١٧\٣\٢٠١١
من دڵی
بام شکاندووە.

هەڵگورد سەمەد
پێشکەشە بە(شادی)، ئەو کچەی
زۆر لە تەنیایی دەچێ.
لەیەکەم رۆژی ئەم
سەفەرەمەوە
لەو ساتە لە چاوی تۆ ونم
لە نیشتمانی خەندە تۆراوم
مجێوری وشەم و
لە میحرابی پیتەکانا
دەچمە ئیعتیکافێکی درێژەوە
لە خزمەتی قەڵەمێکی سەرکێشا
لە بەرەبەیانێکی شیندا
دەمی شیر تێزانی ئەم گوڵە گەنمانە دەگێڕمەوە
ئەو کاتانەی غەریبیم وەک هەمیشە
لەگەڵ رۆژ هەڵدێ و
تەنیاییم هەموو عەسرێک
بە تەنیا دەگەڕێتەوە ژوورە چۆڵەکەم
تابلۆیەکی لێوانلێو لە وشە دەنەخشێنم
بۆ هەموو ئەو گوڵە عاجیلانەی بە پەلەبوون بۆ مردن
بۆ کۆی ئەو پەپوولانەی خرانە دۆزەخەوە..
ژنێک لە ناوەڕاستی رێگەکە وەستاوە و پێم دەڵێ:
بڕۆ..بڕۆ ئاوڕ لە شکستەکانی ئەم کۆترە مەدەرەوە
کە لەم ئێوارە بەفرینە خەم لە هەڵوەرینی پەڕە سپییەکانی ناخوا
ئاوڕ مەدەوە لەو نەمامانەی لەمێژە دەستێک نەهاتووە ئاویان بدا
بڕۆ.. بڕۆ
کێ دەڵێ تۆ توانای وتنی ئەم گۆرانییە بێ ناونیشانەت هەیە
کێ دەڵێ ئاخاوتنی ئەم باخچەی لەگەڵ پەپوڵە بەتۆ دەنووسرێتەوە
بڕۆ .. ئاوڕ مەدەوە
کوا خودا بەتۆ ئاشت دەکرێتەوە لە وردکردنی ئەم پەیمانەت لەگەڵ بادا
لە زەمەنی بارینی ئەم هەموو ئەستێرەیە
وشکبوونی ئەم نەمامە لەچاوەڕوانی هاتنەوەی یار
ئەو پێم دەڵێ:
خۆت بە نووسینەوەی ئەو دارمێوانە سەرقاڵ مەکە
دەمێکە وازیان لە کچێتی خۆیان هێناوە
خۆت مەدە بەر ئەو کزە تاوە کە سەرتاپای رۆژی داگیر کردووە
تەنیا چاری تۆ ئەوەیە بڕۆی و نەوەستی
بڕۆی و ئاوڕ نەدەیتەوە
بڕۆیت و نیگا لە پەنجەرە داخراوەکانی ئەم ئێوارە نەعلەتییە نەکەی
هەر وەستانێکت لەم کۆڵانە شکستێکە..
من خەم بۆ تێکشکانی رووخساری پەناهەندەییت دەخۆم
بەم هەموو غوربەتەتەوە
تۆ لە غەریبترین پنتی ئەم سەرزەمینە رێ دەکەی
وەک ئەوەی بەر نەفرەتی خوداکان کەوتبی
هەرگیز نەهاتبێتە رێت ئاسوودەیی
بڕۆ ئەی پەڕاگەندەی ئەم رۆژئاوا بێ گیانە
بڕۆ
لەوسەری کۆڵان خەندەی گەڵایەک چاوەڕێتە بەدەم وەرینەوە
رێبوارێک لەوێیە بە کۆڵێک نەخشەی شیعرەوە
بە جۆڕکێک نوقڵی وشەوە
کیژێکی کەوا لەبەر لەوسەر چاوەڕێتە
خەریکی سورکردنی لێوی وشەیەکە بۆ ماچی ئازیزێکی
ئاوڕ مەدەرەوە
لەوسەری ئەم کۆڵانە رەنگە خودا چاوەڕێت بێ بە هەموو
میهرەبانییەکانیانەوە
بڕۆ..بڕۆ بۆ ئەوسەری کۆڵان
کێ دەڵێ یار لەوێ نییە!
سەرم سوڕماوە لە سوور هەڵگەڕانی ئەم گوڵە سپییە
لە سپی بوونەوەی لێوی سووری ئەم چرۆیە
لە رەش داگەڕانی ئومێد و
تێکشکانی دەروازەکانی هاتنم بۆ لای تۆ
تۆ هەمووشەوان بەم شەقامانەدا دەڕۆی
بەڵام جارێک حەپەی ئەم سەگەی راینەچڵەکاندی
تەنیا جارێک قیژەی ژوانی ئەم کیژە داینەخورپاندی
کە زۆربەی ئێواران من لەوبەری شەقامەکەوە دێتە گوێم
تۆ جارێک نەتتوانی لەژێر ئەم چاویلکەوە سیحری چاوی ئەم کیژە قژ زەردە
ببینی
بڕۆ ئیدی مەگەڕێوە
خودا لێت زویرە
تۆ دڵی بات شکاندووە.
من دڵی بام شکاندووە
ئاخر من چوزانم پەپولە چۆن ئاشت دەبێتەوە
وشە بە چ زمانێک لە دەفتەری سەفەری بۆ کیشوەرێکی دی دەنووسرێت
تەمەنی غوربەت بەمن دیاری ناکرێ
من چووزانم یەکەم پایز کەی بووە
کەی سەفەر لەدایک بووە
چ رۆژێک ئەم فریشتەیە پەردەی کچێنی لەدەست داوە
من لە مێژوودا کۆڵەوارم
نازانم یەکەم با کەی هەڵیکردووە
چ ساڵیک دەریا بێ شەپۆڵ بووە
بەڵام ئەو رۆژەم باش لەبیرە کە دڵی بام شکاند
هەموو شەوان
چنگی ئەم غوربەتەم پڕ دەکەم لە تەنیایی
ئەو دەمانەی هەور سەرخەوێک دەشکێنێ
من بێدارم
بەدەم نووسینەوەی ترسی یەکەم ژوانمان
خەریکم دوا قومی دوایین پێکی شەو دەخۆمەوە و
خاڵی کۆتایی بۆ بێداریم دادەنێم.
پاریس
ماڵپهڕی
ههڵگورد سهمهد
|