|
٩\٤\٢٠٢٦
ململانێی ترس و
ورە
لە شیعری (ژووری
سێدارە)ی شەهید مەلا عەلی.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ترس
هەمیشە لە پانتایی ژیان ڕووبەرێکی فراوان لە ململانێی ئینسان و
زیندەوەران لەپێناو مانەوەیان، داگیر دەکات. ترس بریتییە لەو هەستەی کە
لە ئەنجامی مەترسی یان هەڕەشەیەکی هەستپێکراوییەوە دێتە ئاراوە. ترس
لای مرۆڤ لە وەڵامی هاندەرێکی دیاریکراودا کە لە ئێستادا یان لە
پێشبینیکردنی هەڕەشەیەکی ئەگەری لە داهاتوودا، وەک مەترسییەک بۆ سەر
جەستە یان ژیان بە گشتی، سەرهەڵدەدات. پرۆسەی سەرهەڵدانی ترسیش وەک
دژەکردار بۆ لەدەستدانی ژیان مانا پەیدا دەکات. ئەگینا بێباک بوون
بەرانبەر بە ژیان، ڕەتکردنەوەی ترسە. مرۆڤی شۆڕشگێڕ و خاوەن باوەڕ
ئامادەیە گیانی خۆی ببەخشێت بە بیروباوەڕەکەی و ترسیشی لەهیچ شتێک نییە.
هاوکێشەی ژیان و مردن لای مرۆڤێکی خاوەن باوەڕ (جا مەرج نییە هەمیشە
خاوەن باوەڕەکە شۆڕشگێڕ بێت) بەندە بەپتەوی
پەیوەندی مرۆڤ بە بیروباوەڕەکەیەوە. لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەبی جیهان
بەهەزاران چیرۆک و بەسەرهاتی تێدا تۆمار کراون کە چۆن مرۆڤ لەپێناو
باوەڕەکەی گیان و ژیانی خۆیان بەخت کردووە. ئەدەبی کوردیش گەلێ چیرۆک و
قارەمانێتی تراژیدی تێدایە کە یەکێک لەو چیرۆکە تراژیدییانە دەقی شیعری
(ژووری زیندانی) شەهید مەلا عەلییە.(١) لەم دەقەدا خوێنەر ڕووبەڕووی
دۆخێکی سایکۆلۆژی پڕ لە ترس و ئومێد دەبێتەوە کەلەپانتایی نێوان ئاگایی
و نائاگایی شاعیردا دێن و دەچن. ئەم دۆخە دەروونییەی شاعیر، لەڕاستیدا
دوو حاڵەتن لە دۆخی دەروونی کەسێک کە لای ڕوونە لە سێدارە دەدرێت.
شاعیر زۆر ڕاستگۆیانە گوزارشتی لەو دۆخە دەروونییە کردووە. ئەویش نەک
تەنها لەم شیعرە، بەڵکو لە تەواوی دیوانی (شیعر و هەڵوێست)دا (٢)
بەڕوونی دەردەکەوێت.
برا دوور و خزم دوور کەسم دوور
بە نابەڵەد تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە، بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ: ئاڵای سوور
شاعیرێکی دەروون لەڕادەبەدەر ماندوو، کە لە ئەنجامی ئازار و
ئەشکەنجەیەکی نامرۆڤانەی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسەوە دووچاری دەبێت، ئەوەش
تەنها لەبەرئەوەی یاخیبووە و داوای ئازادی دەکات و دەیەوێت ستەم
نەمێنێت، تەنها بۆ ئەوەی ئازادی باڵ بکێشێت بەسەر ژیاندا. بەڵی ئەو
شاعیرە دەروون ماندووە برینێکمان نیشان دەدات کە ساڕێژبوونی ئاسان نییە.
برینی مەرگ کەلەبەردەم دەرگای ژیاندا کە چاوەڕوانی دوایین چرکەکان
دەکات.
بەرەو ژووری، بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی کردووم و شوێنەکەم شێدارە
کە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشکەنجەیەو، جێ دارە
مەلا عەلی لەم شیعرەدا جگە لەوێنای گشتی شۆڕشگێڕێکی نێو زیندانە
تاریکەکەی بەعس، وێنای دۆخێکی ئاڵۆزی دەروونیشمان بۆ دەکات کە چۆن
لەڕێگەی وشە و دەربڕین و ڕستەکانەوە خۆی حەشار داوە. شاعیر باس لە ترس
دەکات، خەم بۆ لەدەستدانی ژیان خۆی دەخوات. خەم لەوە دەخوات کە ئەو
کادیر و چەکداری حیزبێکی سیاسی بووە و ئێستاش لە زیندانە. بەڵام شاعیر
زیرەکانە ئەو ترسە بە ورەیەک دادەپۆشێت کە بووتە مایەی جوانتربوونی
دەقەکە لەلایەک و بەدەستهێنانی شوناسی قارەمانێتی لەلایەکی تر. هەر ئەم
کردە ئیستاتیکییەیە کە مەلاعەلی شاعیر توانیویەتی جێگەی خۆی لەدڵی
هەزاران خوێنەردا بکاتەوە.
