٧\٨\٢٠٢٥
محەمەد دەکروب..
ماڵئاوا ئەی هاوڕێی کۆمۆنیست!

شاکر فەرید
حەسەن |

وەرگێڕانی لە
عەرەبییەوە:
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
|
محەمەد دەکروب، ڕۆشنبیرێکی مارکسیستیی شۆڕشگێڕ و ڕەسەنی ناوازە،
بیرمەندی ئاڤانگاردی ڕۆشنگەری دیار، ڕەخنەگری هۆشیار و نوێگەر،
خەباتکاری کۆمۆنیستی بەئەزموون و ڕووناکبیر، هەڵگری ئاڵا و بیرکردنەوە
و ئەخلاقی چینی کرێکاری زەحمەتکێش و مێژوونووسی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی
لوبنانی عەرەبی کە ناوەکەی هاوواتای کتێبەکەی بوو بە ناوی(جذور
السنديانة الحمراء) کۆچی دوایی کرد. ئەو مرۆڤە سەرڕاست و خۆبنیادنەرەی
کە ژیانی تا دوا تنۆک
خۆشدەویست،
ژیانی خۆی وەک بۆڕیچییەک دەستپێکرد، پاشان بەهۆی خوێندن و خوێندنەوە و
تینووێتی شکاندن لە کانیاوی مەعریفە و کلتوور و بیری پێشکەوتووخوازانەی
مرۆڤایەتی، بوو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوە و یەکێک لە دیارترین
ڕەخنەگرانی ئەدەبیی و دامەزرێنەرانی ڕەخنەی ئایدیۆلۆژی لە جیهانی
عەرەبیدا، هەروەها بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری “الطریق”، بەناوبانگترین و
دێرینترین گۆڤاری ڕۆشنبیری چەپی عەرەبی، کە بەم دوواییانە دووبارە
دەستی کردەوە بە دەرچوون دوای ئەوەی بۆ ماوەی دەیەیەک لەبڵاوکردنەوە
وەستا. چ پارادۆکسێکە کە محەمەد دەکروب لە ناوەڕاستی ئاهەنگێڕانی
کۆمۆنیستەکان و هاوڕێکانیاندا بۆ یادی ٨٩ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی
شیوعی لوبنان کە خۆی ئاوێنەیەکی ئەو حیزبە بوو، کۆچی دوایی کرد. بە
مردنی دەکروب، لوبنان و جیهانی عەرەبی و بزووتنەوەی مارکسیستی و
کۆمۆنیستی لوبنانی و عەرەبی، کەسایەتییەکی درەوشاوەی خەبات، پێشەنگێکی
کلتووری ڕۆشنگەری عەقڵانی و کرێکاری و چینایەتی و بیرمەندێکی
پێشکەوتنخواز و ڕۆژنامەنووسێکی شۆڕشگێڕی چەپیان لەدەستدا. یەکێک لە
بەشکۆترین ڕۆشنبیرانی ئایدۆلۆژیستی مارکسیستی عەرەب بە هەژاری ژیا و
مرد، کە جگە لە سامانی نووسین و بیروباوەڕ و هزر و خەونەکانی هیچی تری
نەبوو بەڵام مەشخەڵی ئەو بیروباوەڕەی کە باوەڕی پێی هەبوو، بەدەستەوە
گرتبوو و لایەنگریی و پشتیوانی و بەرگری لێدەکرد. هەورەها ژیان و تەمەن
و وزە و قەڵەمەکەی تەرخان کرد بۆ دیفاعکردن لە بەهاکانی ئازادی و
دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنخوازی و بەرزترین دۆزی
ئینسانیی لە بووندا، دۆزی چەوساوەکان و چینی کرێکاری بەشمەینەت کە
خەبات دەکەن بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی و چەوسانەوە و ستەمی
چینایەتی.
محەمەد دەکروب نموونەی یەکێک لە ڕەخنەگرە هەرە دیارەکانی ڕێبازی
ڕیالیزمی سۆسیالیستییە کە بەشداری لە دامەزراندنی و چەسپاندنی
بناغەکانی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئیستاتیکای مارکسیستی داهێنەرانە لە
لوبنان و جیهانی عەرەبیدا کردووە. لە شاری (صور)ی لوبنان لەدایک بووە و
گەورە بووە و لە قوتابخانەکانیدا خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی
سەختی ژیانەوە قوتابخانەی جێهێشتووە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی جەماوەر و
کرێکارانەوە کردووە، لەوێ وەک فرۆشیاری بەروبوومە پاقلەمەنییەکان کاری
کردووە، پاشان دەبێت بە بۆڕیچی. لەم نێوەندەدا بەهۆی نامە گۆڕینەوەوە
لە ڕێگەی هاورێیەکی (کەریم مەروە)وە ئاشنا دەبێت بە کۆچکردوو دکتۆر
(حوسین مەروە)ی نووسەر و هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست. سەبارەت بە یەکەم
دیداریان دەکروب دەڵێت ( لەڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ساڵی ١٩٤٩ لەنێو دوکانێکی
بچووک و کۆندا بووم کە پڕ بوو لە تەنەکە و قووتوو و پەرەمێز، سەرقاڵی
چاککردنی مەسینەیەکی شکاو بووم و لەبەر خۆمەوە منگەمنگم بوو و لەناکاو
پیاوێک ڕاستەوخۆ لەبەردەممدا قیت بووەوە، جەستەی لاواز و ڕووخساری تەنک
و دوو لێوی ئەستوورەوە ، زەردەخەنەیەکی دۆستانەی کرد و وتی : سڵاو
محەمەد، من حوسێن مەروەم. بە پەشێوییەکەوە وەستام، دەستەکانم نەوتی سپی
و ژەنگ و ئەمۆنیاییان پێوەبوو. دەستم بۆی درێژ کرد، لەو ڕۆژەوە تا
ئەمڕۆ و تا کۆتایی ژیانمان، دەستمان لەناو دەستی یەکتردایە.) دوای ئەوە
محەممەد دەکروب لە بەیروت لەلای بازرگانێکی کاغەز دەست بەکارکردن دەکات
و لەم قۆناغەدا حوسێن مەروە چەندین کتێب و ئەدەبییاتی مارکسیستی
پێدەدات و لەم کتێبانەوە فەرهەنگی ئیستاتیکی و پێشکەوتنخوازانە و
شۆڕشگێڕانەی پابەند بە مرۆڤایەتی فێربووە و بە گوێگرتن لە گفتوگۆکانی
حوسێن مەروەش سەبارەت بە حیزب، ڕێگەی خۆی بۆ ناو حیزبی شیوعی لوبنانی
دۆزیوەتەوە. پاشان لە گۆڤاری (الثقافة الوطنیة) دا کاری کردووە، کە
کۆمەڵێک لە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی پێشکەوتنخوازی لە دەوری خۆی
کۆکردەوە و هەورەها سەکۆیەک بوو بۆ بیرکردنەوەی پێشکەوتنخوازی
مرۆڤایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزم و کۆنەپەرستی و هەروەها شەڕی ئەدەبی و
فیکری و شارستانییانەی لە دژی کلتووری بۆرژوازی کۆنەپەرستانە و
شۆڤێنیستی دژ بە هەموو شتێکی مرۆڤدۆستانە و جوان، بەرپا کردووە.
دەکروب ژیانی ئەدەبیی خۆی بە نووسینی پەخشانی ئەدەبیی و کورتەچیرۆک
دەستپێکرد، کە تیایدا واقیعی گوندە خامۆشەکەی و خەمی ڕۆژانەی مرۆڤە
سادەکان و ئازارەکانی هەژاران و ستەملێکراوانی سەر هەسارەکەمان تیا
وێنا دەکرد. یەکەمین بەرهەمی هونەری خۆی لە گۆڤاری (الطریق)ی لوبنانی،
زمانحاڵی حیزبی شیوعی و هەموو نیشتمانپەروەر و پێشکەوتنخوازان، کە
دواتر خۆی بووە سەرنووسەری، لە ژێر ناوی (پێنج قروش) دا بڵاوکردەوە. لە
تەمەنی گەنجیدا، لە ساڵی ١٩٥٤دا کۆمەڵە چیرۆکێکی خۆی بە ناوی (الشارع
الطویل) و لە ساڵی ١٩٨٠ کتێبێکی تری بە ناوی ( الآدب الجدید و الثورة)
بڵاوکردەوە، کە کۆمەڵە وتار و لێکۆڵینەوە و باس و نووسینی ڕەخنەییە، کە
دەرئەنجامی ئەزموونی ڕۆژانەی شەڕە فیکرییەکان و مشتومڕەکانی پەیوەست بە
ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییە گشتییەکان بوو کە هەڵگری لایەنی مێژووی
ململانێی ئایدیۆلۆژین لە بزووتنەوەی فەرهەنگی و ئەدەبیدا کە ناوەندە
فیکرییەکانی عەرەب لە دەیەی شەستەکان و حەفتاکاندا بەشێوەیەکی تایبەت
ئەزموونیان کردبوو و لە گۆڤاری (الطریق)دا بڵاوی کردبوونەوە. دەکروب
لەو کتێبە خوێندنەوەی بۆ هەندێک دەق سەبارەت بە ئەدەب و هونەر و ڕەخنە
کردووە و لەژێر تیشکی جوانیناسی مارکسیستیدا ڕۆشنکردنەوە و شیکردنەوەی
ڕەخنەیی بۆ بەرهەمە هونەرییەکان و گفتوگۆی کێشەکانی داهێنانی ئینسانیی،
ئەنجام دابوو.
سەبارەت بە هۆکاری کۆکردنەوەی ئەو نووسینانە و بڵاوکردنەوەیان لە
کتێبێکدا، محەمەد دەکروب دەڵێت (هۆکاری تایبەت خواستی ڕزگاربوون بوو
لەم قۆناغە بۆ چوونە ناو هەوڵی ڕەخنەیی نوێ، دەبێت ئەوەش بگوترێ کە لە
نێو ئەو هاندەرە گشتییانەی کە هۆکار بوون، هەڵبژاردنی ئەم نووسینە
تایبەتانە، کە هەندێکیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی دەیەی
حەفتاکان بریتییە لە خستنەبەرچاوی لایەنێک لە لایەنەکانی ئەزموونی
بزووتنەوەی ڕەخنەگرانە کە کتێبەکە، سەر بە بیری پێشکەوتنخوازانەی
مارکسیستییە، لەبەردەم ژمارەیەک لە ڕەخنەگری گەنجی عەرەبی، کە بەمشێوە
یان بەوشێوە سەر بە خودی بزووتنەوەکەن و بە هەڵەشەیی و مەیلی
چەپرەوانەی خۆیانەوە لە دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کەوتنە ناو
بزووتنەوەی ڕەخنەی پێشکەوتنخوازانەوە {پۆلێنبەندی سیاسی و چینایەتی
چارەنووسساز و بێئەملاوئەولای داهێنان و کاری داهێنەران و هەندێکجار
ڕازی بوون بە ڕوئیای ناوەڕۆکی سیاسی کارە هونەرییەکان بە شێوەیەک کە
سروشتی هونەر وەک هونەر لە پلەی یەکەمدا تەمومژاوی بکات} لە کاتێکدا
هونەری ئەم سەردەمە لە توێژینەوە ڕەخنەییە بابەتییە وەرگێڕدراوەکاندا،
هەمەجۆربوونی ڕێگاکانی لێکۆلێنەوە و بەردەستبوون و وەرگێڕانی جۆراوجۆری
شێوازەکانی توێژینەوەی نووسینە کلاسیکییە مارکسیستەکان بۆ سەر زمانی
عەرەبی بە بابەتە تایبەتەکانی ئەدەب و هونەریشەوە، هەموو ئەمانە بوار
بە ڕەخنەگران دەدەن گەنجانەکان (وەک چۆن ڕێگەی بە ڕەخنەگرانی نوێی دیکە
داوە) نەک تەنها قۆناغی پەنجاکان بە دەستکەوت و هەڵەکانییەوە تێپەڕێنن،
بەڵکو بتوانن لێکۆڵینەوەی سیستماتیکی ئەم ئەزموونە ڕەخنەییەش ئەنجام
بدەن و ڕەخنەی لێ بگرن و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە دڵی مارکسیزمەوە
بەرنە ئاستێکی بەرزتر تا هەندێک لە نووسەرانی پێشکەوتنخواز لە دەیەی
هەشتاکان هەمان بیرۆکە و هەمان پۆلێنکردن و هەمان حوکمەکانی کاتگۆریی
دووبارە نەکەنەوە کە بە هەڵەی منداڵانەی بزووتنەوەی ڕەخنەگرانەی
پێشکەوتنخوازی دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دادەنران.).
محەمەد دەکروب کۆمەڵێک کتێب و دەستکەوت و بەرهەمی ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوە
و مێژوویی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، کە گرنگترینیان بریتین لە :
(شخصيات و أدوار في الثقافة العربية الحديثة)، (وجوه لا تموت في
الثقافة العربية الحديثة)، (على هامش سيرة طه حسين) ئەمە جگە لە کتێبە
بەناوبانگەکەی( جذور السنديانة الحمراء) کە مێژووی بزووتنەوەی مارکسیزم
لە بنیاتنان و سەرهەڵدانی حیزبی شیوعی لوبنان، کە خۆی یەکێک بوو لە
ئەندامە دڵسۆزەکانی بۆ بنەما و ڕێگا و قەناعەتەکانی ئەو حیزبە،
لەخۆگرتبوو. محەممەد دەکروب، ڕەخنەگری ناوازە و ڕۆشنبیری بێهاوتا لە
ژیان و بیرکردنەوە و بەخشینەکەیدا، بە بێدەنگی و بە هێمنی و دوور لە
هاژوهوژ وەک بلیمەتەکانی تری دنیای فکر و مرۆڤە بە پڕەنسیپییەکان،
دووچاری هەژاری و دەستەنگیی بوو و قوربانی بە ڕۆح و ژیانی خۆیدا لە
پێناو خەڵک و نیشتمان و کۆمەڵگە و داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو
زەحمەتکێش و چەوساوەکان.
ماڵئاوا، سەربەرزم پێت ئەی ئاخرین کۆمۆنیست، ئەی ڕەگی بەڕووە سوورە
وەستاو و ڕەگ داکوتاوەکە، بەڵێن دەدەین کە وەفادار بمێنینەوە بۆ ڕێگا و
بیروباوەڕی ڕۆژنامەی (الطریق) و تۆش بەوپەڕی بەهێزییەوە لە نێو ئێمە و
فەرهەنگی داهێنەرانەی نوێگەری و بیری عەرەبی هاوچەرخمان، ئامادە و
زیندوو دەمێنیتەوە.
__________________________________________
سەرچاوەکان:
(موقع رابطة الادباء
الشام تعني بقضایا الآدب و الآنسان محمد دکروب وداعا ایها الشیوعي
الآخیر..! بقلم شاکر فرید حسن ٢ تشرین الثاني ٢٠١٣).
https://www.odabasham.net
(موقع سودارس، محمد دکروب، وداعا ایها الشیوعي الآخیر..! بقلم شاکر
فرید حسن ٢٩ تشرین الثاني ٢٠١٣).
https://www.sudaress.com/hurriyat/130903
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|