٢٥\٦\٢٠٢٢
منداڵەکانی
ئەمڕۆمان.. هـیوای داهـاتووی کوردستانن.

رەزا ساڵح
منـداڵـە خـۆشـەویستەکـانـمـان
جـگەرگـۆشەمـانـن، گـرنگـتریـن ژێـرخـانی سـتراتیـژی نەتەوەیـیمان،
گەورەترین سەرمـایەی راستی و بەنـرخـترین سامانی گەلەکەمانـن، کە لە
نـەوت و گاز و زێـڕ و گەوهـەر و لە هەمـوو سامانێکی کە، گرنگـتر و
بەنـرخـترن.
منـداڵەکانمان نەوەی ئەمڕۆن و هـیوای داهاتووی کوردستانن، لاوان و ژنان
و پیاوانی داهـاتوون، بـڕبـڕەپشت و بەردی بنـاغـەی کۆڵەکەکـانی
گۆمەڵـگای داهاتـووی کـوردن.
منداڵـەکانمان تـۆوی ژیـان و مـانن، رووەک ئاسایی ساڵ لە دوای ساڵ
گەورەتـر دەبن، دەبنـە شۆڕە نەمامی تـەڕ و ناسکی هـیـوا و ئـومێدمـان،
تا زیـاتر بایـەخ بـەم شوولکە نەمامانەی ئەمڕۆمـان بدەین، تا زیـاتر
خـزمەتیان بکەیـن، جـوانـتر دەڕسکـێن، باشـتر چـرۆ و گـەڵا وگـوڵ
دەکـەن، زیـاتریـش بـەر دەدەن. دەبنـە کەڵـەداری بەهـێـز و رەگ ئەستوور،
دەتوانن لە بەردەم لێـزمە و رەهـێڵە و رەشەبا و زریان و تـۆفـانی
رۆژگارە سەخـت و دژوارەکانـدا خۆیـان رابگـرن و هەڵنـەتەکـێن. دەتـوانن
لەگەڵ گۆڕانکارییە خـێراکانی ئـەم سەردەمـە جەنجـاڵە و هـەر
گـۆڕانکارییەکی داهـاتـووش دەربـەرن. لە کاروانی خـیراڕەوی پێشکەوتن و
شارستانی دوانەکەون. لە رووی داهـێنانە سەیـر و سەمـەرەکانی رۆژانـەی
تەکنەلـۆژیـادا نامـۆ و رامـاو و دامـاو نەبـن.
هـەر ئـەم منـداڵە چاوگەشـانەی ئەمـڕۆمـانن، لە سـبەینـێی جـیاواز لە
ئەمـڕۆ، دەبنـە شاسوار و شۆڕەسواری گۆڕەپانی کوردایەتی و مەردایەتی،
دەبنە کورد و کوردستان پەروری سەرسەخت، بە تێکـۆشەر و شۆڕشگـێڕی
چاونەتـرس، بە پێشـمەرگە و بە سەرکـردەی قـارەمـان و دڵسـۆزمـان، دەبنە
هـەڵگـری ئـاڵای کوردسـتانی پـیرۆزمـان، دەبنە رابـەر و پێـشەوا و بە
سەرمەشـق، دەبـنە بە چـراهەڵگـری ئـازادی و رزگـاری کوردستان، دەتوانن
شکۆی نەتەوە و نیشتمانەکەمان بپارێزن. منـداڵەکانی ئەمڕۆمانن لە
سبەینێدا دەبنە باڵیـۆزی و نوێنەری کورد و کوردستان، لە هەموو وڵاتـانی
جیهـان، دەبنـە هـەڵگـری پەیـامی ئـازادی و ئاشـتیخـوازی و
چـڵەنـێرگـزی بەهـاری ئـاشـتی و خۆشـەویستی کوردسـتان، پێـشکەش بە
هـەمـوو گـەلانی جـیهـان دەکـەن.
ئـەم خـۆنچـەگـوڵە گەشانە و ئەم کاکەلە رۆحسووکانەی ئەمڕۆمان، لە
سبەینێدا، دەبنە شـۆڕەژنـانی تێکـۆشـەر و بە چالاکـوانان و بە دایکانی
میهـرەبـان، دەبنە کەڵە پیـاوانی جوامێر و دلێر و ناودار، دەبنە
باوکانی دڵسۆز. دەبنە دەسەڵاتدار و کارمەند و بیرمەنـد و سیاسەتمەدار،
دەبنە نووسەر و رۆشنبیر و شاعـیر و هـونەرمەنـد، دەبنە مامۆستا و
پـزیشک و ئەنـدازیـار و پارێـزەر و چالاکـوان... هـتد. دەشبنە
بەرپـاکەری شـۆڕشـێکی راسـتی گـۆڕانـکاری و چاکـسازی و نـوێخـوازی لە
هەمـوو بـوارەکانی ژیانـدا. دەتـوان دەبنە رەگهـەڵـتەکـێنی گەنـدەڵی و
نادادپەروەری و سـتەم و زۆرداری و بـرسێـتی.
