١٩\٥\٢٠١٤
من
و قەرەج.

فەتاح حەسەن
ئەو شەوەی منی
گریاند، باسی قەرەجیشمان کرد.
ئەمە، من، ئەوەش، قەرەج.
من
خۆشەویستییتان دەوێت
ئەوە خۆشەویستیی
رقتان دەوێت.. ئەوە خۆشەویستیی
ببوورن..
هەر خۆشەویستیی شك دەبەم.
* * *
بە ئاواتەوەم، رۆژێك دابێ
بۆ خۆم بژیم.
ئای لە (من)، چەند بەدفەڕم
بەرامبەر (خۆم).
* * *
کە:
خونچە ناپشکوێ..
لە هەور، باران نابارێ
خەزان
گەڵای درەخت، ئەنفال دەکا.
هێلانەیەك
خاپوور دەکرێ
ماسی
بێ بەزەییانە راو دەکرێ.
من لێرەوە..
دەبم بە گوڵ
بە باران.. بە گەڵا
دەبم
بە پوش، بە گەرا.
* * *
لێوانت پڕ خەمترە
لە لێوانی من؟
بەختی رەشت، کەچترە
لە بەختی سیاهی من؟
دەسا وەرە.. هاودەمم بە.
* * *
پیرێك وتی:
کە خەمبار بوویت
لە ژێر رێژنە باراندا..
دابنیشە بە تەنهایی.
باران
خەمی، لێوبەباران دەشواتەوە.
گەر وەرزی بارینیش نەبوو،
بە کوڵ بگری
ئەی نازانی؟!
گریانیش برای بارانە.
* * *
باری خەمم زۆرگرانە
لەم وەرزی بێ بارانییەدا
دەبێت بگریم..
بە کوڵ بگریم.
کە ساویلکەن
ئەو کەسانەی وا هەست دەکەن
گریان تەنها موڵکی ژنە!!
ژنێك دەناسم پێی وتم:
من زۆر لە تۆ خەمبارترم
چەند حەز دەکەم
وەك تۆ بگریم.
* * *
قەرەج
لە قەرەج ئاسوودەتر
لە دنیادا..
ئەگەر هەبێت!!
هەر قەرەجە.
* * *
کە، من.. لە خاکی خۆم
هەست بە بوونی خۆم نەکەم
خۆزگەم بە خۆت..
ئەی قەرەج
کە بێ وڵاتی.
* * *
لەبەر ئەوەی، بێ ولاتم
لە هەر کوێیەک بمرم
ئەوێ دەکەمە وڵاتم.
کفنەکەم
نە خام بێ نە بلوری
نە جاو..
شەدە یا سرکەیی
کوڕە یا ژنە قەرەجێکی
بەجێماو بێ لە کاروان.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|