٢٨\١٠\٢٠١٤
من دەخوازم ببم بە
کەر!

دارا مەحمود
هەندێک پێیانوایە، کە جاران مرۆڤەکان
سادەترو دڵپاکتر بوون و هیچ
کات وەک ئەم سەردەمە، بێ بەزەییبوون
و کوشتوبڕ و لەناوبردن پەرەی نەسەندووە. هەندێکی تریش لایانوایە کە
نەخێر ئەمڕۆ سەردەمی زانست و مەعریفەو لاوازبوونی جەهالەتەو تادێ مرۆڤ
ژیانی خۆی خۆشترو ژینگەکەی گونجاوتر دەکات. لەحاڵێکدا هەردوو باوەڕ
بەهەڵەدا چوون و لەوەتەی مرۆڤ هەیە هەروابووەو. دڵڕەقی، خواستی
دەسەڵات، خواستی نواندنی تووندوتیژیی، خۆویستیی، بەخیلی، ئیرەیی،
خیانەت،... لەخەسڵەتە هەمیشەییەکانی بوون و دەبن.
گومانێک لەمەدا نییە، کە تەواوی مرۆڤایەتی ناخرێتە ناو یەک سەبەتەوەو
ناکرێ یەک حوکم بەسەر هەموواندا بدرێت. بەڵام ئەگەر باش لێی وردبینەوە،
دەبینین، ئەوەی بەسەر مرۆڤایەتیدا زاڵە، خەسڵەتە خراپەکانە. بادیرۆک
بخوێنینەوە، هەمیشە، شەڕ پتر لەئاشتیی و دووبەرەکیی پتر لەپێکەوەژیان،
و بێڕێزیی بەیەکتر پتر لە ڕێزوخۆشەویستیی، فێڵ و تەڵەو هەڵخەڵەتاندن
پتر لەدڵپاکیی ڕاستگۆیی... بوون و ئەمڕۆش هەر وەهایە.
مرۆڤ، لە نواندنی توندوتیژیی و بێبەزەییبووندا، تا ئەو جێگایە دەڕوات
کە ناشیرینترین شێوازی داهێنان و خەلاقیەت لە تێکوپێکدان و لەناوبردنی
زیندەوەر، بەخودی مرۆڤەوە پەیڕەوبکات: سەرپەڕاندن، بڕینەوەی مرۆڤ
بەزیندوێتی بە مشار، لەشیشدان و برژاندنی مرۆڤ بەزیندوێتیی، کەوڵکردن و
فووتێکردنی جەستەی، هەڵکۆڵینی چاوو بڕینی ئەندامەکانی سێکس و دەرکێشانی
ددان و چەندان شێوازی تری هەرە دڕندانە.
لە دیرۆکدا دەگێڕنەوە کە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا کاتێک لە ئەوروپا
خەڵکیان بانگهێشت دەکرد تا بێن و دیتنی لەسێدارەدانی کەسێک ببینن، و
ئەگەر لەبەر هەرهۆیەک کاری لەسێدارەدان بەڕێوە نەچووبێت. ئەوە خەڵک
دڵگرانبوون و ناڕازیبوونی خۆیان نیشانداوە، کەچما لەچێژی تەماشاکردنی
گیاندانی کەسێک بێبەرییان دەکەن؟ ئەمڕۆش لەڕێگای تٶڕە کۆمەڵایەتییەکانی
وەک فەیس بوک و توێترەوە.. بەملیۆن مرۆڤ ڕۆژانە بەدوای دیمەنەکانی
سەربڕینی مرۆڤدا دەگەڕێن. و جار هەیە بەپێکەنینەوەو تەنیا وەک شتێکی
سەیر، نەک هەرە نامۆو ناشایست بەمرۆڤایەتی بۆی دەڕوانن.
شار و گوند، دەکەونە بەردستدرێژی دەستدرێژکاران، ڕۆژێک لەشەنگال، یا
کوبانێ، ڕۆژێکی تر لە غەزە، یان حەڵەب، پێشتریش هەڵەبجە، سربرینتسا،
ڕواندا، هێرۆشیما و چەندان و چەندانی تر...، کەچی مرۆڤی ئەم سەرزەویە
بە بێ دەسەڵات و دەسەڵاتدارەکانەوە، ئەوانەی بڕیاریان بەدەستە و توانای
بەرپەرچدانەوەیان هەیە، وەک بڵێی سەیری یارییەکی فوتباڵ دەکەن، داخوا
کێهە لایە گٶڵدەکات و لەئاکامدا سەردەکەوێت. نەک ئەوەی ژیانێک کە دیرۆک
بنیادی ناوە وێران دەکرێت.
باس، لە چەمکێک دەکرێت ناوی ئەخلاقە. بەڵام تەنیا بەشێکی کەم لە مرۆڤە
سادە و بێدەسەڵاتەکان پەیڕەوی دەکەن. یان تەنیا ئەوانەی، باوەڕیان وایە
کە بۆ بەردەوامی ژیانی زۆرینە دەبێ کەمینەیەک ببێتە قوربانی. ئەم
کەسانەش ناویان شەهیدەو بەشایستەییەوە مرۆڤە هەرە بە ئەخلاقەکانن.
لە هەموو دەورو زەمانێکدا دەکرێ مرۆڤی شێت، نەخۆشی دەروونیی،
شکەستخواردو... هەبووبن و تەنیا بەکوشتنی مرۆڤ و زیانگەیاندن بەهەرشت و
خراپکردن دڵیان ئاوی خواردبێتەوە. و ئەمە مایەی تێگەیشتنە کە تاکێکی
مرۆڤ یان دووان بەمجۆرە کارانە هەستن. بەڵام جێگای سەرسووڕمانە کەچۆن
بەسەدان و هەزاران لەمرۆڤی بەناو عاقڵ پێکەوە ڕێکدەکەون تا بەزەییبوون
لە ناخیاندا ڕێشەکێش بکەن و کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤ لەکوشتنی مێشوولە
ئاسانترو ئاسایی تربێت بۆیان!
لەمەش بەولاوە، کاتێک دەستەیەک لەمرۆڤ، بەناو یاساناس، پسپۆر،
باوەڕپێکراو، و لەڕووی عەقڵیەوە ساغ و سەلامەت، بێن و بێ ئەوەی لەژێر
هیچ گوشارێکدا بن، یان لەڕووی عاتیفیەوە تووشی هەڵەبووبن، بڕیاری
لەداردانی مرۆڤێکی زیندووی تری ساغ بەپێی یاسایەک کەئەویش هەر بۆخۆیان
دایانڕشتووە دەربکەن. و بڵێن ئەمە زیانی بۆ کۆمەڵگا هەیە. و سەرەڕای
ئەوەی کە تا مرۆڤێکی بەڕاستی تاوانبار بەمجۆرە سزادەدرێت، سەدان و
هەزارانی بێتاوان دەبنە قوربانیی، ئەوە زۆریش بەئاسانی دەتوانرێ
بەڕێبازی تر مەترسی تاوانکاران لەسەر کۆمەڵگا کەمبکرێتەوە.
ئەم ڕۆژانە، زۆر باسی داعش و کردەوەکانی دەکرێت. لەحاڵێکدا خەڵکانی تری
دژ بەداعش، لەزۆر شوێنی تری ئەم جیهانەدا، هاوشێوەی کردەوەکانی داعش
ئەنجام دەدەن، و جیاوازییەکە تەنیا لەڕووی ئامارەوەیە.
ئەوانەی لە بەغداو بەسرە سەری کوڕانی لاو بە خشتی بلۆک پاندەکەنەوە،
تەنیا لەبەر ئەوەی قژیان بەمۆدێلی خۆرئاوایی داهێناوە. یان ئەوانەی
لەشارەکانی ئەسفەهان و شیراز... تێزاب بە سەروڕووی کچانی گوایە
بەدحیجابدا دەکەن. و یان ئەوانەی لەخۆرئاوا، لەگەڵ ئەم هەموو
ئازادییانەو ئەم هەـو بوارە یاساییانەی بۆتێرکردنی ئارەزووی سێکس
لەئارادایە، کەچی دەچن بەمنداڵانی تەنانەت ساواشەوە دەنووسێن و لە
ئێنتەرنێتیش بازرگانی بە وێنەو فیلمەکانیانەوە دەکەن و بەملیۆن
تەماشاکەرو کڕیاریشیان هەیە، و گروپەکانی مافیاو ئەوانەی لەپێناوی
بەهەشتێکی جیهانی یان ئاسمانی، خۆ لەگشت چەپەڵییەک دەدن، هەموو لە
گەرای یەک جانەوەرەوە بەدیهاتوون.
ئایینەکانی، جوویی، مەسیحی، ئیسلام... و هیتری پێش ئەوان و دوای
ئەوانیش... کۆشتارو درەوکردنی گیانی مرۆڤیان کردە فەرمانی پیرۆزی
خواوەندو تائەمڕۆش هەروا بەردەوامە. بەڵام ناهەقییەکی گەورەدەکەین
ئەگەر پێمانوابێ ئەمە تەنیا مەزهەبە کوشتارو لەناوبردن پەیڕەودەکات.!
فاشیزم و نازیزم و ستالینیزم و ڕەگەزپەرستیی و ئاپارتایدو ناسیۆنالیزمی
توندڕەو لەدەرەوەی مەزهەب پەیدابوون و ئەوەی مەزهەب کردوێتی ئەگەر
ئەوان پتریان نەکردبێ کەمتریان نەکردووە.
تۆماس هۆبز کاتی خۆی گووتبووی مرۆڤ گورگی مرۆڤە. بەڵام ئەو لەمڕووەوە
بەهەڵەداچووەو کەمی گووتووە. گورگ و تەواوی ئاژەڵانی دڕندەی تر، تەنیا
کاتێک برسیان دەبێت، یان بەمەبەستی بەرگرییکردن لەخۆ، پەلامار دەدەن.
بەڵام مرۆڤ بێ ئەوەی ناچاربێت. هەم مرۆڤ و هەم ئاژەڵ و هەم ڕووەک
لەناودەبات.
مرۆڤ بێ ئەوەی برسی بێت، و تەنیا بەمەبەستی کاتبەسەربردن و سەرگەرمی،
دەچێت و گیانی زیندەوەرانی بێ زیان و بەستەزمان دەستێنێ و ناوی لێدەنێت
هونەری ڕاوکردن.
مرۆڤ، ڕێوی ناوناوە فێڵباز، گورگ دڕندە، بەراز چارەگران، ئەسپێ پیس،
پشیلە سپڵە، دووپشک کوشەندە... کەچی مرۆڤ لەیەک کاتدا هەم فێڵبازەو هەم
کوشەندەیە، هەم دڕەندەیە، هەم سپلەیە و...
هتد.
مرۆڤ خۆی ناوناوە جوانترین و شایستەترین بوونەوەر. بەچیدا دیارە کە
جوانترین و شایستەترینە؟ بێجگە لە خۆی چ داوەرێک ئەم بڕیارەی داوە؟
ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی گوایا خاوەنی عەقڵە؟
ئاژەڵێک کە عەقڵی نییە نە هاوجۆری خۆی لەناودەبات و نە ژینگەی خۆشی
تێکدەدات کەچی مرۆڤ چ عاقڵێکە کە هەم هاوجۆری خۆی لەناودەبات و هەمیش
ژینگەکەی تێکوپێکدەدات.
مرۆڤ بەمە دڵی ئاوناخواتەوە کە ئەم هەموو وێرانییە دەنێتەوەو بە بەشی
خۆی تێرنابێت، کەپەل بۆ خاک و ئاو و موڵک و ئابڕووی خەڵکانی تر
دەهاوێژێت، دێت و خواوەندێک و شەیتانێکیش چاکدەکات هەریەک لەو مرۆڤانە
خۆی پێ خواوەندەکەیە و ئەاونی تریش شەیتان. بەهەشتێک و دۆزەخێکیش
ئاوادەکات. بەهەشتەکە بۆخۆی هەڵدەگرێت و دۆزەخیش بۆ ئەوانی تر.
ئەگەر بێت و هەر بە گریمانە، دوای مەرگ جارێکی تر بواری ژیانم بۆ
بڕەخسێتەوە و خواوەند لێم ببپرسێت کە دەخوازم ببم بە چی! بە دڵنیاییەکی
تەواوەوە هەرگیز جارێکی تر ناخوازم ببمەوە بە مرۆڤ. بەڵکو ئاژەڵیک
هەڵدەبژێرم و بە لانی هەرە زۆرەوە دەخوازم ببم بە کەر. بەو مەرجەی یان
هاوڕێیەکی نزیک و ڕاستەقینەی مرۆڤە باشەکان بم یانیش هیچکات لە خزمەتی
مرۆڤدا نەبم.
ماڵپهڕی دارا مهحمود
|