په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠٢٣

منداڵانی باخچە و هۆنراوە و چیڕۆک و گۆرانی.


عەلی حەمەڕەشید* 


وه‌ك ده‌زانین (باخچه‌ی منداڵان ده‌زگایه‌كی په‌روه‌رده‌یی تایبه‌ت به‌ منداڵانی قۆناغی پاش دایه‌نگه‌ و پێش چوونه‌ قوتابخانه‌یه‌) چیڕۆک و هۆنراوەش بۆ منداڵان بە گشتی و منداڵانی باخچە بە تایبەتی، گرنگی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تایبەتمەند بێت بۆ تەمەنیان چونکە تەمەنی (٤ و ٥) ساڵیی کە لە باخچەی منداڵاندا ئاستی یەک و ئاستی دوویان پێدەوترێت کاریگەری زۆری دەبێت لەسەریان و لە هەمان کاتیشدا کە چێژی لێوەردەگرن زانیاری و بەها پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تەندروستی و ڕەوشتی و نیشتمانی و کام بەهاو زانیاری بۆ ئاستی ئەوان شیاوبێت دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو ژانری هۆنراوە، چیڕۆک، ئۆپەرێت، شانۆیی، ئاراستەیان بکرێت بە مەرجێک ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی قۆناغ و ئاستەکەیان بکرێت.

 

ناکرێت هۆنراوەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە وشەی دوور لە فەرهەنگ و دنیای منداڵ ئاراستەی منداڵ بکرێت، ئەوان بە دووبارە کردنەوە و بەو ئاوازەی بۆی دانراوە لەبەری دەکەن و بۆت دەڵێنەوە، بەڵام لێیتێناگەن، هیچی لێوە فێر نابن، کاریگەری تەواوی نابێت لەسەریان. جاری وا هەیە منداڵێک کە داوای گۆرانییەکی لێبکەیت یان هۆنراوەیەک، بۆت دەڵێت، بەڵام کەلێی دەپرسیت واتای چییە؟ یان چی لێتێدەگەیت؟ ئەو هیچ وەڵامێکی نییە تەنها لەبەری کردووە کە بەدووبارەبوونەوە گوێی لێبووە، ئیتر لە هەر شوێنێک بووبێت. بۆیە وا پێویست دەکات بە وریاییەوە هەم چیڕۆک هەم هۆنراوە بە منداڵ بڵێین یان پێیان لەبەربکەین یان بۆیان بکەین بە گۆرانی.

 

من زۆر جار لە سەردانیکردنم بۆ باخچەکانی منداڵان یان قوتابخانەکان یان کە چالاکی باخچەیەک یان قوتابخانەیەک دەبینم ڕاستەوخۆ یان بە ڤیدیۆ بە ڕوونی ئەو دیاردەیە هەست پێدەکەم و لە ناخەوە ئازار دەچێژم بۆیان.

 

بۆیە لێرەدا ئەوەی گرنگە و پێویستە هەمووان بەتایبەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە بە شێوەیەکی باش ئاوڕی لێبدەنەوە دانانی پڕۆگرامێکە بۆ باخچەی منداڵان کە کۆمەڵێک هۆنراوە و چیڕۆک و شانۆیی و ئۆپەرێت بگرێتەخۆ کە بۆ ئاستی یەک و ئاستی دووی باخچەی منداڵان بگونجێت و لیژنەیەک کە کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕی بوارەکانی پەروەردەیی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و ژینگەیی و زمانەوانیی و تەندروستیی و کۆمەڵایەتی و دەروونیی سەرپەرشتیی بکات و بە پێی یەکەکان ئامادە بکرێت کە مامۆستایان لە باخچەی منداڵاندا سوودی لێوەربگرن و ڕۆژانە بەکاریبهێنن، کە من لای خۆم کۆمەڵێک چیڕۆکم بەپێی یەکەکان ئامادە کردووە خۆزگە کاری لەسەر دەکرا، وەک هۆنراوە و ئۆپەرێتیش پێشتر کارێکم بۆ باخچە کردووە بەڵام لە ئاستی خواستی مندا نەبووە. نەک وەک ئێستا هەر باخچە و هەر مامۆستایەک بە ئارەزووی خۆی هۆنراوەیەک یان چیڕۆکێک هەڵبژێرێت و بە منداڵی بڵێت. لەوانەیە ئەو لە ڕووی مۆزیک و ئاوازدانانەوە کەسێکی سەرکەوتوو بێت بەڵام شارەزایی وەکو پێویستی لە بارەی هەڵبژاردنی هۆنراوەکەوە نەبێت. کەئەمانە دەڵێم پشت بە زانیارییەکانم دەبەستم وەک مامۆستا و خەمخۆر و پەروەردەکار و لە هەمان کاتیشدا نووسەرێکی تایبەت بە منداڵان و ئەو ئەزموونەی کە هەمە لەو بوارەدا.
________________________________________

* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک