٤\٩\٢٠١٦
منداڵان شیعر دەنووسن.

و: نەژاد
عەزیز سورمێ
دەبێ چ وا
لە منداڵێکی (٤) ساڵی یا (٦) یا (٨) یا (١٠) یا تەنانەت (١٢)
ساڵی بکا بەو درەوشانەوە و دڵڕوونییەوە شیعر بنووسێ کە موددەعی و
زۆرجار ئەزمووندارانیش پەی پێ نەبەن؟.
بەش بەبار وەڵامی ئەم پرسیارەم پێ نەدرایەوە، لەو ڕاستەدا قسەیەکی (نیزار
قەببانی)م بەبیرھاتەوە بەو مانایەی شیعر وەکو حیکایەتی گوڵێک دەناسێنێ
بەسەرگردۆڵکەیەکەوە ھەڵدەلەرزێ، سەرینێکە لە بۆن... کراسێک لە خوێن...
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم شیعرانەم خوێندنەوە، بەر لە ھەموو شتێک لە پێگەی
مرۆڤێکدا وێنەی ئاوھەڵدێرێک بەسەرمدا پژان و ئەو ڕازە تەمڕادەرەیان
لەلادا چەسپاندم، شیعر ئەگەر پیشەسازی زمان بێ ، ھاواریشە .. کسپەیە
تەنیا بە ئاو و ئاگر لێکدەدرێتەوە...
خەون.
شیعری: گویلیۆم
-
تەمەن:١٠ساڵ
خەونم دی بەڕێگەی ژیاندا دەڕۆم
گوڵ لەم بەرو ئەوبەری دەپشکون
تا دەستوورم پێ بدەن تێپەڕم..
خەونم دی درەخت گەڵایان لێ دەڕوێ
تا بمپارێزن و بمسێننەوە
خەونم دی بۆقەکان بازی گەورە گەورە داوێن
سمۆرەکان پێم دەڵێن: ((بەیانی باش))
ماسییەکان پێم دەڵێن: ((بەیانی باش)) و
چۆلەکە جوانترین گۆرانییەکانیانم بۆ دەچڕن
خەونم دی ئەمە تا مردن بەردەوام بوو
ئەودەم منیش لەگەڵ درەخت و گوڵ و چۆلەکەو
بۆق و سمۆرە و ماسییەکان دا مردم
کێ بای دیوە؟
شیعری:
دوریس -
تەمەن: ١٢ساڵ
کێ بای دیوە؟
نە ئێوە
نە من
بەڵام کاتێ گەڵاکان ھەڵدەلەرزن،
تەنوورە ھەڵدەدرێنەوە
کە قژ پەرش و بڵاودەبنەوە
ئەوا با بەوێدا چووە..
کێ بای دیوە؟
نە ئێوە، نە من
بەڵام کاتێ چەتر وەردەگەڕێن
دووکەڵ بانی ماڵان دادەگرێ
کە درەختەکان بەلادا دێن
ئەوە با بەوێدا چووە.
لەوانەیە.
شیعری:
کاترین -
تەمەن:١٤ساڵ
ڕەنگە ناوتم لە ھەموو شوێنێکدا نووسیبێ
لەوانەیە لە ناخم ھەڵمکەندبێ
تا لە تۆ بەدەر، بیر لە چیتر نەکەمەوە..
ڕەنگە بمتوانیبێ پێت بڵێم خۆر ھەرگیز نامرێ و
تیشک ھەن ئەم سپێدەیەش شەونم لێی داون..
زەردەمسکە دەبێتەوە بۆم
تەمەننام دەکرد دەستم بە قژتدا بێنم
وەک ئەوەی شنە
بە شەپۆلێکی لە بیرکراوی دادێنێ
تەمەننام دەکرد دەستت لەناو دەستەکانمدا بگرم
تاھەتایێ یەک بگرن
حەزم دەکرد ژیانمان
وەک سروودی پاسارییەکی تەنیای ناخی شەو
ھەمیشە ڕۆشن بێ.
من وێنەی درەوشانەوەی نیگاکانتم
لەسەر دیوارێکی نادیاردا کێشابوو
خەیاڵی جەستەتم دەکرد
لە ئۆقیانووسێکی بێ کەنارەوە ھەڵدەقوڵێ
تەمەننام دەکرد قژی کێویم بکەیتە ئاودەنگ
وەک چۆن ئەسپی چۆلاییە دوورەکان ماڵیی دەکەی..
تەمەننام دەکرد ڕووانینت لە چاومدا نقوم بووایە
وەک ئەوەی ھەندێ جار لە تاریکی خەمدا نقوم دەبن ..
تەمەننام دەکرد زەردەخەنەت
وەک زەردەخەنەی بەھاربووایە
کە لە دڵە خەمبارە تینوو بۆ گەرماییدا دەپشکووێ
بەڵام ئەمڕۆش دەخوازم
بە خۆشەویستی تۆوە بسووتێم
بەبۆنی تۆوە مەست بم
لە چاوی سازگاری تۆ و
زەردەخەنەی ھێمنت بەدەر نەبینم
ئەمڕۆش تەمەننا دەکەم
کەمێک خۆشت بوێم.
بە شیرینیەوە
دەڕوانین.
شیعری:
ماری فرانسواز -
تەمەن:١١ساڵ
بە شیرینیەوە دەڕوانین
بە سۆزەوە دەڕوانین
دواجار ھەمیشە بە چاومان دەڕوانین..
بەختیاران، ئێوە ڕاتان چییە؟
بێگومان ئێوە بڕواتان وایە
جێی خۆیەتی، مرۆڤ دوو چاوی ھەبن
دووچاو
لەگەڵ ئەوەشدا
کوێر ھەن زۆر دڵخۆشن.
من دیتم.
شیعری:
ڤالیری -
تەمەن:١١ساڵ
من بینیم
ئەو لەوێیە..
لە کوێ؟
لەوێ، لەوێ
لە چ ڕاستێک
نزیک لە دارستان
بینیت؟
ئەو کێیە؟
ئەو ئەوە
ڕەنگی چۆنە؟
گوڵڕەنگ
ئەرێ وەڵڵا زانیت کێیە
(بەختیارییە)..
وشە.
شیعری:
دانیال -
تەمەن:١٤ساڵ
وشە ھەیە گەرمیی دەبەخشێ
وشە بۆ شەقام، بۆ سواڵکەران، بۆ پیران، بۆ کسۆکان
وشە ھەیە درۆ دەکا
وشە ھەیە بۆ درۆ
وشە بۆ بەردەوامی منداڵیی
وشە ھەیە ھاوار دەکا
وشەیش ھەیە بە وشە ناچێ
بەڵام خەڵکیش ھەیە
ئەوانەی قسە دەفرۆشن ، ھی تر دەیکڕن
شەویش قسە دەکا بەڵام کەس نایبیسێ
ژیان ناڵەناڵیەتی کەس چاوێکی لێ ناکا
دەریا، ئاسمان، با، ھەموویان دەئاخڤن
ئەدی بۆچی ناکرێ گوێیان لێ بگرین
بە تەنیا لەوانە نەبێ
قسە لە بازاڕی قسان دەفرۆشن
تۆش لە پێناوی برادەرەکانت بئاخڤێ
قسە بۆ گوێیی قوڵاغ بکە
وەک ئەوەی بەخۆدا دەڵێی
قسە بکە وەک ئەوەی جیھان ھەمووی لێرەیە
تەنیا وشەی بێ مانا مەبێژە
ئەو وشانە بڵێ دڵان گەرم دەکەنەوە
وشە بۆ شەقام، بۆ سواڵکەران، بۆ پیران، بۆ کسۆکان.
کات.
شیعری:
ماریز -
تەمەن:١١ساڵ
ئاھەنگ، چاو ڕووەو وڵاتی کەسنەزاندا دەچن
ھەور، ئاھەنگێکە لە قووڵایی بیرمدا
پەڕەسێلکەم لەبەر چاوە ..
ژاوەژاوی گەڵای وشکم لەسەر لێوە
بۆنی زەمەن بەسەر پرچمەوە
ئەو ئاھەنگە بۆ دەنگی بارانە
ئەو ھەورەی بەتامی بەفرە
ئەو درەختە ڕووتە و ئەو خاکەی
لە گەڵای وشکەوە بوو پێکھاتووە
تابلۆی زەمانن.. زەمانی باران
زەمانی ون
ون لە قووڵایی ئاھەنگدا
ئاھەنگی لەگەڵ ھەوراندا کۆچ کردوو
ڕووەو وڵاتی کەسنەزان.
جەستەم دی.
شیعری:
ئەنۆشکا -
تەمەن:٩ساڵ
جەستەتم دی
بەدرێژایی ڕێگاوبانان ڕادەکێشرا
قاچەکانتم دی
بەدرێژایی ڕەو دەئێشان
دەستەکانتم دی
لە گۆشەی ڕێدا درێژ دەکران
فرمێسکەکانتم دی دەڕژان
تۆش نیگەران بووی
دڵم بینیت
لەبەرابەر ئێش و ئازار خۆ ڕادەگرێ
ژیانم دیتی
ترس و
دڵەڕاوکێ و
خەم ڕادەخا.
دوو چۆلەکە.
شیعری:
ڤیڤیان -
تەمەن:١٢ساڵ
دوو چۆلەکە لە شەوی کاتدا پیاسە دەکەن
یەکیان لەپکەیی، ئەوی دی لە ڕەنگی ئاگر
چۆلەکەی شین ئاوی خوڵقاند
دەریا و ئاسمانی شین
چۆلەکەی ئاگر خۆری دروست کرد
ئەستێرە و ژیان
لێ ئەوەتا چۆلەکەیەکی زۆر ڕەش پەیدا دەبێ
ئەوە ئێوارەی دروست کردووە
مەرگی ھێناوە.
گوڵ.
شیعری:
ئیڤیت -
تەمەن:١١ساڵ
گوڵاڵە سوورە، گوڵی زەردە، خۆر
سێ گوڵن
دوو منداڵ ھاتن
یەکیان گوڵاڵە سوورە، ئەوی دیان گوڵی زەردی چنی
خۆر بە تەنیا مایەوە ھیچی نەگوت
ڕۆژێ لە ڕۆژان پیرەمێردێکی بزگوڕلەبەر لێی کردەوەو لای خۆی دانا
پیرەمێرد ھەستی بە ئاسوودەیی کرد...
ھیوای خواست تا دەمرێ لەگەڵی دابێ
بەڵام ڕۆژێ لە ڕۆژان ژاکاو مرد
بەدەر لە بیرەوەری جوانی
بۆ پیرەمێرد بەجێ نەھێشت
بیرەوەری گوڵێک پێی دەڵێن، خۆر.
گوڵاڵە.
شیعری:
ماریزیا -
تەمەن:٨ساڵ
کاتێ لە کێڵگەی گوڵداردا پیاسەم دەکرد
گوڵێکی چکۆلەم بینی
ئاوم دا
ڕۆژی پاشی
لە من درێژتر بوو
ڕۆژێک باخەوان بینیبووی زۆرگەورە بووە
لێی کردبووەوە!
ئاوابوون.
شیعری:
کئاموری -
تەمەن:١١ساڵ و نیو
سرووشتی پاکیزە
لە دەبەنگی ئادەمزادەوە
لە سەروبەندی مەرگدایە
ھەوری گەورەی ڕەش
لە ئاسمانی پیردا
ھەمیشە لە سەفەر دایە
کەفاوی پیس
بە ڕووبارە ونبووەکاندا دەڕوا
ئاسۆ
لە دووکەڵی کارگەکان زیاتر نییە
دەگمەنە، زۆر دەگمەنە
سترانی پاساریان
سەمای سمۆران...
سرووشتی پاک مرد
لە دەبەنگی ئادەمزادەوە مرد
بەڵام کە مرۆڤە خەتابارەکان
لە داڕووخان زیاتر کارێ ناکەن
پاک دەمرێ.
ھەوری ڕەشی گەورە
جیھان دادەگرێ
ڕووبارە ونبووەکان
وشک بوون و
ئاسۆ
لە تۆزوگەرد زیاتر نییە
گۆرانی پاسارییان
سەمای سمۆران
ھەرگیز نابێ
سرووشتی پاک
لە دەبەنگی ئادەمزادەوە مرد.
پاکەوان.
شیعری:
جانیک -
تەمەن:١١ساڵ
من لە پاکەوانی ڕێوبانان زیاتر نیم
لە گەسکەکەمم زیاتر نییە
جلوبەرگم دڕاون
کەس نایەوێ بۆمی بدروێتەوە
من لە پاکەوانی ڕێوبانان زیاتر نیم
سامانم وەھمەکانمە
لە چاوچنۆکەکانی ڕیشفیل
کەس نایەوێ یارمەتیم بدا
من لە پاکەوانی ڕێگاوبانان زیاتر نیم
دەمەوێ ئەو شارە بەجێ بێڵم
بەڵام لە دەروازەکانی ڕیشفیل دا
سەرباز ھەر ھەژاری بیگەنێ دەیکوژن
من لە پاکەوانی ڕێوبانان زیاتر نیم
نیازکەوتوو و نائومێد
تەنیا ئەو دەمە ئازاد دەبم
کە ئەجەلم دێَ!
لەدایکبوونی
خاک.
