گیانی لەبەردا مابوو کە لەبەرچاوی خۆی برژاندیانن و لەبەردەمیان دانان تا لێیان بخوات پێش ئەوەی کە گیانی لە ئەنجامی پیسترین و بێوێنەترین ئەشکەنجە بە تەواوی دەرچێت! هەروەها جەعد بن درهەم یان سەربڕی و (ئەحمەد بن نەسری) شیان سەر بڕی و دوایی سەرەکەیان هەڵواسی وبە کۆڵاناندا دەیان گێڕا، هەروەها چوونە سەرلیسانول دین بن خەتیب و خنکاندیان و دوای ئەوەش لاشەکەیان سوتاند، ئینجا هاتن ئیبن فاریزیان کافراند و بە بیدعەچی و زەندیق ناساندیان و دەستیان کرد بەڕاوە دوونانی و لە هیچ کات و شوێنێک نەیان دەهێشت بحەجمێت!


زۆر رێی تێدەچێت کە خەڵک بە گشتی ئەوە نەزانن کە چیان دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشک و زانای وەک ئیبنوسینا گوتووەو کردووە! هەروەها ئەوەش نازانن کە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا بە ئیبنو سینا دەڵێت: " ئیبنوسینا ئیمام و پێشەوای بێدینەکانە کە باوەڕیان نیە بە اللە و بە مەلائیکەتەکانی و بە پێغەمبەرەکانی وبە ڕۆژی دواییش" هەروەها ئەلکەشمیری لە کتێبی فیض الباري دا بە ئیبنوسینا دەڵێت:" ئیبنوسینا کەسێکی بێدین و بیدعەچی و زەندیق وقوڕموتیە! لە لایەکی تریشەوە ئەلشێخ سالح ئەلفەوزان بە ئیبوسینا دەڵێت:" ئیبنوسینا کەسێکی باتینیەوفەیلەسووفێکی بێباوەڕو بێدینە".


دیسان خەڵک ئەوەش نازانن کە چیان گوتووە دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشکی بەناوبانگی مێژوو ئەبوبەکری ڕازی! ئەوەتە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا دەربارەی ئەبوبەکری ڕازی دەڵێت:" ڕازی مەجوسی و ئاگرپەرستەو کەسێکی گومڕاو لادەرەو لە ڕێ لایداوە". هەروەها لە کتێبی شذرات الذهب دا إبن العماد دەربارەی فاڕابی دەڵێت:" تەواوی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە فاڕابی کافرو زەندیقە". هەروەها دەربارەی محمد بن موسا ئەلخواریزمی دەڵێن:" جا با زانستەکانی خواریزمی ڕاست و درووستیش بن، بەڵام زانستەکانی شەڕیعتی ئیسلامی سەربەخۆن لە خواریزمی و لە کەسانی تریش. واتە زانستی ئەو شتێکەو هی شەڕیعەتیش شتێکی تری سەربەخۆیە".


هەروەها دەربارەی عومرو بن بەحرول جاحیز گوتوویانە:" ئەو کەسێکی زانست گەیەنەری خەراپە، باوەڕدارێکی خەراپە، بیدعەچی و زەندیقەو گومڕایی ئەو پەیوەستە بە جاحیزەوە". یان ئەوەتە خەتیب لە سەنەدەکەی خۆیدا بە جاحیز دەڵێت:" جاحیز کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و درۆزنە لەگەڵ اللە و لە گەڵ نێرراوو پێغەمبەری اللە و هەروەها لەگەڵ خەڵکیشدا". دەربارەی ئیبنول هەیسەم کەمتریان نەگوتووە ، ئەوەتە بەویش دەڵێن:" ئیبن ولهەیسەم یەکێک بووە لە مولحیدو بێباوەڕەکان کە لە دینی ئیسلام لایداوەو دەرچووە، ئەویش هەر وەک فەیلەسوفەکانی تری هاوشێوەی خۆی کەسێکی گەمژەو زەندیق و کافرو بیدعەچی بووە!".


ئینجا هاتوون دەربارەی أبي العلاء أحمد بن عبداللە المعري دەڵێن :" ئەلمیعەڕی یەکێک بووە لە زەندیق و بیدعەچیە بەناوبانگەکان، ئەوەتە لە شێعرەکانیدا زەندیق بوون و بیدعەچیەتی خۆی دەیسەلمێنێت و دەری دەخات کە فڕی بەسەر دینەوە نەماوە". لەسەر نصیر الدین الطسی دەڵێن و گوتراوە کە :" نەسیر کەسێکە کە پشتی کافرو موشریک و زەندیق و بیدعەچیەکانە".


هەروەها دەربارەی محمد بن عبداللە بن بطوطة گوتوویانە:" ئیبنول بەتوتە کەسێکە موشریکێکی بێباوەڕی درۆزنە". لەولاوە دەستیان کردووە بە جنێودان بە یعقب بن الاسحاق الکندی و پێیان گوتووە:" کەنەدی کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و گومڕایە". هەر بۆیەش کەنەدی دەربارەی ئەوان درێغی نەکردووەو لە بەرامبەردا پێیان دەڵێت:" ئەوانە لە بەرامبەر ڕاستی و حەقیقەتدا نامۆن و ئەگەریسش تاجی حەقیقت و ڕاستییان بکەیتەسەر شایستەی نابن وئەوان بۆیە دوژمنایەتی فەلسەفەو زانست دەکەن چونکە لە شوێن و کورسیەکانیان دەترسن کە لەدەستی بدەن و ئەوانە دەستیان کردووە بە بازرگانی کردن بە دینەوەو هیچ پەیوەندیشیان بە خواپەرستی و ئایینەوە نیەو تەنها بازرگانن و بەس" .


ئیبنول بەتوتە پێی وابوو هەبوونی زانست و زانیاری بە شتەکان وات لێدەکات زانست و زانیاریت دەربارەی خودا زیاتر بێت و زانینیشت دەربارەی یەکتاپەرستی و زانستی چاکەخوازی ڕوو لەزیادبوون دەکات و زانستیش سوودبەخشە! هەروەها ئیبنول بەتوتە پیی وابوو کە هەوڵدان و کۆشش بۆ گەییشتن بە ڕاستی و حەقیقەت مەبەست و نیەتی هەموو پێغەمبەران بووەو هەموو نێڕراوانیش هەر ئەو مەبەستەیان هەبووە. گەییشتن بە حەقیقەت و ڕاستی تەنها مەبەست و کاری فەیلەسوفەکان نەبووە و هەر بۆیەش نابێت وای لێکبدەیەنەوە کە فەلسەفە کارێکی دژە ئایینییەو کوفرە ، ئەمەش پێچەوانەی ویستی بازرگانانی ئایین و خوداپەرستیە!


جا با ئێستا بێین ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانە بناسین و بزانین ئەوانە کێبوون؟ با بێین و بزانین ئەوانە چیان پێشکەش بە جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە، با بزانین ئەوانە چیان گوتووە دەربارەی حەقیقەت و ڕاستی و عەقڵ ؟ ئینجا دوای ئەوەش دەبێ بزانین کە بەو کارەیان چ نەگبەتی و دەردەسەرییەکیان بەسەر ژیاندا هاتووە!


