په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٥

میدیایە "ئەهلی و ئازادەکان" تا چەند ئەهلی و ئازادن؟
(ئەزموونێکی تاڵ)

د. سالار باسیرە    


ئەو ناوەی میدیایە ئەهلیەکان بە خۆیانەوە لکاندوە "سەربەخۆو ئازاد" لە تاقیکردنەوەی مندا کەوتن.. نموونەشم زۆرە بۆ ئەم تێبینیەم. ئەوە بۆ دووەم جارە بابەتیان بۆ دەنێرم لەسەر ئیسلامی سیاسی بەلام هیچ کامیان بلاوی ناکەنەوەو هەندێکیان بە بیانووی جیاواز خۆیانی لێ قوتار دەکەن و منیش تەنیا کەس نیم خاوەن ئەم ئەزموونە بێت ، ئەو نووسینانەم بۆ ئاوینە ، هاولاتی ، لڤین برێس ، میدیا ، سپی نیوز ، هەروەها بۆ سایتی سبەی و چاودێر و... تاد. ناردوە.


لێرەدا وەلامی یەکێک لەو میدیایە "ئازاد و ئەهلی"انە دەنووسمەوە کە بریتیە لە میدیای ئاوێنە بۆ بابەتێکم لەسەر ئیسلام و ئیسلامی سیاسی، لە وەلامی ئاوێنەدا بۆ هۆکاری بلاو نەکردنەوەی دەنووسن بۆم: (کاک دکتۆر سالار، ته‌شهیری‌ شه‌خسی‌ تێدانییه‌، به‌ڵام ته‌شهیرو سوکایه‌تی‌ به‌خواو پێغه‌مبه‌رو ئیسلامی‌ تێدایه ... بابه‌ته‌که‌ت بۆ ده‌نێرمه‌وه‌، تکایه‌ سه‌رنجی‌ ڕسته‌و په‌ره‌گرافه‌ سوورکراوه‌کان بده‌!
به‌شی‌ بیرورای‌ ئاوێنه‌نیوز


لەناو هەندێک لە ڕستە سورکراوەکانی نووسینەکەمدا لای ئەوانەوە هاتوە: "پێویستیەکانی سەردەم وا دەخوازن قورئان رێفۆرم بکرێت وەک ئینجیل لەگەل سەردەمدا بگونجێندرێت چونکە هەموو ئەوانە مرۆڤ نووسیویانەو بۆ قۆناغێکی کۆنی مێژو، و کۆمەلایەتی بووە ... هەروەها "ئیسلامیەکان کە دەیانەوێ بەتەنیا شەرع بکەنە دەستور بۆ کۆمەلگا کە دونیایەک ناعەدالەتی تێدایە، ئەو کاتە مافی هەموو ئەوانەشی تێدا دەخورێت کە وەک ئەوانە بیرناکەنەوە.... (خۆ لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان باسی زانست و پێشکەوتنی زانست و گەردونناسی و زانستە کۆمەلایەتیەکان و فیزیاو کیمیاو شۆڕشەکانی کوردو کوردایەتی بۆ مندالان و لاوانی کوردستان ناکرێت. ئەوانە دژی هەوو شتێکی ڕەسەنی کوردەوارین ، دژی جل و بەرگی جوانی ئافرەتانی کوردن ، دژی سروودی نیشتیمانی و ئالای کوردستانن و پێیان وایە ئالای کوردستان کفری تێدایەو پێشنیازی گەوجانە دەکەن اللە اکبری عەرەبی لە شوێنی ئەو ڕۆژە بنووسرێت.) هەروەها لە شوێنێکی تری سورکراودا هاتوە: (بەیانیان زوو خەلک بێزار کردن بە بانگ لە دەیان موکەبەرەی مزگەوتەکانەوە بێئەوەی ڕەچاوی ئارامی و خەوی تەندروستی بەیانیان و بیڕورای جیاواز بکرێت ، هەموو ئەوانە هیچیتر نین لە دیکتاتۆریەت و سەپاندنی بەزۆری ئاین بەسەر خەلکیدا. بەو جۆرە خەلکی بێزار دەبێت لێیان...).


(سورەی النساء ١٥: ئەو ئافرەتانەی کە زینا دەکەن ئەوە چوار شایەتیان لە خۆتان لەسەر بگرن جا ئەگەر شایەتییاندا ، ئێوە لە مال بەندیان بکەن تا مردن یەخەیان پێدەگرێت ..." بەلام بۆ پیاو باسی بەندکردن و زیندانیی تێدا نیە ئەگەر هەر خیانەتێکی هاوسەرگیریی بکات. ئایا ڕاستگۆیی و بێلایەنی ئەو شاهێدانە دەبێت لە کوێدا بێت؟ چارەسەری ئەم دیاردانە پێویستیی بە یاسای مەدەنی و شارستانی و لێکۆلینەوەی یاسایی هەیە (یاسای تەندروست) نەک بەو شێوە هەڕەمەکیەی لەو سورەتانەی قورئاندا هاتوون. تەنانەت ژن بە نیوەی پیاو حیساب دەکرێت لە ئیسلامدا بۆ گەواهی و شایەتیدانیش. ئەوە چ سوکایەتی و ناهەقیەکە بە ژن کراوە لەم ئاینەدا).


بەشێکی تری سورکراو (لە سورەتێکی تری النساء ٢٤ هاتوە: "پیاوان بەهۆی مال و داراییانەوە بۆیان هەیە هەتا چوار ژن بهێنن و گوناهیش نیە لە کەمکردنەوەی ئەو مارەییەی لەسەری رێکەوتبوون ...". لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پیاوان بە حوکمی پارە دەتوانن بە ناوی شەرع و ئاینی ئیسلامەوە لەگەل چوار ئافرەتدا کاری سێکسی بکەن و بە ئارەزوی خۆیان بەسەریانەوە بنیشنەوە ، کەچی لە سورەتی النساء 40 نووسراوە "بەڕاستی خوا بەقەدەر تۆزقالێک ستەم لە ئادەمیزاد ناکات". لێرەدا عەدالەتیی خودا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە).


با لێرەدا ئەوەندە بەس بێت چونکە نیوەی زیاتری نووسینەکەیان سوور کردوە ، من لێرەدا ڕوونکردنەوە نادەم لەسەری و بۆ خوێنەر خۆی جێدەهێلم ، بەلام ئەوەندە دەلێم ئیسلامیەکان بچوکترین رەخنە بە تەشهیرو دژە ئیسلام وەردەگرن و بە قسەی ناشیرین و هەڕەشە وەلام ئەدەنەوە. هەروەها میدیایەکی "ئەهلی و ئازاد" بە چ مافێک خۆی دەکاتە نوێنەری خوداو قورئان لەسەر زەوی و ئامادە نیە ڕەخنەیەک لەسەر ئیسلام بلاو بکاتەوە؟ ئەی میدیای ئازاد لێرەدا چ واتایەکی بۆ دەمێنیتەوەو ئازایەتیەکەی لە کوێدایە ئەگەر من بۆم نەبێت توندیش تێیدا بنووسم بەلام بە زمانی ڕەخنەو ئەدەبیی لایەنەکەی کەش دەتوانێت وەلامی خۆی بداتەوەو بابەتەکە بکرێتە بابەتی دایەلۆگێکی گشتی.. سەبارەت بە ڕۆژنامەی هاولاتی بۆ هەمان بابەت دەنووسن بۆم: (..."لەڕاستیدا خاڵی (٨)ی وتارەکەت ناتوانرێت بڵاوبکرێتەوە لە هاوڵاتی، بەهۆی ئەوەی پێمانوایە هێرشە بۆ سەر مسوڵمانان‌و خودی پێغەمبەر محەمەد...".


وەلامی من بۆیان: من ئامادەم خالی ٨ی نووسینەکە لابەرم ، بەلام هەر ئامادە نەبوون بلاوی بکەنەوە. لەگەل ئەوەشدا هاولاتی بابەتێکیان بلاو کردمەوە لەژێر ناونشانی "کانتۆنی جەزیرە ئیسلامە سیاسیەکانی تەنگەتاو کردوە" ، بەلام ئەوە هەرگیز بەس نیەو پێویستە ئەم باسە بەردەوامیی هەبێت. ئایا بۆچی من بۆم نەبیت ڕەخنە لە محەمەد و لە شەریعە نەگرم؟ ئەگەر ئەم وەلامانەم هەمووی لە میدیایەکی سەلەفی و حیزبێکی ئیسلامیەوە بۆ بنێردرایە ، بە ئاسایی وەرم دەرگرت ، بەلام نەک لە میدیایەک بە خۆی بلێت "ئەهلی و ئازاد". بەلام ئیسلامیەکان و مەلاو بەناو زانا ئاینیەکان ڕۆژانە زۆرترین سوکایەتی بە ئافرەتان و ئەندامانی کۆمەلگاکەمان و بۆنە نەتەوەییەکانمان دەکەن لە تۆڕی میدیاوە کەچی میدیایە ئەهلیەکان بێدەنگن لێی. بابەتی ناوبراوم لەژێر ناونیشانی "سیراتی موستەقیم ، سیراتی عەلمانیەت و حوکمی دیموکراتیە" نووسیبوو کە دواتر لە ١٠ سایتدا بلاو کرایەوەو بە تەنیا لە کوردستان پۆستی بوێردا نزیکەی ٦٠٠٠ کەس بینیویەتی.


نووسینی دووەمم.


نووسینی دووەمم بۆیان پەیوەندەی بە ماڵپەری ئیسلام پەیکی کۆمەَلی ئیسلامی و هاورێکەی مەلا کریکارەوە هەیەو لە مالپەڕەکەیاندا لەسەر نووسینێکی ڕەخنەییم لەسەر ئیسلامی سیاسی لەسەر من دەنووسن "سەگێکی تری بەردەم دەرگای عەلمانیەت کەوتە وەڕین". هەروەها لە نامەیەکیاندا بۆم دەنووسن:
 


بڕوانە ئەو هەموو سوکایەتی و هەڕەشەو فکرە تۆتالیتاریەی ئەم مالپەرە ئیسلامیەو هەروەها جودی نیوزو هاوشێوەکانیان بە نووسەران و فکری ئازاد و عەلمانیەکانی دەکەن. من بۆ سایتی ئاوێنەم نووسی ئەگەر ئەم بابەتەشم بلاو ناکەنەوە چونکە ئەمیشیان ڕەت کردۆتەوە لانی کەم رپَۆرتاژێکی لەسەر بکەن و ڕای هەردولامان وەربگرن ئەوەش بێئەنجام بوو ، ئەوە بۆ میدیایەکانی کەشە بە حیزبیەکانیشەوە.. لە نامەیەکی ناڕەزاییم بۆ ئاوێنە نووسیبووم کە لە کەسێکی ناو حیزبێکی ئیسلامیەوە لەسەر ئاستێکی شەخسیی پێم ڕاگەیەندرا کە بەشی بیروڕای ئاوێنە پێیان ڕاگەیاندوون ڕێگربوون لەبەردەم بلاو کردنەوەی ئەو نووسینەم بەلام وەلامیان نەدامەوە.


سایتی سبەی وەک سایتێکی حیزبیی پێیان ڕاگەیاندم کە بابەتەکە گرنگ و بە سوودە بەلام لەبەر ئەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەل حیزبە ئیسلامیەکان باش نیە بۆیە بلاوی ناکەنەوە ، بەلام ئەگەر پەیوەندیەکانیان لەگەل ئیسلامیەکان باشیش بوایە قەناعەتم وایە ئەو کاتە بەو بەلگەیە بلاو نەدەکرایە چونکە پەیوەندیەکانیان لەگەل ئیسلامیەکان باشە ، من لێرەدا بۆم نووسینەوە کە من هۆکاری بلاو نەکردنەوەی لەوەدا دەبینمەوە چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەوابیتی ئیسلامیەو ئەوەش لە زاری رێکخەری گشتیانەوە دووپات کراوەتەوە.


یەکیکی تر لە میدیایە ئەهلیەکان ناوی ناهێنم بۆی نووسیم دوکتۆر سالار ئێستە تێدەگەیت بۆچی ئەو نووسینەمان بلاو نەکردەوە بڕوانە ئیسلامیەکان لە فەرەنسا لەسەر کاریکاتۆرێک لەسەر پێغەمبەری ئیسلام ئەو کوشتارەیان بەرامبەر شارلی هیبدۆ ئەنجامداوە. ئەوە هەرچەندە بریاری بلاونەکردنەوەی نووسینەکەم پێش ئەو ڕوداوە درابوو.


لێرەدا بە گشتی دەگەمە ئەم دەرئەنجامانەی خوارەوە:


ترس لە توندوتیژی و دڕندایەتی ئیسلامە سیاسیەکان هەیە بۆ کاردانەوەیان.
لەوە دەچێت دەستی هەندێک لە ئیسلامیەکان گەیشتبێتە ناو ئەم میدیایانەش.
میدیایە ئەهلیەکان ترسیان هەیە لە تۆمار کردنی سکالا لەسەریان ، ئەم ترسەش وایکردوە بابەتی لەم جۆرانە بلاو نەکەنەوە.
بە گشتی ئەو بابەتانە بلاو دەکەنەوە کە باجیان لەسەر نیە.
میدیایە ئەهلیەکان زۆربەی بابەتەکانیان بۆتە بلاوکردنەوەی هەوال و وتەی بەرپرسەکان.
هەڵوێست و شیکرنەوەی خۆیان نیە لەسەر بابەتە هەستیارەکان بۆنمونە لەسەر بابەتی عەلمانیەت و ئیسلامی سیاسی.
زۆربەی ئەم میدیایانە بەرپرسێکی حیزبییان لە پشتە کە دەنگ و ڕەنگی ئەوانە لە میدیایەکانیاندا بلاو دەکرێنەوەو هەروەها پشتگیریی مادییشیان لەوانەوە پێئەدرێت ئیتر بەهەر شێوەیەک لە شێوەکان بێت.
هەڵوێست و سیاسەتی میدیایە ئەهلیەکان هەندێکجار بەندیشە بە خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرو ژوورە بەرپرسەکان بەلام بە گشتی هەمویان تووشی پەتاکە بوون و لە خەمی دەستکەوتە مادیەکانیشیانن.
من بۆخۆم ناڕازیم لە ئەدای کارەکانی میدیایە ئەهلیەکان و قەناعەتم وایە وشەی "ئازاد"ی لێبکەنەوە باشترە.


سەرنج : وەلام و ڕونکردنەوەی من بۆ ماڵپەری ئیسلام پەیکی کۆمەڵی ئیسلامیی ، بڕوانە سایتی کوردستان پۆست.
 

 

dr.salarbasira@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک