٥\٢\٢٠١٠
مەخلوقێک
لە رەنگ.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
دەمەوێ ببمە
گەڵایەکی وەریوو
بپرژێمە سەر مۆمی ناسکی
تەمەنی تۆ
تاکوو خونچەی لێوت
دەبێتە کۆچی هەتاوی ئێوارەو
زەردەپەڕی پایزو ، باخچەیەک لەشعرو
ئاوێزانی خۆشەویستی، بێنمەوە باوەشی تۆ.
2
چەند جوانە ببینە
مەخلوقێک لەرەنگ
چەندەها رەنگی رەنگاو رەنگ
شەوە ساردەکانی خەیاڵ و
گوڵە ژاکاوەکانی تەمەن و
زەنگی خۆرئاوابوونی تەنهایی و
پشکۆی دوێنێ بنوسینەوە.
3
ئەوەی رەنگی غەریبی و
باڵندەی فڕینی دەستی رەشەباو
باخچەی هەناری ژاکاوی نەبینی بێ
کوژراوی زەمەنی بێدەنگیە
بەوێنەی کانیەکی ووشک بوو.
4
کە وەرز دێت و دەڕوا
گەڵا پۆل پۆل دەوەرن
زەوی دەبێتە رەنگێکی تر
بەوێنەی تریفەی مانگ
تۆبڵێی وەرزی وەرینی گەڵا
گوێی لەهەنسکی گریان و
عاشق و خەمی پەپولەو
ئەندێشەی خەیاڵ و
چاوی پڕ فرمێسک بووبێ.
5
من دەمەوێت ڕەوڕەوەی
مێژووی رۆژگارێک بنوسمەوە
هەست بەغەریبی خۆم نەکەم
من دەمەوێت باوەشێک
لەشعری خۆشەویستی بنوسمەوە
مەحکوم نەبم بەقەدەر.
6
چەند جوانە گەڵای درەختەکان
ببنە هاودەنگ و خەمی تۆو
مەودای ئازارەکانت بکاتە ئومێدوو
بەختەوەری ببەخشێتە
رازو نیازو هەستی خۆشەویستی تۆ.
7
ئێمە بەشێکین لەسێبەری
مانگ و،پرسەی گەڵایەک و
کەوتنە خوارەوەی، ئەستێرەیەک و
پەڕەی گوڵێکی هەڵوەریوو
بەشێکین لەئاوێزانی
دووکەڵی جگەرەیەکی سەر لێوی
کیژۆڵەیەکی لەخەم داباریوو.
8
زەمەن بەئاسانی دێت و دەڕوا
وەرزی تەمەن لەگەڵ خۆیدا دەبا
دڵی پڕ دەبێت
لەهۆنینەوەی ملوانکەیەک و
چنینەوەی بەیانیەکی غەمگین و
تینویەتی سەفەرێکی ماندوو.
9
لەنێو باخچەی عەشقێکی شەرمندا
برینی جەستەیەکی زامدار
بەنیگاکانی یەکتر
توڕەتر لەئاسمانی هەورە تریشقە
بەخوڕتر لەبارانی پەڵە
دەبینم کاتێک رۆژەکانیان
لێوان لێوە سەوزایی
شوێنێک نیە مانگ ئاشت بکاتەوە
شوێنێک نیە بۆبەیەک گەیشتن
پەرستگایەک نیە
بۆپاڕانەوە
پارانەوەی ئەوانەی،
دەیانەوێت حەزەکانیان بگۆڕنەوە.
10
من دەمەوێت لە وەرزی وەرینی گەڵادا
گەڵا ببَتە ئاوێنەیەک
ئاوازو نەغمەی بولبولێک
بەیانیەکی ناسک بە گوناهی ماچێک
روخساری خۆمی تێدا ببینم.
11
من دەمەوێت ببمە بەفراوی
سەر رومەتی کیژۆڵەیەکی ناسک و جوان
گوڵێکی ناسکی دەستی شۆرە کچێک
شادی بەجەستەی بدات و
هەناسەی نەسپێرێتە
باخچەی گەڵای وەریوو.
12
زەمەن پێخەفی خەیاڵەو
رۆژگارێکە
تەمەن بۆتە دۆزەخێک و
ژیان بۆتە روخساری ماڵێکی مردوو
نەرەنگ جوانی و،ئومێدی پێیە
نە گۆرانیەک بۆخۆشەویستی
باخچەی خەیاڵمان
ئاشت دەکاتەوە
نە زەمەنیش ژیان دەنوسێتەوە.
sannet01@yahoo.com
|