په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٤\٢٠٢٦

من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.

بوڕهان جۆڵا     

دیکارت.


 دیکارت (Ren้ Descartes) لە فەرەنسا لە(١٥٩٦ز) لەدایکبووە، منداڵێکی نەخۆش بوو، زۆرجار بەتەنها لە ماڵەوە دەمایەوە و بیری دەکردەوە، باوکی پارێزەر بوو و هەر لە منداڵیەوە دایکی مردووە. لە تەمەنی ٨ ساڵی چوو بۆ قوتابخانەی کاتۆلیک و زۆر زیرەک بووە.

لە تەمەنی گەنجییەوە بیرۆکە گرنگەکانی دروستکردو بڕیاری دا کە پێویستە گومان لەهەموو شتێک بکرێت و لە بنەڕەتەوە دووبارە بیری لێبکرێتەوە، کاتێ لەقوتابخانە مامۆستاکان لە کاتی وانە وتنەوە بە تایبەتی لە ماتماتیک و فەلسەفە دەڵێن “ئەمە ڕاستە، ئەمە یاسایە” بەڵام دیکارت لە ناو خۆیدا دەڵێت بۆچی؟ لەکوێ دڵنیاین؟ ئا لێرەدا سەرەتای گومانکردن دروست دەبێت و  و هەر لەو کاتەشەوە دەستیکرد بە گومانکردن لەوەی فێری دەکرێت.

لە ١٦١٦ کۆلیژی(یاسا)ی تەواوکرد بەڵام ئەم کارەی بەلاوە خۆش نەبوو، لە ١٦١٨ کەوتە ناو خزمەتی سەربازی دواتر گەیشتە هۆڵەندا و زۆرترین کاتیشی لەو وڵاتە بەسەر بردووە چونکە بۆ ئەو شوێنێکی ئارام بوو بۆ بیرکردنەوەو دواتر دوای بانگهێشتکردنی بۆ وڵاتی سوید بە هۆی نەخۆشی و سەرمای زۆرەوە لەو وڵاتە لە (١٩٥٠ز) مرد.

دیکارت یەکێکە لە گرنگترین فەیلسووف و بیرمەندی سەدەی ١٧، و زۆرجاریش بە “باوکی فەلسەفەی نوێ” ناسراوە، لە عەقڵگەراییدا   (Rationalism) باوەڕی وایە کە سەرچاوەی زانست بە تەنها ئەزموون نیە بەڵکو (عەقڵە)؛ واتە بە هۆی بیرکردنەوە دەتوانین ڕاستی بدۆزینەوە بۆیە هەموو شتێک دەخاتە گومان بۆ ئەوەی بەدڵنیاییەوە بگاتە ڕاستی. ناودارترین وتەی : من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم.

دیکارت لە بوونناسیدا (Metaphysics) جیاوازی دەکات لە نێوان (مێشک / ڕوح) و (جەستە) لە پەیوەندی نێوانیان دەدوێت، هەوڵیدا زانست لەسەر بنەمای گومان و عەقڵ بنیات بنێت، بۆیە کاریگەری زۆری کردە سەر فەلسەفە و زانستی نوێ. لە گومانکردن بۆ گەیشتن بە ڕاستی دیکارت دەڵێت: ئەگەر کەسێک پێت بڵێت ((ئەم شتە ڕاستە))، خۆت بیری لێبکەوە و پرسیار بکە و گومان بکە تاکو دەگەیت بە ڕاستی، هەر شتێکت بینی قبوڵی مەکە تا دڵنیانەبیت چونکە لە بوونناسیدا مێشک و جەستە دوو شتی جیاوازن، ئەوەتا بیرەکەت (مێشک/ڕوح) فەرمانکارە و جەستەت جێبەجێکارە.

بەردەوام دەڵێت گومان بکە تاکو دڵنیا بیت لە ڕاستی، بیر بکەرەوە تاکو دڵنیا بیت لە بوونت. چونکە بە بێ گوومان ئەگەر هەموو شتێکی ژیان هەڵە بێت چی دەبێت؟ یان ئەگەر ئەوەی دەیبینم، دەیبیستم، هەستی پێدەکەم، هەر هەموویان خەیاڵ بن چی دەبێت؟ بۆیە دەڵێت کە من لە هەموو شتێک بە گومانم کەواتە من بیر دەکەمەوە بۆ ئەوەی بگەم بە ڕاستی، کە گەیشتم بەڕاستی کەواتە من هەم.

کەواتە تۆ دەتوانی هەموو شتێک بخەیتە ژێر گومانەوە بۆ گەیشتن بەڕاستی، بەڵام ناتوانی گومان بکەیت لەوەی خۆت بیر دەکەیتەوە. چونکە گومانت کرد و راستیت دۆزیەوە، کە راستیت دۆزیەوە واتە بیرت کردۆتەوە، کە بیرت کردەوە کەواتە تۆ هەیت، ئەمەیە بیرۆکەی هەموو شتێک قبووڵ مەکە، تا دڵنیانەبیت، کە دڵنیا بوویت واتا بیرت کردەوە، ئەمەش بەڵگەی بوونتە.

گومان = دۆزینەوەی ڕاستی.
بیرکردنەوە = بەڵگەی بوون.
گومان بکە.. بیربکەوە.. ڕاستی و بوون دەدۆزیتەوە.
 

ماڵپەڕی بوڕهان جۆڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک