٢٥\٣\٢٠٢٠
من و شەریفە، من و
شیعر، شیعر و ژیان!

ئاسۆ
ژیاندۆست
شەریفە
کچێکی موسڵمانی بەڕەچەڵک هیندیە و لە شاری لیستەری بەریتانیا
لەدایکبوەو ئێستا لە باکوری لەندەن دەژێت.
من شوفێری تەکسیم پێش سەرساڵ لە کۆتا ڕۆژەکانی مانگی ١٢/٢٠١٩ بەڕێکەوت
شەریفە یەکێکبو لەو هەزاران سەرنشینانەی لەماوەی دەستپێکردنی ئەم
کارەمدا گواستومەتەوە.
من بەپێ ئاماری کۆمپانیای ئوبەر لەسەرەتای دەستپێکردنی کارکردنم
لەگەڵیان تا ئەمڕۆ ٠٨/٠٣/٢٠٢٠ (١٤٣٧٠ )سەرنشینم گواستۆتەوە لە ناو شاری
لەندەندا!
جگەلەوی پێشترو ئێستاش لە ئۆفیسی لۆکالیدا لەوەیە دووهەزارێکی ترم
گواستبێتەوە!
من خۆم بەکەسێکی کۆمەڵایەتی دەزانم. فزوڵێتی پرسیارو کردنەوەی باسم
هەیە بەڵام کاتێک هەستدەکەم بەرامبەرەکەشم نەشەی گفتوگۆی هەیە!
لە بریتانیا زۆر مشهورە سەرەتای دەستپێکردنی یەکترناسین یا قسەکردن
وادەست پێدەکرێت . خەڵکی کۆیی؟ یا پشتگیری چ تیمێکی فتبۆڵ دەکەیت؟ کە
زیاتر پرسیاری ئینگلیزەکانە!
من وەک هەمیشەو دەمێکیشە لە بەریتانیایا پشتگیری تیمی فتبۆڵی ئەرسناڵم
کردوە زۆر نازانم بۆ.
لێرەش دەڵێم سویدیم بەس ئەسڵم کوردەو خەڵکی کوردستانم درەنگ یا بۆ
دڵنیای زیاتر پرسیارکەر بڵیم کوردستانی بەشی عێراق ئەمە کاتێک هەر وا
وەڵام دەدایەوە کە زۆریش چەپبوم!
ببورن کەمێ دورکەوتمەوە!
کاتێک گەیشتمە بەردەمی ماڵی شەریفە تادەست بەگواستنەوەی بکەم داوای
یارمەتی کرد ئۆتۆمبیلەکەم
نزیکبکەمەوەو یارمەتی بەم چونکە جانتاکانی قورسە!
منیش وامکرد و کەدەستم برد بۆ جانتاکانی بچوکبون بەس زۆر قورس هاتن
بەدەستمەوە!
وتم سۆری بۆوا قورسن. با پێکەوە باریان بکەین؟
وتی ئۆی سۆری کتێبن و ڕاستە زۆر قورسن!
بارمان کردو دەستمان بە ڕۆیشتن کرد وتم خێرە ئەم بارە قورسە بۆ هەموی
کتێبە؟
وتی کتێبی خۆمن من شاعیرم ئێوارە کۆڕێکی شیعر خۆيندنەوم هەیەو
کتێبەکانیشم نمایشدەکەم بۆ فرۆشتن.
منیش بابەتەکەم زۆر بۆ خۆش و سەرنج ڕاکێشبو ڕیگای گەیشتنیش ٣٥ دەقە بو
بۆمن زۆربو من جاری وایە بە ٧،٨ دەقە لەگەڵ سەرنشینا بەشی یەک هەفتە
قسەدەکەم!
خوا نەیبڕی ٣٥ دەقە بەرەکەتە!
جا من بابەتێک شارەزایم هەبێت ئیتر ماخۆلانمە خۆم بەتاڵبکەمەوە
باوەڕتان هەبێت ئەوەنەم باسی شیعرو قوتابخانە ئەدەبیکان بۆکرد کاتێکم
زانی گەیشتومەتە ڕوسیا ! باسی شیعرەکانی پوشکینیم دەکرد ئێستا بیرم نیە
بۆ گەیشتبومە ئەوێ هەرچەندە بەریەک کەوتنەکە هێشتا سێ مانگ نیە.
سەرتان نەهێشێنم زۆر باسی شیعرمان کرد.
ئەویش بە حوکمی موسڵمان بو زانیاری لەسەر ئەدەبی عەرەبی هەبو لەیەکێک
لە قسیدەکانیا باسی محمود دەروێش وفەلەستین دەکات و لە
کۆڕەکەشیاخۆێندیەوە!
ئەوەش دەروازەیەکی کراوەی ئاسانتربو بۆمن تا باسەکەمان قوڵبێتەوە.
دیاربو سەڕەڕای ئەوەی ماندوبونی زۆر پێوە دیاربو بەڵام بە چێژەوە
گفتوگۆکەمان ڕاگرتبو هەربۆیەش تکای کرد ئامادەبم و بۆ ئێوارە دەعوەتی
کۆڕەکەی کردم .
دواتر کەوتینە پرسیاری جۆربەجۆر وتم
ئیشی چیدەکەیت و بە چیدەژیت وتی بە شیعر خۆێندنەوە کتێب و کۆڕی ئەدەبی
لە زانکۆو سەنتەرو شۆینە تایبەتەکان بەم کارە.
هەندێک لام سەیربو گەنجێک لەسەرتای کاری نوسین و شیعردابێت بتوانێ
ژیانی پێ بەڕێوەبەرێت .بیرمکەوتەوە ئەوکاتە لە سوید دەژیام لە گەڕەکی
تێنستە لە ستۆکهۆڵم شارەوانی تێنستە هەمو هەینی کۆتای مانگێک
ئێوارەیەکی کەلتوری سازدەکرد بۆ دانیشتوانی گەڕەک شیرنی و خواردن و
خواردنەویان پێشکەش بە میوانەکان دەکرد بەشداربوش یارمەتیەکی ڕەمزی
دەدرا لە ڕوی مادیەوە.ئەو کات کوڕێکی کرمانج باکور کاریدەکرد لە
شارەوانی تێنستە. ناوی بورهان بو کرمانجی باکوربو. زۆر کوڕی چاک و
خزمەتی زۆری خەڵکی دەکرد باسی ئەوم کرد جاری وایە شیعردەنوسم. دەعوتی
کردم کە بەشداری بکەم لە کۆتایی مانگی دوو پێم وابێت ساڵی ٢٠٠٠یا٢٠٠١
بو بەشداریم کردو بۆیەکەم جار لە ژیانما ٧٠٠ کرۆنم وەرگرت کە نزیکی ١٠٠
دۆلاریدەکرد ئەوکات. لە شارەوانی تێنستای ستۆکهۆڵم بۆ خۆێندنەوەی شیعر
کە بۆمن هەم پارەکە بۆ ئەوکاتە زۆربو هەم لام زۆر گرینگ و خۆشبو شیعر
ببێتە سەبەبی دەستکەوتی مادی .
مانگی دواتر هەمان شۆێن بۆ هەمان ئێوارەی کەلتوری شێرکۆبێکەس بەشداری
کردو بۆ هەڵبجە قەسیدەیکی خۆێندەوە.
ببورن هەمیسان دورکەوتمەوە جاڕێکی تر شەریفە هیوای خواست ئێوارە.
بەشداری کۆڕەکەی بکەم گەرچی گەرمەی ئیشە نزیکبونەوەیە لە کرسمس و
سەریساڵ ئێوارەکەشی دەعوەتی ماسی بوم لای دیاکۆی هاوڕێم. بەڵام فورسەتم
دروستکرد خۆم گەیانێ.
شەریفە وتەنی وەرە بۆ ماوەیەکی کورتیشبێت لەوەیە ببێتە تەجروبەیەکی
تازەو خۆشبۆت!
ڕاستی من دوائ ٢٣ساڵ ژیان لە ئەوروپا هەرگیز نەچومەتە هیچ کۆڕێکی شیعری
ئەوروپیەوە !
بۆ من کۆڕەکەی شەریفە تەجروبەیەکی تازەو زۆر سەرنجڕاکێشبو.
پێشم خۆشبو لە گرمەی شیعرخۆيندنەوەدابو کە منی بینی وتی هاوڕێ تازەکەم
بەخێربێت!
هەستم کرد سەرەڕای ئەوە کۆڕێ شیعر بۆخۆی حاڵەتێکی عیرفانی و ئارام
بەخشی و سۆزداری تێدایە لە هەرکۆێبێت ! بەڵام لە کۆڕەکەی شەریفە سادەیی
و عیرفانیەت ئارامی گۆێگر بۆ من سەرنجڕاکێشتربون وەک لای خۆمان نیە
گۆێگر ئارەزوی باشترین کورسی و خۆشترین هۆڵ و ڕەونەقترین دیکۆردەکات!
شەریفە بو بە تەجروبەیەکی تازەو گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێ یادگاری خۆش و
جارێکیتریش. دڵنیابومەوە لە گرینگی و جوانی شیعر لە ژیانی ئێمەدا.
هەمیشە چوارکرداری زۆر سادە من دڵخۆش دەکات و ئارامم دەکاتەوە لەوپەڕی
بێتاقەتیدا.
(مەلەکردن،پیاسەی ناوپارک، گۆێگرتن لەمۆسیقا، خۆێندنەوەی شیعر)
زۆریان ئاسانن تکایە ئێوەش تاقیبکەنەوە.
لەندەن
ماڵپهڕی ئاسۆی
ژیاندۆست
|