٢٤\٩\٢٠١٣
مەیستان.

فەتاح حەسەن
مەی بۆ (مە)یە
ئێمەی تەنها
کە، تەنها باڵ، ماوینەوە
ئێمەی نامۆ
کە، عەوداڵین، بە دوای (خۆ)دا.
* * *
ساقی بە هانامەوە بێ
تەنهایی، پرزەی لێبڕیم
پێک لەسەر پێک، بۆم تێکە، دەی
کە سبەی یارم هاتەوە
چیم داوە من، لە پیاڵە و مەی.
* * *
نامۆ، لە مەیخانەی خەما
پەیتا، پەیتا، خەم نۆش دەکا.
ناخی قورسە
چون، پڕ بووە، لە خڵتەی مەی.
* * *
لە مەیستان
هەموو شتێک، بە یاسایە
مردن.. ژیان
خۆشەویستیی
لە ژێر رکێفی (مەی) دایە.
بە پێی یاسا
هەرچی، لە مەیستان هەیە
بە تۆشەوە، موڵکی مەیە.
* * *
کە تەنها نیت، کە نامۆ نیت
لە مەیستان، جێ خۆش مەکە.
جێگە چۆڵ کە
بۆ تەنهایەک، بۆ نامۆیەک
تا تینوێتی، خۆی بشکێنێت
لە جۆگەی مەی.
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|