یەکەم: ئیبن ڕوشد: (١١٢٦-١١٩٨ز). ئیبن ڕوشد ناوی محمد بن ئەحمەد بن محمد بن ڕوشدی ئەندەلوسیە! ئیبن ڕوشد خوێندنی فیقهو ئسوڵی دینی تەواو کردووەو دواییش زانستی پزیشکی وبیرکاری وفەلسەفەی خوێندووە، چەندین ساڵیش لە قورتوبەو ئیشبیلیە کاری دادوەری کردووە. ئیبنو ڕوشد لە ژێر سایەو دەسەڵاتی دەوڵەتی الموحدون دا گەورە بووە، کە پادشاکەیان ئەوکات بریتیبووە لە یوسف یعقوب المنصور بن عبد المومن، پادشاش لە ژێر کاریگەریی و داخوازی ڕای گشتیدا فەرمانیکردووە بە دوورخستنەوەی ئیبن ڕوشد بۆ ئەلیسانە لە نزیکی غەرناتە ئینجا دوای ئەوەش بەرەو وەڵاتی مەغریبیان ڕاوناوە.


ئیبن ڕوشد لە لایەن پیاوانی دینی و دام و دەزگای دینییەوە زۆر سوکایەتی پێکراوەو تا کار گەییشتۆتە ئەوەی کە دەستیان کردووە بە سوتاندنی نووسراوو کتێبەکانی ئەو زاناو بیرمەندە! ئیبن ڕوشد، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری مەڕاکیش لە مەغریب کۆچی دوایی کردووەو دواییش لاشەکەی گواسترایەوە بۆ شاری قورتوبە. هەر کە ئیبن ڕوشد کۆچی دوایی کرد موریدو خوێندکارەکانیشی بڵاوەیان لێکردو لە یەکتر دابڕان و ئینجا ئەلمەنسور یەعقوبی پاشا مەڕسومێکی دەوڵەتی دەرکرد کە ئیتر نابێ لەمەودوا کەس بە فەلسەفەوە خۆی خەریک بکات و خوێندنی فەلسەفەی لە وەڵاتدا تەحریم و یاساغ کرد!


دووەم : فاڕابی: ( ٨٧٠- ٩٥٠ ز). فاڕابی ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبو نەسر محمد بن محمد بن ئوزڵاغ بن تەرخان، لە شاری فاڕابی کە شارێکی تورکانە لە دایک بووە. فاڕاب شارێکە لە وەڵاتی تورکان لە ناوچەی خوڕاسان و لە ڕۆژئاوادا بە Alpharabyus ئەلفەڕابیوس ناسراوە. ئینجا بەرەو عێڕاق ڕۆییشتووە بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا تەواو بکات، هەر لەوێدا فەلسەفەو مەنتیق وخوێندنی پزیشکیی تەواو کردووە لەسەر دەستی دوکتۆرێکی مەسیحی بە ناوی یوحەنا بن حیلان، هەروەها زانستەکانی زمانی عەڕەبی و مۆسیقاشی هەر لەوێ خویندووە!


ئیترفاڕابی لە عێڕاقەوە بەرەو شام و میسر ڕۆییشتووەو لە شامدا و لە شاری حەڵەب چووەتە کۆشکی سەیفول دەولە. لەوێدا لە شاری حەڵب شوێن و پێگەیەکی زۆر بەرزو دیاری لە نێو زانایان و ئەدیبان و فەیلەسوفاندا داگیرکردووە، هەروەها فاڕابی هەوڵیدا بیسەلمێنێت کە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی فەلسەفەی یۆنانی و بیروباوەڕی شەڕیعەتی ئیسلامیدا! بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەو شکەستی هێنا لەو کارەیدا، هەر بۆیەش الذهبی لە کتێبی في سیر الاعلام دەرباری فاڕابی دەڵێت:" فاڕابی خاوەنی چەندین کتێبی بەناوبانگەو هەر کەسێکیش پەنا بەە کتێبانە بەرێت ئەوا هەم گومڕابووەو هەمیش بە دەرچوو لە دین دادەنرێت، جێگەی باسە کە چارەنووسی ئیبنو سیناش هەروا دەرچوو.


دیسان ئەوەتە ئیبن عیماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:" فاڕابی لە هەموو زانایان و بیرمەندان زیاتر زەندیق و بیدعەچیە" هەتا غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:" هیچ گومان نیەو نەماوە لە کافربوونی فاڕابی و ئیبن سینا". تۆمەتەکەش بریتیبوو لەوەی کە فاڕابی دانی نەدەنا بە ڕۆژی قیامەت و هەروەها فاڕابی زیندووبوونەوەی پێ شتێکی ڕاست نەبووە!. یان فاڕابی دەیگووت وە پێی وابووە کە خودا تەنها شتە گشتی و گەردوونیەکنی مەبەستەو ئاگادارەو هەقی بەسەر شتە تایبەتی و بچوکەکانەوە نیە! فاڕابی دیسان پێی وابووە کە گەردوون نە درووستکراوەو نە درووستیش دەکرێت بەڵک و گەردوونیش هەر وەکو خوا ئەزەلییەو هەر هەبووە!


سێیەم: الکندي: ئەلکەنەدی (٨١١-٨٦٦ ز). ناوی تەواوی ئەلکەنەدی بریتیە لە یعقوب بن إسحاق بن الصباح بن عمران بن إسماعیل بن محمد بن الاشعث الکندي و ڕەچەڵەک و بنەچەکەی دەگەڕێتەوە سەر پادشاکانی کەنەدەو بە بنەچە سەر بە نەتەوەی عەڕەبە و هەر لەبەر ئەوەش نازناوی فەیلەسوفی عەڕەبیان لێناوە!
ئەلکەنەدی لە نێو وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە ئەلکەندوس Al Kindus ناسراوە. ڕەزامەندی باشی لە لای مەئمون وموعتەسەم و واسیق بەدەست هێناوەو جێگەو پێگەی لە لای ئەوان بەرز بووەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کەنەدی ڕێبازی موعتەزیلەی هەڵبژاردووە بۆیە بە دەستی متوەکیلەوە زۆر ئێش و ئازاری چێشتووەو متوەکیل فەرمانی دەرکردووە کە لیی بدرێت و دەست بەسەر تەواوی نووسراوو کتێبەکانی دا بگیرێت! ئەلکەندی تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی درایەپاڵ و ئەویش بەرەنگاری لەخۆی دەکردو دەیگوت دوژمنانی فەلسەفە خەڵکی گەمژەو مێشک پوووچ و نەزان و بازرگانانی دینن!


چوارەم : الجاحظ: جاحیز( ٧٦٧ ٨٦٨ ز). ناوی تەواوی جاحیز بریتیە لە عمرو بن محبوب الکناني اللیثي کە بە جاحیز ناوی دەرکردووە. یەکێک بووە لە گەورە ڕابەرانی ئەدەب و وێژە. جاحیز زۆرترین تەمەنی خۆی لە شاری بەسرەی عێڕاق بەسەربردووەو بەرەو بەغداش چووە لە سەر بانگهێشتی ئەلمەئمون و لەوێ لە دیوانی پەیامەکانی دایمەزراندووەو کردوویەتی بە سەرۆکی ئەو شوێنە! بەڵام هەر دوای سێ ڕۆژ لەو پیشەو شوێنەی لابراو ئەویش بۆ خەلیفە مەئمون هەر بە دڵسۆزی مایەوە! جاحیز بەرهەمێکی زۆری لە کتێب و نووسراو هەبوون، لە سەرووی ٢٠٠ دوو سەد کتێبەوە هەر کتێبی هەبوون، جا هەروەک و ئیبنول عەمید دەربارەی جاحیز دەڵێت :" جاحیز لە پێشدا عەقڵ و ژیری فێربووە ئینجا ئەدەب و وێژە" .


لە کتێبە بەناوبانگ و دیارەکانی بریتین لە الحیوان، البیان و التبیین، البخلاء و کتێبی الحیوان بریتیە لە حەوت بەش . جاحیز لە کتێبی الحیوان دا باسی سرووشت و هەڵس و کەوتی ئاژەڵ دەکات ، هەروەها هەر لەو کتێبەدا لایەنەکانی زانست و تاقیکردنەوەکان و تایبەتمەندیەکانی پیشانداوە، ئینجا ڕووی کردۆتە سرووشت و پەیڕەوی لە مەنهەجی گومان و دوودڵی درووست کردن کردووە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا پەیڕەوی لە F-Bacon کردووە، ئینجا دڵنیاییشی داوە لە درووستی و ڕاستی دەرەنجام و بەڵگەکان، وە لەو ڕووەوە پێش دیکارت R Descartesکەوتووەوگەییشتە ئەو بڕوایەی کە قورئان ڕوویداوە و درووستکراوە ، لەبەر ئەوەی قورئانیش شتێکە لە شتەکانی دەوروبەرمان! لەو بارەوە خەلیفە مەئمونیش باوەڕی بەو بۆچوونەی جاحیز هەبووە. جاحیز لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناوی خلق القران دا ئەو بابەتە بە باشی ڕوون دەکاتەوەو قسەی لەسەر دەکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە تەواوی ئەهلی سوننەو ئیسلام بە کۆمەڵ لە جاحیز وەخۆبکەون و دەستیان کردە هاوارو نەڕە کە قورئان درووست نەکراوەو دەستکرد نیەو ئینجا هاتن لە تۆڵەی ئەوەدا جاحیزیان خستە لیستی بێدینەکان وزەندیقەکان و بیدعەچیەکان و کافراندیشیان!


پێنجەم : بشار بن برد: (٧١٠ ٧٨٤ ز) . بەشار بن بەرد ناوی تەواوی بریتیە لە بشار بن برد بن یرجوخ العقیلي و ڕەچەڵک و بنەچەکەی لە (توخارستان)ەوە هاتووە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕوباری جەیحونەوە. بەشار بن بەرد لە نێو خێڵی بەنو عوقەیل دا گەورە بووەو جیاوازیش بووە لەگەڵ ئەو عەڕەبە بەدەویە چادر نشینانەی کە لە دەوروبەری بەسڕەدا نیشتەجێ بوون و لە نێویاندا زمانێکی پاراوو قسەکردنی باش فێربووە. بەشار بە کوێری لە دایک بووەو هیچی نەبینیوە! هەر بۆیەش لە هۆنراوەکانیدا شتێکی بە شتێکی ترلێکچواندووە! بەشار بەجۆرێک هۆنراوەکانی دادەڕێژێت کە خەڵکی تر بە دووچاوەوە ناتوانن وا دایان بڕێژن. بەشار لەو ڕووەوە لە هەموویان شاعیرتر و پێشکەوتووترە! لە هەموو دەرگاکانی و بەشەکانی شێعری داوەو تێیدا سوارچاکێکی شارەزا بووە، بەشار بە شێعری گاڵتە ئامێزو تەنزو غەزەل و هەجو ناوی دەرکردووە، بەشار بن بەرد تۆمەتی زەندیق و بیدعەچی و بێدینی درایە پاڵ و هەر بۆیەش خەلیفە مەهدی فەرمانی کرد لێی بدەن و بەشاریش لە ژێر ئەشکەنجەو قامچی و لێداندا بەرگەی نەگرت و مرد و لاشەکەشیان لە شاری بەسڕە بەخاک سپارد! بەشار بن بەرد کەسێکی زەندیق و پۆیولیستی خاوەن ئۆتۆریتەی جەماوەری بووە.


بەشار بن بەرد لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت:


تێبینی: من هەر بە شێوەی هۆنراوەی کوردی هەوڵم داوە هۆنراوەکەی بەشاربن بەرد بکەمە کوردی بە کێش و قافیەی کوردیەوە بێ ئەوەی بهێڵم ماناو ناوەڕۆکی هۆنراوەکەی بەشار تێک بچێت .(ش، ع)

لە باوکە ئادەم ، باشترە ئیبلیس ....با لاتان ڕوون بێت، گەلۆی هیچ و پیس
توخمی ئەو ئاگرە، هی ئادەم خۆڵە....ئاگرهەربەرزەو، خۆڵیش وەک دۆڵە!
زەوی تاریکەو، ئاگریش هەر ڕووناک ..ئاوریان پەرستووە، بە کۆمەڵ و تاک

دیسان بەشار بن بەرد بە تەنزو گاڵتەجاڕییەوە دەربارەی نوێژ دەڵێت:

من کاتێک دەچمە، نوێژلە گەڵ هەموان....پێکەنینم دێت ، کە دێنن شادمان
کاتێک هەموویان، دەچنە سەر ئەژنۆ ......من دادەنیشم، بێ ورتەو ڕۆڕۆ
هەر کاتێک سەریان، برد بەرەو سوجدە... من دادەنیشم ، بێ شەرم و پەردە!
بێ خەبەریشم ، لە سڵاوی ئیمام.... بە ژمارە چەند بووە، بە خوا بێ ئاگام

شەشەم : أبو علاء المعري: ( ٩٧٩ ١٠٥٨ ز). أحمد بن عبداللە بن سلێمان المعري، لە موعەڕەت ئەلنوعمان لە وەڵاتی شام لە دایکبووە. میعەڕی هەر کە گەییشتە تەمەنی چوار ساڵی تووشی نەخۆشی ئاوەڵە بوو، بەو هۆیەشەوە هەردووک چاوی لەدەست دان و کوێربوو. بەڵام ئەو کوێریە نەیتوانی ئەو بوەستێنێت کە لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە ئەو فرە چەشنیە پیشان بدا لە گەڵ ئەو تواناو زانینە زۆرەی ئەو هەیبوو دەربارەی زانست کە لەودەمەدا هاوشێوەی ئەو کەم بوون!


وا باوبوو کە میعەڕی زانایەکی وەک دەریا وابوو، هەروەها دەگوترا کە لە شێعرەکانیدا کاریگەریی شێوازی موتەنەبی لەسەر بووە! ئەو ئاستە باڵاو بەهرەیەی لەو کتێبانەدا دەرکەوت کە لە دوایدا نووسینی پاش ئەوەی کە گەڕایەوە بۆ ئەلمیعڕە. لەوانە کتێبی اللزومیات و کتێبی رسالة الغفران. بەڵام کاتێک کە خەبەری مردنی دایکیان پێدا زۆر کاری تێکراو ئەمەش زیاتر پاڵی پێوەنا کە بڕیاری ئەوە بدات لە خەڵک دووربکەوێتەوەو بە دوورەپەرێزی و دوور لە خەڵک بژیت. وەک دەگوترێت لەو کاتەوە کە دایکی مردووە ئیتر لە ئەشکەوتێکدا ژیاوە و خۆی لەسەر کەمخواردن ڕاهێناوەو ئیترنە گۆشتی ئاژەڵی خواردووەو نە هێلکەو شیریشی خواردووە! ئا لێرەوە نازناوی بارمتەی زیندانی بەدەست هێناوە! بە واتای کوێری و ماڵەوە دێت!


لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکانی ئەلمیعەری بریتیە لە کتێبی اللزومیات، ئەو لەو کتێبەیدا توانی خۆی لەکۆت و بەندی باوەڕی دین ڕزگار بکاو لێی بێتە دەر و هەروەها خۆی گواستەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر! کتێبێکی بەناوبانگی تریشی هەیە بە ناوی رسالة الغفران. ئەو کتێبەی بە شێوازێکی زۆر جوان نووسیوەو کردووشیەتی بە دیاری بۆ پیاویک بە ناوی علی بن منصور الحلبي! لەو کتێبەدا ئەو شاعیرە زەندیقانەی خستوونەتە ڕوو کە ئەو لێیان خۆشبووە، ئاوی ئەو کتێبەش هەر لەو لێخۆشبوونەوە هاتووە! هەروەها ئەوانەی کە بۆ بەهەشت بەرزکراونەتەوە، زۆرێکیش لە هاوچەرخەکانی بە زەندیقیان حساب کردووە، هیچ باوەڕێکی ئیسلامیی نیە کە ئەو گاڵتەی پێنەکردبێت! بۆیە ئێمە هیچمان لەبەردەم دانیە بێجگە لەوەی کە بڵێین ئەو کەسێکی بە گومانی گەورە بووە ! ئەبو عەلاء ئەلمیعەری باوەڕی بە یەکتا پەرستی هەبووە بەڵام خودای ئەو هیچ نەبووە بێجگە لە چارەنووسێکی نادیار، هەروەها ئەو لائەنگری بیرۆکەی سرووش و هاتنە خوارەوەی وەحی خودایی نەبووە، بۆیە بەلای ئەوەوە دین درووستکراوی دەستی مڕۆڤ خۆیەتی! هەر بۆیەش ئەو هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ئەو کەسانەی کە ئیرادەی خەڵکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێناو وایان لەخەڵک دەکرد کە باوەڕ بە خوڕافات بهێنن تاکو ئەوان بتوانن دەست بە دەسەڵات و پارەوە بگرن!
ئەوەتا المعري لە کتێبی اللزومیات دا دەڵێت:
غروور مەیلی بەلای گەندەڵیدایە هەمیشە ......یەکسانە بە چەواشەکاری هەرچی دینیشە
ئەگەر لە خەڵکانی سەر بە دینێ و پرسیوە ...بە لێکچوون ئەوەی کەڕێکیان خستووە گۆڕیوە
لە ڕێی لۆجیک و عەقڵەوە ناکەن ئیدانە .....لەبۆ شکاندنی عەقڵ بە درۆ و دەلەسە نیازیانە

حەوتەم: الحلاج: ( ٨٥٨ ٩٢٢ ز). لە نێو کوردا بە هەللاج ناسراوە . هەللاج ناوی تەواوی بریتیە لە : الحسین بن منصور بن محمی، نازناوەکەی بریتی بووە لە هەللاجی کوڕی موغیس، هەلاج فەیلەسوفێکی عیڕفانی بووە، هەندێک لە مێژوونووسان دەیخەنە ڕێزی ئەوکەسانەوە کە شتی پەنهان و نادیاریان زانیوەو هەست پێکردووە و خوا ناسیش بووە، هەندێکی تر لە مێژوونووسان هەللاجیان خستۆتە ڕیزی زەندیق و بێدینەکانەوە. باپیری هەللاج کەسێکی مەجوسی ئاگر پەرست بووەو دوایی بووەتە موسڵمان، لە سەرەتادا لە شاری البیضاء بووە لە وەڵاتی فارس،بەڵام لە شاری واسیت لە عێڕاق گەورە بووەو دوایی ڕۆییشتووە بۆ شاری بەسڕە.


هەللاج هەندێک شتی لێ باس دەکەن و دەگێڕنەوە کە بە کاری موجیزە حیساب دەکرێن. ئەوەتە الذهبي لە کتێبەکەیدا بە ناوی "العبر في خبر من غبر" دا دەربارەی هەللاج دەڵێت:" هەلاج یاوەرو هاوڕێی تەستەری و جونێد وئەبو حوسێنی نەوری بووە و ئەوانیش ڕابەران و پێشەوایانی عیڕفانی و سۆفیگەریی بوون ، ئەوان هێندە لەگەڵ خوادا تێکەڵ بوون کە خۆیان و خودایان تێکەڵ بەیەک کردووەو وەک یەک شت بینیویانە" ئینجا هەلاج بەرەو هیندوستان ڕۆییشت و لەوێش سێحرو جادووی خوێندو بەو هۆیەشەوە تووشی حەڵەتێک بوو کە شەیتان بەسەریدا زاڵبوو، ئیتر ئیمان و باوەڕی ئایینی لە لا نەما. بیروباوەڕی ئایینیی هەلاج گەییشتە ئەو ئاستەی کە ئیتر هەلاج باوەری بە یەکبوونی بوون هەبوو( وحدة الوجود). ئەو پێی وابوو مڕۆڤ لە خودی خوادا تێکەڵ بووە! هەلاج شاعیرێکی بەتواناو شکۆمەند بووەو لە شێعرەکانیدا باوەڕی سۆفیگەریی و عیڕفانی خۆی ڕوونکردۆتەوەو پەیوەندی خۆشی لەگەڵ خوادا نیشانداوە.
بۆ نموونە ئەوەتە لە شێعرێکیدا پەیوەندی خۆی لەگەڵ خوادا نیشان دەدا:
هەلاج دەڵێت:
منم کە خۆشم دەوێت و ئەوەی کە خۆشیشم دەوێ منم
هەردووکمان دوو گیانین و شوێنیشمان یەکەو منم !

لە شوێنێکی تردا هەللاج دەڵێت:

هەر کە منت بینی، وا دابنێ ئەو دەبینی
کاتێکیش ئەو دەبینی، تۆ پێکەوەن دەبینی

دەگوترێت بۆیە هەللاج بەو ناوەوە بانگکراوە چونکا توانای ئەوەی هەبووە کە زانیویتی چی هەیەو چی دەگوزەرێت لە ناو دڵاندا! دەڵێن هەلاج توانیویەتی ناوەڕۆک و هەناوی قسە دەربێنێ و لێی تێبگات و شی بکاتەوە، وەک چۆن هەلاج کە لۆکە شەی دەکاو ناوەڕوک و باشیەکەی دەردێنێت! کاتێک زانیاری دەربارەی هەلاج بە خەلیفە ئەلموقتەدیر گەییشت و پێیان گوت کە هەلاج چ کارەیەو چۆن بیر دەکاتەوە، ئەویش فەرمانی کرد بە ئەبا ئەلحەسەن علی بن احمد ئەلڕاسیبی کە بەرپرسی کۆکردنەوەی باج و خەراجی ناوچەی ئەهواز بووو تاکو هەلاجی بۆ پەلبەستوو بکات و بیهێنێت بۆ بەغدا! ئەویش فەرمانی خەلیفەی تەواو بەجێ گەیاندو هەلاجی لەگەڵ کوڕێکیدا گرت و هەردووکیانی بە پەلبەستوویی لە ساڵی ٣١٠ی کۆچیدا گەیاندە بەغدا. لەوێ لە بەغدا خەلیفە فەرمانی کرد کە هەلاج بە قەدی دارێکەوە هەڵواسن وەک ئەوەی لە خاچ بدرێت و ئینجا دوایی خستیە زیندانەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و دوایش ئەنجومەنێکی دادوەری و فەقێکانی بۆ ئامادەکردو لەو دادگایەدا ئینجا خەڵکیان لەسەر کردە شاهیدو بەو هۆیەشەوە بە تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی و گومڕایی و لە دین دەرچوون ئەنجومەنی دادوریەکەو فەقێکان بڕیاریان دا کە بیکوژن و خوێنی حەڵاڵ کرا. ئینجا بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی کوشتنەکەی دایانە دەست نازوک، بەرپرسی پۆلیسی ئەوکات، ئینجا لەوێ لە لایەن ئەشکەنجە دەەرانەوە هەزار قەمچی لێدراو ئینجا هەرچوار پەلیان برین و سەریشیان لیکردەوەو دواییش هێشتا ئەوەندە لەشەی کە پەلوپۆی پێوەنەمابوو هەر دەجولاو گیانی تێدا دەهات و دەچوو کە فڕێیان دایە ناو ئاگرەوەو سوتاندیان!


هەشتەم: إبن الراوندي ( ٨٢٥ ٩١١ ز). ئیبن ڕاوندی ناوی تەواوی بریتیە لە احمد بن یحیی بن إسحاق ابو الحسن الراوندي .. ناوی ڕاوندی لە ناوی یەکێک لە دێهاتەکانی ئیسفەهانەوە هاتووە. ئیبن ڕاوندی فەیلەسوفێکی خاوەن نفوس و جێ ئیعتیبارو بەڵام بە بێدین ناسرابوو، لە گەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی کەلام وئیلاهیات دانیشتن و دیبەیت و مونازەرەی کردووە، ڕاوەندی کەسیکی تایبەت و بێوێنەو بە توانابوو، ڕێبازی تایبەت بەخۆی هەبوو لە ڕووی باوەڕی ئایینیەوە، وەک و ئەوەی کە لە کتێبەکانیانەوە هاتووەو لێی باس دەکەن یەکێک لە بۆچوونەکانی بریتی بووە لە توانەوەو سەرهەڵدانەوەی ڕوحی خودا لە ئیمامەکاندا ( ڕابەران و پێشەوایانی ئایینی). ڕاوندی لە سەدەی سێهەمی کۆچیدا یەکیک بووە لە کەسە ناودارو بەهێزەکانی گروپ و ڕێبازی موعتەزیلە، لەو بارەوە ڕاوندی دەستی کردووە بە نووسینی کتێب لە دوای کتێب بۆ ڕێبازی موعتەزیلە تاکو بتوانن بەرەنگاری لە خۆیان و لە ڕێبازەکەشیان بکەن، بەڵام لە دواییدا لێیان جیابۆوەو دەستی کرد بە ڕەخنە لیگرتن لە موعتەزیلەو بەرنامەو ڕێبازەکەیان ودەستی کرد بە وەڵامدانەوەیان، وە لەو بارەوە بە ناوبانگترین کتێب کە لە وەڵامی موعتەزیلەکاندا نووسیویتی بریتیبووە لە کتێبی فضیحة المعتزیلة. لەو بارەوە ئیبن عیماد ئەلحەنبەلی خاوەنی کتێبی شذرات الذهب دەڵێت:" باوکی ڕاوندی کەسیکی بە ڕەگەز جولەکە بووە هەر بۆیەش شت لەسەر ئیسلام هەڵدەداتەوە، هەر دەربارەی ڕاوندی ئەوەتە ئیبن کسیر دەبێژێت:" ڕاوندی یەکێکە لە زەندیق و بێدینە هەرێ بەناوبانگ و گەورەکان" .


هەر بۆیەش لە لایەن سوڵتانەوە داواکراوەو ئەویش لە ترسان بەرەو ئێران ڕایکردووەو بۆی دەرچووە. لە ئێران لە شاری ئەهواز پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە کە کەسێکی جولەکە بووە! لەو ماوەیەی کە لە لای ئیبن لاوی بوو کتێبێکی بۆ نووسی بە ناوی الدامغ للقران، کە بە مانای نەفرەتکردنی قورئان دێت.لەوەوە ناوی لێنا کە بەهۆی ئەو کتێبەوە بوو کە قورئانە ئەو حاڵی بەو مەرەدەبراوە! لەو بارەوە دەربارەی ئیبن ڕاوەندی ئیبن حەجەری عەسقەلانی دەڵێت:" ئیبن ڕاوەندی زەندیق و بێباوەڕو کافرێکی گەورەو بەناوبانگە، یەکەم جار یەکێک بوو لە کەسە بەناوبانگەکانی ڕێبازی موعتەزیلەو دواییش ڕووی کردە بێدینی و بوو بە زەندیق"


دەگوترێت کە ئیبن ڕاوەندی کەسێکی هەتا بڵێی زیرەک و بیرتیژ بووەو خاوەنی بۆچوونی بەهێزو ژیرانە بووە، هەر بۆیەش ئەبوعەلاء ئەلمیعری لە کتێبی رسالة الغفران دا دەربارەی ڕاوەندی دەڵێت:" من بیستوومە کەسێک دەیگووت ڕاوەندی خەڵکی بەدەورەوەیە کە چاکەکانی کورت دەکەنەوە" یەکێک لە کتێبە هەرێ مەترسیدارەکانی بۆ ئیسلامیەکان بریتی بووە لە کتێبی الزمرد. ڕاوەندی لەو کتێبەیدا بوێری ئەوەی هەبووە کە ڕێک و ڕاستەوخۆ لە پایەکانی ئیسلام بدات و لە یەکێ لە هەرێ پایە گەورەو بنچینەکانی ئیسلامی دا کە پێغەمبەرایەتیە!


ڕاوەندی باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی و وەحی نەبووە و هەرچی دەربارەی موعجیزاتی پێغەمبەر باس دەکرێت ئەو پێی درۆ بووە! ئینکاری موعجیزەی قورئانیشی کردووە. ڕاوەندی بە باشی ڕوونی کردۆتەوە کە قورئان و شەریعەتی ئیسلام لەگەڵ عەقڵ و مەتیق نایەنەوەوەو دژایەتیان لەگەڵ لۆجیک هەیە! ڕاوەندی لە چەند کتێبێکیدا بە ناوی فضیحة المعتزیلة ، التاج، الزمرد و هەروەها لە نعت الحکمة و قضیب الذهب و الدامغ دا بە باشی هێرش دەکاتە سەر شەریعەت و بە ناڕاستی دادەنێت. بە داخەوە نەیان هێستووە هیچ کام لەو کتێبانە بمێنن و بگەنە دەست خوێندەوارانی ئێستا. ئیسلام هەموو ئەوانەشی سوتاندووە!


ئەوەی کە ئیمە دەربارەی ڕاوەندی دەیزانین هەر ئەوەیە کە وەختی خۆی شێخە گەورە ئیسلامیەکان لەسەریان نووسیوەو وەڵامیان داوەتەوە بەڵام نەیان هێشتووە نووسینەکانی ئەو بەدەستمان بگەن!! ڕاوەندی لە ژێر سایەو بەزەیی مالیک بن تۆق دا مردووە لە نێوانی ڕەقەو بەغدا. دەشگوترێت کە لە لایەن یەکیک لە سوڵتانەکانی ئەودەمەوە لە خاچ دراوە! بەڵام ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایة و النهایة دا دەڵێت " ڕاوندی لە ئەهوازدا مردووە لە لای ئیبن لاوی کە وەختی خۆی کە لە ترسی خەلیفە ڕای کردووەو پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە لە شاری ئەهواز"


نۆیەم: آلرازي (٨٦٤ ٩٢٥ز). ناوی تەواوی ڕازی بریتیە لە : محمد بن زکریا الرازي. ابوبکر الرازی. یەکێک بووە لە بەناوبانگترین و دیارترین و داهێنەرترین پزیشکەکانی ئەوسەردەمە و هەروەها یەکیک بووە لە فەیلووسەفە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. خەڵکی ڕەی بووەو هەر بە ناوی ئەو ناوچەیەشەوە ئەو نازناوەی وەرگرتووە کە هەم تێدا لەدایک بوەو تێیدا گەورە بووەو هەر لەو ناوچەیەشدا خوێندوویەتی و لە دوای تەمەنی ٣٠ سی ساڵیەوە بەرەو بەغدا رۆییشتووەو لە سەرەتای تەمەنیدا شەیدای گۆرانی و مۆسیقا بووەو هەر منداڵیش بووە کە هۆنراوەی داناوە، دوایی زۆری نەبردووە کە وازی لەو کارە هێناوەو روی کردۆتە بواری پزیشکیی و فەلسەفە! ئینجا بووە بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕەی و دواییش سەرۆکایەتی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی عەزدی لە بەغدا وەرگرت.


ڕازی یەکێک بووە لە زانا دیارو گەورەکانی خوێندنگای مۆدێرن لە بواری پزیشکیدا. ئاوارەبووە بۆ بەغداو لەوێش دەستی بەخوێندن کردووە لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بەناوی حەنین بن ئیسحاق. ڕازی لەگەڵ خوێندنی پزیشکیدا خۆشی خەریکردووە بە خوێندنی فەلەکناسی و بیرکاری و هەروەها ناوبانگێکی باشیشی هەبووە لە بواری موسیقاداو یەکێکیش بووە لە تیۆریستەکانی بواری مۆسیقاداو تەواوی ئەوانەی کە لەدوای ئەو بوون ستاییشی بیردۆزەکانی ئەویان کردووە کە لە بواری مۆسیقادا هەیبوون! سەرباری ئەوە ڕازی خۆی زۆر بۆ فەلسەفە تەرخان کردووەو ئەو پێی وابووە کە دەروون یان نەفس دەبێ بابەتی یەکەمین بێت و کە پەیوەندی هەیە لە نێوانی دەروون و جەستەدا. هەروەها ئەوەی کە لە نەفس و دەرووندا دێت و دەچێت و بوونی هەیە لە نموونەی هەست و بیر لە لە ڕواڵەت و دیوی دەرەوەی جەستەدا خۆی نیشان دەدات، هەر بۆیەش لە سەر پزیشک پێویستە کە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا خۆی قەتیس نەکات تەنها بە بابەت و لایەنی جەستەوەو نابێت هەر جەستەی لە لا یەکەمین بێت، بەڵک و دەبێ لە هەمان کاتدا پزیشکیکی دەروونی و ڕوحییش بێ .


لە گرنگترین نووسراوو کتێبەکانی ڕازی بریتین لە: الاسرار( نهێنیەکان) کە G Garmana وەری گێڕاوەتە سەر لاتینی و بووە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی وگرنگی بواری کیمیا، هەروەها کتێبی المنصوري کە بە ناوی ئەمیری ڕەی یەوە ناوی لە کتێبەکە ناوە کە ناوی بریتیبووە لە محمد بن اسحاق بن احمد بن اسد الساماني بووە، هەروەها کتێبی (الفصول في الطب)یشی نووسیوە، ئینجا بابەتێکی نووسیوە لە ژێر ناوی بەردو گورچیلەو میزڵدان، هەروەها کتێبی ( تقسیم العلل، و المدخل الی الطب، و منافع الغذیة و دفع مضارها) و لەگەڵ چەندین کتێب و نوسراوی تریش.


هەروەها ڕازی چەندین نامیلکەو بابەتیشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی الجدري و الحصبة، کە بە یەکێک لە کتێبە باشەکانی بواری پزیشکی دادەنرێت کە بۆچەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕراوە و ناو و ناوبانگێکی باشیشی بۆ ڕازی پەیدا کردووە، بەڵام یەکێک لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکان ە دیارەکانی بریتیە لە کتێبی الحاوی فی الطب، ئەو کتێبە هەموو ئەو بابەت و بابەتانەی لەخۆ گرتووە کە ئەوکات زانستی پزیشکی سریانی و عەڕەبی پێی گەییشتووە. جێگەی باسە کە فراج بن سالم الاسرائیلی لە ساڵی ١٢٧٩ی زائینی ئەو کتێبەی بۆ لاتینی وەرگێڕاوە.


لە لایەکی ترەوە ڕازی یەکێک بووە لە گەورە زەندیقەکانی ئیسلام، کە پێی وابووە اللە درووستکەری چاکەیەو باشە لە خواوەیەو شەیتانیش درووستکەری کاری خەراپەیە و خەراپە هەر لە شەیتانەوەیە! بیروباوەڕی مەسنەوی فارسی کۆن! هەروەها گوتراوە کە پێنج شت ئەزەلی و هەر دەمێنن لەوانە اللە، شەیتان، زەمان و کات، بۆشایی و نەبوون، و ڕووح و گیان. ڕازی پێکهاتەیەکی پێکهێناوە لە نێوانی ڕێبازەکانی سابیئەو دەهریەو فەلسەفەو بەراهیمەی هیندیەکان. هەروەها ڕازی کتێبی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستیی پێغەمبەرایەتی نووسیوە و هەروەها کتێبیشی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستی ڕۆژی قیامەت و ڕۆژی دوایی نووسیوە. ئەمەش وای کردووە کە زاناو پێشەواو ڕابەرانی ئایینی لە خۆی تووڕە بکات و بە کافرو زەندیق و بێدین ناوزەدی بکەن!


دەیەم: التوحیدی: ( ٩٢٣ ١٠٢٣ز). ناوی تەواوی تەوحیدی بریتیە لە علی بن محمد بن العباس التوحیدی ابو حیان. دەگوترێ بۆیە ئەو نازناوەی لینراوە چونکە باوکی جۆرە خورمایەکی فرۆستوە کە ناوی تەوحیدی بووە! یان ئەوەتە کاتێک تەوحیدی لە نێو گروپی موعتەزیلەدا بووە سەربە ئەهلی دادپەروەری و تەوحید بووە هەر بۆیەش ئەو نازناوەی بەسەردا بڕاوە. تەوحیدی فەیلەسوف و کەسێکی موعتەزیلەی عیڕفانی بووە. لە نیشابوور لە دایک بووە، بەڵام زووربەی ژیانی لە بەغدا بەسەر بردووە، لەوێ لە بەغدا لەسەر دەستی زاناو شێخە بەناوبانگەکانی ئەوێ زانستەکانی فیقهو نەحوی خوێندووەو هەروەها زانستی مەتیق و زمانیشی تەواو خوێندووە.


ئەبو حەیانی تەوحیدی چەندین کتێبی بەناوبانگی نووسیوە لەوانە کتێبی المقابسات کە بریتیە لە بیرەوری و هی ئەو کاتانەی نووسیوە کە لەگەڵ ئەدیب و بیرمەندو کەسانی بەناوبانگدا دانیشتووە! لە دوای ئەوە کتێبی الامتاع والموانسی نووسیوە کە بریتیە چەند بابەتێک کە ابا عبد الحسین بن احمد بن سعدان وەزیری سەمسامی دەوڵەتی بوەیهی لە ماوەی ٣٧ شەودا قسەی لەسەر کردوون و دواییش لە کتێبێکدا هەموو قسەوباسەکانی ئەو ماوەیەی کۆکردوونەتەوە! کتێبی تریشی نووسیوە بەناوی رسالة في علم الکتابة، هەروەها ئەم کتێبانەشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی بصائر القدماء، سرائر الحکماء، کتێبی الاشارات الالاهیة لانفاس الروحیة، رسالة في الاخبار الصوفیة، کتاب ریاض العارفین، ورسالة في الامامة، هەروەها کتێبی الهوامل و الشوامل.


جێگەی داخە کە تەوحیدی لە کۆتایی تەمەنیدا کتێبەکانی سووتاندن، کە لێشیان پرسیوە بۆچی وای کردووە ئەو گوتوویەتی :" کوڕێکی خۆشەویست و هاوڕێیەکی خۆشەویست و هاوەڵێکی نزیک و شوێنکەوتوویەکی ژیر و سەرکردەیەکی تەوبەکارم لەدەستداوە" بۆیە بۆمن زۆر سەخت بوو کە لە دوای خۆم بەجێی بهێڵم بۆ کەسانێک تا دەستکاریی بکەن و گەمەی پێبکەن و کەسایەتی و شەڕەف و نامووسم لەکەدار بکەن! وە من چۆن بۆ کەسانیکی بەجێی بهێڵم کە هاوسێیەتیم کردوون بۆ ماوەی ٢٠ بیست ساڵان و لە هەموو ئەو ماوەیەدا من مافی ئەوەم نەبووە کە خۆشەویستی و هاوسەرگیریی لەەگەڵ یەکێک لەوانە بکەم و لە لایەن کەسیشیانەوە نەپارێزراوم، هەروەها چەندین جاران لە نێویاندا ناچارکراوم کە گیاوگۆڵ بخۆم لە بیابانەکاندا سەرباری ئەوەی کە کەسیکی بەناوبانگیش بووم. وە بۆخۆبەدوورگرتن لە فەزیحە لە لایەن کەسان و لە لایەن گشتیشەوە وە بۆ فرۆشتنی دین و پیاوەتیش! ئەو کەسیکی موعتەزیلە بوو لە سەر ڕێبازی جاحیز و لەگەڵ ئەوەی کە مەیلێکیشی بەللای سۆفیگەریەتیدا هەبوو. ئیتر تەوحیدی بە زەندیق ناسراو لەوبارەشەوە دەربارەی تەوحیدی ئیبن و جەوزی دەڵێت:" زەندیقەکانی نێو ئیسلام سێ کەسن کە بریتین لە ئیبن و ڕاوەندی و تەوحیدی و ئەلمیعەڕی.".


یازدەیەم: ابن سینا:( ٩٨٤ ١٠٣٧ز). ئیبن سینا ناوی تەواوی بریتیە لە الحسین بن عبداللە بن الحسن بن علی بن سینا، لە دوای ڕازی ئیبن سینا بەناوبانگترینە لە مێژووی پزیشکیی عەڕەبیدا. ڕازی لە پێش ئیبن سیناوە بووە لە بواری پزیشکییداو ئیبن سیناش لە پێش ڕازی یەوە بووە لە بواری فەلسەفەدا. لە ڕاستیدا ئیبن سینا سیفاتی پزیشکیی و فەیلەسوفیی و فیقهیی و شاعیریی تێدا هەبووە. ئیبن سینا لە وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە Avicenne ناسراوە، لە ئەفیشنە کە یەکێکە لە دێهاتەکانی بوخارایە لە دایک بووە، باوکیشی لە بەڵخ بووەو دوایی ڕووی کردۆتە بوخارا. لە بوخارادا کاری ئاڵو وێری پارەوپووڵی کردووە!


لە بوخارادا باوکی ئیبن سینا دەنێرێت بۆ خوێندن و قورئان تەواو دەکاو دواییش ئاشنایی پەیدا دەکات لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی و ئایین و دواییش دەست دەکات بە خوێندنی زانستە سرووشتیەکان و پشتی سرووشت و بیرکاری و مەتیق، ئینجا لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بە ناوی عیسا بن یەحیا هونەرو وانەی پزیشکی خوێندووەو فێر بووە! شەیدای فەلسەفە بووەو خۆی بە فەلسەفەی میتافیزیکی پشتی سرووشتەوە خەریک کردووە و هەروەها کتێبەکەی ئەرستۆی خوێندووەو سوودیشی لە کتێبەکەی فاڕابی دەربارەی ئەودیوی سرووشت وەرگرتووەو کە تێیدا زانستەکەی ئەرستۆی ڕوونکردۆتەوە! لێرەدا ئەوەی کە بەڕووی ئیبن سینادا داخرابوو کرایەوە، لەو بارەوە ئیبن سینا رێبازێکی فەلسەفیانەی لە یەکتاپەرستیدا دامەزراند کە ویستی ئیسلام و بۆچوونەکانی ئەرستۆ لێک نزیک بکاتەوە.


لە کتێبە بەناو بانگەکانی ئیبن سینا بریتین لە کتێبی الشفاء کە مەبەستی چاککردنەوەی دەروون و گیان بووە لە نەخۆشیەکان و هەڵەکان. ئیبن سینا گرنگی بە چارەسەرکردنی دەروونی و ڕوحیی داوە هەروەک و چۆن کە گرنگی بە چارەسەری جەستەیی داوە. هەروەها کتێبی النجات کە ئەویش بریتیە لە کورتەی کتێبی الشفاء. وە بەناوبانگترین کتێبی لە بواری پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی القانون کە پوختەی بیروڕای پزیشکیانەی ئیبن سینا یە لەوانەش بەرهەمەکانی یۆنانی و عەڕەب! ئەو کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا بۆ زمانی لاتینی وەرگێڕڕاو لە سەدەی پازدەهەمیشدا شازدە جار چاپکرایەوە!هەروەها هەتا کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم ئەو کتێبە وانەیەکی فێربوون بوە لە زانکۆکانی ئەوروپادا.


ئیبن سینا هەمان پڕەنسیب و بنەمای فاڕابی هەبووە ک لە پێش خۆیدا بووە و کە گوتوویەتی جیهان ئەزەلیەو هەر هەبووەو درووست نەکراوە، هەروەها گوتووەیەتی و پێی وابووە کە اللە لە شتە گەردوونی و گشتیەکان ئاگادارەو گوێ بە شتە بچووک و تایبەتمەندیەکان نادات و لای گرنگ و یەکەمین نین. ئەو پێی وا نەبووە کە جەستە لە گەڵ ڕوح لە ڕۆژی قیامەتێدا زیندوو دەبێتەوە! هەر بۆیەش غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا ئیبن سینای کافراندووەو بە زەندیقی کردووە، ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایە و النهایە دا هەمان شی غەزالی پشتڕاست کردۆتەوە! هەروەها ئیبن عماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەڵێت :" کتێبەکەی ئیبن سینا بە ناوی الشفاء فەلسەفەیەکی لە خۆگرتووە کە دڵێکی ئایینی بۆ ڕەت ناکرێتەوە" هەروەها شێخی ئیسلام ئیبن و تەیمییە پشت ڕاستی ئەوەی کردۆتەوە کە ئیبن سینا سەر بە ڕێبازی ئیسماعیلی باتینیی بووە کە ئەوانیش نە لە موسڵمانان و نە لە ئایینی جولەکانن و نە مەسیحیشن، هەروەها دیسان دەربارەی ئیبن سینا لە شوێنێکی تردا ئیبن تەیمییە دەڵێت:"کەسانی خەیاڵ و وەهمن وهەر ئەوانەشن کە دەڵێن پێغەمبەران دەربارەی خوا زانیاریان پێداوین هەروەها دەربارەی ڕۆژی قیامەتێ وهەروەها دەربارەی بەهەشت و دۆزەخ و مەلائیکەتیش ئەمەش لەگەڵ بابەتەکەدا ناگونجێت! بەڵک و بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵ کراوە کە لە خەیاڵ و وەهم نزیکە لە بۆچوون و دیدی خۆیانەوەو لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێت.


ئیبن سیناو پێڕەکەی پێیان وایە خودا جەستەیەکی گەورەیەو جەستەش دەگەڕێتەوە بۆ سزاو بەختەورییەکی بەرجەستە.ئیبن سینا لەو بارەوە و لەسەر ئەو بنچینەیە یاسایەکی بۆ داناون و ئەو یاسایەی کە ئاماژەی پێداوە لە کتێبێکیدا بەناوی الاضحویة. ئەوانە دەڵێن پێغەمبەران بەو دەربڕینانە مەبەستیان ڕواڵەت و دیوی دەرەوەیەو مەبەستیشیان ئەوە بووە کە جەماوەر لێیەوە ئەو ڕواڵەتانە تێبگات! جا ئەگەر ئەو ڕواڵەتانە لە خۆیدا درۆو دەلەسەو توڕەهات بن ئەوا بۆ بەرژەوەندی یەو بەس. ئینجا کێن ئەوانەی کە دەڵێن:" پێغەمبەر ڕاستی دەزانێت بەڵام پێچەوانەکەی نیشانداوە لە پیناوی بەرژەوەندیدا؟ تێشیاندا هەیە کە دەڵێت:" پێغەمبەر ڕاستیی نەزانیوە وەک ئەوەی کە فەیلەسوفان زانیویانە! هەر بۆیەش ئەوانە فەیلەسوفێکی تەواو پێگەییشتویان بەلاوە باشترە لە پێغەمبەرێک..هەروەک فاڕابی و موبەشیر فاتک و ئەوانەی ترتیش فەیلەسوفیان پێ باشترە لە پێغەمبەر!


شازدەیەم: عومر الخیام ( ١٠٤٨ ١١٣١ ز). ناوی تەواوی بریتیە لە عمر بن ابراهیم غیاث الدین ئەبو الفتح. عومەر الخیام خەڵکی نیشابورە. شاعیر و فەیلەسدوفە، هەروەها زانایەکی بەناوبانگی بواری فەلسەفەو بیرکاریی و فەلەکناسی و زمان و فیقهو مێژووە. زووربەی هۆنراوەکانی خەیام بە چواردەوری مەیی و خۆشەویستیدا دەخولێنەوە.
ئەوەتە خەیام دەربارەی بەهەشت دەێت:

بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەڕابی پاکی دەڕوا پێدا!
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ؟
دەستکەوتەکە هەر یەکن بە هەردووک ڕێدا
چوارینەکانی خەیام .....وەرگێڕانی هەژار موکریانی

هەروەها ئەوەتە خەیام ڕوو دەکاتە خوداو قسەی لەگەڵ دەکات ودەڵێت:

دنیایە لە کەودە بێ گوناهێکی نیە
کەس بێ هەڵە نەژیاوە لەسەر ئەو زەویە
من کردە خەراپ و تۆش خەراپەم تووشکەی
جیاوازی لە نێوان من و تۆدا خوایە چیە؟
چوارینەکانی خەیام .......وەرگێڕانی هەژار موکریانی

خەیام دیسان پرسیار دەکاو دەڵێت:
کێ لە هاتندا پرسی پێ کرا
خۆ لە مردندا هەر بەزۆر برا
نامەرد هەی ساقی شەڕابێ تێکە
بۆ دنیای تاریک هەر مەبە چرا
چوارینەکانی خەیام ......وەرگێڕانی شێخ سەلام


حەڤدەیەم: إبن عربي (١١٦٥ -١٢٤١ز). ناوی تەواوی ئیبن عەڕەبی بریتیە لە محمد بن علی بن محمد الحاتمي الطائي، المرسي الاندلسي محي الدین ابوبکر ناسراو بە ئیبن عەڕەبی"بە بێ ئامڕازی ناساندنە ئەویش بۆ جیاکردنەوەیەتی لە دادوەر ئەبوبەکربن عەڕەبی"یە . ئیبن عەڕەبی لە شاری المرسی لە ئەندەلوس لە دایک بووە لە تەمەنی لاویەتیدا ڕۆییشتووە بۆ شاری ئیشبیلیەو لەوێدا دەستی بە خوێندن کردووە، دوایی گواستوویەتیەوە بۆ قورتوبە. لە شاری قورتوبەدا دەستی کردووە بە خوێندنی زانستەکانی قورئان و زانستەکانی فیقهو حەدیس. ئینجا ئیتر ئیبن عەڕەبی بەرەو ڕێبازی بیروباوەڕی (زاهیری) کە ڕێبازی ئیبن حەزم بووە ڕووی وەرگێڕاوە وە.


لەوێ لە قورتوبە ئیبن عەڕەبی پەیوەندی کردووە بە زاناکانی ئەودەڤەرەوە لە نموونەی ئەبی ئەلوەلید بن ڕوشد و ئەبی ئەلقاسم بن بشکوال وچەندین زانای تر. ئیتر لێرەوە بیروڕای خەڵک جیاوز بوو سەبارەت بەو بابەتە و خەڵک هەبووە ئیبن عەڕەبی یان بە وەلی و پیاوچاک و لەخوا ترس و کەسێکی نوورانی زانیوەو خەڵکیش هەبووە بە بێدین و کەسێکی ماریق و ناپاک و زەندیقیان زانیوەو حیسابی کافریان بۆ کردووە. دەگونجێت بۆچوون و بینینی ئەوانە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئیبن عەڕەبی ڕەنگە بە ڕواڵەت هەندێک زیادەڕەوی کردبێ کە لادانی گەیاندبێ لە شەڕیعەتی ئیسلامیدا. ئیبن عەڕەبی یەکیکە لەو کەسانەی کە پێی وابووە و گوتوویەتی :" خوداو سرووشت هەر یەک شتن و گەردوونی مادەو مڕۆڤیش هیچ شتێک نین بێچگە لە دەرکەوتنی ڕووکارو جەوهەری خودی خوداوەند.".


دەگوترێت ئیبن عەڕەبی لەسەرووی ٤٠٠ چوارسەد کتێبی نووسیوە لە بەناوبانگترینیان بریتین لە " الفتوحات المکیة، فصوص الحکمة، مفتاح السعادة، محاضرة الابرار و مسامرة الاخیار". کتێبی (فصوص الحکمة)ی لە شاری دیمشق نووسیوە بە ١١ ساڵ پێش مردنی. مەبەستی ئیبن عەڕەبی بەو کارەی بریتی بووە لەوەی کە ژیان و مێژووی ئەو پێغەمبەرانەی کە ناویان لە قورئاندا هاتووە بخاتەڕوو لەبەر ڕۆشنایی عەقیدەو بیروباوەڕی یەکتاپەرستی، ئەو کارەی ئیبن عەڕەبی یەکسان بووە لە گەڵ کتێبی پیرۆزدا یەکیان گرتۆتەوە. ئیبن عەڕەبی لەو کتێبانەیدا هەستاوە بە ڕوونکردنەوەی ڕێبازەکەی خۆی کە بریتیبووە لە رێبازی ٠وحدة الوجود) واتە یەکیەتی بوون. ئەم ڕێبازە بریتیە لە تێکەڵکردنی خودایەتی و مڕۆڤ و کردنیان بەیەک شت. هەروەک چۆن ئاو تێکەڵ بە مەی دەکرێت و بەجۆرێک کە ناتوانرێت لێک جیا بکرێنەوە. ئەو عەقیدەو باوەڕە هەر ئەو شتە بوو کە وەختی خۆی پێش ئیبن عەڕەبی هەللاج لەسەری بووەو ڕایگەیاندبوو!
چواردەیەم : إبن عفیفي : ( ١٩٧٤- ... ز) . بریتیە لە ئەحمەد عەفیفی، کەسێکی بەتواناو ڕۆمان نووسێکی خاوەن بەهرەی باڵایە، کەسێکی زەندیق وکافرو بێدین و هەرتەقەیە. ئەو دەستی بە ترووسکەیەک لە ڕووناکیەوە گرتووە لە جیهانێکی عەڕەبی وادا کە تاریکی باڵی بەسەردا کێشاوە!

________________________________
سەرچاوە:

سەرچاوە: الحوار المتمدن: https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=348245
 

ماڵپه‌ڕی شوان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک