٢٠\١\٢٠٢٠
مەترسییەکانی
دەوڵەتی خاوەن نەوت.
وردبوونەوە لە
پارادۆکسی زۆریی.*

تێری
لێین کارڵ |

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
نەژاد عەزیز سورمێ |
- بەشی
سێیەم -
تۆماری ئۆپێک.
کارڕایی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ئۆپێک دوای سێ شەپۆلی خرۆشانی نەوت
گەواھییەکی حاشاھەڵنەگرە بەسەر ئەم تەڵە داڕێژراوەدا.
ڕەنگە ئەوەی زیاتر لێتۆژ نیگەران دەکا کە لە تۆماری ئەو وڵاتانەدا ،
نێوان ئەو دوو دەیەیە دەکۆڵێتەوە سەرەتای حەفتایەکان بەدوای خرۆشانی
نەوتەوە ھاتن ئەوەیە ، وڵاتانی تر بە کردەنی بە پلەی جیاواز
پاشەکشەیان لە گۆڕینی ئەو زۆربوونە گەورەیەی لە کۆی بەرھەمی ناوخۆدا
GDP بۆ خۆشگوزەرانی ھاوشێوە لە ژیانی
گەلەکانیاندا کرد ، لەباتی ئەوە لە بارێکی خراپتر لەوەی یەکەمین جار
بۆی دەچین دەیانبینین ، چونکە ئەو دەوڵەتانە بەدەست داڕمانی کشتوکێڵ و
کەرتی پیشەسازی و داڕمانی سیستەمی بانکی و کەم بوونەوەی ھەناردەی
دەرەوەی نەوتەوە گیرۆدەن ، نیشانەی بنچینەیش ھەیە پێمان دەڵێ کە دۆخی
ئەو دەوڵەتانە خراپترە لە باری زۆر لەو دەوڵەتانەی نەوتیان نییە و
ململانێیان لە پێناوی ئەوەدا کردووە خۆیان لەگەڵ زۆر بوونی لیستەکانی
وزەدا بگونجێنن.
ھەر کە گەیشتینە ناوەڕاستی نەوەتەکان وای لێ ھات کورتھێنانی ساڵانەی
وڵاتانی ئۆپێک لە شمەک و خزمەتگوزاری لە جیھانی وڵاتانی گەشەسەندوو لە
ھەمووان زۆرتر بێ ئیتر گەیشتە ئەوەی ھەموو ئەو وڵاتانە لە پێشان زیاتر
پشت بە ھەناردەی تاک شمەکی ببەستن ھەروەھا قەرزەکانیان زۆر زیادی کرد ،
سەرەڕای ئەوەش ھەموو دەوڵەتانی ئۆپێک کەوتنە بەرامبەر گەورەترین
دەستگرتنەوە (تقشف) کە لە میانی ئەو چوار دەیەیەی ڕابردوودا پێیدا
تێپەڕیون. ١١
ڕوانینێکی وردی دەرھاوێشتە بەردەستەکان وێنەیەکی ڕەشی تاریکمان بۆ
دەردەخا ، مەسەلا لە بواری نەشونمای ئابووریدا دەبینین دەوڵەتانی ئۆپێک
( ئەندەنووسیا نەبێ ) لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٤ تا ١٩٩٤ تێکڕای مامناوەنجی
گەشەی ساڵانەی زۆر کەمترە لە تێکڕای ناوەندیی گەشە لە ماوەی ساڵانی
١٩٦٠ تا ١٩٧٣ ، واتە ماوەی پێش خرۆشانی نەوت لە کۆی ڕاستینەی بەرھەمی
ناوخۆ گەشەکردنی زیاتر بووە. ١٢
لە ئەنجامی ئەو پاشەکشەیەی گەشە و ئەو زیاد بوونە زۆرەی ژمارەی
دانیشتووان ئاستی بژێوی دابەزی و زۆربەی دەوڵەتانی ئەندامی ئۆپێک ماوەی
لانی کەم دە ساڵ لە ماوەی ئەو دوو دەیەدا ئاستی بژێوی دووچاری دابەزین
بوو ، لە کاتێکدا خراپی دابەش کردنی داھات و قووڵبوونەوەی ھەژاری و
نایەکسانی تووشی وڵاتانی دیکەش بوو ، لەوەش زیاتر پشکی ڕاستینەی تاک لە
داھاتی نەتەوەیی لە فەنزوێلا و عێڕاق و کوێت و لیبیا و سعوودیە تا
ئاستێکی نزمتر لە ئاستی شەستەکان دابەزی ، لە کاتێکدا دابەزینی داھات
لە جەزاییر و ئێران و نایجیریا ھاتەوە ئاستی ساڵی ١٩٧٥ و سەقامگیری نرخ
ھەژا ، ھەروەھا ڕێکوپێکی بودجەیش دوای خرۆشانەکانی نەوت بە تەواوی لێک
ترازا.
ئێستا (١٩٩٩) دەوڵەتانی ئۆپێک بە دەست شەپۆلێکی ھەڵاوسانەوە دەناڵێنن
کە بە ڕێژەی دەییە نەک یەکی ( میرنشینە بچووکەکانی کەنداوی لێ بترازێ
) ، بەتایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی پشت بە بەھای خەرج کردنی دوولایەنە بۆ
نەختینەکانیان دەبەستن و بازرگانییان بە کۆتی حکوومەتەوە بەندە.
دەوڵەتانی ئۆپێک ساڵ لە دوای ساڵ بە دەست توشبوونیان بە کورتیھێنانی
بودجەکانیان مانەوە کە جەزاییر لە لووتکەی ئەو کورتھێنانەدا بوو ،
پاشان ئێران و ئەندەنووسیا و نایجیریا و سعوودیە و ئوکوادۆر و لیبیا و
قەتەر. ١٣
ئێستا دەوڵەتانی پارەزۆری کەنداو ھاتنە ناو ناوچەی مەترسییەوە.
بەڵام بە گوێرەی قەرزەکانی دەرەوە کە پێشتر کەم بوون و پێش خرۆشانی
نەوت نرخێکی ئەوتۆیان نەبوو ( جگە لە مەکسیک ) ، ئێستا ھەموو وڵاتانی
دیکەی ئۆپێک ھاتنە پاڵ و ڕیزی وڵاتانی بارگران بە قەرزی قورسەوە ،
لەوەش سەیرتر ئەو وڵاتانە دەستیان دایە قەرز کردن و قەرز کردن ..
خێراتر لە قەرز وەرگرتنی وڵاتانی بێ نەوت و لاواز لە گەشەدا ، ئەمەش لە
لووتکەی ھەڵڕژانی بێ شومار لە گواستنەوەی دۆلارەکانی نەوت لە جیھاندا
کرا. ١٤
بەڵام لە بواری جۆرایەتی بەرھەمدا ، واتە وێکھێنانەوەی پشت بەستن بە
نەوت یان وەک دەگوترێ ( تۆی تۆوەکانی نەوت ) بۆ ئایندە
sowing petroleum ئەوا ئەنجام دوورترە لە
ئەسڵی ویستی حکوومەتان ، لە کاتێکیشدا زۆربەی دەوڵەتانی ئۆپێک پشت
بەستنیان بە کەرتی نەوت کەم کردەوە ، لێ گونجاندنی ئەو کەم کردنەوەیە
لەگەڵ واقیعدا بۆ زیاد بوونێکی لەڕادەبەدەرە لە پشکی کەرتی خزمەتگوزاری
، ھەروەھا داڕمانێکی لە ناکاو یا وەستاوی لە کەرتی کشتوکاڵدا بە دوای
خۆیدا ھێنا ، دوا جار ، ئاسۆی بەردەوامی گەشە پێ ناچێدەربکەوێ ، ئەمەش
تەنیا بۆ پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی بەرەو چک بوون چوودا ناگەڕێتەوە ،
بەڵکو بۆ ھەندێ تێچووی شاراوەیش کە بە گشتی ناتوانرێ بەرگەی بگیرێ ، کە
وا دەردەکەوێ ، بە نموونە دەوڵەتانی ئۆپێک بڕی نزیکەی ١٠,٤٪ لە
کۆی گشتیی بەرھەمی نەتەوەیی لە بەرگری خەرج دەکا بەراورد بە ٣,٣٪
لەوەی دەوڵەتانی ڕێکخراوی ھاوکاری و گەشەی ئابووری
OECD خەرجی دەکەن ، ھەروەھا خەرجیی سەربازی لە دەوڵەتانی
ئۆپێک دا دەگاتە سێ بارتەقای خەرجی سەربازی دەوڵەتانی
OECD کە وەک ڕێژەیەک لەسەر کۆی گشتی خەرجی
حکوومەتدا ھەژمار دەکرێ.
دیسان بوونی دەستبڵاوی و بەفیڕۆدانیش لە بڕی ئەو پڕۆژانەی بە خراپی
نەخشەیان بۆ کێشراوە ، باسی ئەو بەفیڕۆدانەیش ناکەین کە لە ھەڵکشانی
گەندەڵیدا سەرچاوە دەگرێ.
لەگەڵ ئەوەی مەزەندەی باوەڕپێکراویش لەبارەی قەبارەی گەندەڵی لە بەر
دەستدا نییە بەڵام دەوڵەتانی ئۆپێک تاوانبار کردنی بە لێشاوی لەبارەی
بەرتێل و مامەڵەی گومانلێکراویتێدایە و نیشانەی ئاماژەکانی گەندەڵی کە
ڕێکخراوی (ڕووبەدەریی - شەفافییەت -نێودەوڵەتی Transparency
International) پێی گەیشتووە نایجیریا بە دەوڵەتی لە
ھەمووان گەندەڵتر دادەنێ لە جیھاندا ، پاشان دەوڵەتانی ئەندامی ئۆپێک
دێن وەک ئەندەنووسیا و فەنزوێللا و جەزاییر و ئێران وسعوودیە. ١٥
سەرەڕای ئەوەش کێشەی مەترسیداری ژینگە لە شێوەی بەرزبوونەوەی ئاستی
پیس بوونی ھەوا بە وزەی پڕ لە کبریت و وشک بوونی ئاوی سازگار و وێران
کردنی دارستانان و کەم بوونەوەی ڕووپێوی لەوەڕگاکان ، بە تایبەتیش پیس
بوونی ئاو بەھۆی زیادەڕۆی بەکارھێنانی قڕکەری پیترۆکیمیاوی - کە
ھەڕەشەیە بۆ توانایی بەردەوام بوونی کشتوکاڵ ١٦ لێ ھەندێ واتای ئەرێنیش
ھەبووە ، خەرجی حکوومەت دەسکەوتی بەرچاوی ، ئەگەر لانی کەم بۆ ماوەیەکی
دیاریکراویش بێ لێ کەوتووەتەوە ، لە زیاد بوونی ھەلی کار بە زیادییەکی
ھەستپێکراو و چاک کردنی بەرنامەکانی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی
، بە نموونە دەوڵەتانی ئۆپێک بەشێکی باشی لە داھاتی نەتەوەیی خۆی بۆ
پەروەردە و تەندروستی تەرخان کرد زیاتر لە ھەر کۆمەڵەیەکی دی لە
دەوڵەتانی گەشەسەندوو.
ئەو پەرەسندنانە لەو بوارانەدا دیارن ، ھەر چەندە لەگەڵ ئاستی
خەرجییەکانیشدا نەھاتبنەوە١٧ وەبەرھێنانیش لە ژێرخاندا زۆر و ئەنجامی
بەرجەستەی ھەبووە ، لەگەڵ ئەوەی ڕادەی پێشکەوتنیشی لەگەڵ بڕی پارەی تیا
خەرج کراودا تێک نەکاتەوە و ھەروەھا جۆری خزمەتگوزارییەکان کە لە
ئاستێکی نزمدا بووە.
ھەروەھا ھۆیەکانی گەیاندنی بە وایەر و بێ وایەر و ڕێگە و بانی
قیرتاوکراو و ھێڵی شەمەندەفەر و وێستگەکانی بەرھەم ھێنانی کارەبا
زیادەیەکی ھەستپێکراویان پێوە دەبینرا.
بەڵام جیاوازییەکی ھەستپێکراویش لە جێبەجێ کردندا ھەبوو . بۆ نموونە
ئەندەنووسیا بە ھۆی زۆر ئەگەرەوە باشترین ئەنجامی بەدەست ھێنا لەوانە
: کەمتر پشتی بە داھاتی نەوت بەستبوو ھەروەھا کەرتی کشتوکاڵی بە
شێوەیەکی کاریگەر لە ھەموو دەوڵەتانی دی زیاتر پاراست ، ڕەنگە ئەوەش بۆ
سەرگەرمی سەرۆک سوھارتۆ لە خۆبژێوی بە برنج بگەڕێتەوە.
بە ھۆی ھاتنەناوی سندووقی نەختینەی نێودەوڵتیشەوە لە ئەندەنووسیاوە
ڕاستەوخۆ دوای خرۆشانی ١٩٧٣ ی نەوت ، ئەوە بوو وڵاتەکە نەیتوانی سواری
شەپۆلی قەرز وەرگرتن ( لانی کەم قەرزی زۆر ) بێ کە زۆری نەبرد
ھەناردەکارانی نەوتی تووشی زیان کرد ، دوا جار بوونی قانوونێک
سەقامگیری بودجە بسەپێنێ ، وەک بەشێک لە سیستەمی قانوونی وڵات ، بەری
لە حکوومەت گرت بە کەیفی خۆی خەرج بکا وەک ئەوەی دەوڵەتانی دیکەی ئۆپێک
کردیان.
لە بەرامبەردا نایجیریا بێباک بۆ داپۆشینی پشێوی ھەرێمایەتی و ئیتنی
خەرجی دەکرد و وای لێ ھات ببێ بە نموونەی ئەوپەڕی پێچەوانەی
ئەندەنووسیا.
بەڵام ئەو جیاوازییە لەگەڵ زەبەللاحیشیدا ، ھیچی لە واقیعی کارەکە
نەگۆڕی ، تێکڕایی ناوەندی گەشەی کارای کۆی گشتی بەرھەمی ناوخۆ لە
دەوڵەتانی ئۆپێک لە نێوان ماوەی بیست ساڵ دوای خرۆشانی نەوت لە
حەفتایەکاندا زۆر کەمتر بوو لە تێکڕای ناوەندی ئەو گەشەیە پێش خرۆشان ،
لە ئەنجامی ئەوەشدا ئەو دەوڵەتانە ھەر کە نرخی نەوت لە ناوەڕاستی
ھەشتایەکان دابەزی کەوتنە ناو گەرداوی قەیرانی دەستگرتنەوەیەکی توندەوە.
ئەم تۆمارە نائومێدکەرەیش ئاڵۆزی سیاسی لێکەوتەوە ، بە چاوپۆشین لە
بەرز بوونەوە یان دابەزینی نرخ ، ھەروەھا بە چاوپۆشین لە سرووشتی
سیستەمی سیاسی داخۆ دیموکراتییە یان دیکتاتۆری گۆڕانکاری لەناکاو لە
بارودۆخ سیستەمە سیاسییەکانی دەوڵەتانی ھەناردەکاری نەوتی خستە
تاقیکردنەوەیەکی دژوارەوە.
ھەموو سیستەمێک لە سیستەمەکانی حوکم ڕەوڕەوەی پشتیوانی سیاسی بە
چەورایی سامانی نەوتەوە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی سەوداکاری نێوان دەزگای
جێبەجێکردنی دەوڵەت و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی بازرگانیی لەنگەر
پێگرت.
بەرز بوونەوەی نرخی نەوت دەگاتە کەشێک تێکچوونی دەمودەستی سەقامگیری لێ
دەکەوێتەوە ، ھێندەی دابەش کردنی دۆلارەکانی نەوت بنکەکانی تری دەسەڵات
لەباڵ یەک دەردێنێ ، لە کاتێکیشدا لێشاوی دۆلارەکانی نەوت فتیلی
کێشەیپەیوەست بە چۆنیەتی داروبەش کردنەوە ئاگر دەدا ئەوا بەھێز بوونی
پشێویەکانی پێشتری دوای ئەوەی دابەش کردنی قازانجی بە تەواوی دادەپۆشی
، ئاڵۆزتر دەبوو.
