مەترسیی
تێکەڵبوونی ئامانجە جیاوازەکان لەکاتی لەیەکچوونی داخوازییەکاندا.
رەوتی گۆڕان و، دژبەرانی
دەستووری هەرێمی کوردستان وەک نموونە.

جەمال نەبەز
هێندەک جار، وا رێکدەکەوێ کە داخوازیی دوولایەن، یان چەند لایەنێکی
ئامانججیاواز، یان ناحەزبەیەک، بۆ وەدەستهێنانی مەبەستێک، یان دژ بە
بابەتێک، بەڕێکەوت وەکیەکیان لێدێ و، ئەمەش دەبێتە هۆی یەکدەنگیی ئەو
دوو لایەنە، یان ئەو چەند لایەنە، کە بەم دۆخەش دەگوترێ "بەرەی هەڵکەوت".
ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی زانستی ماتماتیکە، کە دوو شتی جیاواز، ئەگەر
لەگەڵیەک کۆبکرێنەوە، یان بچنە تەنیشت یەکەوە، یەکناگرن و نابنە شتێکی
بەژمارە هاوبابەت. بۆ وێنە: دوو هەرمێ و دوو سێو، نابنە چوار هەرمێ،
یان چوار سێو، کچێک و کوڕێکیش نابنە دوو کچ، یان دوو کوڕ.
ئەمە، لە رامیاریشدا هەر وایە. چەند بیروڕایەکی جیاواز، کە بەڕێکەوت،
لە داخوازییەکدا، وەکیەکیان لێبێ، بەوە نابنە یەک بیروڕا. بەڵام
لەوانەیە سەرلێشێوان دروستبکا و کارەساتی گەورەشی بەدواوەبێ. لێرەدا،
هەڵوێستی مرۆڤی رامیاریکاری وریا و ژیر، رۆڵێکی گەورە دەگێڕێ لە
رێنەدان بە دەستخەڕۆبووندا، ئەگەر هاتو داخوازییەکەی وی، لەکاتێکی
تایبەتیدا، لەگەڵ داخوازیی نەیارێکی دا جووتبەرامبەریەک وەستان، نابێژێ
"دوژمنی دوژمنم دۆستمە" و نەیارەکەی بە دۆستی خۆی ناگرێ، بەڵکو، ئەوەی
لەبەرچاودەبێ کە لەوانەیە، نەیارەکەی هەوڵبدا، لەماوەی هەوڵدانیاندا
بەرەوگەیشتن بەو مەبەستە، بەڕێکەوت نێوکۆییە، تەفرەی بداو بە پاشکۆی
خۆیەوە بیبەستێ، یان بۆ ئامانجەکەی خۆی کەڵک وەرگرێ لێی، نەمازە، ئەگەر
ئەو رامیارە ژیرە، سەر بە لایەنێکی بێهێزتربوو لە نەیارەکەی. کورد، لەم
بوارەدا، ئەزموونەکانی کەم نین. هەر بۆ نموونە: یەکگرتنی سەرانی شۆرشی
ئەیلوول لەگەڵ دوژمنەکەیان شای ئێران، دژ بە دوژمنێکی هەردوولایان،
واتە: سەددام حسەین، کە ئەنجامەکەی بە ئاشبەتاڵی شۆرش دەرچوو. هەروەها،
رێکەوتنی "حیزبە" کوردییەکانی عێراق لەگەڵ رژێمی خومەینی، دژ بە رژێمی
سەددام و، رێکەوتنی "حیزبە" کوردییەکانی ئێران، لەگەڵ رژێمی سەددام، دژ
بە رژێمی خومەینی، لەکاتی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێراندا، کە
کیمیابارانی هەڵەبجە و سەردەشت و بالیسان و ئەنفال و گەلکوژی لێکەوتەوە.
ئەوجا، رێکەوتنی "پارتی” و "یەکێتی" لەگەڵ شیعەکانی عێراق، بۆ
بەربەرەکانیکردنی سەددام، کە دوژمنی هەردوولایان بوو، نەک بەسووتی کورد
دەرنەچوو، بەڵکو بوو بەهۆی بەهێزکردنی "حیزبی دەعوە" وکردنی بە حکوومەت،
کە ئەوەتا ئەوڕۆ، "پارتی و یەکێتی"، سەرکردەی "حیزبی دەعوە" کە مالیکی
یە، بە دژبەری گەورەی خۆیان دادەنێن.
ئێستەش، کە کێشەی دەنگدان لەسەر دەستووری هەرێم، هاتووەتەپێشەوە،
دەبینین چەند لایەنێکی جیاواز لەیەک، لە کورد و بیانی، دژ بە دەستووری
هەرێمن، کە دەستکردی پەرلەمانە ماوەبەسەرچووەکەی "پارتی و یەکێتی"یە.
لەنێو دژبەرانی دەستووردا بەرەیەکی دوژمن بە کوردیش هەیە، کە بریتیە لە
شۆڤینیستە عەرەبەکان و دارودەستەکانیان ومالیکی وحیزبەکەی وتۆرانییەکان
و سوننە دەمارگیرەکان و هەموو داگیرکەرانی کوردستانیش. سەیر ئەوەیە،
هێندێک لەم "پیاوچاکانە" ماستاو بۆ لایەنگرانی رەوتی گۆڕان دەکەن و،
پەسنی دەدەن و ئافەرین دەکەن لێی کە دەستووری هەرێم و فەرمانڕەوایی "پارتی
و یەکێتی" بەسەر کوردستانەوە دەدەنەدواوە. هێندەک لە ماڵپەڕە
کوردییەکانیش، ئەم هەواڵانە بێ لێدوان و شیکردنەوە بڵاودەکەنەوە و
مێدیاکانی، "پارتی و یەکێتی" یش بێویژدانانە و نەزانهەڵخەڵەتێنەرانە،
باس لە "هاوکاری" و "هاودەنگیی" رەوتی گۆڕانخوازان و ئەم دژبەرانەی
کورد دەکەن. لەبەر ئەوە بە پێویستی دەزانم رۆنکردنەوەیەکی ئەم ئاڵۆزییە
بخەمە بەرچاو.
ئامانجی ئەوانەی کە بەراستی هەوڵی گۆڕانێکی بنچینەیی دەدەن لە سیستەمی
فەرمانڕەوایی کوردستاندا، چەسپاندنی دێمۆکراسی و مافە نەتەوەیی و
نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکانە، کە خۆی لە ئازادی و یەکسانی و گێڕانەوەی
بستبەبستی خاکی داگیرکراو و، لە درۆشمی "یان کەرکووک و خانەقین، یان
تاماوین دەجەنگین" دا دەبینێتەوە کە رەوتی گۆڕان هەڵیگرتووە. ئەم
ئامانجانەش زۆر جیاوازن لە ئامانجەکانی حەنین قەدۆ و عەلی ئەدیبی سەر
بە "حیزبی دەعوە" و "کوتلەی 22 ی تەمووز" و ئەحمەد بەیاتیی ترکمانی سەر
بە مالیکی و داگیرکەرانی کوردستان، کە نەک هەر دژی دەستووری هەرێمی
کوردستانن و بەس، بەڵکو دژ بە هەموو مافێکی کوردن. دەنگدان دژ بە
دەستووری پارتی ویەکێتی، لەلایەن کوردێکی سەر بە ئاینی ئێزدی، یان
یارسان (کاکەیی) یان شەبەک یان هەققە،کە داوای جێکردنەوەی مافی
باوەڕدارانی ئەم ئاینە کوردییانە دەکەن لە دەستووردا، هەروەها ژنێکی
رۆشنبیر کە داوای چەسپاندنی مافی یەکسانیی ژن دەکا لە دەستووردا و،
داخوازیی لاوێک و کرێکارێک و خوێندکاڕێک و مامۆستایەک و مووچەخۆرێک و
خێزانی شەهید و ئەنفالکراوێک و کەمئەندامێک و جۆتکارێک و لۆریهاژۆرێک،
هیچ پێوەندییان نییە بە ئامانجی داخوازیی ئەوانەوە کە چاویان بە وشەی
کوردستان هەڵنایە. لەیەکچوونی داخوازیی لە کاتێکی تایبەتیدا، مانای
وەکیەکیی ئامانج نییە.
ئەو قوڕە خەستەی کە ئێمەی تێکەوتووین، قوڕیی داگیرکراویی کوردستانە،
لەلایەن چەند دەوڵەتێکی رژێم دکتاتۆریی کورددوژمنەوە. لەبەرئەوە، هیچ
ئامانجێکی وەکیەک لەنێوان کورد و داگیرکەرانی کوردستاندا، بەخۆیان و
کۆلکەکانییانەوە، نییە و نابێ. هەر لەبەر ئەوەشە کە نابێ هیچ سکاڵایەکی
خۆمان لەدەست گەندەڵی و بێدادیی فەرمانڕەوایانی هەرێم، ببەینە بەر
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان وداوودەزگەکانیان، بۆ وێنە: "دادگەی
فیدراڵی عێراق"، لەکاتی دەستێوەردانی "پارتی و یەکێتی" لە رەوتی
هەڵبژاردندا، بەڵکو دەبێ شکات و گلەیی خۆمان ببەینە بەردەم ویژدانی
نەخەوتووی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان و رێکخراوە نێونەتەوەییە
ئازادیخوازەکانی جیهان و، ئەمەش بە ئاشکرا جەخت بکەین.
لەسەروبەندی بریاردانی ئەمریکادا بۆ رووخاندنی رژێمی سەددام، داخوازیی
ئەمریکا لەم بارەیەوە، وەک داخوازیی کوردی لێهات. بەڵام سەرکردەکانی "پارتی
و یەکێتی" هێندە خۆیان ماندوو نەکرد، ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، تا
بزانن، ئەمریکای بەشداربوو لە هەرەسهێنانی شۆرشی ئەیلوول و پشتگیریکەری
رژێمی ترک لەهەموو ئەو بێدادییەدا کە لەماوەی 75 ساڵی دواییدا، لە
کوردی کردووە و دەکات، ئایا ئەمجارە لەبەر خاتری کوردە کەوا سەددام
دەڕووخێنێ و، ئایا ئامانجی ئەمریکا لەگەڵ ئامانجی کورد لەم کارەدا
یەکدەگرنەوە یان نەخێر، ئەم پرسیارانە نەکران و، تێبڕەو تێبکوتە،
کەوتنە پێش مارینزەکان و، ئەوەبوو ئەمریکا توانی بەنرخێکی یەکجار
هەرزان سووتێکی زۆر گەورەو گران لە هاوکاریی کورد وەربگرێ. ئەم
بابەتەشم بەر لە پەلاماردانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و لەرۆژی پەلاماردان
و پاش ئەوەش بەماوەیەکی کورت خستووەتە بەردەم سەرکردەکانی "پارتی و
یەکێتی" و لە هەفتەنامەی "میدیا" و هەفتەنامەی "هاوڵاتی"دا،
لەوکاتانەدا، بڵاوکراونەتەوە. بەڵام گوێنەگیرا لێیان. ئەنجامەکەشی
ئەوەیە کە ئێستە جۆن بایدن هێندە دەروەست نییە سەرێکی هەولێر بدا، کە
بەپێی میدیاکانی پارتی و یەکێتی "لەبەر خۆڵبارین" نەهاتووە. کورد
گوتوویانە "بیانووی تڕ نانی جۆیە".
هەرچی دەستووری هەرێمە، ئەوا دەزانین کە ئەمە 18 ساڵە هەل هەڵکەوتووە
بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی پتەو کە بخرێتە بەردەم جەماوەری کوردستان بۆ
وتووێژکردن لەسەری و ئەوجا پەسندکردنی لەکاتی خۆیدا. هەر خۆشم چەندجار
لەسەر ئەم بابەتە قسەمکردووە، بەڵام گوێنەگیرا لێی و، دڵنیا بووم لەوەی
کە "پارتی" و "یەکێتی" لامسەرلایی دەڕواننە دەستوور. لەبەر ئەوە کاتێک
کە بەڕێز دوکتۆر نووری تاڵەبانی، چەند جارێک رووینالێم، هاوکاریی بکەم
بۆ دانانی دەستوور، خۆم کێشایە دواوە، کە رەنگە دڵیشی ئێشابێ لێم،
بەڵام ئێستە وا بۆی دەرکەوتووە کە لەسەر هەق بووم، چۆنکە گوێیان لەویش
نەگرت و ئەوەبوو، وەک تاکە ئەندامی پەرلەمان، دژ بە "دەستوور" دەنگی دا.
ئەوڕۆ، زارۆیەکی ساواش سەریسووڕدەمێنێ لەوەی کە ئەم دوو حیزبە 18 ساڵ
لە ئاش درەنگیان بەسەر چووە، کەچی وا لەم دواییەدا لەرێگە کەوتوونەتە
راکردن و، دەپرسن ئاخۆ لەبەرچییە ئەم پەلەپەلە درەنگکاتە کە
پەرلەمانەکەیان ماوەی بەسەرچووە و، هەڵبژاردن چەند رۆژێکی ماوە.
وادیارە ئەم بەڕێزانە، دەستووریش وەک ئەو "کۆڕی زانیاری"یە تەماشادەکەن
کە بە قانوونێکی لە پەرلەمانەکەیاندا سازکراو، دامەزراند، کەچی کاتێک
کە "پارتی" و "یەکێتی" بۆ دابەشکردنی پارە ودەسەڵات، بەروواڵەت
یەکیانگرت، ئەوەبوو لە شەوورۆژێکدا قانوون و مانوون تووڕ هەڵدڕان و
ئاشبەتاڵ بە "کۆڕ" کرا و گۆڕی ون بوو. دەستوور بەڵگەنامەیەکی زۆر گرنگە
و دایکی هەموو قانوونەکانە و لە سیستەمێکی دێمۆکراتیدا زامنی مافەکانی
تاک تاکی هاونیشتمانانە و، زامنی سنوورەکانێتی و، کاڵایەک نییە کە
بەباڵای حیزبێک، یان سەرکردەیەک، یان بنەماڵەیەک ببڕدرێ.
راستییەکەی، ئەگەر بویسترایە دەستوورێکی رێکوپێکی کوردستانی
بهێنرێتەکایە و بەسەر داگیرکەراندا بسەپێندری، دەبوو لە هەلی خۆیدا
ئەوە بکرایە، واتە هەرپاش رووخاندنی رژێمی سەددام، دەستبەجێ ئەو کارە
بکرایە، واتە کاتێک کە نە دەوڵەتێکی عێراقی و، نە لەشکرێکی عێراقی و،
نە پەرلەمانێکی عێراقی و، نە ئاڵایەکی عێراقی هەبوو، بەڵام بەرامبەر
بەوە، حکوومەتێکی کوردستانی و، لەشکرێکی پێشمەرگە و، پەرلەمانێکی
کوردستانی و، ئاڵایەکی کوردستانی و، پێوەندییەکی کوردستانی لەگەڵ
دەرەوە هەبوو. ئەو دەمە دەتوانرا دەستوورێک بۆ هەرێم بنووسرێ کە
راستینەی مێژوویی و سنووری جوگرافیایی و ژیاری و مافی وەکیەکی هەموو
دانیشتووانی کوردستان تۆماربکرێن تێیدا و، بخرێتە بەردەم ئەمریکا و
هاوپەیمانانی وبکرێتە مەرجێک بۆ هاوکاریکردن لەگەڵیان، پاش ئەوەی کە
دەخرایە بەردەم خەلکی کوردستان و پشتراستدەکرا. ئەو سەردەمە، سەردەمێکی
لەبار بوو کە دەتوانرا گشتپرسیی لە هەموو باشووری کوردستاندا بکرێ، نەک
هەر لە سێ ستاندا، تەنانەت دەنگی کوردەکانی بەغدا و باشووری عێراق و
کوردی هەندەرانیش وەربگیرێ. هیچ رێگرێک نەبوو لەبەردەم ئەمەدا. بەڵام
ئێستە، پاش ئەوەی سەرانی "پارتی و یەکێتی" عێراقیان دامەزراندەوە و،
ئەو دەرفەتە مێژووییە مەزنەیان لەدەست کورددا، کە جارەکی دی ناگەرێتەوە،
ئەوا دەبێ رێ و شوێنی نوێ دابنرێ بۆ چێکردنی دەستوورێکی کوردستانیی
پتەو. ئەمەش بەکاری گەورە دێتەدی. نەک بە هەرەشەوگوڕەشە و
تۆمەتبارکردنی ئەوانەی دەنگ بۆ دەستوور نادەن کە نۆکەری بیانی و
لەبەرەی دوژمنانی کوردن. ئەوڕۆ، کورد لەبەردەم مەترسیی مان و نەماندایە
و بۆ خۆپاراستن، پێویستیی بە یەکدەنگی و رێکخستنەوەی ماڵەکەی هەیە،
ئەوەش بە مسۆگەرکردنی پشتگیریی جەماوەرەکەی دەبێ لە مافە نەتەوەیی و
نیشتمانییەکانی، بەر لە هەموو شتێک پشتگیریی رەشوڕووتی کوردستان. ئەمەش
بەوەدەبێ کە راستە خەڵکەکە بزانن لەکاتی لێقەومان و بەرەنگاربوون لەگەڵ
دوژمنان وداگیرکەراندا، بەرگری لە چی دەکەن کە لە دەستیان نەچێ. مرۆڤی
برسی و بەشخوراو و مافپێشێلکراو وبەلەنگاز، بە فشەکوردایەتی و
بانگەوازی "یەکێتی ریزەکانی گەل" و"سوێنددان بە خوێنی شەهیدان"
تێرناکرێ و دابیننابێ. ئەوانەی عێراقی رووخاویان دروستکردەوە و، نەچوون
تاوانی ئەنفال و چەکی کیمیایی وگەلکوژی لە کورد بکەنە بەڵگەیەکی
قانوونی بۆ چەسپاندنی بڕیاری مافی چارەنووسی لەلایەن کوردەوە، هیچ مافی
ئەوەیان نییە دژ بە رەوتی گۆڕان قسەبکەن. خۆیان چییان چاند، ئەوە
دەدروونەوە.
سەرکردەکانی "پارتی" و "یەکێتی" و هەموو گەلەکۆمەکانی دیکەی کوردستان،
چاکە بزانن کە ئەو سەردەمە رۆیی کە بەنێوی حیزبحزبێنەوە شەڕوشۆڕیان
نایەوە و بەختی کوردیان رەشکرد. پێنووسی بەکرێگیراوی ویژانمردوو،
چارەسەری گلانیان ناکا. با هۆش بێننەوە بەر خۆیان و رێبدەن بە
هەڵبژاردنێکی ئارام و لەسەرخۆ و ئازاد، تاکو خەڵکی کوردستان، بە کاوی
دڵی خۆیان و، بێ ساختەکارێتی و هەڕەشەوگوڕەشە و نانبڕین و جنێوپێدان و
لێکردنەوەی پۆستەرەکانیان، بتوانن نوێنەرانی خۆیان بە سەربەستی
هەڵبژێرن. ئەو دەمە، کورد و خەلکی کوردستان، دەتوانن شانازی بکەن
بەوەوە کە لە بەشێکی گچکەی ولاتەکەیاندا و، لەنێو چوار دیوارێکدا، کە
لە هەموو لاوە، بەچەند رژێمێکی تۆتالیتێر و میلیتاریست و دیکتاتۆر
دەورەدراون، توانیویانە سیستەمێکی دێمۆکراتی بخەنە سەرپێ و بیکەنە
سەرمەشق بۆ هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین. بەتایبەتی، پاش ئەوەی
جیهان لە پرۆسەی فرتوفێڵی هەڵبژاردن لە ئێراندا بەئاگاهات. دەزانم
ئەوانەی کە فێری ئەوە بوون، بێ ماندووبوون، لەتەڕ بخۆن و لەسەر هیشک
بنوون و، خواردەستەکانیان هەر بە "بەڵێ قوربان" و "راستدەفەرموویت
گەورەم" لەگەڵیان بدوون و، پێنووسبەدەستی مشەخۆر وشایەری دەربار و
گۆرانیبێژی بەپارەکڕدراو، پەسنی خۆیان و لیستەکەیان بدەن، هەموو
رەخنەیەکیش بە جنێو ودرۆ و بوختان وەرامبدەنەوە، زۆر ناخۆشە بۆیان،
دەست لە پارە و پلە و پایە و کەشوفش هەڵبگرن بۆ چینی پێخوست و
زەحمەتکێش، بەڵام ئەگەر ژیرانە بیربکەنەوە و لە کارنامەی رابردوویان
وانەیەک فێربووبن، ئەوا دەبێ مل بۆ بڕیاری خەلک کەچکەن. خومەینی، پاش
ئەوەی بە تەنگەتیلکەیەتیی خۆی، جەنگی عێراقی دۆڕاند، گوتی: ئەوا
پیاڵەیەک ژەهر دەنێم بە سەرمەوە و، لەبەر خاتری مانی رژێمی ئیسلامیی
ئێران دەینۆشم" و، ئەوەبوو ئاگربڕی راگەیاند و، ئێرانی لە هەرەسهێنان
پاراست. دەبا سەرکردەکانی "حیزبە کوردییەکان" یش، لەبەر خاتری چل ملوێن
نەتەوەی چەوساوەی کورد و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، لێبڕێن و دەست لە
بەرژەوەندیی بنەماڵەیی خۆیان هەڵبگرن و، ئەو پیاڵەیە بنێن بەسەریانەوە،
کە بە دڵنیاییەوە نایانکوژێ، بەڵکو ژیانیان تازەدەکاتەوە و، ئاهێک
دەپەڕێنێ بەدڵی خەڵکی کوردستاندا و، ئەو دەمە، چەند چەورەقەڵەم و چەند
سالۆکێکی لێدەرچێ، هەموو خەلکی کوردستان چەپلە لێدەدەن بۆیان و،
سەرەڕای هەموو خراپەکارییەکیان، نێویان دەچێتە ریزی نێوچاکانەوە. دیارە،
چاکەکاریی، خراپەکاریی لەوەپێش، لەنێونابا، بەڵام دایدەپۆشێ. چۆنکە
ئەوەی روویداوە، هیچ هێزێک نییە وابکا کە رووینەدابێ، بەڵام
رووداوەکانی پێشوو، بەرووداوی جۆری دیکەی پێچەوانە، لەبەرچاو وندەبن.
دە ئێوەش فەرموون. ئەوە گەز و ئەوە ئەرز.
بەرلین - ئەڵمانیا
6/7/2009
|