په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\١\٢٠١٠

منیش ده‌ڵێم ساڵح موتڵەگ بەعسى سەدامى نییه‌.


هیوا ڕەش   


دوا لێدوانى ئەم دواییەى تاڵەبانى سەرۆک کۆمارى عێراقى عەرەبى ( فیدراڵ ) م بەر چاو کەوت تووشى سەرسامى بووم ، نازانم لەم ئان و ساتە ناسکە دا پیاوێکى نامەرد و قێزەونى وەک موتڵەگى دەڵاڵى ساجیدەى هاوسەرى سەدام ، ناوهێنان و داکۆکى لێکردنى چ سیحرێکى تێدایە لە خۆ ناشرین کردن بەولاوە ، ئەوا گریمان ساڵح موتڵەگ بەعسییەکى سەدامى و ساجیدەیى و عودەیى نیە و تاڵەبانى ووتەنى تەنها بەعسییەکە ، کە سەر بە دەزگایەکى سەرکوتکەرى موخابەراتى بوو ، ئەمە ئەوە ئەهێنێت باسى بکرێت کە لە کاتێک دا پێڵاوەکانى سەدام زۆر لە عانى وموتڵەگەکان شەریف تر بوو . چونکە ئەمان خزمەتچى و دەربارى گەورەترین دیکتاتۆرى سەردەم بوون و دەسخۆشى تاوانەکانیان لێ ئەکرد و ملیوانەیان ئەتەکاند و شانازییان بە جەرائیمەکانى سەیدولڕەئیسەکەیانەوە ئەکرد .

وا تووشى شۆک هاتووم لەو لێدوانەى تاڵەبانى خەریکە ناوى خۆم بیر ئەچێتەوە ، لە عێراق دا ( هیئە المسائلە و العدالە ) هەیە و یاساى ( ڕیشە کێش کردنى بەعس ) سەلمێنراوە ، و پێویستە بەعسییەکان ڕیشەکێش بکرێن و هەموو ئەوانەى کە ئەیانەوێت هزرى بەعسیزم زیندوو بکەنەوە لە گۆڕەپانى سیاسى وەدەر بنرێن ، ئەوانەش نموونەى وەکو موتڵەگ و عانى و نجێفى و هاوشێوەکانیان ئەگرێتەوە کە بە ئاشکرا و بە نهێنى لە لایەن بەعسییەکان لە سوریاوە پشتیوانى ئەکرێن و درێغییان بۆ ناکرێت لە کۆمەکى ماددى و مەعنەوى ، بێگومان مەترسى ئەمانە هێندەى بۆ سەر گەلى کورد هەیە لە دووبارە کردنەوەى ترایژیدیاکان ڕەنگە بۆ ئەوانى تر وا نەبێت ! هەر وەکو لە موسڵ لیستى حەدبا هەڵوێستى خۆى ڕاشکاوانە ڕاگەیاندووە بۆیە هەر هەوڵێک بۆ بەرگرى کردن لەمانە بۆ ئەوەى نەهێڵدرێ لە مەیدانى سیاسى عێراق وەدەر بنرێن ئەوپەڕى بێوەفاییە بەرامبەر بە خوێنى شەهیدان و ئەنفال و کیمیا باران و تەواوى قوربانیانى گەلەکەمان ، هەر چەندە تاڵەبانى بیەوێت دۆسیەى موتڵەگەکان بە چەشنى فایلدارەکانى ناو پلینیۆمى پێشووترى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ببات و بە چەپڵە ڕێزان عەفو بکرێن ئەستەم و مەحاڵە ، چونکە ئەو تاوانبارانە یاساى ڕیشە کێش کردنى بەعس ئەیانگرێتەوە و لە لایەن دەزگاى لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دەست نیشان کراون بۆ لێپرسینەوە .

گریمان ئەوانە سەدامیش نەبن بەڵام ئایا مانەوەى بەعسیزم بە زیندوێتى و ڕێگە خۆش کردن بۆ سەرهەڵدانەوەى بە قازانج یان بە زیان ئەشکێتەوە بە سەرمان دا ؟ کە لە موتڵەگى کۆنە بەعسییەوە تروسکاییەکەى دەرکەوتووە ! بۆیە جگە لە موتڵەگەکان بە تایبەتى لە کوردستانى ئەنفال و کیمیا باران دا بۆ ئەوەى چەکەرە نەکەنەوە ئەبوایە تەواوى دام و دەزگا حزبى و حکومییەکان لە تەواوى ئەو تاوانبارە چەکمە ڕەشانە پاک بکرایەتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خزمەتى بەعسییان کردووە .

دڵنیام ئەمە ڕاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان نیە و ڕاى شەخسى تاڵەبانى خۆیەتى کە بەو ڕایانەى زەبرى گورچک بڕى لە یەکێتى وەشاندووە و تا دێت بەرەو ئاقارى خراپى ئەبات و پێویستە ئەگەر تاڵەبانى واى ووتبێت یەکێتى ئەوە رَێبازى نەبێت و هەڵوێست و ڕوونکردنەوەى خۆى بەیان بکات چونکە بە بێ ئەوەى تاڵەبانى شەفاعەت بۆ ئەوانە بخوازێت ( هیئە المسائلە و العدالە ) دارى خۆى هەڵبڕیوە و سەگى دزیش بە دیار کەوتووە بۆیە هەتیوەکانى سەدام ئەقروسکێنن .

منیش ده‌ڵێم ساڵح موتڵەگ بەعسى سەدامى نیە و عەلى کیمیاوى و سوڵتان هاشمیش لە سێدارە بدرێن کۆتایى دنیا نییە بەڵام لە ڕیشە دەرهێنانى بەعسیزم و سڕینەوەى هزرى شۆفیتیزمى عەرەبى ئەرکێکى مرۆڤایەتییە و پێویستە هەموو تواناکان وەگەڕ بخرێن بۆ لەناو بردنى فەرخە سەدامەکانى چەشنى تاوانبارە دەسەڵاتدارەکانى سەردەمى بەعس کە هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەنواند لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەى ناسنامەى نەتەوایەتیمان .

 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com