١\٢\٢٠٢٣
منداڵانی خاوەن
پێداویستی تایبەت.

محەمەد بەرزی
بە گشتی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ئەو منداڵەیە لە ڕووی دەروونی
و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و توانای جەستەیی و زمانەوانییەوە ، لە
منداڵی ئاسایی جیاوازە . لە هەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە یارمەتی و
چاودێری و خزمەتکردنی زیاترە . هەر بۆیە کاتێک خێزانێک و بە تایبەتیش
دایکێک هەست بەوە دەکات منداڵەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە ، خەمێکی
گەورە و گران دایدەگرێ و تووشی ترس و نائارامی و دڵەڕاوکێ دەبێ .
بێگومان ئەم حاڵەتەش پێویستی بەوەیە دایک خۆڕاگربێ و زانیاری تەواوی
هەبێ و لە هەموو ڕوویەکەوە شارەزای بارودۆخی منداڵەکەی بێ و بە
شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکات . تا منداڵەکەی لەگەڵ
دەورووبەرەکەیدا ڕابێت و ئاسودە بژی و هەست نەکات لە هاوڕێ و
هاوتەمەنەکانی جیاوازە . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند
ئامۆژگارییەک بۆ دایکێک بکەین ، تا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی
خاوەن پێداویستی تایبەتدا بیزانێ:
١ - لە منداڵەکەت تێبگە ، هەندێک لە دایکان چاوپۆشی لەوە دەکەن ، یان
پێیان شەرم و شورەییە منداڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە . واتە وەک
پێویست مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن و پشتگویێ دەخەن . ئەمەش یەکێکە لە هەڵە
باو و بڵاوەکان و پێویستە خۆیانی لێ بە دوور بگرن . زۆر گرنگە وەک
دایکێک بەڕێز و هاوسۆزیی و زمانێکی زۆر شیرین و ئاسان و سادەوە قسە
لەگەڵ منداڵەکەدا بکەی ، هەر چۆن قسە لەگەڵ منداڵێکی ئاساییدا دەکەی .
تووڕە مەبە و تۆنی دەنگت بە شێوەی نەگونجاو مەگۆڕە ، تا تێبگات و بزانێ
لە تۆ کەمتر نییە . هەوڵبدە لە هەموو شوێنێک پێکەوەبن . کاتێک کارێکی
باش دەکات ، ستایشی سەرکەوتنەکەی بکە ، ئەگەر چیش کارەکە گەورە ، یان
بچووکیش بێ . با لە ماڵدا دەست و تام و بۆنی شتەکانی دەورووبەری بکات ،
چونکە بەکارهێنانی هەموو هەستەکانی گرنگن . تۆ و هەموو ئەندامانی
خێزانەکە ، لە مامەڵە کردن لە گەڵ منداڵەکەدا ، پابەندی یەک بۆچوونی
یەکگرتووبن . کاتێک شێوازێک لە فێربوونی منداڵەکەدا سەرکەوتوو نابێ ،
هەوڵبدە ڕێگەی باشتر تاقی بکەیتەوە ، هانی منداڵەکەت بدە پشت بە خۆی
ببەستێت . ڕێگای بدە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ناو
خێزان و گەڕەک و باخچە و قوتابخانەدا دروستبکات و یارییان لەگەڵدا بکات
. چونکە تۆژینەوە پزیشکی و دەروونییەکان ، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی :
( تێکەڵکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ منداڵی ئاساییدا ،
یارمەتیدەرێکی زۆر بە سوودن بۆ پەرەپێدانی توانا جیاوازەکانی ) . پاشان
کاتێک یارییەک دەشکێنێت وخراپی دەکات ، سەرکۆنە و هاواری بەسەردا مەکە
، دەکرێ ئامۆژگاری بکەی یارییەکانی بیپارێزێ . بەردەوام چاودێری
تواناکانی منداڵەکەت بکە و تێبکۆشە تا پەرەی زیاتری پێ بدەی.
٢ - ئاگاداری ئەوەبە لە کاتی قسەکردندا ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانی بکەیت
، چونکە ڕوانینی ڕاستەوخۆی قسەکەر بەرامبەر گوێگر ، دەبێتە هۆی
تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتەی باسی دەکرێت . سەرباری ئەوەی منداڵی
کەمئەندامی دەروونی لە ڕێگای نیگاکانی چاوەکانی تۆوە درک بە گرنگی ئەو
شتانە دەکات کە دەتەوێ بۆی باسبکەی . دووربکەوەرەوە لە ڕستەی درێژ ،
ناوە ناوە لە نێوان وشەکانی ڕستەکەدا بوەستە و تا دەتوانی ڕستەی
کورتیشی بۆ بەکاربهێنە ، تا تێبگات باسی چی بۆ دەکەی . پاشان توڕەیی
خۆت لەدەست مەدە ، چونکە پێویستە ئەوە بزانیت هەندێکجار کەسی خاوەن
پێداویستی تایبەت ، ناتوانێ بە زوویی قسەکانت وەربگرێت و لێت تێبگات .
بۆیە ئارام بە و دان بە خۆتدا بگرە ، چونکە تووڕەیی و هەڵچوون دۆخەکەی
خراپتر دەکات ، خۆشت لە ناو و ناتۆرە و وشەی سووکایەتی بە دووربگرە ،
کە دوو هێندە زیان و ئازاری پێدەگەیەنێت .
٣ - بۆ بارودۆخی منداڵەکەت لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا ، کات
بۆ خوێندنەوە تەرخان بکە و زۆر بخوێنەرەوە ، بە دوای چەندین سەرچاوی
باوەڕپێکراودا بگەڕێ و زۆرترین زانیاری کۆبکەرەوە ، خۆت بکە بە کەسێکی
شارەزای دڵنەرم بۆی . فێری شێوازە ڕاستەکانی مامەڵە کردن بە لە گەڵیدا
. شان بە شانی ئەو چالاکییانەی بۆ ئەو لەبارن ، بەردەوامیش پەیوەندی
لەگەڵ پزیشکەکەیدا بکە . تا بەردەوام ڕادەی گەشەکردنی بزانی و ئاگاداری
ئەو هۆکارانەش بی ، کە یارمەتیدەرن بۆ بەرەوپێشچوونی حاڵەتەکەی . پاشان
لە داواکردنی یارمەتیدا لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت سوود وەربگرە و
شەرم مەکە ، تا کەمێک ئەرکی سەرشانت سووک بکەن و بە شێوازی جیاواز
یارمەتی و هاوکاریت پێشکەش بکەن ، هەروەها دەتوانی بە دوای ئەو
شوێنانەدا بگەڕێیت ، کە یارمەتی و ئامۆژگاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو
دایک و باوکانە دەکەن ، کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتییان هەیە .
بێگومان بە گەڕانیش لە ئینتەرنێتدا ، دەتوانی هەندێک ماڵپەڕی
باوەڕپێکراو بدۆزیتەوە ، کە بە بەردەوامی ئامۆژگاری پیشکەش بەو جۆرە
خێزانانە دەکەن . دیارە هەر تۆ بە تەنها نیت ، جیهانە فراوانەکەی
ئینتەرنێتیش تۆ بە تەنها جیێ ناهێڵێ ، دەتوانی کۆمەڵێک دایک و باوک
بدۆزیتەوە ، کە هەمان کێشەی تۆیان هەیە ، ئەو دەمە ئاشنای کۆمەڵەی
پشتیوانیش دەبی ، چ لە ناو شارەکەی خۆتدا و چ لە جیهاندا .
٤ - لەوانەیە بەبێ مەبەست منداڵەکەت بە کەم بزانی ، یان وا سەیری بکەیت
هەست بکات لە ئاستی هاوتەمەنەکانیدا نییە . دەبێ زۆر باش ئاگاداری
ئەوەبی ، پەرۆشی زۆرت بۆ پاراستن و ڕێگرتن لە یاریکردنی لەگەڵ
هاوتەمەنەکانیدا ، لەترسی ناو و ناتۆرە و قسەی ناشیرین و زیانی
دەوروبەرەکەیدا، وا دەکات هەست بە کەمی و لاوازی بکات و نەتوانێ بە
تەنیا ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە .
٥ - هەموو هەوڵەکانت تەنها بۆ خوێندنەوە و لایەنی تەندروستی منداڵەکەت
تەرخان مەکە و لایەنی گرنگی کۆمەڵایەتیش لە بیر بکەی ، کە هۆکاری
سەرەکی تێکەڵبوونی منداڵەکەتە لەگەڵ هاوڕێکانیدا . چونکە لە بیرکردنی
ئەم لایەنە گرنگە ، کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ منداڵی خاوەن پێداویستی
تایبەت هەیە . هەر بۆیە پێویستە لە چالاکی و بۆنە و سەیران و
گەشتەکاندا هاوبەشی بکات . پاشان بەدواداچۆنیش بکە ، تا لەوەش دڵنیابی
مامۆستاکانیش پەیوەندی باشییان لەگەڵ منداڵەکەتدا هەیە .
٦ - تا دەتوانی بە دەم و لەبزێکی زۆر شیرینەوە باسی کەسە
سەرکەوتووەکانی پێداویستی تایبەت بۆ منداڵەکەت بکە ، کە بەو حاڵەتەشەوە
توانیویانە دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دەستبهێنن ، باسی چیرۆکی
سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ناو و ناوبانگییانی بۆ بکە ، کە بوونەتە
هاندەر بۆ کەسانی تر . بەم ڕێگایەش منداڵەکەت هەستدەکات ، کە ئەویش وەک
ئەوان دەتوانێ کاری گرنگ بکات و هیچ شتێک نییە بتوانێ ڕێگا لە
سەرکەوتنی بگرێ .
٧ - هەوڵبدە گەشە بە بوارەکانی تەکنەلۆژیا بدات : بۆ پەرەپێدانی
تواناکانی منداڵەکەت ، سود لە پیشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگرە . چونکە
ئەمڕۆ زۆر بەرنامە و یاری تایبەت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و
ئەوانەی کیشەی فێربوونیان هەیە دروستکراون ، کە دەتوانن گەشە بە توانا
و جموجۆڵە جیاوازەکانییان بدەن .
٨ - پێویستە منداڵەکەت فێربکەی شەرم لەو کەرەسانە نەکات ، کە بەکاری
دەهێنێ . پاشان هەوڵ نەدات وەک باقی هاوڕێکانی بە شێوەیەکی سروشتی
دەربکەوێ . بەڵکو پێویستە ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێ و بارودۆخی خۆی وەک
منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت قبوڵ بکات ، ئەوانەش فێربکرێن ، کە لە
دەورووبەرین بارودۆخ و جیاوازییەکانی ئەویش قبوڵ بکەن .
٩ - بە وردی چاودێری بکە ، لەوانەیە منداڵەکەت کیشەی پەیوەندیکردنی
لەگەڵتدا هەبێ . یان داوا و ئارەزوو ، یان تووڕەی خۆی دەربارەی شتێک
دەرببڕێ . بۆیە چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵەکەت ، هۆکاری سەرکییە بۆ
پەیوەندیکردن لە گەڵیدا و زانین و ڕاهاتن لە هەڵسوکەوتەکانی . ئەمەش
وادەکات بزانیت گۆڕانکاری دەروونی بەسەردا هاتووە ، یان هەڵسوکەوتەکانی
ئاساییە .
١٠ - هەوڵبدە کاری سووکەڵەی پێ بسپێرە و چاودێری بکە . با خۆی کراسەکەی
لەبەر بکات و سەری خۆی دابهێنێت و میوە و خواردنی خۆی بخوات . هەموو
جارێکیش بۆ ئەو کارانەی بە باشی ئەنجامی دەدات بە گەرمی دەستخۆشی و
ستایشی بکە . چونکە ورە و هێز و توانای پێ دەبەخشێ .
١١ - زۆر گرنگە بە هۆی بارودۆخەکەیەوە خۆڕاگر بی و نا ئومێد و گلەیی لە
بەختی خۆت نەکەی . بەردەوام ئارام و گەشبین بە ، چونکە بە ئارامی باشتر
دەتوانی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیدا بکەی . مەهێڵە هیچ شتێک سەرقاڵت بکات
لەوەی گرنگە . واتە تا زیاتر هاوکاری بکەیت و بە سۆزە و خۆشەویستییەوە
هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەیت و بەرامبەر کێشەکانی خۆڕاگربی ، کاردانەوەی
گەورەی لەسەر منداڵەکەت دەبێ .
١٢ - هانی منداڵەکەت بدە منداڵانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت بناسێت
و ئاشنای چیرۆکەکانیان بێ ، تا بزانێ منداڵی پێداویستی تایبەتیش
دەتوانی زیرەک و ژیانی خۆشی هەبێ .
لە دواجاردا زۆر پێویستە خزم و کەسانی نزیکی دایک و باوکی ئەم جۆرە
منداڵانە ، ڕێز لەو دایک و باوکانە بگرن و هەستییان بریندار نەکەن و
هەرگیز ئەم جۆرە پرسیار و قسانەیان ڕووبەڕوو نەکەنەوە : ئ – منداڵەکەت
ئاسایی دەردەکەوێت و هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نابینم . ب – ئایا
منداڵەکەت ئەنجامی بۆماوەییە ؟ . پ - دڵنیام ئەو چاکدەبێتەوە ، وایە ؟
. ت – بۆچی دوای منداڵی یەکەم وازت لە منداڵبوون نەهێنا ؟ . ج – بە
ڕاستی تۆ دایکێکی مەزنی ، نازانم چۆن بەرگەی ئەو هەموو کێشانەی دەگریت
. چ - دامەنیشە باسی خزمێکی خۆتی بۆ بکەی ، کە هەمان دۆخی ئەوی هەیە و
مەکەوە بەراوردکردنی نێوانییان.
_______________________________________________________
• بۆ ئەم باسە
سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگیراوە.
mkbarzy@hotmail.com
|