په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

منیش لیستەکەی خۆم رادەگەیەنم!


سەرکەش    

 

لە هەلمەتی دەنگدان و هەلبژاردنی ئەمجارە دەبێ بەشدار بم! داویەتیە کەللەم و هیچ هێزێک نیە لەم بریارەم پاشگەز کاتەوە ، دیارە دەم چەورکردن و وادەو پەیمانی پێدانی پلەو پایەش بەم قەراغەم دانابا.


بەرێزان ئێوە هەموو ئەوانەی لە دوور و نزیک من دەناسن، لەوە بەئاگان کە بابایەکی وەک من هەندە سەرو سەلیقەی شانۆگەری هەلبژاردن و خۆپالاوتنم نیە بە تایبەتیش کە ئەم بەزم و رەزمە بۆ هەلبژاردنی پۆستی سەرۆک بێ. بەلام وا ئەمجارە هاتۆتە سەرم و دەخوازم خۆم لەو گەرداوی ئالۆزکاوی هەلبژاردنە بدەم، سەرێکە و هێناومەو نایگەرێنمە دواوە.


جارێ پێشەکی من دونیایەک رقم لە ووشەی سەرۆکە، دوور نیە هەر ئەمە دنەی دابم بێمە ناو ئەم هەراو هۆریا پر لە گێرمەو کێشەیە، پەیمانم داوە لەگەل خۆما ئەگەر لیستەکەی من سەرکەوێ، ئەگەر ئەم پۆستی سەرۆکایەتییە وەرگرم، ئەم ناوە قێزەونە، ئەم ووشە ناشیرینە ترسناک و تۆقێنەرەی گەورە سیاسییەکانی ئێمە دەخاتە هەلەکە سەما، لە ناو ببەم، لە رەگ ریشە هەلیکێشـ تەفروتونای بکەم، ئەم ووشە وەرەس و بێزارەی لە مندالیمەوە رقم لێیەتی، ئەم ووشەیەی تەمەنی لاوێتی تواندمەوە، بە درێژایی هەشت سالەی شەری عێراق و ئێران رۆژێ هەزار جار گوێچکە کون دەکردم، هەموو رۆژێ لەگەل بینینی دەم چاوە نەفرەتیەکەی دیکتاتۆری گۆرکراو دەمردم و زیندوو دەبوومەوە، بەدرێژای ئەم شەرە رەسواو ساردوو سووکە، جارس و بێزار دەبووم لە خۆم لە دونیا و دەوروبەرم لە ووشەی سەرۆک، ئەم ووشەیە شوێنەوارێکی وا پرلە ژان ژوور وا بەسوێ و خەماوی ، رابردوویەکی وا ناحەزی لە دل و دەروونم چێکرکردووە، مەگەر سەرکەوتنم لەم کێبرکێیەی هەلبژاردنە کەمێک ئاراممکاتەوە، هەینێ ئەگەر تەمەن بواربدا و ئەم پۆستە بە دەست بێنم، پێشنیار دەدەم بە پسپۆرانی زمان و فەرهەنگ ئەم ووشەو پەیڤە شەرم ئامێزە لە زمان و فەرهەنگی کوردی شاربەدەرکەن لە هەموو دەقەکان بیسرنەوە.


لیستەکەی خۆم رادەگەیەنم، خۆم دەپالێوم، دلنیاشم سەرکەوتن بەدەست دێنم، بە مەرجێ ئەگەر فیلەتەنەکانی دەسەلات، پارتە زلهێزە پاوانخوازەکان، نەبنە کۆسپی سەرەرێی گۆرانکارییەکان و جاێکی تر ئار پێ جی بەیەکەوە نەنێن، زمانم لال بێ و گوێی شەیتان کەر بێ و کەس گوێی لێ نە بووبێ!!


دیارە کۆمەلێک هۆکار هەن کە دواتر باسیان دەکەم، من بە لێواری سەرکەوتن دەگەیەنن، ئەگەر پرسیارم لێبکەن بۆ دەمەوێ لە هەلبژاردنی ئەم جارە بەشداریکەم دەلێم دەمەوێ ببمە سەنگی مەحەک و ئەو هەموو درۆ و دەلەسانە ساغکەمەوە کە بەناوی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە لە باشووری کوردستان دەکرێن!


دەمەوێ پێوانەی لێدانی دلی سەرۆک و رێبەرەکانمان بکەم بزانم تا چەند لێبووردەن، بەرامبەر بابایەکی وەک من، بەرامبەر هاولاتییەکی ئاسایی کە نە کورە شێخ، نە کورە ئاغا، نە کورە دەولەمەند، نە کوری عەشیرەت و حزبە زەبەلاحەکانە، دەمەوێ پێوانەی لێدانی دلی سەرۆک و رێبەرەکانمان بکەم لەکاتێکدا ئەوان هەمیشە سەری زمان و بنی زمانیان ووشەی لێبووردەییە، دەزانم ئەوان ئەو پەری لێبووردەن، بەلام بەرامبەر تاوانباران و دوژمنانی گەل، ئەوان ئەوپەری لێبووردوو بوون! کە دە چوونە دەستی دیکتاتۆری گۆرکراو، لە کاتێکدا گەرمەی رەوە ملیۆنییەکەی خەلکی بێچارەی کوردستان بوو، بەرەو سنوورەکانی وەندابوون، نەک هەندە ماچی دەم و لموزیشیان دەکرد، ئەوان بە لێبووردەیی و ئەوپەری لێبووردن وەفیق سامەرایی و ئەلخەزرەجی یان لە هامێزی گەرمی لێبووردەیی خۆیان دەگرت لە کاتێکدا کوردانی ئاوارەی هەندەران داواکاری یاساییان بە رەنجی فەرهادی لەسەر تۆمار کردبوون، بەلێ بەرێز تالەبانی هەندە لێبووردە بوو بریاری دادگای تاوانی ئیمزانەدەکرد بۆ لە سێدارەدانی دکتاتۆر، تا بەخشندە و دلاوا، لەچاوی کۆمەلگای نێو دەولەتی بێتە ئەژمار. ئەوە باسی پلەو پایەی سەرۆک جاش و کۆنە ریفاقەکانی بەعس هەر ناکرێ لە ریزی حزب و حکومەت و پەرلەمان، بەلام لێبووردەیی ئەوان بەرامبەر بە هاوولاتییەکی ئاسایی وەک من دەبێتە سەنگی مەحەک.


من لیستەکەی خۆم رادەگەیەنم و خۆم دەپالێوم، دلنیاشم سەرکەوتن بەدەست دێنم. چونکە شانازی ئەوە بەخۆ دەکەم کە قەت نەبوومەتە، بەعسی، جاش، نۆکەری داگیرکەرانی کوردستان، لە شەری هەشت سالەی کاولکارانەی عێراق ئێران، شەری ناوخۆ تاقە چرکەیەکیش هاوکاری و بەشداریم نەکردووە، دووژمنی سەرسەختی شەرەکان بووم.


دلنیام لەم دەنگدانە سەرکەوتن بە دەست دێنم چۆن من دژی یاسای کۆنەپەرستانەی باری کەسیم، هەر سەرکەوتنم بەدەست هێنا ئەم یاسا بۆگەنە هەلدەوەشێنمەوە، دژی یاسای دواکەوتووانە و پێشێلکاری ئازادی رۆژنامەوانیم هەر سەرکەوتم ئەم یاسایەش بەلاوە دەنێم، لەگەل سەرکەوتن بە دەستهێنان هەموو بەرپرسە دوو ژن و چەند ژنەکان هەموو بەرپرسە دوو ژن و چەند ژنخوازەکان، خانەنشین دەکەم، دادگایەک بۆ لێپێچنەوە و بەدوا داچوونی تاوانبارانی سەردەمی بەعس، تاوانبارانی شەری ناوخۆ، تاونبارانی گەندەلی دادەمەزرێنم، لە سەردەمی من، ژنان و لاوان دەبێ رێژەی سەرەکی لە کورسیەکانی پەرلەمان و وەزارەتخانەکان بەدەست بێنن، فرەژنی، ئەتکردنی کوران و کچان بە ناوی سونەت، بە یاسا، یاساخ و بنبردەکەم، تاوان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ یاسا نایاساییەکانی سەردەمی بەعس و حکومەتە داگیرکەرە یەک لەدوای یەدوای یەکەکانی عێراق بە حکومەتی نافیدرالی ئەمرۆکەشەوە، رادەگرم و بۆ زبلدانی مێژوو و ئارشیف، رەوانەیان دەکەم. شەری ناوخۆ، پاوانکردنی شار و ناوچە و هەرێمەکان، رێککەوتنی تەوافق بە تاوان رادەگەیەنم. لەسەردەمی من چیتر نابێ بە حکومەتی داگیرکەری عێراق بگوترێ حکومەتی فیدرالی عێراق.


لە هەلمەتی دەنگدان و هەلبژاردن بەشدار دەبم و سەرکەوتنم مسۆگەرە، ئەگەر، ترساندن و برسی کردن و فراندنی سندووقەکانی دەنگدان و بەکار بردنی ماددەی رەنگ لابەر بۆ دەیانجار دەنگدانەوەی لاینگیرانیان و چووزانم دەیان فروفێلی تر بەکار نەبەن بۆ کلاو نانە سەرمان بۆ چاوبەستەکێ و جادو کردن لە چاو و رای دەرەرەوە.


لە بەر ئەم هۆکارانە و دەیان هۆکاری تر من لیستەکەی خۆم رادەگەیەنم ... ئەوانیش چیان لەدەست دێ بابیکەن.

 


ئوپسالا / سوید
2009.05.25
a_sarkash@hotmail.com