٢۴\١\٢٠١٠
منداڵ، تەنەکە و چینکۆی رزیوو.

سەلام عەبدوڵا
(رێوار، لارە، محەممەد، ئایە، مریەم، حوسێن، لانە)یەک لەیەک روح
سووکترو چاپۆک و شرینترن و سیانیان لە قوتابییە زیرەکەکانن، بەڵام
وەک7ئومێدی دوارۆژمان، لەناو کەلاوەیەکی زۆر شڕو بێکەڵک لەگەل
دایەوبابەیان دەژین؛ کاتژمێرەکانی ژیانیان دووبارە نابێتەوەو پێکەنین و
خۆشبەختیان بە زەوتکراوی بەسەردەچێت و ئاسۆی کۆتاییهاتن بە
کوێرەوەرییەکانیان لەبەرچاو نییە.
سەردار تەوفیق نموونەی(ماڵ-کارگە)مان فێردەکات: پاش گەڕانەوە لە
کارەکەی، ناچارە لەبەر بژێوی7منداڵەکەی، لەبری حەسانەوە و یاریکردن
لەگەل جگەرگۆشەکانی، لەبەردەم دەرگای ئەو ماڵە کە بە کرێ تێدا
نیشتەجێیەو خەسڵەتی(ماڵ)ی نییەو زیاتر وەک بەشێک لە خانی مێگەل دەچێ،
خەریکی کاری پینەچێتی دەبێت. ئۆستاکەمان بەبێ ئەوەی هیچ چەرم و
کەرەستەی درووستکردنی پێڵاو و جانتای هەبێ، لەسەر کولانە
مامر(مریشک)ەکەی تەنیشت دیواری ماڵەکەی، بەگەورەیی نووسیویەتی(دوکانی
ئەسکافی سەردار بۆ دروومانی پێڵاو جانتا)و تا تاریکایی دادێت، لەپشت
مەکینەی دروومانەکەی دادەنیشێت و کاردەکات.
-مانگانە چەندتان دەستدەکەوێت؟
سەردار: پارەی ئیجارەکەی پێدەردەکەم، بەڵام ملیون و پێنجسەد هەزار
دینار قەرزارم.
-کرێکەتان چەندە؟
سەردار: 100هەزار!
-بۆچی ماڵ درووست ناکەی؟!
-پارەم نییە، کەس هەیە بە7منداڵەوە لەناو ئەم کەلاوە شڕە بژێت؟!
- بەڵێ هەیە! ئەوانەی حکومەتی خۆیان نییە، دەبێ لەو شوێنانە نیشتەجێ
ببن!
ژیانی سەردار، فاتگە، رەشید باجەڵان، بوشرا، عەدنان، گوڵزار، عەلی،
خەلیل، بەهزاد، لەیلا، روناک، فاروق و سەدان هەزار کەسی هاوشێوەو
منداڵەکانیان، زۆر لە خوارەوەی ئاستی هەژاری دەژێن و ئەمەش بە خێرو"ی
بارمەتی"(50هەزار)دینارو(100)هەزار دینار کەرامەتیان ناپارێزرێ و لە
عەزابێکی رۆژانەی بێوێنە چاویان لە دووریانە بێ کۆتاییەکانە!
سەرقاڵبوونی دانیشتوان بە2یان سێ کار بۆ دابینکردنی بژێویان،
دیاردەیەکە بە زۆرەملی بەسەرمان سەپاوەو وەک شیربەنجە جەستەی هەژارانی
تەنیوەو ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان رەشکردووە، بەڵام لەولاوە حزب و
حکومەت و"پیاوماقوڵان"و شێخ و ئاغاو موستەشارو بەعسی و ڤیلانشین و
خاوەن کۆمپانیاو بانق و بازرگانییەکان، حەساونەتەوەو فریای ژماردنی
قازنجەکانیان ناکەن.
دوێنی د. بەرهەم لە کەناڵەکانی رایگەیاندن رایگەیان کە:
ئەوانەی30هەزاریان وەردەگرت، دەبێ بە50هەزارو ئەوانەی 50هەزاریان
وەردەگرت، موچەکەیان دەبێ بە100هەزار!
ئەمە چیمان پێدەڵێ؟!
هیچ و بە جارێک هیچ، چونکە لەگەل ئەم زیادکردنە، نرخی کاڵاکانیش
دەستبەجێ گرانتر دەبن، واتە هەر دەکاتەوە بە هیچ!
حکومەت دەبێ لەلانی کەمەوە هێزی کڕین لەلای دانیشتوان زیاد بکات، ئەمەش
بەو سیاسەتە جێبەجێ ناکرێت و دەبێ میکانزمێکی تر بدۆزنەوە بۆ
بەرەنگاربوونەوەی گێژاوەی ئەو گرانی شێتانەیە کە لەم بازاڕە
زۆر"موبارەکە"کەیان باڵادەستە!
زۆربەی دانیشتوانی خانەقین وەک نموونەیەک بۆ شارەکانی کورددستان، لەسەر
قەرز دەژێن و ئێوەش هاتوون و بەخەڵک دەڵێن(ئەگەر دەتانەوێ خانوو بۆ
خۆتان درووست بکەن، ئێمە قەرزتان پێدەدەین بەبێ ئەوەی سوودی لەسەر بدەن...دەک
ماڵتان ئاوەدان نەبێت، ئاخر لەبری ئەوەی خۆتان خانوو بۆ خەڵک دابین
بکەن، قەرزباریان دەکەن...ئەمە بەری رەنج و خەباتی خەڵکەکەیە؟!)
خەتایەکی گەورەیە عەدالەتی کۆمەڵایەتی وەک ئومیدو هیواو چرای هەمیشە
رۆشنای بەردەمی خەڵکی هەژار بۆ تەفرەدان و گێلکردن و سازش بەکاربهێنرێت...ئێوە،
هەر کێیەک هەن، ئەم کارە دەکەن، بۆیە لەبەردەم نەوەی داهاتوو باجێکی
چاوەڕوان نەکراوی زۆر قورس دەدەن و مێژوویش رەحم بەکەس ناکات!
شانازی بە تەلارەکان دەکەن؟ بۆ نازانن کابرای رسواو عەبرەت بوو، بەتاقی
تەنها80تەلاری هەبوو!
ئێوە بەڕاشکاوی بەرنامەی ئابووری و سیاسی خۆتان پەیڕەوکردووەو دەکەن و
بەکردەوە پێشانتانداوە کە ئەوەی لەبەرچاوتان نەبێت، عەداڵەتی
کۆمەڵایەتییە!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|