شیعری:
ئانۆشکا -
تەمەن:١٠ساڵ
ئەو ئێوارەیە
وەک عادەتی خۆم بە ئاسماندا دەڕۆیشتم
خوشکە ئەستێران
لە متبوون وەخەبەر بێنمەوە
منداڵێکی بچووکم کەوتە بەرچاو
دەست و پێی لە ھەوادا بەرز دەکردنەوە
ھەوڵی دەدا ئەستێران بگرێ
لە ئامێزێم گرت و
گەردوونم ھەمووی بۆ ئاواڵا کرد،
پێمگوت:
(تۆ دەبینی ئەستێرە ھەن و
مانگ و ڕۆژێک..
لێ ژیان لە دوای ئەواندا نییە)
کە ھەموو ئەستێرە گەڕۆکەکانم پیشان دان
لە بێشکە بچکۆلانەکەیم نا
تا بکەوێتە ئەستێرەیەکی مردوو
ئێستا سەرسوڕھێن دەست پێ دەکا
لەڕێی گەڕانەوە لە سەفەردا
بینیمان ئەو منداڵە دەگاتە قەدەری خۆی
بینیمان کاری دەکرد..
دەیکێڵا و خاکی خۆی تۆ دەدا
ئێستا گەیشتە شکۆ
خاک و
ژیان
ئاسۆیان پڕ کرد.
ئەمە دڵت
تێکدەشکێنێ.
شیعری:
ڤنسنت -
تەمەن:٩ساڵ
سەگێک بەجێ دەھێشترێ
ئەوە دڵت تێکدەشکێنێ
پیاوێک لەبرسا دەمرێ
ئەوە دڵت تێکدەشکێنێ
گوندێک بە پیس بوون وێران دەبێ
ئەوە دڵت تێکدەشکێنێ
پیاوان جنێو بەیەکتر دەدەن
ئەوە دڵت تێکدەشکێنێ
درەختێک دەردەکێشرێ
ئەوە دڵت تێکدەشکێنێ
بەڵام لەخۆشبەختی
دڵی مرۆڤ بەھێزە!
شادی.
شیعری:
دانی -
تەمەن:٧ساڵ
دەمەوێ شاد بم
دەمەوێ بژیم و
مەرگ نەبینم
شادیم لە سرووشتەوە وەرگرتووە
نامەوێ بمرم
چونکە من ھێشتا بچووکم...
باران.
شیعری:
ئایانویل -
تەمەن:٥ساڵ
پێخەفی ئاسمان
ھەڵدەگەڕێتەوە و دەکەوێ...
پاشا.
شیعری:
یواکیم -
تەمەن:١٠ساڵ
فەرمان بۆ کوشتن دەدەم
فەرمان بۆ دەنگدان دەدەم
فەرمان دەدەم، بە گوێم دەکرێ
بەڵام کەس خۆشی ناوێم
چونکە من پاشام!
دڵم.
شیعری:
ئیڤیلین -
تەمەن:٨ساڵ
دڵم زۆر چووکە
لێ شتی زۆری تێدایە
لە دڵمدا
بیرەوەری ڕۆژانی خۆشی و
ناخۆشی و
خەونی جوان
ھەموو ڕۆژێ شوێنەواری
یادەوەریەک ھەیە دەمێنێ
لێ ڕۆژێک
شوێنێک لە دڵمدا
بۆ ھیچ شتێک نامێنێ.
ماڵێک
دەسووتێ.
شیعری:
فلۆرینا -
تەمەن:٥ساڵ
ماڵێک دەسووتێ
خۆر دەگری
درەخت خەمبارن...
من تەنیا.
من بەختیارم.
شیعری:
فلۆر -
تەمەن:٤ساڵ
من بەختیارم
دوێنێ لە مەلەوانگەدا
ھەنگاوێکیش بەرەو پێش نەچووم
ئەمڕۆ من
لە قایەخێک باشتر بەسەر ئاوەوەم.
ئەمن لە
پرسەدام.
شیعری:
ئیزابێل -
تەمەن:٩ساڵ
من لە پرسەدام بۆ تۆ
تۆ گەورە بووی، سەروپرچ زەرد
تەمەنت چل ساڵ بوو
تۆ سەرچاوەی ژیانم بووی
کە تووڕە دەبووی دەتترساندم
تۆ شیرینی لە خەوڕابوونی سپێدان و
دڵی گەرم بووی
ھیچیت لێ نەماوە
پێخەفی ساردوسڕت نەبێ
بابە!
___________________________
ئاماژە:
١- شیعرەکان لە (الانھار
الچائعە)وە بە وەرگێڕانی ئینتیوانێت ئەلقس بۆ عەرەبی کراون بە کوردی کە
لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری سوورییەوە بڵاوکراوەتەوە.
٢- ھەندێ لە شیعرەکان بێ
ناونیشان بوون، من وشە یا دێری یەکەمیم بۆ کردوونەتە ناونیشان.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|