١٩\٢\٢٠١٢
من
مرۆڤی تازەم.

حوسێن ئەحمەد
مرۆڤ جگە لە رووەکێک لە
بێهێزترین و لاوازترین ئەو رووەکانەی لەسەر زەوی و لە ناو سروشت دان
شتێکیتر نییە. سەرەڕای ئەوەی لاواز و کەمدەست و بێهیزترە لە سروشت،
وەلێ رووەکێکی خاوەن هۆشیاریی و هزر و بیرکردنهوهیه.. خۆپڕچەک کردن
و هەوڵدان و ئیشکردنی سروشت لەسەر سڕینەوە و پێشێلکردنی ئەم رووەکەی
ناوی لێ نراوە مرۆڤ بە پێویست نازانم.. چونکە هەڵمێک یاخود دڵۆپێک ئاو
بەسە بۆ ئەوەی بیکوژێ. لە دوای هەوڵ و کۆششەکانی گەردوونەوە بۆ کوشتن و
پلیشاندنەوەی مرۆڤ ناتوانێ مرۆڤ بچووک بکاتەوە.. بەوەدا کە مرۆڤ دەهزرێ
و هۆشیارە بە خۆی و بە جیهان.. لە سروشت و کۆی ئەوانەشی لە سروشتدان
مەزنترە. گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە کە لە رێگای بیرکردنەوەوە دەزانێ کە
دەمرێ. بەلام سەرەڕای هەموو ئەو قورسایی و گراندۆرانەی سروشت لەسەر
مرۆڤ دای دەنێ. لە خودی مرۆڤ بچووکترە. بەوەدا گەردوون بیر ناکاتەوە و
وەک مرۆڤ ئاگای لە مەرگی خۆی نییە..
بالێز پاسکال - ل١٣٦ (pensés).
له رۆژدا دەڕۆینە ئیش و ئێواران دێینەوە بۆ ماڵ..
ئەمە حاڵی مرۆڤی تازەیە..
دەبێت بۆ درووستکردن بژین..
دەبێت بژین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کارەوە بە خودای بسەلمێنین ..
بۆ سەر زەوی باشین..
دەبێت بیسەلمێنین بە کەڵکی هەناسەدان دێین..
بە کەڵکی ئەوە دێین ئیشبکەین و زەوی ئاوەدان بکەینەوە..
کاپیتالیسم بێتەربێتی کردووین.
هەموومانی گۆڕیوە بۆ برغوو.. بۆ واشەر.. بۆ ئاسن
هەموومان گۆڕاوین بە وزەی گەیاندنی فڕۆکە بۆ ئاسمان..
هەموومان بووینەتە ڕرووداوی بچووک بچووک.. لە ناو شارەکاندا
من ئێستا کارخانەم... سەردەمی تازە وادەلێت
کاپیتالیسم تەنگی بە خوا هەڵچنیوە...
تەکنەلۆژیا دەیەوێت پەلاماری ئاسمان بدات...
خوایە فریشتەکانت بپارێزە
خوایە بەچکەکانی ئادەم بپاریزە
خوایە خۆت بپارێزە
لە شەڕی شەیتان و شەڕی تەکنەلۆژیا و جەنگی سەردەمی نوێ
شەو بەسەر شارەوە سێبەری کردووە
گڵۆپەکانی سەر شەقام داگیرسان
من و تۆ یەکتری نابینین...
من و تۆ دەتوانین توشی ئایدس نەبین
بەوەدا لە لای یەکتر نین و بە تەلەفوون سێکس دەکەین
بە فایل نوتفەی یەک دەنێرین بۆ ئەوپەڕی دونیا...
تەکنەلۆژیا ئەمەی خراپ نییە
بەڵام... ئەگەر هەڵە نەبم.. ئەشکەنجەی سەردەمی نوێ چات و تەلەفوونە
ئەگەر هەڵە نەبم.. ڤایرۆسی ئەم سەدەیە کۆمپیوتەرە
خوایە کۆمپیوتەر و تەلەفوون و چاتمان لێبستێنی و
بمانبەیتەوە بۆ سەر بیرەکانی کەنعان
خوایە فڕۆکەمان لێبستێنی و بە هێستر بماننێریت بۆ سەمەرقەند
خوایە تەکنەلۆژیامان لێبستێنی و کتێبەکانمان بە دەستنووس بۆ رەوانە
بکەیتەوە
چەند رقم لە (گۆتان بێرگ*)ە...
چەند سەرسەختانە بوومەتە رەقیبی (گراهەمبێڵ**)
ئەگەر بە دەستی من بووایە.. (زوکێربێرگ***)م
بە تف دەکوشت
یان تیرم دەنا بە سەر دڵی (مارتان کۆپێر****)ەوە
ئەمانە مرۆڤیان کردە بەرد و دیوار و قایشی بەستنی پارەکانیان
ئەمانە.. بە زانست.. مرۆڤیان راهێنا فێری گەمژەیی بێت
ئەمانە بە عەقڵ.. مرۆڤیان کردە ماشێن و دڵیان وەک پەنجەرە شکاند
خوایە من چەنێک دڵم شکاوە... خوایە حەقی دڵی من بستێنیت
خوایە بە سادەیی دەلێم... حەقم لەم شارە.. لەم وڵاتە.. لەم خاڵکە
بستێنیت
کە دڵیان بردم و.. سەعاتێکی ئەلیکترۆن لە شوێنیدا شکستەکانی منیان بۆ
دەژمێرێت
خوایە حەقی من.. لە پیاوی ناحەق و ژنی ناحەق و سەردەمی ناحەق بستێنیت
ئاخر من بڵێم چی؟ تووشبووم بەم ڤایرۆسە و
هیوامە بە ئیمێڵ وەڵامی دۆعاکانم بۆ بنێریتەوە؟
دەمەوێت ئێسێمێسێک کە دەنێرم بۆ تۆ.. هەموو عەبەسەکانی منی هەڵگرتبێ و
هەموو برینەکانم بە تۆ بگەیەنێت..
خوایە تەلەفوونم بۆ بکە... خوایە نامەم بۆ بنێرە... خوایە بۆ لە یادت
کردووم
خاچی سەردەمی نوێ... تەلەفوون و چاتە... هەموومان لە گیرفانماندایە
خوایە.. بازاڕ و ماڵ .. پاس و میترۆ..
مزگەوت و.. قەحبەخانەکانیش پڕن بوون لە خاچ
ئەم خاچە... خاچی هەموومانە... جگە لە حەزرەتی مەسیح
خوایە.. خودای من... بۆچی بە تەنها جێت هێشتین..*****
بەم هەموو خاچە بێت.. ئێمەش بوینە یەسوع
بەم هەموو خاچەبێت.. دەبێت بمان بەیتەوە بۆ لای خۆت..
دەبێت هەڵمان کێشیتەوە .. دەبێت پیغەمبەری تازە بۆ زەوی بنێری
من رقم لە خاچە و مەسیح لە یادگەمدا بە ئازارەوە دەناڵێنێت
هاواری من.. لە هاواری یەسوع گەورەترە.. بەوەدا کە تەنیام
یەسوع لە من غەمگینتر و... من لە یەسوع زەلیلترم
من کۆیلەم بەدەست سەعات و خشتەی گەیشتنی قیتارەوە
من و جادەیەک.. من و فڕۆکەیەک..
من و قەمەرەیەک وەکو یەک قورسین لەسەر زەوی
من و تۆپێکی باغە.. غەمگینین لە دونیا..
من و تۆپێکی باغە.. ماندووین لەو ژیانەی.. پێکەوە دەمانداتە بەر شەق
من بە شەقی ژیان دەچم بۆ کار..
تۆپێکی باغە بە شەقی ژیان دەگاتە گۆڵ؟
کەوابوو جیاوازی چییە؟
جیاوازی چییە لە نێوان من و شەمەندەفەرێکدا؟
هەردووکمان بە ڕادەی عاز بوونی زەوی کات دەگوێزینەوە
هەردووکمان وا دەکەین زەوی توڕەبێت و مانگاکان شیری سپی نەدەن
میریشک بە هێلکەکانییەوە بڕوات و دوور بمرێت..
هەردووکمان وا دەکەین.. ماس وەک ماس نەمەیەت..
هەردووکمان ئومیدی پاشەڕۆژ پیس دەکەین
کە من لە دایکبووم... خودا منی وەک برغویەک
بە زەوی بەستەوە..
کە من لە دایک بووم.. باوکم دوعای دەکرد نەبم بە مێز
خوشکەکانم دەگریان.. نەبم بە تەرمیناڵ
من ئێستا ئەمانەم
من ئێستا بە جۆرێک ئاسنم... زەویم پەشیمان کردۆتەوە لەوەی منی هەیە
بە جۆرێک بوومەتە باخیرە... دەریاکان تف دەکەن بەسەریاندا دەڕۆم
خوایە حەقی من بستێنیت... خوایە..ئەوەی منی گۆڕی وەکو ئەیووب گول بێت
ئەوەی منی گۆڕی بە ژەهرەوە بچێت بۆ بینینی زولفەقار
خوایە.. حەقی من بستێنیت... کە لە مرۆڤەوە گۆڕیمیان بۆ رۆبۆت
کە لە مرۆڤەوە گۆڕیمیان بۆ چاپخانەی گەورە و
چاوەرێن کۆپی تۆ
بڵاو بکەمەوە...
خوایە دوعاکانم بکەرە مانشێتی رۆژنامەکانی خۆت
خوایە وابکە.. فریشتەکانت لەسەرم بنووسن
خوایە وابکە... ئادەم لە بوونی خۆی شەرم بکات
خوایە تەلەفوونم بۆ بکە تا بە زەلیلی پێت بلێم چۆن تیاچووم
خوایە تەلەفوونم بۆ بکە تا بیزانیت ئێمەی ئینسان بە دزی یەکترەوە چەند
تەنیاین
ئێمە ئەو کاتانە تەنیاین.. کە بە یەک نازانین کە تەنیاین
سوێند دەخۆم خەلەل لە شوێنێکدا هەیە..
سوێند دەخۆم.. هێندە غەمگین دەژین.. کەس ناهێنینە پێکەنین
هێندە کەسیف دەژین... کەس چاوەرێی خەندەمان لێناکات..
______________________________________________________
*
گۆتان بێرگ: داهێنەری چاپخانە.
**
گراهەمبێڵ: دروستکەری تەلەفوون.
***
زوکێربێرگ: دروستکەری فەیسبووک.
****
مارتان کۆپێر: بەدیهێنەری تەلەفوونی دەستی.
*****
(خوایە.. خودای من.. بۆچی بە تەنیا جێت هێشتم؟): گوتەیەکی مەسیحە بەسەر
خاچەکەیەوە.
hussein-ahmed@hotmail.fr
|