٦\٧\٢٠١٠
مەوکیبى ڕاسپۆتین.

ناڵه عهبدولڕهحمان
تۆ
لە قەڵاى هەر ژنێکا دەوارى شەهوەت
هەڵدەدەی
گوڵێک دەچنى ....
من بارانم چوار وەرزە کێڵگەى عەشقت سەوزدەکات.....
تۆ لەسەر سەرینى گوڵ خەوببینیت بە
تریفەوە
من ڕۆحم دەکەم بەبەرى گەڵاکان و
هەناسەى نەوایى مانگت بۆدادەگرم ،
نا... من بە سەفەرى گولًگرتن وەڕەزم.....
قەڵسم بە قەسیدەى شیلە لە
فنجانى هەنگ
ئێستا بەقەد باڵاى سێبەر
لە عەبەسیەتى گەڵا ڕادەمێنم...
نەوەکا گۆزەى بیرم لە زاکیرەى ئەپۆلۆ بشکێ ،
ئاه نیشتیمانى گەڵا....
تۆ لەکوێى دەهرەکانا ئەو
بەرگە سەوزە دەسپێریتەوە خۆر ...؟
ئۆف نیشتیمانى سەوزى وەرین !
لێرە مەڕۆ... مەوکیبى ماسکە بەهرەمەندەکانى عەشق جێ مەهێڵە،
ئەو ڕاسپۆتینانەى سەرچەفیان لە
گەڵا و سەرینیان لە پَیستى ژن
هەڵدەچنن
باخچەکانیان پڕە لە
گوڵى پلاستیکى جەستە و
لە پێخەفى پلاستیکیشا
عەشق دەخەنە شووشەوە .....
کەڤرینترین .....
پلۆتۆ !
ئەى دوورترین باران لە ئاسمانى سەوزبوونم
وەک ئەوەى منى عەتارد ، دەستم خستۆتە ناو
گۆمى مەنگى مەحاڵ
دەمەوێ پێت بگەم پلۆتۆ
لەوسەر تۆپەڵە گڕێک چاوە
ترسناکەکانى بەرە و(( تەوبە ))
هەڵمدەگرن
تۆش لەوسەرى( بەستن)ەوە بەرەو نیوتن کێشم دەکەیت
*
* *
* *
*
مەڵێ ئەوەى دراوسێى خۆر بێت حەز بە
وەرزى بەفر دەکات
ئەوەى لەنێو بەفریشیا زوقم بیگرێت
حەز بە گۆرانى
خۆر دەکات....
*
* *
* *
*
پلۆتۆ!
تۆ هەوڵدە لەم دووڕیانى وەسوەسەیەدا
هێڵى ناوەڕاستى هەسارەکان بگریت...
هەرنا بچیتە نیشتیمانى(زوحەل)ەوە
تا منیش هەنگاوێکى تر
بەستەڵەکى مەحاڵ دەشکێنم
کراسى ڕۆحم دەکەم بەبەرى خەونە سپیەکانتەوە.....
ئێوارەیەک لە
شەقامى سەوزدا ئەوم بینى.
کراسى لە پەڕەى گوڵ و
پانتۆڵە خۆڵەمێشیەکەى لە کەتانى هەڵکروزاوى عەشق و
سەعاتى دەستى لە فرمێسکى کچە هەرزەکارەکانى
نیشتیمان،
پێڵاوەکانى لە ووشە
ڕیشە ماش و برنجەکەى
لە فڵچەى نیگارى داڤنشى
دوگمەى کراسە قاوەییەکەى
لە شیعرە قەلەندەرەکانم چێ کردبوو
ئێوارەیەک لەوێدا
بینیم
غەرقى گەمەى لەمسى پەیکەرێکى برۆنزى بوو
ڕامانى خستبووە سەر نیگارى دوئ
لە فیراقى خوا دەگریا...
من فرمێسکەکانیم بینى
لە باخچە ووشکەکەى ژن دا سەوز دەچوونەوە
نەمامى پاییزیان دەگرت...
تۆ کەى بە مەملەکەتى حەقیقەتدا گوزەرێ
دەکەى؟
ئەى ئارامترین وەهم !
تا لە پێستى خۆما نەڕژاومەتە زەوى
شتێ بڵێ
تا ئیتر منیش پشکۆى تەماشام بگرمە
سنگى ئاسۆ !
ماڵپهڕی ناڵه عهبدولڕهحمان
|