بەم جۆرە دەبینین خرۆشان و خاوبوونەوە پێکەوە کار دەکەنە سەر تێکدانی
سەقامگیری.
سیستەمی حوکم ھەیە بیتوانیبێ بەرگەی ئەو جۆرە پشێویە بگرێ ، لەگەڵ
ئەوەی بەڵگەی بەردەست نیشانی دەدا کە دیموکراتییە نیوەچڵەکان
توانیویانە خۆیان لە شەڕ و شۆڕشان بە دوور بگرن کە ئۆتۆکراتیایەتیەکانی
نەوتی ڕاماڵین ١٨، نموونەیش زۆرە ، ئێران سەرەتا و دراماتیکیترینی
نموونانە ، کاتێ شای ئێران لە ئاکامی شۆڕشێکی ئیسلامییەوە ڕووخا ،
ڕەخنە تاڵەکانی لێی گیرا ھەمووی لەسەر پیشەسازی بەپەلەپەل و بە
ڕۆژئاوایی بوونی خێرای
(( شارستانیەتە مەزنەکەی)) بوو.
بەڵام نایجیریا ، نایجیریا لە نێوان حوکمی سەربازیی و حوکمی مەدەنیدا
بە ئاھەنگی ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتەوە دەھات و دەچوو بێ ئەوەی لە
چەسپاندنی ئەم یا ئەویاندا سەرکەوتوو بێ.
جەزاییریش لە لێشاوی شەڕێکی ناوخۆدا نقوم بوو کە لە ئاکامی تێکچوونی
نرخی نەوت وڵاتی لەبێن برد.
لێ حوکمی سوھارتۆ کە بەدەر بوو لە خراپ ئیدارەدانی دەسکەوتەکانی نەوت
ئەوا ماوەیەکی درێژتر بەحاڵی خۆی ڕاگەیشت ، ڕەنگە ئەوەش بە ھۆی ئەوەوە
بووبێ کە نەوت ڕۆڵێکی کەمتری لە ئابووری ئەندەنووسیادا گێڕابێ . بەڵام
دواجار ڕژێمی سوھارتۆ بە ھۆی تەشەنەی
گەندەڵی و سەرمایەداری خزمخزمێنەوە داڕما.
فەنزوێللا حکایەتێکی دی ھەیە ، ڕاستە ھێشتا وەک دووەمین دەوڵەتی
دیموکراسی ئەمەریکای لاتین ماوە ، بەڵام ئاڵۆزی و کاری توندوتیژی کە بە
توندی ھەژاندی ، ئەمەش لە ھەوڵی کودەتای سەربازی و کۆتایی پەیماننامەی
سیستەمی حیزبی سیاسیدا ڕەنگی دایەوە.١٩
بەو مانایە سیاسیە دیاریکراوەیش، ئەوا نەوت بە ڕاستی گووی شەیتانە.
___________________________________
پەراوێز:
١١-
(Alan Gelb, Oil
Windfalls: Blessing Curse? (New York: Oxford University Press,
1988); and Karl (1997
١٢- قەیرانی ئەم دواییەی ئەندەنووسیا دوای بیست ساڵ سەری ھەڵدا، بەڵام
پێشھاتەکانی بە دوایدا ھاتن ئەم شێوازە پشتڕاست دەکەنەوە ، بڕوانە:
Amuzegar (١٩٩٩), p
.٢٣٥.
١٣- Karl (١٩٩٧), p.
٢٥٥.
١٤- ھەر ئەو سەرچاوەیە ل ٢٦٢ .
١٥- زانیارییەکان لە ماڵپەڕی ئەلکترۆنی دەزگای (ڕووبەدەرایەتی
نێودەوڵەتی)ـەوە وەرگیراون:
Data taken from,
Transparency International, at
www.transparency.de
١٦- خەمڵاندنە تایبەتییەکان دەڵێن بەشی
تاکەکەس لە دەرامەتی ژیانێکی نوێبووەوەدا بە ڕێژەیەکی ترسناک کە دەگاتە
٧٢٪ لە لیبیا و سعوودیە کەمی کردووە، ٩٤٪ یش لە میرنشینە
یەکگرتووەکانی عەرەب و ٥٧% یش لە جەزاییر ، لە ئەنجامی پیس بوون و
زیادەڕۆیی ئاودانی کشتوکاڵ. تەماشا کەن ژمارەی خەرجی سەربازی لەم
وڵاتانەدابڵاو ناکرێنەوە ، کە دوایی ئەوەی لەم بارەیەوە دەکەوێتە
بەردەست ھەروەھا لەبارەی بازرگانی چەکیش ورد نییە و ناتوانرێ پشتی پێ
ببەسترێ ، دیسان جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا ھەیە ، بەشی
خەرجی سەربازی لە کۆی گشتیی بەرھەمی نیشتمانی بەنموونە لە دەوڵەتانی
کەنداو بەرزترینە لە جیھاندا لە کاتێکدا لە فەنزوێللادا تا ڕادەیک نزمە.
بڕوانە: Amuzegar (١٩٩٩),
p. ١٧٩.
١٧- ئامۆزیگار ئاماژە بەوە دەکا ناوەندی فێربوونی ئەلف وبێ لای
پێگەیشتووان لە نێوانی بیست ساڵدا گەشەیەکی باشتری کردووە ، لە ٤٧٪وە
نێوان ساڵانی ١٩٧٤ - ١٩٧٥ بووە بە ٧٢٪ لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ -
١٩٩٤ ، بەڵام ئاستی چوونە بەر خوێندن لەسەر ھەموو ئاستێک بەرز بووەتەوە.
ھەر ئەو سەرچاوەیە ل ١٧٠.
١٨- Karl (١٩٩٧) بەتایبەتی بەشی نۆیەم.
١٩- سیستەمی حیزبی لە فەنزوێللا بە پێی بنەمای بەڵێننامەی
ھاوپەیمانیەتی دامەزرا ، ئەمەش واتە حیزبە سیاسیە سەرەکییەکان
ڕێککەوتنێکی بنەڕەتییان کرد سنوورێک بۆ ململانێی نێوانیان دابنێن و
ەندیەتی و چۆنیەتی کێشە وروژاوەکان لە پێشبڕکێی ھەڵبژاردن کەم بکەنەوە.
ئاشکرا بوونی ئەو ڕێککەوتنە نھێنیانەیش بوو بە ھۆی ھەڵبژادنی
فەرماندەیەکی پێشووی سەربازی کە ھەوڵی دابوو کودەتایەک بەسەر حیزبە
سەرەکیەکاندا بکا.
___________________________________
ئاماژەیەک لە وەرگێڕەوە:
(تێری لێین کارڵ پرۆفیسۆری ئەمەریکایی بواری
زانستە سیاسیەکان، ٢١ی نۆڤێمبەری ١٩٤٧ لەدایک بووە. ئەم لێکۆڵینەوەیەی
کاتی خۆی ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن - پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق -
کەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەکرد کراوە
بە عەرەبی و وەکات لە بەغدا و ھەولێر و بێرووت بڵاوکراوەتەوە. نووسەر
لەم لێکۆڵینەوەیدا بە ڕاشکاوی باسی گرفتە پەنھان و ئاشکراکانی نەوت
ومەترسییەکانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەکا کە چۆن ئەگەر پسپۆری دڵسۆز و
لێزانی حیکمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا
بەسەر خودی دەوڵەتەکەوە ونەک ھەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵکو
دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە، لەم بوارەشدا نموونە و داتای
حاشاھەڵنەگر و ھەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە
دواکەوتووەکاندا. بە ھۆی گرینگی لێکۆڵینەوەکە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە
پەیوەندیدارەکانبە پێویستم زانی بیکەم بە کوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم
چەشنە کاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەکی ئەدەب و ھونەر).
___________________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/metirsiyekanidxn2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/metirsiyekanidxn1.htm
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|