چی هەیە لە جیهاندا، لە زەردەخەنەیەکی سروشتی منداڵان شیرینتر و
خەمڕەوێنتربێت.
بەبێ منـداڵان، جیهـان نە تیشکی خـۆر دەیگـرێتـەوە، نە پێ کەنین و
نەخـۆشەویستیش تامیان دەبێـت، بۆیە منداڵان بەنـرخـترین بوونەوەری
جیهانن، گەورەترین گەنجینەمانن. پێـویستە خۆشـیانـمان بـوێـت و بیـان
پارێـزین و بە دروستی پەروەردەیـان بـکەیـن.
(روبـاد کبلـنگ) دەڵێـت:"جـوانترین دیمـەن لەژێـر ئاسـماندا،
منـداڵـێکە بە نوکـتەیەک پـێ دەکـەنێ..".
لـەم روانـگەیەوە، کـەواتە هـێنانـەدیی داهـاتـوویەکی گـەشـتر و
شـیاوتـر بـۆ کـورد و کوردسـتان، لە دەسـتی منـداڵانی کـوردی
ئەمـڕۆمـان دایـە. لە سـایـەی گـۆشکـردن و پەروەردەکردنی دروسـت و
ئاراستەکردنی راست و زاخاودانی بیـر و هـزری ئەمانـدا، ئـەو
دواهـاتـووە گـەشـتر و شـیاوتـر و خـوازراوەمـان بۆ کورد و کوردستان
دێتـەدی.
تا زیـاتر و دروستر گرنگی بە پەروەردەکردن و فێرکردن و ئاراسەکردنی
منداڵەکانمان بـدەیـن، رەنـج بێـوەر نابـین و زیـاتریش لە سەرکەوتنیان
و لە هـێنانەدی داهاتوویەکی گەشـتر بۆ کورد و کوردستان دڵـنیا دەبـین.
هەموو ئەو ئامانجانەی کە باسمان کرد، لە رێی پەروەردەکردنی دروستی
سەردەمیانە و رێنمـایی پێویست و ئاراسـتەکـردنی ئامانجـداری راسـتیدا
دێنـەدی. بێگومـان بنیاتنـان و گـۆڕانـکاری لە منـداڵانی ئەمـڕۆوە
دەسـت پێـدەکەن. پێـویستیمان بە نەخـشەرێگایەکی تازەی پەروەردەیی و بە
پلانێکی تۆکمە و بە گـۆڕانکاری لە سستەم و پرۆگـرامەکانی پـەروەردە و
فـێرکـردن و رۆشـنبیریکـردنی منـداكانی قـونـاغـی قـوتابخـانەی
بنـەڕەتی هـەیە. پێـویستە لە لایەن پسپـۆرانی پەروەردەی نوێـوە، سەر لە
نـوێ پـرۆگـرامەکانی پەروەردەکردن و فـێرکردن و خوێنـدن دابڕێژرێنەوە.
چونکە بابەتەکانی پروگرامەکانی خوێندنی ئێستا، پێداویستی و خواست و
تمووحاتەکانی نـەوەی ئەمـڕۆمان ناهـێننەدی.
پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵان، پێـویسترین و لەپێشـترین و
پیـرۆزتـرین ئەرک و خـزمـەتە. ئـەم ئەرکـەش بـە تەنهـا لـە ئەسـتۆی
دایـکان و باوکـانـدا نییـە، بەڵـکو لە ئەسـتۆی مامـۆسـتایـان و
نـووسـەران و شاعــیران و هـونەرمەنـدان و هـەمـوو ئـەو رێکخـراوانەشـن
کە داکـۆکی لە منـداڵان و لە مافـەکانیان دەکـەن. بەشی زۆریشی لە
ئەستۆی حکومەت و دەسەڵات دایە. چونکە منـداڵەکانمان بە تەنهـا موڵکی
دایکان و باوکـانیان نـین، موڵـک و سەرمـایەی گەلەکەمـانیشـن.
