١٨\٥\٢٠١٠
منداڵان لە نێوان
لاقەی سێکسی و سایکۆلۆژی دا...!
(دەربارەی تاوانی پیاوە ئاینییهکان لە
بەرامبەر منداڵاندا).

موزەفەر عەبدوڵا
هەواڵی ئیغتیسابی منداڵان لە لایەن پیاوە ئاینییهکانی
مەسیحییهوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەمیشە
یەکێک لە هەواڵە گەرم و دڵتەزینەکانی جیهان بووە.بەڵام لە چەند مانگی
ڕابردوو ئەم هەواڵە لە جیهان بە گشتی و ئەوروپا
و ئەمریکا و ئوسترالیا بە تایبەتی،
بووە تایتڵی زۆرێک لە هەواڵە گرینگە تراژدییەکانی هەموو دەزگاکانی
بیستن و بینین و هاوکات شەپۆڵێک ناڕەزایەتی بەدوای خۆی دا هێنا .بە
تایبەتی دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە خودی قەشەو کاردینالەکان بە تەواوی
دانیان نا بە تاوانەکانیان کە چۆن هەیان بووە بۆ دەیان ساڵ منداڵانیان
لە ژورە نوتەکەکانی کەنیسەکان ئیغتساب کردووە.تەنانەت لەوە تاوانتر و
شەرمئاوەر تر ئەوەبوو کە لە ئاکامی کێشمە کێشی نیوان قەشەکان خۆیان لە
لایەک، لە لایەکی تر گرینگی دانی زیاتری یاساناسان و پارێزەرانی
مافەکانی منداڵان و پسپۆرانی ئەو مەیدانە، کۆمەڵێ دۆکیمەنت ئاشکرا کران
کە چۆن پاپای ئێستا بەنەدۆکس بۆ چەندین ساڵ بەرگری لە پیاوە ئاینییەکان
کردووە لە بەرانبەر ئەم تۆمەتانەدا کە ئەو کات هێشتا نەببو بە پاپا.
تەنانەت کاتێک خۆی بە تەواوی ئاگاداری ئەوەبوو کە یەکێک لە قەشەکان
چەندین منداڵی ئیغتیساب کردبوو. بەڵام ئەو لە بەرانبەر سیاسەتمەداران و
بەرپرسانی دەوڵەتی هۆشداریدا کە نابێت فاتیگان و دامو دەزگای ئاینی
مەسیح لەبەرانبەر ئیغتیسابی منداڵانیک لەکەدار بکرێت .وە لای پاپا و
تەنانەت سەرانی زۆرێک لە وڵاتە زلهێزەکانیش جەختیان لەوە دەکردەوە
پێویستە ئاین و دامەزراوەکانی پیرۆز تر ڕابگیریت لە مافی منداڵان .وە
دەیان ووت تەنانەت لای خوداش کەنیسە پیرۆز ترە لە مافەکانی منداڵان.
بەڵام ئێستا زۆرێک لە لایەنگرانی مافەکانی منداڵان و پارێزەران و
کەسایەتی یە ئاتەئیست و سکولارەکان و کەسوکاری ئەو منداڵانە لە هەوڵی
ئەوەدان هەموو ئەوانەی کە ئەم تاوانانەیان بەرانبەر بەم منداڵانە
ئەنجام داوە هەتا دەگاتە پاپا بدەنە دادگا.تەنانەت بە پیی هەواڵەکان لە
بەریتانیا داوایان لە دادگا لەسەر پاپا تۆمار کردوە کە ئەگەر سەردانی
بەریتانیا بکات دەستگیری بکەن و بیدەنە دادگاو سزای بدەن.
هەڵبەت ئەم تاوانانە بۆیە لە ئەوروپا ئاسانتر ئاشکرا دەبێت بە حوکمی
ئەوەی مافەکانی منداڵان پارێزراوترن لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی و
فەرهەنگی یەوەو ئەمەش بەهۆی زیاتر مەدەنی بوونی کۆمەڵگە و باڵادەستی
یاسایەکی مەدەنی و پاریزگار لە مافەکانی منداڵان .
جا کاتێک هەر کەسێکی ئازادیخواز ئەگەر زەررەیەک هەستی مرۆڤایەتی تیابیت
کە ئەم هەواڵە پڕ لە تاوانە دەبیستێ کە لە ووڵاتانی رۆژئاوا ڕوو دەدات
، ئەوە یەکسەر بیری دەچیت بەلای منداڵانی ڕۆژهەڵات و لەوانەش عێراق و
کوردستان کە ئیسلامی یەکان و شەریعەی ئیسلامی تیایدا باڵادەستە و بیر
لە مزگەوتەکان و تەنانەت پۆلەکانی قوتابخانەکان دەکاتەوە کە ئاخۆ
ڕۆژانە چەند منداڵ لەو شوێنانەدا توشی ئیغتیسابی جنسی و، بە تایبەتی
گیانی و سایکۆلۆژی دەبن .
لەو باوەرەدام ئەگەر فەزایەکی برێک کراوە فەراهەم ببێت لە ڕووی یاسایی
و فەرهەنگی یەوە لە هەموو ئاستەکاندا، ئەو کات چەندەها تاوانی وەک
قەشەو کاردینالەکانی ئەوروپاو ئەمریکا و ئوسترالیا بەدەر دەوکەوێت کە
چۆن پیاوە ئیسلامی یەکان جگە لەوەی ئیغتسابی گیانی و دەرونی منداڵان
دەکەن تەنانەت ئیغتیسابی سیکسیش دەکرین لە مزگەوتەکان.لەم بارەیەوە
بیرم دیت ساڵی هەشتاکان چەند نمونەیەک لە سلێمانی و ناوچەکانی ئاشکرا
بوون پاشان تاوانباریان بە سزا گەیاند.
بە بڕوای من ئەمڕۆ لە کوردستانیش دا لە سایەی دەسەڵاتی هەدوو حزبی قومی
عەشیرەتی ملیشیایی پارتی و یەکێتی،وە بە هاوکاری دەستەو تاقمە
ئیسلامییە تیرۆریستەکان، دەیان و سەدان دامو دەزگای پەروەردەیی و
فێرکردنی ئیسلامیان دامەزراندووەو ڕۆژانە هەزاران منداڵیان لە 4-5 ساڵی
بەسەرەوە خزاندۆتە حوجرەی مزگەوتەکانەوەو توشی جۆرەها ئیغتسابی
سێکسی و گیانیی و
دهروونیی دەبن .هەڵبەت وەک ووتمان ئەگەرچی
ئیغتسابی سیکسی زۆر کەم بەهۆی داخراوی کۆمەڵگەی کوردستانەوەو نەبونی
یاساو دەسەڵاتێکی مۆدێرەن و مرۆیی یەوە ئاشکرا دەبن بەڵام ئەم منداڵانە
زۆریان بە کردەوە و بە یاسایی و ئاشکرا ڕووبەروی ئیغتسابی روحی و نەفسی
دەبنەوە.
بێ گومان لە ڕووی زانستی و مرۆیی یەوە هەمیشە پێویستە منداڵان دوور
رابگیرێن لە فیرَکردن و پەروەردە کردنی وانەی ئاینی.چونکە منداڵ منداڵە
و توانای هەڵبژاردنی ئاین و سیاسەت و فکری نی یە و پێویستە ئەم مافە بۆ
منداڵان و هەرزەکاران تا 16 ساڵی دەستەبەر بکرێت. بەڵام بە پیچەوانەوە
دەبینین منداڵان بە ئاشکرا ڕاپێچی خوێندن و فیرکردن و پەروەردەی
ئیسلامی دەکرین و بە زۆر هەر لە منداڵی یەوە تقوسە ئیسلامییەکانیان
بەسەردا دەسەپینن و کچانی منالیش حیجابیان بەسەردا دەسەپێنن.
ئەگەر چاوێکی خیرا بخشێنین بە مێژووی ژیانی خۆمانا ،بە تایبەتی ئەوانەی
وادار کراون کە بچنە حوجرەکانی مزگەوت و فیرَ بکرێن بیرمان دێتەوە لەو
تەمەنە ناسکی یەدا چۆن بە گیرانەوەی چیرۆکە ئەفسانەیی و ریوایەتە
ترسناکەکانی کوشت و بڕو خوێناوی یەکانی سەرکردە ئیسلامی یەکان هەموو
جەستەمان بەلەرزە هاتووەو تەنانەت زۆر جار شەو لە ترسی ئەو چیرۆکە
ئەفسانەیی و شەرە خوێناویانە خەو لە چاومان زراوەو رەنگە زۆرمان
میزیشمان کردبێت بە خۆماندا.
ئاخر منداڵانی 6-7 ساڵە بەسەرەوە چۆن زیڕە ناکات و تاوان نییە کاتێک
مەلا یان مامۆستای ئیسلامی باسی جنۆکەو دێو و و درنج و خێوو شەیتان و
سزای ئاگری سوری دۆزەخ و شیشی سورەوەکراو پردی باریکی سیرات و شەڕو
کوشت و کوشتارەکانی پێغەمبەر و عومەر و عەلی و خالدی بن ولید و دەیان
سەرکردەی تری تاوانباری ئیسلامی یان بۆ دەکەن. ئەمانە هەمویی بۆ
منداڵان بە هەموو پێوەرو پێوانەیەک ئیغتیسابی گیانی و سایکۆلۆژی
منداڵانە.
ئەمە جگە لەوەی مەلاکان و زۆرێک لە مامۆستاکانیش، بە تایبەتی ئاینی
یەکان، مامەڵەیان لەگەڵ منداڵان مامەڵەیەکی ئەوپەری نامرۆیی و
گەورەسالارانە و توندو تیژی و سوکایەتی ئامیزەو بە هەزارو یەک تانە و
تەشەر بانگی منداڵان دەکەن.
دیارە ئەمانە بەشێکن لەو بێمافیانە کە بە زەقی و بەناوی پەروەردەو فیر
کردنەوە دەرهەق بە منداڵان دەکرێن.
بەڵام خۆ ئەگەر لە مەیدانیکی ترەوە چاو بگیرین و سەرنجی بازارو شەقاو و
بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتی یەکان بدەین ڕۆژانە دەیان و سەدان
شێوازی بێمافی تر بە منداڵان بەرچاوومان دەکەوێت .جا هەر لە ناردنە
سەرکاریان لە منداڵی یەوە بۆ کاری تاقەت پڕوکێن و دەستفرۆشی و پینەدۆزی
و کۆڵکیشی و عارەبانە پاڵ پێوەنان و دەیان کاری تر کە لە و مەیدانانەش
ڕۆژانە توشی دەیان گیرو گرفت و ڕەفتاری نامرۆڤانە و لادان لە ڕەوشتە
بەرزە مرۆییهکان دەبن.
دیارە ئەم دیاردانە لەم چەند ساڵانەی دوایی دا، بە تایبەتی دوای شەڕی
ئەمریکا لە عیراق و کوشتنی باوکی ملیۆنان منداڵ و هەتیو بونی نزیک بە
پێنج ملیۆن منداڵ، وای کردەوە زۆر پەرە
بسێنی و بێمافی منداڵان بگاتە ئەوپەڕی خۆی.
بە واقعی ئەمڕۆ لە سایەی سیستەمی سەرمایەداری و بازارە ئازادەکەی و
باڵا دەستی دەستە و تاقمە ناسیونالیستیی و دینییهکان
و نیولیبرالەکان منداڵان بوونەتە یەکەمین
قوربانین لە هەموو ڕوویەکەوە .
بۆیە بە بێ کۆتاییهێنان بەم سیستەمە سیاسییه،
لە ڕیگای شۆڕشێکی سۆشیالیستی کرێکاری و دامەزراندنی سیستەمێکی
کۆمۆنیستی و مرۆیی بێ چین و چەوسانەوە، ڕزگارکردنی منداڵان لەم
بارودۆخەی کە سەپێنراوە بەسەریاندا کەتوشی جۆرەها ئیغتیسابی سێکسی و
سایکۆلۆژی دەبن، هەرگیز مومکین نییه.
15\5\2010
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|