په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٣\٢٠١٠

      م ن و ..................... ت ۆ .

ناڵە عەبدولرەحمان

من لە دەرەوەى تەهلیلەى کات
زمانم ڕاخستووە بۆ مێشوولەى وجود ....!
تۆش زۆر دوورتر لە مەوداى هەڵوەریوى گەردەکانى عەترى لەمسم،
بە عەسا ماندووەکەت بیابانى تەڕى ووشکبوون دەبڕیت....
من سەبەتەیەک گوڵى وەنەوشەییم پێیە بۆ سەوزبوون
ئەوان حەز بە چرۆدەرکردنى ناکەن ، لەقەد دیوارەکانى باخچەى پووچى تەمەننا
تۆش دەست و پەنجەکانت بە نووسینەوەى قەسیدەیەکى ملدرێژ ڕاهاتووە
لە دەرەوەى فەزاى هەسارەکانى تەقەببول،
من چیرۆکێک دەگێڕمەوە
ڤاڵایە لە مانیفێستى زەمەن و شوێن و ڕِووداو
تۆش بەم ناوەختە چیرۆکم پڕدەکەى لە تاوان......
لە ڕووتبوونەوەى ئیرۆتیکى مێسجەکانتەوە شەڕى عیشقم پێدەفرۆشێ
هاوڕێ ئەمە چ سەردەمێکە
ڕۆژژمێرەکانى مێژوو لە ژێرى ژێرەوەى قەوزەى دەریاکاندا خەوتوون
چرکە چرکى سەعاتى زەمەن کاسى کردووین
کەچى هەر لەسەدەى سیفرا بەرگى بەستەڵەک دەپۆشین
دیرۆکیشمان بە کلتورى خۆڵەمێش دادەڕێژرێتەوە....
دە نەخشەى تەمتومان فڕێدە ،
نەکەى ئیدى لەباتى ماچ گوللە بە لێوى یەکترابکەین
لەدواى لەمسى ئیرۆتیکی گوڵەکان
جنێوبفرۆشین...جامى ئابڕوو بزڕێنین
هاوڕێ با غەریبتریش بین لە تەغریبى ئەسیوبیەکان
بەشەقامى پڕ تۆمبێلى ڕقدا
گول َو کلینێکس دەفرۆشین
شووشەى تەمگرتووى پەنجەرەکانى ڕوانین
بەپەنجەى بڕاوى عەشق و
پەڕۆى سوورى مریەمی لەخاچدراوى دوایین سەدە دەسڕینەوە
نابێ بترسین لەڕژانى خوێنى وەسوەسەى ڕامان و
بارانى پڕ سەوزیى مردن
ئاخر مەڵێ بەخشینى قووڵاغێک بەسیمفۆنى غەریبیش
سەرمەدیترین ئیقاعى
بەڕەڵاکردنى لیباسى تەنکى ڕۆح و
نامورادترین لەززەتکردنە بۆ مردنى قەرسیلى تەبیعەت...!