ئەڵێن ئەمرێ و لە ترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
ئەم ئاسوودەیی و شادییەی شاعیر بە ورەیەکی بەرز ئاوێتەکراوە. لەڕێی ئەو
ورەیەوە دەبینین ترس کەمڕەنگتر دەردەکەوێت و تەنانەت لە کۆتایی شیعرەکە
پاشەکشەش دەکات. ململانێی نێوان ورە و ترس لەم شیعرەدا ململانێی نێوان
ژیان و مردنە. شاعیر هۆشیارانە مردنی هەڵبژرادووە لەپێناو ژیانێکی
باشتر لەئێستا. ئەم هەڵبژاردنەش لەڕێگەی باوەڕێکی پتەوەوە هاتۆتە بوون،
باوەڕی مارکسیزم - لینینیزم، کەلەڕێکخراوی کۆمەڵەی مارکسی - لینینی
کوردستان ئەندێشەی مارتیس تۆنگدا بەرجەستە بووبووەوە.(٣)
ئەو مەرگەی لێم ترساوە، ئەیلاوێنم
بۆ ناوێرێ بێت و بگرێ داوێنم!
با بمناسێ کە پێشمەرگەی «کۆمەڵە» و
کادرێکی دەست و داوێن خاوێنم.
جوانی شیعرەکە هەر لە کێش و سەروا و داڕشتنە شاعیرانەکەی شاعیرەوە نییە،
بەڵکو لەو پەیوەستبوونەی شیعرەکەوەیە بە باوەڕی سیاسییەوە. ئەمە شیعرکە
و شاعیرەکەشی جوانتر و بەهەڵوێستتر نەک هەر لە دڵی خوێنەرانی، بەڵکو
لەوێژدانی مێژوویەکدا جێخستووە کە چەندین نەوە لەپێناویدا قوربانیان
داوە. لێرەوە جارێکی تر سیحری پەیوەندی نێوان ئەدەب و سیاسەت یان شیعر
و سیاسەت دەردەکەوێتەوە و هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی بۆرژوا- لیبڕاڵ
بەتاڵ دەبنەوە کە دەڵێن ئەگەر شیعر تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت دەبێتە دروشم
و جوانییەکەی نامێنێت. نەخێر ئەوە پروپاگەندەیەکی کۆنەپەرستانەیە کە
دەیەوێت ئەدەب و شیعر وەکو چەکێکی کاریگەری مەیدانی خەبات، لەدەست
کڕێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی دەربهێنێت و کوولی بکات. ئەدەب
و شیعری سیاس - چینایەتی چەکێکی کاریگەرە کە ئەگەر هۆشیارانە دەستی بۆ
ببردرێت، بەدڵنیاییەوە ڕۆڵی گرنگ لە خەبات بۆ ڕزگاری مرۆڤ لە ستەم و
چەوسانەوەی چینایەتی دەگێڕێت.
مەلاعەلی شاعیر سەرباری ئەوەی کادیر و چەکداری ڕێکخراوی کۆمەڵە بووە کە
پاشخانی مارکسی - لینینی هەبوو، کەچی ئەو کادیرە تا ساتی
گیانبەختکردنیشی نەیتوانیوە خۆی لەژێر کاریگەری ئایین ڕزگار بکات و وەک
مارکسی _ لینینییەک تێڕوانینەکانی خۆی لەشیعر و سیاسەت دەببڕێت.
مەلاعەلی کادیری مارکسی لینینی و شاعیر دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ
باوەڕەکەی و ئەم ناکۆکییەش لە شیعرەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە.
کە پاش مردن هەبوو دنیایەکی نوێ
تا ئەو کاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونکە ڕۆژی هەستانەوە دەرفەتی
فرمانێکی وەک ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
ئەم ناکۆکییە لای شاعیر مەلاعەلی دەرخەری
ئاستی هۆشیاری سیاسی - چینایەتی ئەو کادیرە مارکسی - لینینییەی کۆمەڵە
دەردەخات. دووری شاعیر لەباوەڕی مارکسیزم؛ شاعیر و شیعرەکەی بەم
دەرەنجامە گەیاندووە. بۆیە ئەم ناکۆکییە لای مەلاعەلی شاعیر و بەتایبەت
لەم شیعرەدا مایەی سەرنجە، چونکە بەداخەوە ئەم شاعیرە ورە بەرز و
خەباتگێرە و دەیان کادیر و خەباتگێڕی تر نەیانتوانی و بۆیان نەلوا
تێگەیشتنی دروست لە مارکسیزم بەدەست بهێنن و ببنە چرای ڕۆشنکەرەوەی
ڕێگای خەباتی کرێکارانی کوردستان بۆ رزگاری یەکجارەکی لە ستەم و
چەوسانەوەی چینایەتی.
