په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١٣

ململانێ نا شەرعییەکان؟!


ستار محەمەد قادر   


باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک گومانی لەوە هەبێت کە ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوە هاتووینەتە دونیاوە بۆ ئەوەی بۆ دونیا هەوڵ بدەین، بەڵام بە مەرجێک هەوڵەکانمان شەرعیی بێت، حزبی سیاسیش بەو پێیەی خاوەنی ئایدۆلۆژیاو دیدی خۆیەتی بۆ کۆمەڵگەو حوکمڕانی و سیاسەتکردن، بۆ ئەوە درووست دەبێت تا لەڕێی ململانێیەکی شەرعییەوە بگات بە کورسی دەسەڵات بۆ ئەوەی سیاسەت و بەرنامەو پڕۆژەکانی خۆی بەرجەستەو جێبەجێ بکات، بەداخێکی زۆرەوە ململانێی سیاسی لە کوردستاندا لەسەردەمی شاخەوە تا ئەمڕۆ، ململانێیەک بووە شەرعییەتی نەبووە، ئەو ململانێ نا شەرعییەیش بەردەوام هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە ئامانجە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکان و تەنها بە خۆیانەوە سەرقاڵ ببن و بەشێوەیەک لە مافەکانی گەلی کورد بڕوانن وەکو ئەوەی بارێکی قوورس و گران بێت بەسەر شانیانەوە.

 
پارتە کوردیەکان تاکێکیان ناوێت سەربەست و ئازادو بێلایەن و خاوەن بڕیاری تایبەتی خۆی بێت، ئەو هەڵایەی درووستی دەکەن بۆ ئەوەیە مرۆڤەکان بکەونە داویانەوەو سەرمەست و بارگاوی بن بەو وێنە خەیاڵیەی وا ئەوان بۆیانی دەکێشن!


ئەمڕۆ ئەگەر لە راگەیاندنی پارتانی خودان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ووردبینەوە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، ئەو ململانێیەی ئەمڕۆیان بە بارتەقای شەڕی برا کوژی کۆمەڵانی خەڵکی تووشی نیگەرانی و نا ئومێدی و دڵە راوکێ کردووە، ئەگەر بەشێک لە ئێمە خاوەنی ئەو دیدەیش بووبێتین کە لەڕێی سیاسەتی ئەو پارتانەوە دەتوانین زاڵ ببین بەسەر چارەنووسی خۆماندا، ئەوا ئەمڕۆ بەهۆی ئەم ململانێ نا شەرعییانەوە تووشی رەشبینیەکی قووڵ بووینەو نازانین ئەو هەڵایەی وا ئەوان درووستیان کردووەو کۆمەڵانی خەڵکیان پێیەوە سەرقاڵ کردووە، لە کارامەیی سەرکردەکانەوە سەرچاوە دەگرن؟! یان دوو بەرەکی و لێکترازان لەنێو خوێنیاندایەو ناتوانن پەراوێزی بخەن؟!


ئەگەر ئەم یەکتری سڕینەوەی ئەوان گوزارشت لە سیاسەت دەکات؟! ئەی خۆ لەسەردەمی مۆدێرنەدا سیاسەت مژدەی ئەوەی دەدا بە میللەتان بە یارمەتی سیاسەت زاڵ دەبن بەسەر چارەنووسی خۆیانداو هەر لە دەلاقەی سیاسەتیشەوە هەست بە بوونی خۆیان دەکەن و بڕیار لەسەر چۆنێتی ژیان و هەڵبژاردنی سیستم و جۆری حوکمڕانی دەدەن بە مەرجێک کۆی ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندی گشتی و فەزای گشتیدا بێت! ئایا بەم شێوە سیاسەتەی وا لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستەیە؛ دەتوانین سەرمان بەرز بکەینەوەو بڵێین ئێمە هەین و لەوە دڵنیاین بە چی ئاراستەیەکدا دەڕۆین؟!


بێ گومان لە دەرەوەی ریکلام کردن بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر ئەم فۆڕمەی ئێستا کە خۆی لە نەریتخوازیدا وێنا دەکات درێژە بکێشێت، گومانێکی زۆرمان لەلا درووستدەکات و وەکو گەلێک ناتوانین هەست بە بوونی خۆمان بکەین و ئایندەمان مسۆگەر بکەین! چونکە ئەگەر پارتە کوردیەکان لەسەر ئەوە رێکنەکەون کە چ شتێک دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و لە چ بوارێکدا چاکسازی بکرێت، سیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی، دەستوور بخرێتە راپرسیەوە یان هەموار بکرێتەوە؟! ئەی کەواتا کارامەیی سیاسیەکانمان دەبێت لە کوێدا بێت، کاتێک باس لە گۆڕان و نوێبوونەوەو پێشکەوتن دەکەن، نە هەڵوێستیان گۆڕانکاری پێیەوە دیارەو نەش بە هزرێکی نوێوە سیاسەت دەکەن؟! دیارە لەم هەرێمەی ئێمەدا تێگەیشتنمان بۆ چەمکی سیاسەت و سیاسەتکردن تێگەیشتنێکی لاوازەو هەر ئەمەشە وایکردووە کە هەر لایەنەو بە ئارەزووی خۆی شەرعییەت بەخۆی بداو بە ئارەزووی خۆیان وەسفی سیستمی حوکمڕانی بکەن و فەزایەک درووست بکەن لە شوێن ئەوەی نێو ماڵی کورد وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی رێک بخەن، تووشی لێکترازان و پەرتەوازەیی دەکەن، لە کاتێکدا ململانێی تەندرووست و شەرعیی ناگات بەو ئەندازەیەی کە رق و کینە رۆڵی سەرەکی تێدا ببینێت، بەڵکو ئەوە ململانێ شەرعییەکانن لە دەرەنجامدا ئارامی و ئاشتی و پێکەوە ژیان بەرجەستە دەکات، لێرەدا پێویستە بپرسین: ئایا ئەم ململانێیانەی هەرێمی کوردستان شەرعیین؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک