٢٨\١\٢٠٢١
مەیەڵن بمرم، من بناغەی سەرمایەکانتانم، بێ
پێکوتەم مەکەن!

عەبدوڕەحمان محەمەد
ئێمەی خەڵکانی
وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئەگەر لە
بەرەو پێشچوونی
زانستدا بەشدار نەبووینە، نموونەی ؛زانستی ئابووری و کشتوکاڵ و کارەبا
و ئەستێرەناسی(ئەمەش دەتوانین بە وەرنەگرتنی ھیچ یەک لە خەڵاتە
جیھانیەکان بسەلمێنین،وەک خەڵاتی نۆبڵ) ، بەڵام لە دروست کردن و گەرم
کردنی بازاڕدا بۆ شت و مەکی دروستکراوی وڵاتە پێشکەوتوو و پیشەسازیەکان
سەرقافڵەین! بە تایبەتی
وڵاتە بە ناو ئیسلامیەکان، کە تایبەتمەندن لە
عیبادەت و خواناسیندا، ئەم ژیانەیان بە لاوە شتێکی کاتی و بە سەرچووە،
بۆیە خۆیان بە زانست و پیشەسازیەوە خەریک ناکەن! لە بەرامبەر ئەمەدا،
سروشت کۆمەڵێک کانزا و سەروەتی ژێرزەمینی پێیان بەخشیوە، کە بریتین لە
چەند چاڵە بیرێک لە نەوت و گاز، کە تا ئێستاش رەواج و بازاڕی گەرمە
وڕەوڕەوەی پەرەپێدانی گەشەی پیشەسازی ڕۆژئاوایی پێ دەچێتە پێشەوە،
بەڵام وا کۆمەڵێک شێوازی تر لە
وزە، لە چەشنی
وزەیی خۆر و وزەیی با
و وزەیی ئەتۆم خەریکە جێگەی دەگرێتەوە.
بۆ ئێمەی ئابووریناس جێگەی پرسیارە دواڕۆژی ئەو کۆمەڵگا بێ زانستانە،
کە تەنھا وەک گیاندارێکی کێوی لە سەر سروشت دەلەوەڕێن، دەبێت دواڕۆژی
نەوەکانی داھاتوویان چۆن بێت!؟ بەڵام کۆمەڵگا خۆیان دەڵێن (خودا دەلیل و
پشتیوانی خەڵکی داماوە و بە برسێتی نامانھێڵێتەوە!؟) ، کەواتە دەتوانم
بڵێم ٪١٠٠ بازاڕین بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکان، تا ئێستاش ھیچ
تروسکاییەک نیە، کە پێکوتەیەکی دژە ڤایرۆس لە دواڕۆژدا،
لە بەغدا و ڕیاز و تاران و مەقادیشۆ و کابولەوە دروست بکرێت بۆ
مرۆڤایەتی.
پێکوتە بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە کار
دەھێنرێت و ھەندێکیشیان بۆ دووەم جار و سێھەم جار وەری دەگرن! تا ئێستا
دەنگێک نیە لە کوتانی خەڵکانی کۆمەڵگا تازەپێگەیشتووەکان !؟ ئایا ئەم
ھاوکێشە، لە کۆتاییدا کارەساتبار نابێت؟ ئایا جیھانی بوون ناکەوێتە
مەترسیەوە؟ ئایا ڕاوەستانی ژیان لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان یا تازە
پێگەیشتووەکان، چ کاریگەریەک لە سەر ڕەوڕەوەی ئابووری و پیشەسازی،
وڵاتە پێشکەوتووەکان دادەنێت؟ ئایا کەڵەکەی سەرمایە لە جەمسەرێکی زەوی،
نەبەستراوەتەوە بە جەمسەرە ھەژارەکەی تر؟ ئایا لۆجیکە، نیوەمان بمرین
لەبەر نەبوونی پێکوتە، نیوەکەی تر خۆیان بتوانن، نان و جلو بەرگ بۆ خۆیان
دابین بکەن؟ سەدان پرسیاری تری
ورووژێنەر!؟
با ئێمە، خەڵکی ھەژاری کۆمەڵگا، بە تەزبیحەکەی دەستمان بێت، یا بە
کۆمەڵێک بەرد و زیخ و چەو بێت، چونکە نەخوێندەوارین! با بزانین بە
نەمانی ئێمە جیھان چی بەسەر دێت، یا وڵاتە پێشکەوتووەکان؛ ڕۆژانە لە
سایت و پەیجە کوردیەکاندا، دەیبینین و دەیبیستین، سەدان ئۆتۆمبێل
وەردەگەڕێن ، سەدان کەسی بریندار دەبرێن بۆ نەخۆشخانەکان، ئەمە تەنھا
لە کوردستان! کە وڵاتێکی پڕ نەوت و قیر و دەوڵەمەندە، جا دەبێت لە
بەنگلادیش و فلیپین و تەنزانیا چی کارەساتێک بێت!؟ با بێینەوە سەر
جادە و بانەکەی کەلار و کفری و دەربەندیخان و سلێمانی، ئەم ئۆتۆمبێلە
وەرگەڕاوانە، چەند پارچەی یەدەکی دەوێت بۆ چاککردنەوە، ئەگەر بە تەواوی
تێکشکابێت، ئەوە ئۆتۆمبێلێکی نوێ دێتە جێگەی! بریندارەکان، چەند
خەرجیان دەبێت!؟ سندوقەکەکەی دایکم، لە لوقوم وبسکیت و شیرینیەکانی
ترەوە، ئەگەر دروست کراوی دەرەوەی کوردستان نەبێت، بە دڵنیایی،
پێکھاتەکەی لە شەکر و ڕۆن و ئەو تام و بۆنانەی تێیان دەکرێت لە دەرەوە
ھێنراون! تەقینەوەی ئەو بۆمب و مووشەکانە، کە بێجگە لە خەرجی خۆیان،
ئەو وێرانکاریانە لە ژێرخانی کۆمەڵگا لە جادە و کارەبا و تەلەفۆن و ئاو
و ئاوەڕۆ، لە کاتێکدا کە خۆمان ناتوانین وایەرێکی کارەبا دروست بکەین!؟
کەش و ھەوای ژینگەی تاسلوجە و بازیان و لەیلان، کە ھەزاران تووشبووی
شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی ھەناسەی لێ دەبێتەوە، کەواتە فرۆشتنی ھەزاران
بگرە ملیۆنان تەن لە داودەرمان! خۆمان نووکی دەرزیەکمان بۆ ناکرێت کە
شریقەت لێ دەدات! مانگاکان، کە دەسوڕێنەوە بە گەڕەکەکاندا لە سەر زبڵ
و خۆڵ و خاشاک، بۆ پارویەک دەگەڕێن، تا بیخۆن! کە سەدان جۆر میکرۆب و
نەخۆشی دەگوازنەوە! من کەمم باس کرد، تۆ خۆت، لای خۆتەوە، ئەوەی
دەیزانیت، بیخە سەر بەڵگەکانی من. ئێمەیی کرێکار و زەحمەتکێش بە لەش
ساغی و بە برینداری و بە مردوویش ژمارەین وکێرڤی قازانجەکان بەرز
دەکەینەوە لە بۆرسەکانی جیھاندا!
با بێینە سەر ژمارە رەسمیەکانی
وڵاتە پێشکەوتووەکان، لەکاتێکدا ئەگەر
پێکوتە نەدرێتە ئەو
وڵاتانەی تازە پێگەیشتوو، خەڵکی چالاکی ئابووری و
کۆمەڵایەتی کەم بکەنەوە و لە ماڵەوە دانیشن، بزانین ، چەند زەرەرمەند
دەبن؟ لە لێکۆڵینەوەیەکدا ھاتووە؛ ئابووری جیھانی زیاتر لە ٩ تریلیۆن
دۆلار(١یەک تریلیۆن= ملیۆن* ملیۆن) زەرەرمەند دەبێت بە ھۆی کۆرۆناوە،
کە دەکاتە داھاتی یابان و ئەڵمانیا بە یەکەوە لە ساڵێکدا! ئەگەر
نیوەی وڵاتە دواکەوتوووەکان
پێکوتەکەش بە کار بھێنن و ژیان و کەرتی
ئابووری بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، ھێشتا ئابووری جیھانی، بڕی ١.٨
تریلیۆن بۆ ٣.٨ تریلیۆن زەرەرمەند دەبن، کە زۆربەی ئازارەکەی بەر
وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەوێت.
ڕوون و ئاشکرایە کە ئابووریەکان ھەموویان پێکەوە بەستراونەتەوە"،
بۆیە، لە دواڕۆژدا ھیچ ئابووریەک ناتوانێت چارەسەر بکرێت، ئەگەر
ئابوریەکانی تر چارەسەر نەکرێن. چونکە کۆڤید١٩ نە سنور دەناسێت نە
ڕەگەز و نە جیاوازی چینایەتی، وەک دەبینین تا ئێستا کاری خۆی کردوە لە
ھەموو جێگەیەک، لە داڕوخانی ئابووریەکانەوە بگرە تا مەرگی ملیونان کەس
لە ھەموو جیھاندا، ھەرچەندێک زۆربەی نێچیرەکانی خەڵکانی کرێکار و
زەحمەتکێش بوونە، کە کاری دەستییان لە کارگەکاندا ئەنجامداوە، بە
کۆمەڵ، دەنا دەوڵەمەند و خاوەن پلە بەرزەکان، لە زۆر شوێن توانیویانە
لە ماڵەووە، لە ڕێگەی ئەنتەرنەیت و کۆمپیوتەرەوە کارەکانیان ڕاپەڕێنن
و تێکەڵاوی کەسانی تر نەبن، ئەگەر زۆریش دەوڵەمەند بێت، یا لە ناو
بەلەمەکەیدا ژیان دەکات، یا لە دوورگەیەکی دوورە دەست، کە کەسی تووش
بوو ناتوانێت بچیتە ژوورەوە بۆ لایان.
لە ئەنجامدا، ئەگەر خەڵکانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، لە ماڵەوەە
بمێننەوە تا ڤایرۆسەکە بڵاو نەبێتەوە، بێکاری بڵاو دەبێتەوە و خەڵکی
تووشی بێ پارەیی دەبن و لە کۆتاییدا، ناتوانن شتو مەک بکڕن، کە ئەم
ھاوکێشەیە، سەرچاوەی بەرھەم ھێنانەکەی ئەمەریکا و ئەوروپا و کۆمەڵێک
وڵاتی ڕۆژھەڵاتی کیشوەری ئاسیایە وەک چین و تایوان و یابان، کەواتە
ئابووری وڵاتە پێشکەوتووەکانیش تووشی داڕوخان دەبن. تەنھا ئەو پارچە
یەدەکانەی کە ساڵی پار مامەلەی پێوە کراوە لە نێوان وڵاتاندا بایی ١٨
ھەژدە تریلیۆن دۆلار بووە.
دەبینین، زاناکان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانیان بڕێکی تەواو لە
پێکوتە دروست بکەن ، مەزەندە دەکرێت سێ جار لە ژمارەی دانیشتوانی
وڵاتەکانی خۆیان زیاتر بێت، بەڵام تا ئێستا ڕێگەی ناردنە دەرەوەی پێ
نەدراوە بۆ وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، ئەگەر وا بڕوات ھەندێک وڵات
تاساڵی ٢٠٢٤
پێکوتەی پێ ناگات!
وڵاتەپێشکەوتووەکان، بە ملیۆنەھا دۆلاریان خەرج کردوە لە پێناو
ڕاگرتنی چوارچێوە ئابووریەکانیان، تا تووشی مایەپووچی نەبن، بەڵام
وڵاتانێک کە تەنھا داھاتیان ئەو کانزا ومەتریالە سروشتیانەیە لە چەشنی
نەوت و مس و ئاسن، بە ھۆی وەستانی چالاکی کارە ناوخۆیەکانیان بە ھۆی
مانەووەیان لە ماڵەوە بە ھۆکاری وەستانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی
کۆرۆنا و کەمی داوا لە سەر کانزاکانیان بە ھۆکاری وەستانی زۆر کارگە و
ڕشتەی ھەمەجۆر کە پشتیان بە نەوت و گازی ھاوردەی وڵاتانی تازە
پێگەیشتوو بەستبوو لە لایەن کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانەوە، تووشی حاڵەتێک
بوونە، خەریکە شیرازەی بە تەواوی لە دەست دەدات و مایەپووچ دەبێت،
نموونە عێراقە، کە خەریکی بەند و بەستە لە گەڵ بانقی نێودەوڵەتی بۆ
قەرز، کە ئەم قەرزەش دەزانین چ داوێکە
وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانی تێی
دەکەون و لە کۆتاییدا بە سک ھەڵگوشینی میللەتەکانیان تەواو دەبێت.
٢٥\١\٢٠٢١
ماڵپهڕی عهبدوڕهحمان
محهمهد
|