لەکۆتایدا شیعری (ژووری سێدارە)ی شەهید مەلاعەلی، تابلۆیەکە ململانێی
نێوان ترس و ورەمان نیشان دەدات و شاعیر ڕاستگۆیانە گوزارشتی لەو دۆخە
دەروونییە ئاڵۆزەی خۆی کردووە و ژیرانە توانیویەتی بە ورەیەکی بەرزەوە
چیرۆکی ترس و دۆخە دەروونییەکەی بەشیعر بۆمان بگێڕێتەوە. شاعیر
بەداخەوە نەیتوانیوە لە کاریگەرە ئایدیالیستەکانی ژیان خۆر قورتار بکات
و وەک شاعیرێکی بەرچاو ڕوونی چینایەتی گۆرانی بڵێت. بەڵام لەگەڵ هەموو
ئەمانەشدا ئێمەی خوێنەر لەبری شاعیرێکی ڕووخاو، قارەمانێک دەبینین لە
زینداندا کە چاوەڕێی لەسێدارەدانە و بەئومێدەوە گۆرانی بۆ سبەینێ دەڵێت.
_____________________________________________
پەراوێز و سەرچاوە:
١- شەهید مەلا عەلی؛ ناوی تەواوی حوسێن مەولوود ئەحمەدە، لە ساڵی ١٩٥٣
لە گوندی (بەربەرد)ی سەر بە ناحیەی (ماوەت) لە خێزانێکی هەژار و لەدایک
دەبێت. ساڵی ١٩٥٨ لە تاو چەوساندنەوەی چینایەتی و لە دەست دەرەبەگ،
ماڵیان باری کردووە بۆ گوندی (کۆکە)ی سەر بە شارۆکەی (سورداش). بەهۆی
ئەلقەی ڕۆشنبیرییەوە لە ڕیزی (کۆمەڵە) ڕێکخراوە و ئەندامێکی چالاکی
کۆمەڵە بووە. ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) لە زانکۆی سلێمانی - کۆلێژی ئاداب
بەشی کوردی وەرگیراوە، لە قۆناغی دووەمی کۆلێژ ڕژێمی بەغدا پێی دەزانن،
لە (١١-٥ - ١٩٧٧) خۆی گەیاندووەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە. لە ڕۆژی ٣٠ی
یەکی ١٩٧٩ کاتێک بۆ کاری ڕیکخستن لەگەڵ هەڤاڵ (دکتۆر مارف) عوسمان
عەبدوڕەحمان عەسکەری دەچن بۆ گوندەکانی ناوچەی سورداش، لە گوندی (کرژە)
حکومەت پێیان دەزانێ و دەسگیریان دەکات. دوای لێدان و ئەشکەنجەیێکی زۆر
لە ڕۆژی (٦-٦-١٩٧٩) لەو قەسابخانەی ناوی لێنرابوو (هەیئەی خاسەی
کەرکووک) بڕیاری لە سێدارە دانی بۆ دەردەچێت، لە شەوی (٢٢/٢٣ی ٧ی ١٩٧٩)
لەگەڵ دوو هاوڕێی تری لە سێدارە دەدرێن. شایانی ئاماژەیە شاعیر ئەم
شیعرەی لە ١٨ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ ، لە زیندانی موسڵ بەشی خنکاندن
نووسیوە و هەروەها زۆربەی شیعرەکانی تری ئەم شاعیرە لە ماوەی ئەو مانگ
و نیوەی زیندان، لەسەر سیمی پاکەتی جگەرە نووسیون، کە هێندێکیان ئارەق
و چڵک و خوێنیش کاری تێکردوون گوڵئاسا شەمزاندوونی.
بۆ ژیاننامەی شەهید مەلا عەلیم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:
سایتی وشە لە ١٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧
https://wishe.net/dreja.aspx?Jmare=32841&Jor=1
و هەورەها سایتی کورد
کۆڵێکت ٢٢ ی ئازاری ٢٠٢١
https://kurdcollect.com/index
و پەیجی تایبەتی فەیسبووکی شەهید
مەلا عەلی.
https://www.facebook.com/ShehidMela
٢- شەهید مەلاعەلی، شیعر و هەڵوێست، دیوانی شەهید مەلا عەلی،
ئامادەکردنی ناوەندی ئەرشیفی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان،
لە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی، زنجیرە ٣، چاپی
یەکەم، سلێمانی، ٢٠١١، لاپەڕە ١٥١ - ١٥٨.
٣- کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان؛ لە ١٠ حوزەیرانی ١٩٧٠ لەلایەن
کۆمەڵێک کەسی چەپ و ماویستییەوە رێکخراوی کۆمەڵەی مارکسی لینینی
کوردستان دامەزرا و دواتر لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٧٩ ناوەکەی بۆ کۆمەڵەی
ڕەنجدەرانی کوردستان گۆڕدرا. کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٧٦ خەباتی چەکداری لە
کوردستان دەست پێکرد و ڕۆڵی بەرچاوی خۆی گێرا. کۆمەڵە کۆنفرانسی یەکەم
لە ١٩٨١ و کۆنفرانسی دووەم لە ساڵی ١٩٨٢ و کۆنفرانسی سێیەم لە ١٩٨٥
بەست. ساڵی ١٩٩٢ لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا،
کۆمەڵە بەیەکجاری هەڵوەشایەوە.
کۆتایی ئایاری - کۆتایی تشرینی یەکەمی
٢٠٢٤ - ناوەڕاستی کانوونی دووەمی
٢٠٢٦
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|