میدیاکانیش هاوبه‌شی دیارده‌ی خۆکوشتنن.
بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید
دیارده‌ی خۆكوشتنی مێردمنداڵ و گه‌نج یه‌كێكه له‌و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی و كه‌لتوورییه‌ی له توێی ژیانی ئه‌مڕۆی كوردستانداڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. لێره‌وه، به‌دواداچوون به شوێن هۆکارو كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و، گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هۆکار و زانیارییانه‌ش بۆ كه‌ناله‌كانی ڕاگه‌یاندن و ، هاوكات به‌ستنه‌وه‌ی دیارده‌كه‌ش به كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری كۆمه‌ڵگاوه، هه‌وڵدانێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. ئاشكرایه ئه‌م كاره‌ش له ئه‌نجامی لێداون و لێكۆڵینه‌وه‌ی كێشه‌كاندا له ئاستێكی به‌رزدا ئه‌بێت تاوتوێ بکرێت.
له لایه‌ك، گرنگیپێدان به كێشه‌كه و ده‌رخستنی ئه‌م دیارده‌یه و باسكردنی، له كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌كان، خۆی له خۆیدا بایه‌خێدانێكه به كێشه‌كه و ده‌كرێ به‌و شێوه‌یه جۆره فشارێك دروست بكه‌ن كه ڕێكخراو و دامه‌زراو و ده‌زگا حكومی و ناحكومیه‌كان گرنگی به دیارده‌كه بده‌ن و به شێوازێك كه كێشه‌كان چی تر وه‌ك كێشه‌یه‌كی تاكی سه‌یر نه‌كرێ، به‌ڵكو په‌یوه‌ستی كه‌ن به كه‌موكووری و گیروگرفتی كۆمه‌ڵگاوه، له لایه‌كی تره‌وه هه‌ر ئه‌م بایه‌خپێدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریانه‌یه خۆی له خۆیدا به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ی كێشه‌ی نوێتر له ئامێز ده‌گرێ.
ڕوونتر بڵێین، له‌و كاته‌ی دیارده‌یه‌ك به زمانی ڕوون‌و ئاشكراباس ده‌كرێت و ده‌خرێته سه‌ر مانشیتی گۆفارو رۆژنامه‌كان به‌و مه‌به‌سته‌ی ده‌نگی كێشه‌كان هه‌ر له چوارچێوه‌ی دیواردا په‌نگنه‌خاوته‌وه و به‌ڵكو ده‌نگی خۆی به جیهانی ده‌ره‌وه بگه‌یه‌نێت. هاوكات بلاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كه كێشه‌ی تر له گه‌ڵ خۆیدا په‌لكێشده‌كات.
گه‌ر سه‌یری گۆفار ورۆژنامه كوردییه‌كان بكه‌ین زۆربه‌ی جار زیاد له دوو سێ هه‌واڵی خۆكوشتنی دڵته‌زێنی گه‌نج و مێردمنداڵی تیا به‌دی ده‌كرێ هه‌ندێ جار له یه‌كه‌م په‌ڕه به خه‌تی گه‌وره ده‌نوسرێت فلان گه‌نج خۆی خنكاند، فیسار گه‌نج خۆی ده‌رمانخوارد كرد، فلان كچ خۆی سوتاند..هتد ( سه‌یری ئاوێنه، ژماره64 ) بكه.
به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا تاچ ڕاده‌یه‌ك ئه‌م بلاوكردنانه‌وه‌یه له په‌رژه‌وه‌ندی گه‌نجی كۆمه‌ڵگادایه؟ ئایا كاریگه‌ری نه‌گه‌تیفی بۆ سه‌ر ژیانی گه‌نجه‌كانمان نیه؟ به تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه كه بێ به‌شن له مافی هه‌ڵبژاردن و بریاردان و نه‌ك هه‌ر پێویسته سه‌ره‌كیه‌كانی بۆ دابیین نه‌كراوه به‌ڵكو هه‌مو لایه‌كیان لێ ته‌لبه‌ندكراوه، كه به شێوازێك هه‌ندێكیان له گۆمی نائومێدی و بیابانی ته‌نیایی خۆیان ده‌بیننه‌وه.
ئایا كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هه‌ستو سۆزی مێردمنداڵ نیه؟ به تایبه‌تی كه به قۆناغێكی ناسك و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، به چه‌شنێك كه مێردمنداڵ به‌هوی گۆرانكاری جه‌سته‌و هۆرمۆن و ده‌رون و و گه‌شه‌كردنی، و كاریگه‌ری ئه‌م گه‌شه‌كردنه‌شه هه‌ستی جۆراوجۆر له گه‌ڵ خۆیدا دێنێته كایه‌وه، ده‌مێك دڵته‌نگ و بێزاره و زوو زوو هه‌ڵده‌چێت ، ده‌مێكی تر دڵخۆش و به‌ختیاره، لێره‌وه گه‌ر مێردمنداڵێك خۆی له حاڵه‌تی هه‌ڵچون و بێزار بێ و هاوكاتیش به‌م هه‌واڵانه دنه‌ی رۆحی بدرێت، ده‌شێ پاڵنه‌رێك یان هانده‌رێك بێ كه ئه‌ویش وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه بێ چاره‌ی تر په‌نا به‌رێته به‌ر خۆكوشتن.له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستیدا٭ له هۆله‌ندا ده‌ركه‌وتوه كه بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانیاریانه له سه‌ر خۆكوشتن، دیارده‌ی خۆكوشتن زیاتر ده‌كات.
هه‌ر بۆیه له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کاندا كاتێ چه‌ند كاره‌ساتێكی خێزانی دڵته‌زێن ڕوویدا، وه‌زیری داد بریاری دا كه له ڕێگه‌ی میدیاوه كه‌متر ئه‌م هه‌واڵانه بڵاوبكرێته‌وه.
له مانگی سێ ی ڕابوردووی ئه‌م ساڵدا دا له شاری هارله‌م ، نزیك ئه‌مستردام كاره‌ساتێکی گه‌وره ڕوویدا كه خه‌ڵكانی هه‌ژاند. پیاوكی 32 ساڵی، خه‌سووه‌كه‌ی ده‌كوژێ و له پاشانیشدا خۆی و دووكوره‌كه‌ی ته‌مه‌نیان( 4 و 6 ساڵ )ه ده‌خا‌ته ژێر شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌وه، هه‌فته‌یه‌كیش پێش ئه‌م ڕووداوه له شاری هه‌نگه‌ڵۆ، 3 ته‌رم ده‌دۆزرێته‌وه که(ته‌رمی دایكێک و دوو مناڵ) ه، هه‌روه‌ها له درامایه‌كی تری خێزانی‌دا هه‌ر له هه‌مان ماوه‌دا له ئه‌مستردام ژنێكی 30 ساڵ قوربانی بوو.
پرۆفیسۆر ئاد كێركهۆف له (بواری خۆپاراستن و كوشتن) له لای ڕوون و ئاشكرا نیه كه له نێوان ئه‌م ڕووداوانه‌دا په‌یوه‌ستێك هه‌بێ، به‌ڵام دانبه‌وه‌دا ده‌نێت و ئاماژه ده‌كات ( ئاكامی - لاسایی كردنه‌وه‌ی) له‌م دیارده‌یه‌دا به‌دی ده‌كرێ. خۆكوشتێنك یه‌كی تر راده‌كێشێت.
به‌هۆی ئه‌م دراما خێزانیانه مانگی ڕابووردو پسپۆره‌كانی ئه‌م بوواره دانیان به‌وه‌دا نا، كه ده‌بێت ئاگادار بین چ جۆره هه‌واڵێک و چۆن بلاوی ده‌كه‌ینه‌وه.
ئایا كاتی ئه‌وه‌ش نه‌هاتوه كه كه‌ناله‌کانی ڕاگه‌یاندن له كوردستان هۆشیار بن له‌و ڕاستییه‌ی كه‌وا بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره زانیاریانه كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر گه‌نجان هه‌یه.
تێبینی: له هۆله‌ندا 180 كه‌س له ساڵێكدا خۆیان هه‌ڵده‌ده‌نه ژێر قتاره‌وه، ٭٭ ساڵانه 94 هه‌زار كه‌س هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات، 410 هه‌زار كه‌سیش له ژین وه‌ڕسته و ئاره‌زوی خۆكوشتن ده‌كات. ٭Volkskrant 13 maart 2007 ٭٭ maart 2007 1 volkskrant
|