په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٠

من عاشقى لیژنەکەى بارزانیم.


گۆران دوکانى  


لیژنەى لێکۆڵینەوە لەدۆسیەى شەهید کردنى سەردەشت عوسمان ،کەبەبڕیارى بارزانى سەرۆکى هەرێم دامەزرابوو ،ئەو لیژنەیەى کە بەبێ نوێنەرایەتى هیچ مێدیایەک، بەبێ نوێنەرایەتى کەسوکارى سەردەشت ،بەبێ نوێنەرایەتى هیچکام لەڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى وبەتایبەتیش ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ،(کەهەر لەسەرەتاوە داواکرا بونیان هەبێت)، ئەو لیژنەیەى مەگەرقودرەتى قادربزانێت چۆن دامەزراو کارەکانى چۆن بەڕێوەچوون، کەهەرلەسەرەتاوە هەزارویەک هێماى پرسیاری لەسەر دروست بوو، دواى تێپەڕبونى نزیکەى چوارمانگ بەسەر تیرۆرکردنى سەردەشتدا ،ئێوارەى 15/9 بۆجارى دووەم کەسایەتى سەردەشت عوسمان تیرۆر دەکەنەوە!، بۆجارێکى دیکە دواى فرمێسکە قەتیسماوەکانى دایکە جەرگ سوتاوەکەى و باوکە پشت شکاوەکەى وخوشک وبرا دڵبریندارەکانى لەنۆجەژنەیدا کەبەهەناسەى ساردوو کولانەوەى برینەکانینەوە ڕۆژانى جەژنیان بەڕێکرد ،کەچى لەوسەروبەندەدا لیژنە لێکۆڵینەوە، دیارى جەژنانەیان بۆ خانەوادەى کاکەسەردەشت بەتیرۆریست ناساندنى کوڕەکەیانە!....بەڕاستى ئافەرین سیناریۆکەتان ئەوەندە ناوازەیە وەک برادەرێکى هەندەرانم ووتى:ڕاگەیاندنەکەى لیژنەى لێکۆڵینەوەى تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان وەک کەیسەکەى من وایە هەموودنیا ئیقامەى وەرگرت کەچى ئەوە دەساڵە من جوابم نیە!!.

ئەوەى کەلەهەمووشى زیاتر بێویژدانیە لەوسیناریۆیەداو ئازارى هەموو کەسێکى بەویژدان دەدات ئەوەیە کە لیژنەى لێکۆڵینەوە بەبێ ئەوەى بگاتە ئەنجامى کۆتاى هاتوە لەزارى تاکە کارەکتەرێکى تۆمەتبارەوە سەردەشت عوسمان بەتیرۆریست ناودەبات لەکاتێکدا هێشتا سەرۆکى باندەکەو ئەندامێکى دیکەى ئەوباندە ماون کەدەستگیربکرێن!.

ئەوپرسیارە جەوهەریانەى کەلەم سەروبەندەدا دروست دەبێت: ئەرێ بەڕاست ئەگەر بەئاوازى قانونەکەتان، ببورن ئەگەربەسەروەرى قانونەکەى خۆتان کاردەکەن بۆناچن خانەوادە داماوەکەى سەردەشت ڕاپێچى زیندان بکەن؟ چۆنەبیرتان لەوەنەکردۆتەوە؟ کێدەڵێت کەسێکیدیکەى ئەم خانەوادەیەش پەیوەندى بەو باندە دروستکراوە وەهمیەوە نیە، کەلەئایدیا خۆتاندا دروستتان کردوە وگەرەکتانە هەربەزۆر دەرخواردى هزرى ئەو میللەتەى بدەن؟! خۆهەرچەندە بەدوورنازانرێت کەئەوکارەش بکەن بۆدرێژەدان بەسیناریۆکانتان!. بەدوور نازانرێت سبەى ڕۆژێ ئەندامێکى دیکەى خێزانەکەى سەردەشتیش بێننە سەرشاشەو بۆشاردنەوەى مەرامەکانتان بەتیرۆریستى ناوببەن؟!.

ئەرێ بەڕاست هۆکارچیە چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنەکەى لیژنەى لێکۆڵینەوە هەرچى بەرپرسی حکومى هەرێمە بێئاگاى خۆى لەبارەى ڕاگەیاندنى لیژنەکەوە نیشان دەدات، بەڵام دواى چەند کاتژمێرێک بەسەرتێپەڕبونى ڕاگەیاندنى لیژنەکەدا، وتەبێژە نازدارەکەى حکومەت دێت وپێمان دەڵێت(دەرەنجامى لێکۆڵینەوەکەى تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان گوزارشتە لەهەڵوێستى ڕەسمى حکومەتى هەرێم)و تەنانەت ئەولیژنەیە بوە بەکابوسێک کەس ناتوانێت تانەی لێبدات بەسەندیکا بێهەڵوێستەکەى ڕۆژنامەنووسانیشەوە؟!.

ئەرێ بەڕاست هۆکارچیە ڕاگەیاندن ودەروێشەکانى پارتى لەسەرەتاوە لایەنى سیاسی هەرێم نەما تۆمەتبارى نەکەن بەوەى دەستیان لەپشتەوەى تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانەوە هەیەو تەنانەت پەنجەى تۆمەتى ئەخلاقیشیان بۆڕادەکێشا، کەچى ئەمڕۆ لیژنەى لێکۆڵینەوەکەى ئاسایش وپاراستنى سەربە پارتى دێت لەکەسایەتى سەردەشت عوسمان دەدات وبەتیرۆریست وێناى دەکات؟!.

ئەرێ بەڕاست ئەوەى کەلەنزیکەوە خانەوادەى سەردەشت عوسمان بناسێت، بەتایبەت براکانى وخودى سەردەشت خۆى، باش دەزانێت کە ئایدیایەکى ێرف چەپیان هەیە، (هەروەک لەدوایین ڕونکردنەوەدا بەکر عوسمانى براى شەهیدسەردەشت خۆشى باسی لێوە دەکات)، ئەى ئەمڕۆخێرە خوێندکارو ڕۆژنامەنووسێکى ئەوخانەوادەیە دواى تێپەڕبوونى چوارمانگ بەسەر تیرۆرکردنیداو هۆنینەوەى دەیان قسەى بێبنەما دواجار تۆمەتبارە بەوەى کەهاوکارى گروپێکى تیرۆریستى توندڕەوى کردبێت؟!.

ئەرێ بەڕاست لەڕوداوێکى ئاسای هاتوچۆدا ئێمەى ڕۆژنامەنووس شێت وهاردەبین تا سەرەداوێکى ڕوداوەکەمان لەئەفسەرێک دەست دەکەویًَت، هیچ کەس ئامادەنیە لێدوانمان بۆ بدات (بەبیانوى لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکەو لەبەرسەلامەتى ڕێڕوى دۆسیەکە)، ئەى عەجایب لیژنەى لێکۆڵینەوە لەڕووداوى تیرۆرکردنى خوێندکارو ڕۆژنامەنووسێک کە هێشتا سەرۆکى باندەکەى دەستگیرنەکردوە وبە (ڕ.ڕ) لەگەڵ ئەندامێکى دیکەى ئەوباندە کەبە(ڕ.م)ناوی دەبات وبەبێگوێدانە سەلامەتى لەڕێڕەوى لێکۆڵینەوەکە سەرلەبەرى دۆسیەکە ئاشکرا دەکات؟!، ئەمەلەکاتێکدا یەکێک لەتاوانبارەکان ناوى سیانى بڵاو دەکرێتەوە وبەووردى لەزارى تاوانبارەوە تەواوى چۆنیەتى جەریمەکە بڵاودەکرێتەوە!. کەچى ئەوەى لەهەمووشی زیاتر جێگەى پێکەنینە لەڕاگەیاندنەکەدا هاتوە(لەهەوڵى بەردەوامداین بۆدەستگیرکردنى تۆمەتبارانى ترى ئەم باندە)!، وەک ئەوەى بڵێی تۆمەتبارەکانیتر هەرسبەى زووترنیە خۆیان پەیوەندى بەلیژنەى لێکۆڵینەوە بکەن تابچن دەستگیریان بکەن!.
ئەوەى دواجار ماوەتەوە بۆ وتن بەڕاستى سیناریۆکەتان ئەوەندە بێپێزە جێگەى پێکەنینە ،لیژنەیەک لەسەربڕیارى بارزانى دروست ببێت وئەوە دەرئەنجامى لێکۆڵینەوەکانیبێت، ئیدى هەرئەوەشە واملێدەکات پڕبەگەرووم هاوارکەم وبڵێم من عاشقى لیژنەکەى بارزانیم!.


ماڵپه‌ڕی گۆران دوکانی