لە ئەمـڕۆدا، لە هـەمـوو سـەردەمـەکـانی پێشتر، لە سـایەی پێـشکەوتـن و
شـۆڕشی تەکـنەلـۆژیـا و داهـێنان و جیهـانگـیری دا، پەروەردەکـردنی
دروستی منـداڵان زیـاتر قـورس بـووە. پێویستە ئەوەش بزانین، کە
منداڵانی ئەمڕۆمان جیاوازن لەگەڵ منداڵانی سەدەی رابـردوودا. راستییەکە
و نکـووڵی لێناکرێت، کە منـداڵانی ئەمڕۆمان لە سایەی شۆڕشی تەکنەلۆژیا
و ئاسانی هۆیەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن و خۆڕۆشنبیریکردن، هـۆشیارتر
و چاوکراوەتر و زۆرزانتر و زیرەکترن لە نەوەکانی رابردوو. هـیوا و خەون
و پێداویستییەکانیشیان، هەمـان پێـویستی و هـیوا و خەونی منـداڵانی پێش
خۆیان نین.
بۆ ئەوەی منـداڵانی ئاسایی لە رووی جەستەیی و هـزری و دەروونییەوە پێ
بگەیەنین، پێویستە بە وریـایی و شارەزاییەوە پەروەردەیـان بکـەین.
چونکە هـەر هـەڵەکـردن و سەقـەتییەک لە پەروەردەکردنی منـداڵەکانمان،
ئاکامێکی زیان بەخـش و نەخـوازراوی لێـدەکەوێتـەوە، لەوانـەیە
راستکـردنـەوەی زۆر زەحـمـەت بێـت.
(ئەلـیزابێس مـاخ) دەڵێت:"لە کاتی ئەنجامـدانی پەروەردەکردنی
منـداڵەکانمانـدا، هـەر هـەڵـەیەک بـکەیـن، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی
جـەنـگـێک، کە لە پێـناوی دوارۆژێـکی باشـتردا دەسـتمان پێکـردووە..".
هەر گەلێکیش منداڵانی بۆ داهاتوو پەروەردە و ئامادە نەکات، ئەو گەلە
داهاتووی نییە. بـۆیە هـەر کەمتـەرخەمییەک لە پەروەردەکـردنی
منـداڵەکانمـان بکەین، یا پەراوێـزیان بـکەیـن و بە هـەنـدیان نەزانیـن
و پـشـتیان تێ بـکەین و بیـان دەیـنـە دەسـت قـەدەر و چارەنـووسێکی
نادیـارەوە. لەوانـەیە لەڕێ دەربچـن و مـل لە هـەڵـدێـرێکی هـەزار بە
هـەزارەوە بنێن و لە باوەشی داهـاتـوویەکی نادیاری رەش و نوتەکدا خۆیان
بگـرنەوە. ئـۆباڵی ئاکامێکی نەخـوازراوی وەهـاش، لە ئەستۆی هەمـوومـان
دەبێـت. پەشیمانیش بێ هـودەیە، پاساو و بیانـوو و پاکانە و ئەستۆپاکـیش
لە کەس قـبووڵ ناکرێت. نەوەی داهـاتووشـمان، لەکەسمان نابوورێت و لۆمە
و نەفـرەت بارانمان دەکەن. هەمووشمان پشکـمان لـەم ئەنجـامە خـراپـەدا
دەبێـت و باجـێکی زۆری هـەڵـەکـانیـشـمان دەدەیـن.
بە لەبەرچاوگـرتنی ئەو راستییانە، پێـویستە ئەوە بـزانین، کە چی
ئەرکـێکی پیـرۆز و چارەنووسسازمان لە ئەستۆدایە، لە پەروەرەکردنی دروست
و لە ئاراستەکردنی راستی منـداڵەکانی ئەمڕۆماندا. کورد وتەنیش:"چی
بچێنین.. هەر ئەوەی لێ درۆێنەدەکەین".
گەلانی پێشکەوتـووی جیهـان، زۆر لە زووەوە، درکیـان بەم راستییە
کـردووە، بـۆیـە ئەرکی پەروەردەکردنی دروست و ئامادەکردنی منداڵەکانیان
بۆ داهاتـوویان، سەرقـاڵی کـردوون و بۆتـە گـرنگـترین و لە پێشـترینی
ئەرکەکـانیان. بەڵکو تا ئەو رادەیـەی کە گـرنـگی دان بە پـەروەردە و
ئامـادەکـردنی منـداڵان، بـووە بە پێـوەر و بـە سەنـگ بۆ پێـوان و
هـەڵسەنگانـدنی رادەی پـێـشکەوتـن و شارسـتانی گـەلانی جـیهـان.
٢٠\٦\٢٠٢٢
- نەرویـج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|