١٣\١\٢٠٢٠
مەترسییەکانی
دەوڵەتی خاوەن نەوت.
وردبوونەوە لە
پارادۆکسی زۆریی.*

تێری
لێین کارڵ |

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
نەژاد عەزیز سورمێ |
- بەشی یەکەم -
با بیر و خەیاڵمان بگەڕێنینەوە ساڵانی
١٩٧٣ و ١٩٧٤ کە نرخی نەوتی خاو چوار ھێندەبەرز بووەوە و یەکەمین
قەیرانی وزەی لە جیھاندا دروست کرد.
سامانێکی بێسنووری ھێنا ، تاکە سامان بوو بێ شەڕ وەدەست بێ و کاری
کردەنی لە سیستەمی جیھانیدا بکا ، پێشبینی ناقۆڵا لەبارەی توانای
شێردراوەی زۆربوونی سامانی وڵاتانی نێردەکاری نەوتیش ھاتە گۆڕێ. ١
لە کاتێکیشدا وڵاتانی پیشەسازی شڵەژا بوون و ئارامیان لەبەر بڕا بوو لە
ترسی ئەوەی نەبادا ڕێکخراوی دەوڵەتانی نێردەکاری نەوت( ئۆپێک) ببنە
گەورەترین دراوگۆڕەوەی بەھێز لە جیھاندا ٢، وڵاتانی نێردەکاری نەوت لە
خوماری خۆشییدا بوون ، لەو بڕوایەدا بوون خۆشگوزەرانی ژێرخانێکی
بەردەوامیان لە ئابووری پاش نەوت بۆ مەیسەر دەکا، ھەروەھا بۆ ھێزی تژیی
لەکار (زاڵ بوونی تەواو بەسەر بێکاریدا) و ئاسایشی نەتەوەیی و
سەقامگیری سیاسی.
بە کورتی وایان لێکدایەوە ئەو خۆشگوزەرانییە ھەل بۆ نێردەکارانی نەوت
دەڕەخسێنێ بگەنەوە وڵاتانی جیھانی یەکەم (وڵاتە پێشکەوتووەکان).
بەم جۆرە دەبینین شای ئێران پەیمانی بە گەلەکەی دا ((شارستانییەتێکی
مەزن)) یان بۆ بنیات بنێ ، لە کاتێکدا سەرۆکی فەنزەوێللا ، کارلۆس
ئاندریاس پیریز پێشبینی (( فەنزوێللای مەزن))ی لە ئایندەیەکی نزیکدا
کرد، پیرز پێی وتم: ((ڕۆژگارێک دێ بەم نزیکانە ئەمریکاییەکان
ئۆتۆمبیلی وا داژۆن کرێکارانی ئێمە لە کارگە نوێیەکانی فەنزەوێللا
بەتامپۆنپارێزی ئەلەمنیۆمیی فەنزوێللایی و بە سووتەمەنی نەوتی خۆمان
بەرھەمیان ھێناوە ، ئەو دەمە تەواو وەک ئێوەمان لێ دێ)). ٣
پاشان دەرکەوت ئەو پێشبینی و ڕەمڵ لێدانانە ، لە داڕشتەیەکی نوێی ((ئەفسانەی
میداس)) زیاتر نەبوون . دوای تێپەڕینی چارەکە سەدەیەک بەسەر جۆش و
خرۆشی نەوتیی دەیەی حەفتاکان ، لەگەڵ بوونی دوو قەڵەمبازی گەورە لە
نرخی نەوت لە دەیەی نۆھەتەکانیشدا دەبینین زۆربەی دەوڵەتانی نێردەکاری
نەوت لە قەیراندا گینگڵ دەدەن ، بەتایبەتی ئەوانەی بە دەست کەمی
سەرمایەوە دەناڵێنن. ٤
ئەو وڵاتانە دووچاری تەنگەتاوی و داڕمانی بەرھەم و ھەڵاتنی سەرمایە و
دابەزینی توانا و زیاد بوونی ھەڵئاوسان (بە ژمارەی دەیی) و زیاد بوونی
خەیاڵیی بەھای دراو و کورتھێنانی بودجە و دیاردەی دی لەو بابەتە
بوونەوە.
ئیدی وای لێ ھات زۆربەی ئەو وڵاتانە پەلە بکەن لە ھێنانی سەرمایەی
بیانی بۆ پرۆژەی ھاوبەش کە پێشتر وەختی خۆماڵیکردنی نەوت لە
حەفتاکاندا بە دوایی ڕەتیان دەکردەوە.
گەیشتە ئەوەی شینگی ئابووری وڵاتانی نێردەکاری نەوت بێ تاوتر دەبوو بە
چەشنێک پشتبەستن بە نەوت و قەرز بە ئاستێک بەرز ببێتەوە زیاتر لە
ساڵانی بە بەرەکەتی نەوتاوی.
لەو ڕاستەدا سەقامگیری سیاسی چەسپاوی خۆیشی لەدەست دا ، زۆر لەوڵاتانیش
، لە نایجیریا تا فەنزوێللا و ئەندەنووسیا وجەزاییر ناکۆکی و
خۆپیشاندان و شڵەژانیشیان بەخۆوە بینی ، تەنانەت شەڕی ناوخۆیش خەریک
بوو ھەڕەشەی لە دانیشتووانی دەوڵەتانی ئۆپێک دەکرد.
وەک چۆن زێڕیش لە ئەفسانەی مەلیک میداسدا لەگەڵ ئەو ھیوایە گەورەی بە
خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەکەی پێ ھەڵچنی بوو ، ژیانی لێ تێک دا ، نەوتیش بەو
ڕەنگە سێبەری ڕەشی بەسەر ھەموو شتێکدا گرت ، یان با بڵێین ھەموو شتێکی
نەوتاوی کرد.
ئابووری نەوتاوی دەکا ، سیاسەت نەوتاوی دەکا ، ھەموو شتێک لەو وڵاتانە
نەوتاوی دەکا.
حاڵ بەوە گەیشت یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئۆپێک ، خوان پابلۆ
بیرێز ئەلفۆنسۆ بڵێ (( نەوت لە گووی شەیتان زیاتر نییە ، ئێمە خەریکە
لە پاشەڕۆی شەیتان نقوم دەبین)). ٥
ئەوەیە کە ناوی لێ دەنێم ((پارادۆکسی - (سەیرایەتی) زۆری))، ئەمەش
دیاردەیەکە سەرسڕمان لای لێتۆژ و سیاسەتکاران پێکەوە دەورووژێنێ ٦.
چونکە لۆژیک دەڵێ تێکەوتنی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت لە قۆرتی
تەنگژەیەکی توندی ئابووری و سیاسی جێی سەرنج و سەرسڕمانە - وڵاتی لێک
جودان وەک فەنزوێللا و ئێران و نایجیریا و جەزاییر وئەندەنووسیا - ئەم
وڵاتانە کە تەواو لێک جودان بکەونە سەر ھەمان دووڕیان لەگەڵ ئەوەی
جیاوازییەکی زۆریان ھەیە کارێکی سەرسوڕھێنەرە و لێکدانەوەی دەوێ ، ئەو
وڵاتانە لێک دوور وجیاوازن لە ھەموو شتێک لە نەوت نەبێ ! کە ھەر بە
سرووشت جیایە : جەزاییر لە ڕووبەردا سەت جار بە قەد کوێتە
دانیشتووانیشی جیان ، دانیشتووانی ئەندەنووسیا ١٣٢ جار لە دانیشتووانی
قەتەر زۆرترە ، لە ھەمان کاتدا لە ڕووی بڕی یەدەگی نەوتیش جیاوازیان
ھەیە ، یەدەگی سعوودیە ٢٦٥ جار لە یەدەگی گابۆن زۆرترە ، باسی جیاوازی
زۆری ھۆیەکانی دیکە ناکەین ، لێک جوداییەکی دیار لە ئاستی بژێوی ئەو
وڵاتانە لە کاتی زۆری نەوت ساڵی ١٩٧٤ دا ھەیە ، پشکی تاکەکەس لە داھاتی
نەتەوەییدا ، بە نموونە لە لە ئەندەنووسیا لە ١٧٠ دۆلاری تێنەپەڕاند،
لە کاتێکدا پشکی تاک لە ئیماراتدا ١١ ھەزار دۆلار زیاتر بوو ، دیسان
سیستەمی سیاسی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دا تەواو جیاوازە، لە نێوان
دیموکراسی (فەنزەوێللا و ئوکوادۆر) و * حوکمی سەربازی (ئێراق و
نایجیریا ) یان حوکمی سیۆکراتی ئیسلامی (سعوودیە و ئێرانی دوای ١٩٧٩)،
تا سیستەمی تاک حیزبی بەناو سۆشیالستی (جەزاییر).
جیاوازی قووڵ لە نێوان نایجیریا کە بە لای خراپترینی پێوەرەکەدایە و
ئەندەنووسیا کە کاری خۆی باشتر ڕایی دەکا. ٧
لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە بڵێین وڵاتانی خاوەن نەوت حاڵیان لەوانی
دیکەی بێ نەوت خراپترە تەنیا ئەوەیە بارەکە بەو ڕەنگە بێ یان نەبێ بە
پێی بارودۆخ و بەراوردکارییەکان.
بەڵام ئەو ڕێڕەوەی دەوڵەتانی خاوەن نەوتی گەیاندە ئەوە ، لە ھەموو ئەو
زەحمەت و ماندوو بوونەی تێیاندایە ، جیایە لەوەی لە وڵاتانی بێ نەوت
دەیبینین ، ھەموویانلەگەڵ دەوڵەمەندیشیان لە چاڵ و چۆلی قەیرانی
ھاوشێوەدا کەوتوون.
ئەو مەتەڵانەش ئاکامگیری جیھانییان ھەیە ، ئەگەرجۆش و خرۆشی نەوت
ھەژاری و نایەکسانی و تەنگژەی سیاسیی دەوڵەتانی نێردەکاریی نەوتی لێ
بەوەلەد بێ – کە ئەمەش بە ڕاستی وا بووە ، بێتوو حوکمیان بە پێی
ڕووداوەکانی ھەر دوو دەیەی حەفتا و ھەشتایەکان لەسەر بدەین - ڕەنگە ئەو
قەیرانانە بە دەوری خۆیان بەڵای نەوتیی نوێیان لێ پەیدا بێ کە ئەنجامی
زیانبەخشی وایان لێ بکەوێتەوە لە توانادا نەبێ پێشبینی بکرێ.
دەیەی حەفتایەکان نرخی نەوت سێ جار بەرز بووەوە، دوو لە شۆکی نرخ ((قەڵەمبازی
لیبیا)) ١٩٧١ و ((خرۆشانی ئێرانی)) ١٩٧٩ بە سەرھەڵدانی قەیرانی سیاسی
ناو وڵاتێکی سەرەکی لە وڵاتانی نێردەکاری نەوتەوە پەیوەست بوون . لە
ساڵی ١٩٩٠شدا بازاڕی نەوت ھەژا و نرخی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاکامی
ھەوڵی ئێراق بۆ چارەسەر کردنی گرفتە ناوخۆییەکانی بە داگیر کردنی کوێتی
ھاوسێی بەرزبووەوە.
زەین دەنێ ئاکام چی لێ دەسەنگرایەوە ئەگەر سەقامگیریی سعوودیە یا
دەوڵەتەکانی دیکەی کەنداو - بڕوخابووایە ، لە ناوچەیەکدا کە لە ٦٠٪ی
نەوتی دۆزراوەی جیھانی لێیە؟!
پێویستە ھەوڵ بدەین لە قەیرانەکانی دەوڵەتانی نێردەکاری نەوت تێ بگەین
، نەک ھەر لەبەر ئەوەی کار لە ژیانی ئەو گەلە دەکا لە ناو سنووری
یاخود لە بازنەی ناوچەکەی دایە ، بەڵکو ھەم دیس چونکە زایەڵەی ئەو
قەیرانانە بە ھێزێکی زیاتر و توندتر لە بازاڕەکانی جیھاندا دەنگ
دەداتەوە و ئاشتی ھەموو جیھان دەخاتە مەترسییەوە.
کەواتە پرسیارئەوەیە : نەوت چۆن کار لە ئابووری وڵاتانی بەرھەمھێنی
دەکا؟ داخۆ تۆماری وڵاتانی ئۆپێک لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە
خرۆشانی نەوتەوە لە حەفتایەکاندا چییە؟ ئایا تۆماری گەشەکردن
ھاوێشتراوێکە بێ ھاوێژەر بتوانرێ بە فێر بوون لە ڕابردوو نەھێشترێ، یان
ئەو نموونەی ڕووی داوەلە ھەر کوێیەک نەوت بدۆزرێتەوە شایانی دووبارە
بوونەوەیە ؟ ئەی ئەو ئەنجامانەی لە ئاکامی بە پشتداشکانی
گەشەسەندنەوە کە لێی دەکەوێتەوە؟
___________________________________
پەراوێز:
* گۆڤاری کاروباری نێودەوڵەتی - پایزی ١٩٩٩ ، ٥٣
، ژمارە (١) زانستگەی کۆلۆمبیا- نیۆرۆک .
Journal of International Affairs, Fall 1999 , 53,
no.1
© The Trustees of Columbia University
١- جەھانگیر ئامۆزیگار پێی وایە بە نموونە ، بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی
ئەوەی کرد دەسکەوتی دەوڵەتانی ئۆپێک بە ھاتنی ساڵی ١٩٨٥ لە ١٢٠٠ ملیار
دۆلار تێدەپەڕێنێ ، ئەمەش زۆر دوورترە لە بارودۆخی ئێستا کە کورتھێنانی
ھەژماری خوولاوی ئەو وڵاتانە ١٥ ملیار دۆلارە ، لە کاتێکدا نرخ لە ساڵی
١٩٨٥ دادەبەزی . تەماشای (بەڕێوەبردنی سامانی نەوت)ی ئامۆزیگار بکە:
Jahangir
Amuzegar , Managing the Oil Wealth OPEC’s
Windfalls and Pitfalls ( London: I.B. Tauris Publishers, 1999) p.ix
٢- دەستەواژەی ( ھەناردەکارانی نەوت ) کە لەم لێکۆڵینەوەدا بەکار
ھاتووە ئاماژەیە بۆ دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک و بە تەنیا
مەکسیک ، ئەگەر
لە ڕێڕەودا جیا لەوە نەگەیێنێ.
٣- ئەم دیدارە لە کاراکاس لە تۆغیانی دووەم خرۆشی نەوت کراوە ، واتە
ساڵی ١٩٧٩ ، ئەو بیروڕایانەی ئێرەش سرووشتی ئەو ھیوایانە دەردەخا کە
ئەو دەمە بە نەوتەوە ھەڵچنرابوو. (کاراکاس - ئاداری ١٩٧٩).
٤- ئەو وڵاتانەی سەرمایەیان کەمە ، ئەو وڵاتانەن قەوارەی دانیشتووانیان
تا ڕادەیەک گەورەیە و یەدەگێکی تا ڕادەیەک بچووکیان لە نەوت ھەیە بە
بەراورد لەگەڵ وڵاتانی وەک میرنشینەکانی یەکگرتووی عەرەب یان کوێت یا
سعوودیە، بە نموونە: نایجیریا، جەزاییر، ئەندەنووسیا، ئێران، فەنزوێللا،
ئۆکوادۆر یا مەکسیک. بۆ زیاتر لەم جیاوازیانە بڕوانە کتێبەکەم:
Terry Lynn Karl, The Paradox of Plenty; Oil Booms and Petro -
States: (Berkeley, CA
University of California Press, 1997)
٥- بیرێز ئەلفۆنسۆ ئەم دەستەواژەیەی لە دیدارێک لەگەڵ نووسەردا بەکار
ھێناوە (کاراکاس ، فەنزەوێللا - تەموزی ١٩٧٦) بەڵام ئەم دەستەواژەیە لە
پاشاندا بوو بە ناو ونیشانی یەکێک لە کتێبەکانی.
٦- (١٩٩٧) Karl.
٧- بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەو جیاکاری و جیاوازیانە بڕوانە:
Karl (١٩٩٧) بە تایبەتی ھەردوو بەشی سێیەم و
چوارەم ، ھەروەھا بڕوانە ئامۆزیگار (١٩٩٩) بەشی یەکەم.
___________________________________
ئاماژەیەک لە وەرگێڕەوە:
(تێری لێین کارڵ پرۆفیسۆری ئەمەریکایی بواری
زانستە سیاسیەکان، ٢١ی نۆڤێمبەری ١٩٤٧ لەدایک بووە. ئەم لێکۆڵینەوەیەی
کاتی خۆی ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن - پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق -
کەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەکرد کراوە
بە عەرەبی و وەکات لە بەغدا و ھەولێر و بێرووت بڵاوکراوەتەوە. نووسەر
لەم لێکۆڵینەوەیدا بە ڕاشکاوی باسی گرفتە پەنھان و ئاشکراکانی نەوت
ومەترسییەکانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەکا کە چۆن ئەگەر پسپۆری دڵسۆز و
لێزانی حیکمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا
بەسەر خودی دەوڵەتەکەوە ونەک ھەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵکو
دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە، لەم بوارەشدا نموونە و داتای
حاشاھەڵنەگر و ھەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە
دواکەوتووەکاندا. بە ھۆی گرینگی لێکۆڵینەوەکە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە
پەیوەندیدارەکانبە پێویستم زانی بیکەم بە کوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم
چەشنە کاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەکی ئەدەب و ھونەر).
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|