په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠١٤

میدیای باشووری کوردستان و سووکایەتی کردنیان بە کوردی رۆژهەڵات.


د. کامەران ئەمین ئاوە 


یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆرشی پیشەیی - زانستی کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست‌و یەکەم گەشەکردنی تێکنیک لە تەواوی بوارەکان و یەک لەوان بوونی ئینتێرنێت، موبایل و وایبێر، فەیس بووک و زاتلیت و تلەویزیۆنی گشتیی‌یە. ئەگەر تا یەک دوو دەیە لەوە پێش پێوەندیی گرتن لەگەڵ خەڵکی ناوخۆی کوردستان تەنیا لە ڕێگای ناردنی پێشمەرگە و ڕۆژنامە و بەیاننامە بوو ئەمرۆ لە چەند چرکەدا لە ڕێگای ئینتێرنێت و یاخود ئەو هەموو تلەویزیۆنەی کە بە تایبەتی حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش هەیانە دەکری پەیامی پێویست بە خەڵکی رابگەیەندرێ.


لە باشووری کوردستانیش بە پێی پێکهاتنی دەستەڵاتی کورد دەیان تلەویزیۆنی فەرمی و نافەرمی خەریکی کار و چاڵاکین و تلەویزیۆنەکانی زاگرۆس و کوردستان و بە تایبەتی ڕووداو بەرنامەی ٢٤ سەعاتەیان هەیە و ڕووداو تەنانەت ڕۆژانە بەرنامەیەکی نیوسەعاتەی بە ناوی ڕۆژهەڵات هەیە و جار و بار وتووێژ لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و چاڵاکەوانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا کە زۆرینەیان ساڵیانی ساڵە دانیشتوو یاخود میوانی باشوورن و برایانی باشوور هەرچەند ڕۆژ جارێک وەکو میواندارێک کە لەبوونی میوانی نەخوازراو ماندوو ببێ بە چەشنێکی زۆر ناشیاو و ناحەز وەبیریان دێننەوە"میوان بوونیش حەد و ئەندازەی هەیە و ئیتر قەرار نی‌یە ئاوا بێ‌تامی کەن و باشترە کەم کەم ڕێگای ماڵەیان بگرن بەر و لەوە زۆرتر نەبنە هۆی کێشە بۆ ئەوان لەگەڵ برایانی مێژینەی ئێرانی‌یان" کە بە ٧٠ کەسەوە تەنانەت هەوڵێریان لە مەترسی گیرانی لە لایەن داعشەوە ڕزگار کرد.


لەو بێنەدا "ڕووداو" دەورێکی گەڵێك خەراپ دەگێرێ و بە رۆژی ڕوون سووکایەتی بە ڕۆژهەڵاتیان دەکا. ماوەیەک تا پێش شەهید بوونی نەمر هەژار حوسێنی و شەری نیوان پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و پاسدار و جاشەکانی سەر بە کۆماری ئیسڵامی،پرسی "ئەوە بۆ لێرە دانیشتوون و بە جێگای بەشداری لە شەر دژی داعش و پاریزگاری خاکی کوردستان و لەبەر چاوگرتنی بەرژوەندی باشوور ئایا باشتر نی‌یە بچنەوە ڕۆژهەڵات و ئەو هێزەتان لەوێ بەکار بگرن؟" بنێشتەخۆشەی بەرنامەکەیان بوو و زۆر جار شێوەی پرسیار کردنیان وەبیرهێنەری بازجویی دەزگاکانی ئەمنی ئێرانی بوو، بەڵام ئێستا بە بارێکی دیکەوە کەوتن و پرسیاری سەرەکیان ئەوەیە" بۆ پێشمەرگە دەنێرنەوە و بە شەری دژی ئێران بەرژوەندی ئەوان دەخەنە مەترسییەوە و باشتر نی‌یە بچن لە کۆبانی شەر دژی داعش بکەن؟".

 
لەهەر حاڵدا کوردی ڕۆژهەڵات بە هەر بارێکدا بسووری هەر خەتابارە و تەنیا بەرهەمی ئەم بەرنامەیە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاواز و بێ کەڵک نیشان دانی حیزبەکان و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتە. خاڵێکی دیکەش کە برایانی باشوور و بەرنامەگێرانی ڕووداو لە بیریان چۆتەوە یان نایانەوە وەبیری بێنەوە و هەر باسی ئەوە دەکەن کە بۆچێ کوردی ڕۆژهەڵات لە باشوور دانیشتوون و ناچنەوە خاکی کوردستان خۆیان و توانایی ڕووخانی دەوڵەتی تارانیان نی‌یە، ئەوەیە، ئەگەر لە دەیەی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو باروودۆخی نێونەتەوەیی و دژایەتی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ عێراق نەبایە و مەداری ٣٦ دەرجە درووست نەکرابایە و برایانی ئەمریکی سەدامیان بۆ نەرووخاندبایە، ئێستاش کوردی باشوور دەبو قاچێکی لە ئێران و قاچی دیکەی لە سووریە با.


بەڵام کورد کوتەنی ڕووی دونیا ڕەش بێ، زەمان لەگەڵ دۆراو و بێ دەستەڵاتەکان نی‌یە و هەر تازەپێگەیشتوویەک ئەو ئیزنە بە خۆی دەدا ئاوا گاڵتە بە حیزب و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵات بکا، ئەویش لە حاڵێکدا کە سەرۆکەکانیان باش دەزانن لە مێژووی ٥٠- ٦٠ ساڵی رابردوودا کاتێک کوردی ڕۆژهەڵات بۆخۆی لە ژێر گوشاری حکومەتە داگیرکەرەکانی ئێران بوو چ خزمەتێکیان بە کوردی باشوور کردووە و ئێستاش لەم باروودۆخەدا پشتیوانی خۆیان لە کردەودا چ لە نێو خۆی وڵات و چ لە دەرەوە بە کردەوە بە جێ هێناوە.
 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک