په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

    من نەورۆزم، نەورۆز.

برایم فەڕشی

 

بە یادی ھەموو ئازیزانی کوژراو و گولەباران کراو، پێشکەش بە ھەموو بەندکراوانی وڵاتەکەم!


لە کۆنی کۆنەوە دێم،
ئەو کاتە کە « مەش و مەشیانە» بوونە میوانی زەوی،
ئەو کاتە کە «ئەھورامەزدا» بەسەر «ئەھریمەن» دا زاڵ بوو،
ئەو کاتە کە شایی و خۆشی دەگەڕیا.

من«ئاژیدھاکم» بینی،
کە بۆ تاج و تەخت بۆ دڵنەوایی ئەھریمەن باوکی خۆی کوشت.
من مێشک پژاندنی کوڕگەلی «کاوە» و دووپارەبوونی «جەم»
و پارەپارەبوونی وڵاتی خۆم بینی.

من لە ژێر ئاڵای چەرمینی ئاسنگەری کورددا،
زەماوەندی کیژ و کوڕانم لە شایی تاج و تەخت پێبەخشینی «فەریدون»دا بینی.
کوڕی «ماندانا»شم لە کاتی ڕماندنی «مێدیا»،
بۆ پێک ئانینی کیانی «پارسەکان» بینی.

من رووناکی ئەھورام لە پەیکەری پەیامبەری کورداندا،
کە وەبەر قامچی «عارەبان» دەکەوت بینی.

من لە کۆنی کۆنەوە دێم،
ئەو کاتە کە خوا و مرۆڤ و سروشت ھاودەم بوون،
«میترا» و «زەردەشت» و «زو‌روان» و «مانی» ھاودەنگ بوون،
«مەم وزین»یش لە یەک کاتدا چاو لە یەک ئەوینداری یەک بوون.

من نەورۆزم، نەورۆز، لە کۆنی کۆنەوە دێم.

ئەگەر من
بینەری کوشتاری «بابل» و «ئاشور» و«قەڵای دم دم» بووم،
ئێوەش
بینەری «ھەڵەبجە» و «ئەنفال» و «قارنا» و «قەڵاتان» و «دەرسیم» بوون:
«سەقز و سەردەشت و سابڵاخ و سنەی کرد غەرقی خوێن
سێی تری ویستن گوتی بۆ سفرە حەوت سینم دەوێ»
*
ئەگەر ئێوە بینەری ئەمە بوون،
منیش بینەری کوشتنی «زەردەشت» و جەندەکی پڕ لەکای «مانی»
و تەرمی ھەڵواسراوی «ھەلاج» و «قازی» بووم.

ئەگەر ئێوە بەڵگەن بۆ بینینی دڕینی ئەمرۆی وڵاتەکەتان،
منیش بەڵگەی ئەو رۆژانەم کە «خوا و مرۆڤ و سروشت» ھاودەم بوون،
«میترا و زەردەشت و زو‌روان و مانی» ھاودەنگ بوون،
زێد و مرۆڤی نەورۆزیش سەربەست بوون.

بەڵام ئەمرۆ «خوا و مرۆڤ و سروشت» داماوی دەستی «مرۆڤ»ن،
من و تۆش
داماوی دەستی دڵنەوازانی «ئەھریمەن» و زڕنەوەکانی «دیاکۆ»ین.

ئەمرۆ نە من «نەورۆز»م، نە «خوا» خوایە و
نە «سروشت» سروشت و نە «مرۆڤ» مرۆڤ و
نە «زێد» زێدە!

«من» ئاواتی خۆم، «نەورۆز» دەخوازم،
«خوا» ئاواتی خوا و «سروشت» ئاواتی سروشت و
«مرۆڤ» ئاواتی مرۆڤ و «زێد» ئاواتی زێد.
ھەمووی ئەوانەش
لە «مرۆڤ» دەخوازن «خوا» بگەرێنێتەوە بۆ «خوا»،
«سروشت» بۆ «سروشت»، «مرۆڤ» بۆ «مرۆڤ» و
«زێد» بۆ «زێد».
«غەریب» و «کۆچەر»یش بۆ «وڵات»،
وڵاتێک پڕ لە «نەورۆز»!
نەورۆزتان پیرۆز!

____________________________________________

* مامە ھێمن موکریانی.

١٠\٣\٢٠٢١ - کوڵن / ئاڵمان

ماڵپەڕی برایم فەڕشی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک